تەنیا یەک بژاردەیە نەک سیان
2018-10-25 12:15:14
■ مەحمود رەزا
رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ماوەی ٨ سەعات کۆبوەوە. لە کۆتاییا ئەندامێکی جڤات لێدوانی دا بۆ کەناڵی ئاسمانیی knn و وتی: "سێ بژاردە لە بەردەم گۆڕانایە کە بریتین لە: بایکۆتکردنی پرۆسەی سیاسی؛ بەشداریکردن لە پەرلەمانا؛ بەشداریکردن لە پەرلەمان و حوکمەتا" .
با یەکە یەکە ئەم بژاردانە لێک بدەینەوە:
یەکەم: بایکۆتکردنی پرۆسێسی سیاسی:
ئەگەر مەبەست لە بایکۆتکردنی پرۆسێسی سیاسی ئەوە بێ بەشداری حوکمەتی ئایندەی هەرێم و خولی پێنجەمی پەرلەمان نەکەین و تەواو، ئەوە هەنگاوێکی سیاسیی پاسیف و بێ بەرهەمی سیاسییە و گۆڕان ئەبا بەرەو پوکانەوەی یەکجاری.
دوەم: بەشداریکردن لە خولی پێنجەمی پەرلەمانا:
بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنەکانی ٣٠ی ئەیلولی ئەمساڵا شکستی گەورەی خوارد. هۆکان زۆرن، ئەم وتارە تەرخانە بۆ بابەتێکی کە نەک دیاریکردنی هۆکانی شکستەکە، بۆیە درێژەی نا دەمێ.
ناشمەوێ پاساو بۆ شکستی ئەمجارەی گۆڕان بهێنمەوە. بەڵام تەزویری ئەمجارەی پارتی و یەکێتی، بە (نسبە و تەناسوب) لە چاو جارەکانی رابردوا، گەورەترین بو.
رەنگە ژمارەی دەنگە تەزویرکراوەکان لە چاو جارانی رابردوا کەمتر بوبێ، بەڵام بە هۆی نزمیی رێژەی دەنگدانەوە کاریگەرتر بو، ژمارەی کورسیی تەزویرکراوی بەرز کردەوە.
بەشداریکردن لە پەرلەمانێکی وایا کۆمەڵێ پرسیار روبەڕوی بزوتنەوەی گۆڕان ئەکاتەوە:
١. ئەگەر راستە تەزویر کراوە بۆچی ئەنجامەکەی قبوڵ ئەکەن و ئەبنە بەشێک لێی؟
٢. ئەگەر لە خولەکانی پێشوا ٢٤- ٢٥% ئەندامانی پەرلەمان گۆڕان بوبن (لە بەشی کورد) و نەیان توانی بێ رێگە لە زوڵم و ستەم و دزی و تاڵانی و پێشێلکردنی قانون و ملهوڕیی پدک و ینک بگرن، ئەمجارە بە رێژەی ١٢- ١٣% چیتان پێ ئەکرێ؟
٣. ئەگەر جاران گۆڕان بە قورسایی خۆی و هێزی مەعنەویی زۆری رێکخەرەکەی و نیوملیۆن دەنگدەری پشتیوانەوە نەی توانی بێ سنورێ بۆ تاکڕەوی پدک و ینک دا بنێ، ئێستا لە غیابی وجودی مادیی سیمبولەکەی و نیوەبونی ژمارەی کورسییەکانی و سێچارەک بونی دەنگدەر و پشتیوانەکانیا چی پێ ئەکرێ؟
٤. ئەگەر ئێستا هەم لەناو پەرلەمانا ژمارەتان زیاترە و هەم لەناو کۆمیسیۆنی "ناسەربەخۆ"ـی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێما، بە خۆتان و هاوپەیمانەکانتانەوە نزیک بە نیوەن، نەتوانن تەزویرەکە پوچەڵ بکەنەوە و تەزویرچییان بدەنە دادگا، دوای قبوڵکردنی ئەنجامەکان و چونە ناو پەرلەمان چیتان پێ ئەکرێ؟
٥. ئەگەر لە خولی پێشوا ژمارەی کورسییەکانی پدک و ینک و دەستوپێوەنەکانیان ٦٦ و گۆڕان و هاوپەیمانەکانی ٤٠ بوبن و شتێکی وا هەست پێ کراو بۆ بەرژەوەندیی گشتی روی نە دابێ، لە خولی ئایندەیا ئەو دو ژمارەیە بە دوای یەکا بوبن بە ٧٧ و ٣١، چیتان پێ ئەکرێ؟
٦. بەشداری کردنتان لە پەرلەمانێکا، کە خۆتان ئەڵێن هەزران بەڵگەمان لە بەردەستە بۆ سەلماندنی تەزویری سیستماتیک، بریتی نیە لە شەرعاندنی تەزویرەکە و نائومێدکردنی زیاتری خەڵک لە هەڵبژاردن و پرۆسێسی سیاسی، کە ئامانج و ئاواتی پدک و ینک ە؟
٧. ئەگەر خولی پێنجەمی پەرلەمان کەوتە کار و پێشنۆرە (ئەولەویەت) درا بە دانانی ئەم قانونانە:
• کاراکردنەوە یا هەموارکردنەوەی قانونی سەرۆکایەتی هەرێم و هێنانەوە مەیدانی سەرۆکی پارتی، کە هەمو هێز و ئاوەزی پارتی و بنەماڵەی بارزانی بەو ئاراستەیەیە؛
• دانانی دەستورێک، کاڵا بە قەد باڵای سەرۆکی پارتی و بنەماڵەی بەرزانی؛
• (خەسخەسە)کردنی کەرتی تەندروستی؛
• (خەسخەسە)کردنی کەرتی کارەبا؛
• (خەسخەسە)کردنی کەرتی نەوت؛
• (خەسخەسە)کردنی رێگەوبان؛
• (خەسخەسە)کردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک بەگشتی؛
• هەموارکردنەوەی قانونی تیرۆر، بە شێوەیەک هەمو دەنگێکی ناڕازی لە زوڵم و ستەمی پدک و ینک بکا بە تیرۆرست،
ئاخۆ گۆڕان و هاوپەیمانەکانی ئەتوانن لەناو پەرلەمانا رێگە لە هاتنەدی ئەو خەتەرانە بگرن؟
سێیەم: بەشداریکردن لە پەرلەمان و حوکمەتا:
بە بۆچونم جێبەجێکردنی ئەم بژاردەیە کۆتایی بە ژیانی سیاسی نوخبەی بزوتنەوەی گۆڕان و تەنانەت کۆتایی بە رۆڵی ئیجابی بزوتنەوەی گۆڕان لە ژیانی سیاسیی خەڵکی کوردستان یشا ئەهێنێ و گۆڕان ئەبێ بە ژمارەیەک و ئەچێتە سەر ژمارەی حیزبە نەریتەوانەکانی هەرێم.
پرۆژەکەی گۆڕان، پرۆژەیەکی زیندوە، نامرێ هەتا کۆتایی بە زوڵم و ستەمی هەردو بنەماڵەی بەرزانی و تاڵەبانی نەیە و دادی کۆمەڵایەتی و دەوڵەتی هاووڵاتی نەیەنە دی. بۆیە، ئەگەر ئەم نوخبەیەی گۆڕان و تەنانەت بزوتنەوەی گۆڕان یش شکست بهێنێ، حوکمی مێژوە کە ئەبێ هێزێکی کەی کۆمەڵایەتی و سیاسی بێتە مەیدان بۆ هەڵگرتنی ئاڵای پرۆژەکەی گۆڕان، بەرەو گۆڕینی ریشەیی لە هەمو بوارەکانی ژیانی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و کلتوریی خەڵکی کوردستانا.
پەندێکی کوردی ئەڵێ: "مارانگاز دوجار لەبەردەم کونێکا مار پێوەی نادا". ئەم پەندە زۆر بە چڕی باس لە کەڵکوەرگرتن لە شکست ئەکا.
بزوتنەوەی گۆڕان لە ماوەی چەن ساڵی رابردوا، دوجار لەبەردەم هەمان کونا مار پێوەی داوە (بەشداری لە حوکمەت و بەشداری لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی: رۆڵی ئەم کۆمیسیۆنە لە ریفراندۆم و هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩یا لێبوکیی سەلماند) . ئەگەر ئەمجارە بچێتەوە ناو پەرلەمان و حوکمەتە لێبوکەکەی هەردو بنەماڵە، ئەبێ بە سێ جار.
پەندێکی کەی کوردی ئەڵێ: "ئەگەر جارێک خەڵەتانتم، خوا بت گرێ، ئەگەر بو بە دوجار، خوا خۆم بگرێ"
کەواتە هەقمە بە سەرکردەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بڵێم: "ئەگەر ئەمجارەش گۆڕانتان بردەوە ناو ئەو مەهزەلەی حوکمڕانییە، لە باتی جارێ، خوا هەزارجارتان بگرێ" .
ئەی چارە؟
چارە، یەکە نەک سیان:
بە بڕوام تاکە بژاردەی گونجاو بۆ ئەم قۆناغە لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕانا بریتییە لە: رەفزکردنی هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ و ئەنجامەکانی و راگەیاندنی شەرعی نە بونی حوکمەتە لێبوکەکەی پدک و ینک. بە دوایا گرتنەبەری ئەم هەنگاوانە:
١. کۆتایی پێهێنانی یەکجارەکی گفتوگۆ لەگەڵ پدک و ینک بە جیا یا پێکەوە لەسەر هیچ کەیس و بابەتێک پێوەندییان بە ژیان و گوزەرانی خەڵک و سیستمی حوکمڕانییەوە هەبێ چ لە هەرێم و چ لە بەغا.
٢. بەکارهێنانی هەمو توانای و هەمو کاتی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نیشتمانیی بەرفراوان، لەسەر بناغەی بەرنامەیەکی نیشتمانیی هاوبەش لەگەڵ: کۆمەڵ، یەکگرتو، نەوەی نوێ، هاوپەیمانی بۆ دیمۆکراسی و دادپەروەری، حیزبی شیوعی کوردستان، بزوتنەوەی ئیسلامی، تورکمانەکان و مەسیحییەکانی هەرێم، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەربەخۆ و هەر هێز و کەس و لایەنێکی سیاسیی تر بڕوای بە پرۆژەیەکی نیشتمانیی وەها بێ، ئەگەر لە سەرکردە و کادر و ئەندامی حیزبەکانی دوبنەماڵەکەیش بن.
٣. تەرحکردنی ئەو هاوپەیمانییە وەکو ئەڵتەرناتیفی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان و خستنەگەڕی هەمو توانا دیپلۆماسی، سیاسی، مادی، میدیایی و جەماوەرییەکانی بۆ سەندنەوەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی یا "قانونی!" کە نیەتی، لەم دەسەڵاتە ملهوڕەی هەرێم و ئابڵوقەدانی و لە کارخستنی.
٤. هاوپەیمانییەکە داوا لە عیراق و کۆمەڵی ناودەوڵەتی و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بکا، بێن بە هانای خەڵکی کوردستانەوە و خۆیان سەرپەرشتی هەڵبژاردنێکی گشتی بکەن، لە ئەلفەوە بۆ یاء و هەمو مەرجەکانی هەڵبژاردنێکی دیمۆکراتی تیا بێ: پاکژ، نهێنی، ئازاد و، یارمەتی یشمان بدەن بۆ خۆگرتن و هەستانەوە.
٥. ئەگەر حوکمڕانەکانی هەرێم داواکانی هاوپەیمانییەکەیان رەفز کرد و کۆمەڵی ناودەوڵەتی یش نەهات بە هاناوە، هەنگاوی دواتر بریتی بێ لە:
پەنابردن بۆ هەمو جۆرەکانی خەباتی مەدەنی:
• خۆپیشاندانی گەورە و بەردەوام و نەپچڕاوە و سەرتاسەری، بە بەشداری سەرکردەکانی هەمو لایەنەکان؛
• یاخیبون (عصیان)ـی مەدەنی؛
• بڕینی رێگەی بەقاچاخبردنی سامانی نیشتمانی؛
• شانبەشانی ئەوانە، چڕکردنەوەی خەباتی دیپلۆماسی.
ئەگەر وا نەکەین، ئەوا رۆژ لە دوای رۆژ ئاسۆی ژیان لە هەرێم تاریک و تاریک تر ئەبێ.
کاتی خۆی ماوتسی تۆنگ ئەی وت: ئیمپریالیزم شێرینە بەفرینەیە، ئیرادەمان هەبێ ئەی توێنینەوە. مەبەستم نیە بڵێم ئەو قسەیەی ماو راست بو یا هەڵە، مەبەستمە بڵێم:
حوکمڕانەکانی هەرێم نەک شێر، بەڵکو رێوییە بەفرینەن، ئەگەر ئیرادەمان یەک خەین، زۆر ئاسان ئەیان توێنینەوە.
بۆچی ئەوان لەسەر ناهەق، بۆ درێژەدان بە زوڵم و ستەم و تاڵان و بڕۆ و زامنکردنی بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان هەم ئیرادەیان هەیە، هەم پرۆژەی هاوبەش؟
بۆچی ئێمە لەسەر هەق و بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵک ئیرادەمان نەبێ و نەتوانین پرۆژەی هاوبەشمان هەبێ؟
بێجگە لە بنەماڵە و سەرکردە دەسڕۆیشتوەکانی پدک و ینک هەمو هێزەکانی تر لەبەردەم تاقیکردنەوەی ویژدان و ئەخلاق و مێژو دان.