Draw Media

کەرتی ئابووری سعودیا پاش کوژرانی جەمال خاشقچی

کەرتی ئابووری سعودیا پاش کوژرانی جەمال خاشقچی

2018-10-28 06:37:43


     ■ یاسین نادر
 کوژرانی جەمال خاشقچی فیشەکێک بوو، کە دەسەڵاتدارانی سعودیا ئیتر سەرەڕویانە بێت یان فرمانی سەرەوەیان بوو بێت، بەخۆیاناوە نا. جێگایەک کە ئەم فیشەکە دەتوانێت زیاتر لە هەرکاتێکی تر بۆ سعودیا ژانهێنەر بێت" ئابووری ئەم وڵاتە" کە بڕیاڕە بەشێوازی شۆڕشێک و مێژووییانە ئەمدیو دیو ببێت و لەم گۆڕانکاریە بێ وێنەیەش کە باسی دەکات، چاوی لە وەبەرهێنانی دونیای دەرەوەیە.
کوشتنی ڕۆژنامەنووسێکی ڕەخنەگر کە لە سەروبەندی کۆنفڕانسێکی گرنگی ئابووری ڕوویدا، لە ئەنجامدا بووە هۆی ئەوە کە دەموچاوە دیار و بەناوبانگ و کلیلیەکانی جیهان لەکەسانی دەستڕۆیشتوەوە بگرە وەکوو بەڕێوبەری بانکی "جی پی مۆرگان تا دەموچاوانی تری بەناوبانگ و بەهێز وەکوو بەڕێوبەری گشتی "ئوبێر" لەودا بەشداری نەکەن.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا کۆبوونوەی ئابووری "وەبەرهێنانی داهاتوو" کە بە "داڤۆسی بیابان" ناسراوە، لە سێ شەممە تا پێنج شەممەی ڕابردوو لە ڕیازی پایتەخت سعودیا بەڕێوەچوو و شا سەلمان سەردێڕی هەواڵەکانی ئەمڕۆی دونیای ڕاگەیاندنەکانیش لەودا ئامادەبوو و وتاربێژیشی تیادا کرد.
چاکسازییە ئابووریەکانی عەرەبستانی سعودی یەکێک لە ستونە سەرەکییەکانی بەرنامەی ڕیکڵامی محمدبن سەلمانە، کە لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی گەشەکردوودا بەناوی (دوورنمای٢٠٣٠) بە وەبەرهێنەران ناسێنرا. جێبەجێکردنی ئەم بەرنامەیە بەبێ پارەی دەرەکی تاڕادەیەکی زۆر نامومکینە. دانیشتن گەلێکی وەکوو کۆنفڕانسی " وەبەرهێنانی داهاتوو"، بە ئامانجی ڕاکێشانی هەر ئەم پارەیە بەڕێوە دەچێت.


مامەڵەو سەوداکردن بە گوژمەی چەندەها "ملیار"دۆلار 
ئایا خوێنی بەناحەق کوژراوی جەمال خاشقچی لە ئەنجامدا دەستەویەخەی چاکسازییە ئابووریەکانی سعودیای گرت؟ یان محمدبن سەلمان توانیی کەشتی ڕێڕەو شەپۆلداری چاکسازییەکانی لە ڕەشەبای ئەم کوشتنە ناوازەشدا، تێپەڕێنێت؟
لەو ڕۆژەوەی کە کۆنفڕانسی ئابووری لە ڕیاز بەڕێوەدەچێت دەسەڵاتدارانی سعودیا ئەوەیان لەسەر زارەو دەیکەنە مانشێتی هەواڵەکان، کە سەرکەوتنی ئەم کۆنفڕانسە وای کردووە،  واژووی ڕێکەتننامەی ملیاردی لەگەڵ وەبەرهێنەر و سەرمایەگوزارانی ڕۆژئاواییدا بکەن.
ئارامکۆ(کۆمپانیای نەوتی سعودیا) لە هەمان ڕۆژی یەکەمی کۆنفڕانسدا ڕایگەیاند کە بەتەنها ڕێکەوتننامەیەکی بەبڕێ ٣٤ملیاردۆلار لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە جۆراوجۆرە ئاسیایی و ئەوروپیەکان لە نموونەی کۆمپانی توتاڵ واژوو کردووە. هاوکات بە گووتەی "ئەمین حسن ناصر" بەڕێوبەری کۆمپانی ئارامکۆ بڕێ ڕێکەوتن و گرێبەستە غەیرە نەوتییەکانیشی ١٦ملیاردۆلار، باس لێوە کرد.
لە سەروبەندی ئەم گووتانەش ڕۆژی پێنج شەممە "خالید فەتاح" وەزیری نەوتی سعودیا گووتی:  کە کۆی ڕێکەوتن و گرێبەستەکان کە لەم دانیشتنەدا واژوو کراون، بە بڕێ ٥٦ملیار دۆلار مەزندە دەکرێن. کە تاڕادەیەک بە گووتەی دەسەڵاتدارانی فەرمی لە ماوی سێ ڕۆژدا ٦ملیاردۆلار بە ژمارەی گرێبەستەکان و لێکتێگەیشتنە بازرگانییەکان زیادبوویەوە.
شوڕشی کەرتی تایبەت(بەتایبەتکردن) لە سعودیادا چۆن بووە؟
ئەم بەشە کە لە هەر دەروازەیەکەوە لێی بڕوانین بەناوی محمد بن سەلمانەوە ناونراوە و ئەوی وەک شازادەیەکی چاکخواز پیشانداوە.
گوژمەی ئەم چاکسازیە لە ئابووری سعودیادا ئەوەندە فراوانە کە هەندێک ئەو گەورەتر لە گۆڕانکارییە ئابووریەکانی بەریتانیا کە بەهۆی مارگارت تاچێر لە دەیەی ٨٠ی زایینی جێبەجێی کرد، دەزانن و کەمی نین  کەسانێک ئەم چاکسازیانەیان بە گۆڕانکاریەکانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو بەراورد دەکەن.
عەرەبستان لە دەیەی ٧٠ی زایینی بەرنامەی پێنج ساڵەی گەشەپێدانی خستووەتە دەستووری کاری خۆیەوە و بەپێی ئەم بەرنامەیە، پڕۆژەگەلی گەورەی ژیرخانیی لە دروستکردنی قوتابخانەو نەخۆشخانە تا رێگەوبان و پڕۆژی ئاو و ئاوەڕۆی بەپارەی نەوت جێبەجێی کردوون. بەشیی سەرەکی ئەم ئابوورییە گەورەیە لە ئێستاشدا پەیوەست بەهەمان پارەی نەوتەوەیە؛ بابەتێک کە لە ڕوانینی سندوقی نەختێنەی نێودەوڵەتییەوە ناتوانێت تا ئەبەد بەردەوامی هەبێت و درەنگ یان زوو دەبێت بگۆڕێت.
لە چاکسازییەکانی محمد سەلمان، دەرفەتدانی خانمان بە شۆفێری کردن و چوونی ئەوان بۆ نێو یاریگاکان، ڕەنگدانەوەی باشی لە کارەکانیی ئەودا هەبووە. بەڵام لایەنێکی سەرنجڕاکێشی ئەم شازادە کەم تەمەنەیە لە ئێستادا جەختکردنەوە و مکوڕبوونی ئەو لەسەر  چاکسازییە ئابووریەکان و گرنگیدان بە کەرتی تایبەت و (بە تایبەتکردنێتی).
بەرنامەی بەتایبەتکردنی ئابووری سعودیا کە هاوشێوەی نیئولیبراڵی(سندوقی نەختێنەی نێودەوڵەنیی)یە، بناغەی سەرەکی بەرنامەی دوورنمای٢٠٣٠یە، کە بڕیاڕە لە ئاراستەی ئەودا ئابووری عەرەبستان سعودی لە نەوت بێ پێویستی ببێت و پێ بخاتە نێو ئابووری جیهانیی سەدەی بیستەمەوە.
بەڕوانگە خستنێک بە بەڵگەنامەکانی ئەم بەرنامەیە، ئەوە دەردەخات  کە تاڕادەیەک لە تەواوی بەشە ئابووریەکانی سعودیا، شتێک بۆ فرۆشتن بە دونیای دەرەوە بوونی هەیە. بەشگەلێکی وەکوو: "ژینگە، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، گواستنەوە و گەیاندن، وزە، پیشەگەری و سەرچاوەی سروشتی، کرێکاران و گەشەپێدلنی کۆمەڵایەتی، بیناسازی، پەروەردەو فێرکردن، تەندروستی، شارەوانی، گواستنەوە وگەیاندن، و تەنانەت حەجی عومرە و یانە وەرزشیەکان، هەموویان لە ئابووری سعودیا جێیان دەبێتەوە، کە بەبڕیاری حکومەت دەبێت بەشێکی زۆر لەوان بە کەرتی تایبەت بدرێن.
 شازادەی بچووک و خەیاڵاتی شەپۆلداری ئەو
 ئەمە یەکەم جار نییە دونیای خەیاڵاتی شازادە تاسەو ڕەگڵەی تێدەکەوێت، جگە لە سیاسەتی دەرەکیی پڕ چیرۆکی ئەو، "شەڕی یەمەن، وازنامەی سەعدحەریری، گرژی و ئاڵۆزی سیاسیی لەگەڵ قەتەر و تورکیادا و...) دەستبەسەرکردنی شازادە دەوڵەمەندەکانی وڵاتەکەی، ئەمانەش هۆکارگەلی جیددی بوون کە وەبەرهێنەرانی دونیای ڕۆژئاواشی بە جیددی ترساند.
لە کاتێکدا لەم وڵاتەدا یاسای داڕێژڕاوی وڵات و ئاسایشی کار و پیشە یەکێک لە ململانێکانی بەردەم پڕۆژی تایبەتسازی و بەتایبەتکردنی کەرتی ئابووریەکەیەتی، گرتن و بەندکردنی سەرمایەدارانی وڵات کە لە سەرەتاوە بەبێ حوکمی داگاو دادگایی کردن و لە دەرەوەی یاسا بوو، بۆ کەسانێک کە بڕیاربوو بە ملیاردان دۆلار وەبەرهێنان و سەرمایەوەگەڕخەڕی لەم وڵاتەدا بکەن، ناڕحەتکەر و بیزارکەر بوو.
هەر ئەمجۆرە نیگەرانییە هاوشێوانەش بوو، کە لە ٢٠ڕۆژی کۆتای پاش کوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەوان بەوپەڕی خۆی گەیشت و زۆرکەس پەنجەی تۆمەت بۆ شازادەی دەسەڵاتدار تا ئێستاش ڕادەکێشن و هەر ئەمەش وای کرد زۆر کۆمپانیا و کەسایەتی گەورەی دونیای ئابووری لە کۆنفڕانسی ئابووری ئەم ولاتە بەشداری نەکەن.
بەتایبەتکردنی گەرتی ئابووری سعودیا تا ئێستاکە چەندین دواکەوتنی بە خۆیەوە بینیوە، کە یەکێک لەوان کە بووە مانشێتی هەواڵی جۆراوجۆر و ناوەندە هەواڵییەکان ئەوە بوو کە کۆمپانی نەوتی "ئارامکۆ"ی سعودیا لە بازاڕی پێشکەشکردنی پشکە نەوتییەکان پشکەکانی بە هەڵپەسێردراوی مایەوە و لە ئێستاشدا  بەتایبەتکردنی بەشێک لە پشکەکان، یەکێک لە بەرزە فڕینەکانی خۆیان لەمبارەیەوە دەناسێنن. 
لەگەڵ ئەو هەموو ڕێکڵامە بەرفراوانەو ململانێکان لە نێو بازاڕی پشکەکاندا لەبارەی پێشکەشکردنی پشکەکانی کۆمپانی "ئارامکۆ" دروستبوو، خالید فالیح وەزیری نەوتی سعودیا گووتویەتی: کە ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا کە ئێمە بمانەێت و هەلیشی شیاو بێت، هەر ڕوو دەدات. نەبوونی شەفافیەتی دارایی ئارامکۆ و ڕێکخستەی خەزنەداری ئاڵۆزی خانەدانی سعودیا کە خەرجی و تێچوونەکانی شازادەکان دابین دەکات، لە بەربەستە گەورەکانی سەر ڕێگای ئەم کۆمپانیایە وەسف لێوە کراوە کە بە سەرچاوە و خەزنگەی سەرەکی سعودیا دادەنرێت. 
بە خستنە ڕوانگەی ئەم ئەزموونەی ڕابردوو بوو، کە بەدوای کوشتنی ڕۆژنامەنووس جەمال خاشقچیی و کاردانەوەی نێگەتیڤی وەبەرهێنەران، هەندێک لە چاودێران ئاماژەیان بەوە کرد کە نە تەنها سوکانی شوڕشی ئابووری لە دەستی شازادە محمد سەلمان دەرچووە، بەڵکوو سکەی شەمەندۆفێری چاکسازییەکانی ئەویش لە هێڵە ئاسنییەکەش وا خەریکە دەردەچێت، چونکە ئەم پلانەی سەلمان، پێش ئەم ڕووداوەش قورس دەهاتە بەرچاو. 
سێ ڕۆژ کۆنفڕانسی ئابووری محمد سەلمان، هەوڵی محمدسەلمان بوو کە ئەم بابەتە هیچ نەبێت به ئاراستەیەکی قازانج ویستانە بەکۆتا بگەیەنێت، هەوڵدان و تێکۆشانێک بە گووتەی بەرپرسانی باڵای وڵات سەرکەوتنی بەدەستهێناو ڕێڕەوی هاتنی پارەی وڵاتان هێشتا هەر بە کراوەیی بۆ ئەوان ماوەتەوە و ئەوان وەبەرهێنان و سەرمایەوەگەڕخەری لە ولاتەکەیان "سعودیا" لە داهاتووشدا بە گوژمەی زیاترەوە بەردەوامی پێدەدەن.  
  تێبینی: سوود وەرگیراوە لە چەند سەرچاوەیەکی هەواڵی بۆ ئامادەکاری ئەم وتارە شیکارییە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand