کێشەکە لەنەمانی متمانەیە
2018-10-25 20:21:09
■ نەوزاد كەریم
متمانە ، یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکیەکان بۆ راگرتنی شیرازەی ناو خێزانەکان و کۆمەڵگا و پاشان نێوان خەڵك و دەسەڵاتداران ، لەقبونی متمانە لە هەریەکێک لەمانەدا ئەبێتە هۆی بێسەروبەری و تكچونی شیرازەی ژیان چ لە ئاستی خێزان و چ لەئاسی کۆمەڵگا بەگشتی ، ئەوەی ئێمە قسەی لەسەر دەکەین لە ئێستادا نەمانی متمانەیە لە نێوان خەڵک و کاربەدەستانی هەرێمە ، نەبونی ئەو متمانیە سەریکێشاوە بۆ بەشی هەرە زۆری جەمسەرەکانی دەسەلاتی بەریوەبردن وەک خۆیان ناویان لێناوە ( حکومەت ) لەگەڵ خەڵک کە لە دۆخێکدایە کەم حاڵەت هەیە کە روو ئەدات نەبێتە جێگەی پرسیار لای خەڵک ، هەمیشە بە گومانەوە سەیر ئەکرێت ، نەبونی ئەم متمانیەش هەر لەخۆراوە دروست نەبووە ، ئەمە بەرهەمی دارشتنی سەدان سیناریۆی داتاشراوی ئەم دەسەڵاتە و دەزگاکانیەتی لەماوەی بیست وحەوت ساڵی رابردوودا پەنایان بۆبردوە، کە زۆرکات سیناریوکان بەشێوەیەک بوە بوەتە جێگای گاڵتەجاری خەڵک و لەکۆتایشدا هەر خۆشیان ناچاربە دانپیانان بوون ، دەسەلاتداران و دەزگاکانی لە هەرێم وەک ئەو پیاوەیان لێهاتوە کە جارێک درۆیەکت لێبینی ، ئیتر بە درێژایی تەمەنت ناتوانی قسەکانی پشتراست کەیتەوە و بیکەیتە سەرچاوەیەک بۆ خۆت و پشتی پێببەستین ، هەریەکەمان ئەتوانین دەیان کاری ساختەو چەواشەکاری دەزگاکانی بەرێوەبردن لەم هەرێمەدا بەنمونە بێنینەوە ، ئەمەش وایکردوە کە بێمتمانەی کەلێنکی گەورەی خستۆتە نێوان خەڵك و دسەلاتداران و گومانمان لە راستیەکانیش بکەین ( ئەگەر هەبێت ) ، وا ئەکات هەموو روداوێک بە گومانەوە ببین ، ئەوەتا هەر شتێک روئەدات ئەبێتە جێگای پرسیارلای خەڵک ، لەم وڵاتەی کە منی لێ دەژیم حەوت ساڵ پێش ئیستا گەنجێکی توندرەو بەناوی ( براڤیك ) سەرەتا بە تەقەندنەوەی ئوتومبیلكی بۆمرێژکراو لەبەردەم باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیران دا حەوت کەسی کوشت و پاش کەمتر لە سەعاتێک بەبەرگی پۆلیسی وچەکێکی ئتۆماتیکیەوە چوە دورگەیەک و لەوێ پەلاماری فێرگەیەکی خوێنکارانی دا و حەفتا خوێنکاری لێکوشتن و دەیانی تریشی لێبریندارکردن ، بەردەوام پۆلیسی وڵاتەکە کات بەکات لێدوای لەسەر روداوەکە ئەدا ، هەموو خەڵکی ئەم وڵاتە گوێیان هەلخستبوو بۆ لێدوانەکانی پۆلیس و تاکو روداوەکە وەک خۆی وەک ئەوەی کە رویداوە ببیستن ، ئەو کاتەشی کە پۆلیس دوا ئاماری قوربانیەکانی راگەیاند و وتی ٧٧ کەس گیانی لەدەستداوە ، لە کەسێکی ئەم وڵاتەم نەبییست بڵیت نا راست نیە و رەنگە زیاتر بێت ، هەر ئەوکاتەی کە راگەیەندارا کە ئەمە کارێکی تاکەکەسەیە و هیچ دەستیكی لەپشت نیە و تەنها کەسێک ئەم کارەی کردوە ، کەسێک نەبوو کە گومانی لەوە هەبیت بڵیت چۆن کەسێک بەتەنیا ئەتوانی ٧٧ کەس بکوژێت و دەیانی تر بریندارکات ، چونکە خەڵکی ئەم وڵاتە بەدرێژایی مێژووی خۆیان ، کارێکی درۆ و هەلوێستیکی چەواشەکاری و لێدوانێکی درۆی لە دەزگاکانی خۆی نەبینیوە و دەزگاکانیان و دەسەڵاتدارەکانیان بەرهەمی کاری ساختەکاری نین، هەر بۆیە منێکیش کە بەدرێژایی تەمەنم لەناو سیستەمێیکی پر ستەم و خاوەنی دەیان لە کارخانەی درۆ و سایەی دەسەلاتداریەکی پر لەجەواشەکاری ، پەروەردە بووبوم ، وەک ئەوان گومانم لا دروست نەبوو، چونکە دەمزانی درۆ و کاری چەواشەکاری لای ئەمان و بۆ کەسێکی ئاسایی تاوانە چ جای بۆ دەوڵەت و دەزگاکانی دەوڵەتداری، بەڵام لەم هەرێمەی ئێمەدا ئەگەر کەسێک هەستیت بەکوشتنی کەسێک هەمیشە ئەوگومانە ئەکەین کە ئەو کارە بەتەنیا ناکریت و ئاسان نیە کەسێک بەتەنیا ئەوکارەی کردبێت و سەدان لێدوان و رونکردنەوەی کاربەدەستان بە پولێک ، ئاخر دەسەلاتێک و دەزگاکانی ، بەرهەمی کاری ساختەکاری و دەنگی ساختە بێت ، چۆن ئەبیتە جێگای متمانەی خەڵک و ئەتوانێت ئارامی بۆ خەڵک دابین بکات ، ئەو پەیامەی ئەیگەیەنێت بەراست لێی وەربگیرێت ، دواترین دەرکەوتنی نمونەی ئەو بێمتمانیەیە کە لەنێوان خەڵک وئەم بەناو ( حکومەتە ) و دەزگاکانی هەیە ، رودانی ئەو کارەساتەی ئەمرۆی هەولێر بوو ، کە سوتانی بازاری لەنگەی ئەو شارە بوو ، کە بەدریژایی ئەمرۆ من گوێبیستی کەسێک نەبووم کە بەکارێکی عەمدی نەزانێت و سەرجەم لێدوانی بەرپرسەکان بە ناراست ناونەبات و ئەمیش وەک دارشتنی سیناریوکانی تریان لەقەڵەم نەدات کە گومانیان نەبێت لەوەی کە لە پێناو بەرژەوەندی کۆمەڵێک لە زوحاکەکانی ئەو وڵاتە کرابێت و پێویستیان بە شوێنەکەی هەبێت . لەدەستدانی ئەم متمانەیەی نێوان خەڵک و کاربەدەستان هەمیشە وادەکات کە هێج ئنسانێک لەم هەرێمەدا نەتوانێت هەست بەئارامی بکات ، چونکە كۆڵەکەی سەرەکی راگرتنی شیرازەی کومەڵگــــا کە متمانەیە لەدەستچووە.