Draw Media

پەرلەمان بۆ چی باشە؟ ئەی پەرلەمانتار چی کارەیە؟!

پەرلەمان بۆ چی باشە؟ ئەی پەرلەمانتار چی کارەیە؟!

2018-10-24 15:57:34


■  مەجید ساڵح

رامانێک لە کاری پەرلەمانتارەکانی کوردستان...
 

هەفتەیەک دوای هەڵبژاردن خەریکی چاکردنی ئۆتۆمبیلەکەم بووم، فیتەرێک کە دراوسێ دوکانی ئەوفیتەرە بوو کە کارەکەی منی راییدەکرد هاتەپێشەو وتی ئەرێ کاکە... دەنگەکانمان چی لێهات؟ من لەو ماوەیەدا راهاتبووم سەیری پەنجەی شایەتوئیمانی خەڵکم دەکرد بزانم ئاخۆ بەشداری هەڵبژاردنەکەی کردوە یان نا! کە کابرا ئەو پرسیارەی کرد، فیتەرەکەی لای منیش بەدەم کارکردنەوە پرسیارەکەی دووبارە کردەوە..
پرسیارێکی رەوایە، رۆژانە خەڵکی گۆڕانخواز ئەم پرسیارە لە هەڵوسوڕاوەکانی گۆڕانی دەکەن و لە راستیدا وڵامێکی دروستمان نییە پێیان بێژینەوە، لانی کەم من خۆم وڵامێکی قەناعەت پێکەرم نییە..
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بوو فیتەرەکەی من پەنجەی مۆر نەبوو، وتم ئەی تۆ بۆ؟ بەپەنجەتەوە دیارە بەشداری هەڵبژاردن نەکردوە.. یەکسەر وتی وەڵا خۆ راست دەکەی.. لەم قسانەدا بووین ئەوەی فیتەری دراوسێش دەستی خستە پشتیەوە و شاردیەوە.. وتم ئاساییە تۆش بەشداریت نەکردوە، کەواتە لە چی دەپرسنەوە، بە دڵنیایەوە دەنگەکانتان بە هەویەی مزەوەر چووە بۆ لایەنی تر.. کەواتە بچن پرسیاری دەنگەکانتان لەوان بکەن..
کابرا یەکسەر وتی کاکە دەنگ بۆ بدەم؟ بیدەم بە پەرلەمنتارێک بچێ مانگی ٦ ملیۆن بخاتە تەنکەی گیرفانیەوە و ئاگای لە من نەبێ!!؟
ئەوی تر بۆی سەندەوە: وەڵا من ئەگەر (.....) خۆی هەڵبژاردایەتەوە دەنگم پێی دەدا، چونکە دایم لە تەلەفزیۆنەکان دیفاع لە خەڵک دەکات..!!! 
بۆچوونی ئەو دوو هاوڵاتییە دەرخەری ئەوەن کە وێنەی پەرلەمانتار لە زیهنیەتی خەڵکی ئێمەدا دوو جۆرە:
١. پەرلەمانتار بۆ پارە وەرگرتن و دەوڵەمەند بوون دەچێ بۆ پەرلەمان. ئەمەش هەڵقوڵاوی حەقیقەتێکی سەلمێنراوە کە لە کوردستاندا حزبەکانی دەسەڵات (یەکێتی و پارتی) هەمیشە وەک کۆمپانیایەک دەڕواننە پەرلەمان، بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە داهاتووی کۆمەڵیک کادیری خۆیان مسۆگەر بکەن..هەر لەبەر ئەوەشە بە دەگمەن پەرلەمانتارێک چەند خولێک لە پەرلەماندا دەمێنێتەوە و هەرچوار ساڵ جارێک کۆمەڵێ کادیر دەبن بە پەرلەمانتار و تا لە ئەرکی پەرلەمنتاری تێدەگەن، خولەکەیان تەواو دەبێ و کۆمەڵیکی دیکە دێنە جێگەیان..
٢. پەرلەمانتار دەبێ دایم لە راگەیاندنەکانەوە دەرکەوی و عەرزی خۆی بکات و دیفاع لە خەڵک بکات... دیسانەوە ئەمەشیان حەقیقەتە، بەڵام حەقیقەتێکی ئاوەژوو.. پەرلەمانتار سێ ئەرکی لەسەر شانە: 
- دەرکردنی یاسا.
- موناقشە و پەسەند کردنی بودجە.
- چاودێری کردنی حکومەت.
بەڵام لە دوای دروست بوونی ئۆپۆسزیۆنەوە، هەندێ پەرلەمانتار کە بەداخەوە زۆربەیان لە ئۆپۆزسیۆنن، شاشەی تەلەفزیۆنەکانیان گرتووە و هەر رۆژەی جۆرێک موزایەدە دەکەن.. لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە کردوومە لەسەر ئەو پەرلەمانتارانەی زۆرترین جار لە میدیاکانەوە دەرکەوتوون، گەیشتوومەتە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەو پەرلەمانتارانە خاوەنی کەمترین پرۆژە و پرسیار کردن لە حکومەت و تەنانەت ئامادەییان لە لیژەکانی پەرلەماندا هەبووە، بەڵام خەڵک پێیان وایە ئەمانە بەرگری کەری مافی خەڵکن..!!
بە مانایەکی دیکە هەڵەی گەورەی حزبەکانی باشور ئەوەیە حزبەکانی دەسەڵات پەرلەمنیان کردوە بە سەرچاوەی ئیرتیزاق بۆ کادیرەکانیان و ئۆپۆزیسۆنیش پەرلەمانتاری کردوە بە کائینێکی پڕوپاگەندە کردن و عەوام فەریبی..
کێشەکە لەوەدایە ئەم دوو بۆچوونە بووەتە گرفت لەبەردەم پرۆسەی پێشکەوتنی دیموکراسی و دوورکەوتنەوەی خەڵک لە بەشداری سیاسی..
ئەزموونی ئەو گەلانەی کە لە پرۆسەی سیاسی و مومارەسەکردنی دیموکراسی لە پێشەوەی ئێمەن، پێمان دەڵێ ئەو دوو تێڕوانینە بۆ پەرلەمانتار هەڵەیە، چونکە ئەرکی پەرلەمانتار وەک وتمان تەنها:
- دەرکردنی یاسا.
- موناقشە و پەسەند کردنی بودجە.
- چاودێری کردنی حکومەتە.
بۆیە کاتی ئەوەیە هەموو حزبەکان پێکەوە ئەم چەوتییە بە تەواوەتی راست بکەنەوە، دۆخەکە رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر دەبێ.. چونکە خەڵک دابەش بوون بە سەر دوو بەرەدا:
بەشێک پێیان وایە پەرلەمان، بۆ خۆ دەوڵەمەند کردنە.. بەشەکی دیکەش پێیان وایە گرنگ ئەوەیە پەرلەمانتار لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە قسەبکات و توند بێ و هەڕەشە بکات ..

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand