هەڵبژاردنەکانی هەرێم، گۆڕینی دەسەڵات یان چەقبەستنی گۆڕانکاری
2018-10-23 13:35:21
زمناكۆ ئیسماعیل
بەپێی ئەنجامی راگەیەنراوی هەڵبژاردنەکانی ٣٠ ئەیلولی ٢٠١٨ی هەرێمی کوردستان، هەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، رێژەی کورسی بەدەستهاتویان زیادیکردوە، بەڵام ژمارەی دەنگەکانیان کەمیکردوە، لەهەمانکاتدا دووان لەهێزە نەیارەکانیان، (بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتوی ئیسلامی)، کە براوەی دوهەم و چوارهەمی هەڵبژاردنەکانی ٢١ی ئەیلولی ٢٠١٣، هەم دەنگەکانیان و هەم کورسییەکانیان بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردوە، لەبەراوبەر ئەوەشدا، کۆمەڵی ئیسلامی، هاوتای ئەو دوو هێزە، دەنگەکانی کەمیکردوە، بەڵام کورسییەکی دیکەی لیستەکەی، بۆ پەڕڵەمانی هەرێم زیادیکردوە، بەدیوێکی دیکەشدا دەبینین، هێزو قەوارەی نوێ دروستبون، بەڵام هیچیان وەک نەوەی نوێ، نەیانتوانیوە ببن بەخاوەنی دەنگێکی بێشومارو ٨ کورسی پەڕڵەمانی.
ئەگەر بەراورد بکەین لەنێوان هەڵبژاردنەکانی ٣٠ ئەیلولی ٢٠١٨ لەچاو هەڵبژاردنەکانی ٢١ی ئەیلولی ٢٠١٣، بێگومان گۆڕانکاری بەرچاوو دەبینین، لەژمارەی دەنگەکان و کورسی بەدەستهاتوی حیزب و قەوارەو لایەنەکان.
پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣دا، توانیبوی ٧٤٣ هەزارو ٩٨٤ دەنگ کۆ بکاتەوە، بەبەهای ٣٨ کورسی، بەڵام لەهەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨دا توانیویەتی، ٦٨٦ هەزارو ٧٠ دەنگ کۆبکاتەوە، ئەوەش بەبەهای ٤٥ کورسی، لەوڕوانگەشەوە دەبینین، کە پارتی ٧ کورسی زیادیکردۆتە سەر بەهای کورسی فراکسیۆنەکەی، لەهەمانکاتدا ٥٧ هەزارو ٩١٤ دەنگ کەمیکردوە، هەرچی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨، توانیویەتی، ٣١٩ هەزارو ٩١٢ دەنگ کۆبکاتەوە، بەبەهای ٢١ کورسی، بەڵام لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٣دا توانیبوی ٣٥٠ هەزارو ٥٠٠ دەنگ بەدەستبهێنێت، بەبەهای ١٨ کورسی، لەو روانگەشەوە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بۆ ئەم هەڵبژاردنە،٣٠ هەزارو ٥٨٨ دەنگ کەمیکردوە، بەڵام لەچاو هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣دا، یەکێتی نیشتیمانی، ٣ کورسی زیادیکردوە.
لەبەراوبەر ئەوەشدا، دوان لەو سێ هێزەی، کە گوتاری گۆڕینی دەسەڵاتی ٢٧ ساڵەی یەکێتی و پارتییان بەرزکردبویەوە (یەکگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕان)، کورسییەکانیان کەمیکردوە، بەڵام کۆمەڵی ئیسلامی، بەبەدەستهێنانی ٧ کورسی بۆ ساڵی ٢٠١٨، توانیویەتی یەک کورسی زیاد بکات لەچاو هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣.
بزوتنەوەی گۆڕان لەهەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣دا خاوەنی ٤٧٦ هەزار و ٧٣٦ دەنگ بوو، بەبەهای ٢٤ کورسی، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا ١٨٦ هەزارو ٩٠٣ دەنگی بۆ هەژمارکراوە، بەبەهای ١٢ کورسی، لەوڕوانگەشەوە بزوتنەوەی گۆڕان، ٢٨٩ هەزارو ٨٣٣ دەنگی لەدەستداوە، کە دەکاتە بەهای ١٢ کورسی.
یەکگرتوی ئیسلامیش، لەهەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣دا، خاوەنی ١٨٦ هەزارو ٧٤١ دەنگبوو بەبەهای ١٠ کورسی، بەڵام لەم هەڵبژاردنەی دوایدا، لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی و بەیەک قەوارە لەژێر ناوی، هاوپەیمانی بەرەو ئیسڵاح، بەشدارییان لەهەڵبژاردنەکانداکرد، لەوڕوانگەشەوە بوون بەخاوەنی ٧٩ هەزار و ٤٣٤ دەنگ، کە ئەوەش دەکات بەبەهای ٥ کورسی.
واتە لەهەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣دا یەکگرتوی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی بەهەردوو لیست، ٢٠٨ هەزارو ٥٧٥ دەنگیان هێنابوو، چونکە لەو هەڵبژاردنەدا، یەکگرتوی ئیسلامی خاوەنی ١٨٦ هەزارو ٧٤١ دەنگبوو، بزوتنەوەی ئیسلامی ٢١ هەزارو ٨٤١ دەنگی هەبوو بەبەهای ١ کورسی، بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە کە لیستی (هاوپەیمانی و بەرەو ئیسڵاح) یان بەهاوبەشی پێکهێناوە، خاوەنی٧٩ هەزار و ٤٣٤ دەنگن، واتە بەهەردوو حیزب، ١٢٩ هەزارو ١٤١ دەنگیان کەمکردوە، لەگەڵ ٦ کورسی.
هەرچی کۆمەڵی ئیسلامییە، لە هەڵبژادنەکانی ساڵی ٢٠١٣دا خاوەنی ١١٨ هەزار و ٥٧٤ دەنگبوو، بەبەهای ٦ کورسی، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا خاوەنی ١٠٩ هەزار و ٤٩٤ کورسییە بەبەهای ٧ کورسی، هەرچەندە کۆمەڵی ئیسلامی ٩ هەزارو ٨٠ دەنک کەمیکردوە، بەڵام بەهۆی دابەزینی بەهای کورسی لە ١٧ هەزار دەنگدەرەوە بۆ ١٥ هەزار، توانیویەتی یەک کورسی زیادە بخاتەسەر بەهای کورسی بەدەستهاتوی لیستەکەی.
بەو پێیەی فکری گۆڕینی یەکێتی و پارتی وەک دوو حیزبی دەسەڵاتدار، لەهەڵبژاردنەکانی ٢٥-٧-٢٠٠٩ دەستیپێکرد، ئەگەر بەراوردێک بکەین، لەنێوان زیادکردن و کەمکردنی دەنگی هەر ٥ هێزە سەرەکییەکەی پێشوی، نێو گۆڕەپانی سیاسی هەرێم، لەدوو هەڵبژاردنی رابردوو بەراوبەر بەم هەڵبژاردنەی ئێستا.
یەکێتی و پارتی لە ٢٥-٧ی ٢٠٠٩دا بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکانیانکرد بەناوی لیستی کوردستانی، بەوەش بەهەردوکیان توانییان ببن بەخاوەنی، یەک ملیۆن و ٧٦ هەزار و ٣٧٠ دەنگ، بەبەهای ٥٩ کورسی، لەهەڵبژاردنەکانی ٢١ی ئەیلولی ٢٠١٣دا، هەریەکەیان بەجیا بەشداری هەڵبژاردنەکانیانکرد، بەڵام بەوپێیەی ئەم دوو پارتە، هاوبەشی دەسەڵاتداریبون لەهەرێم، لەوڕوانگەشەوە، ئەگەر رێژەی دەنگەکانیان بخەینە پەنا یەکتر، بەوپێیەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەهەڵبژاردنەکانی ٢١ ئەیلولی ٢٠١٣دا، خاوەنی ٧٤٣ هەزارو ٩٨٤ دەنگبووە، بەبەهای ٣٨ کورسی، یەکێتی نیشتیمانیش خاوەنی ٣٥٠ هەزار دەنگبووە، بەبەهای ١٨ کورسی، واتە بە یەکێتی و بە پارتی، لەو هەڵبژاردنەدا، خاوەنی یەک ملیۆن و ٩٤ هەزار و ٤٨٤ دەنگبون، بەبەهای ٥٦ کورسی، ئەگەر ژمارەی دەنگە بەدەستهاتوەکانی ساڵی ٢٠٠٩ لە ساڵی ٢٠١٣دا دەربکەین، ئەوا یەکێتی و پارتی ١٨ هەزارو ١١٤ دەنگ بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٣ زیادیانکردوە، بەڵام بەو پێیەی لە ساڵی ٢٠٠٩دا هەردوو پارتەکە بەهاوبەشی ٥٩ کورسییان هەبووە، لەهەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣دا ٥٦ کورسی، ئەوا لەو هەڵبژاردنەدا بەهەردوو پارتەکە ٣ کورسی کەمیانکردوە.
جیاواز لەو دوو هەڵبژاردنە، بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ ٣٠ ئەیلولی ٢٠١٨ ، هەردوو هێزی دەسەڵاتداری هەرێم، یەکێتی و پارتی، خاوەنی یەک ملیۆن و ٥ هەزارو ٩٨٢ دەنگن، بەبەهای ٦٦ کورسی، بەو پێیەش بێت، هەردوو پارتی دەسەڵاتدار، لەچاو هەردوو هەڵبژاردنەکانی ٢٥-٧-٢٠٠٩دا ٧ کورسی زیادیانکردوە، ئەگەر کورسی بەدەستهاتوو، بەراوردی هەڵبژاردنەکانی ٢١ ئەیلولی ٢٠١٣ بکەین، دەبینین بۆ هەڵبژاردنەکانی ٣٠ ئەیلولی ٢٠١٨، بەهەردوو حیزب، ١٠ کورسی زیادیانکردوە، لەهەمانکاتدا ئەگەر دەنگی بەدەستهاتوو، بەراورد بکەین، ساڵی ٢٠٠٩ هەردوو پارتی دەسەڵاتدار کە بەلیستی کورستانی بەشداری هەڵبژاردنەکانیانکردوە، ژمارەی دەنگی بەدەستهاتویان، یەک ملیۆن و ٧٦ هەزارو ٣٧٠ دەنگبوو، بەڵام لەهەڵبژاردنەکانی ٣٠ ئەیلولی ٢٠١٨، هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار، ژمارەی دەنگەکانیان کەخاوەنی یەک ملیۆن و ٥ هەزارو ٩٨٢ دەنگە، لەژمارەی دەنگە بەدەستهاتوەکانی ساڵی ٢٠٠٩ دەربکەین، دەبینین ٧٠ هەزارو ٣٨٨ دەنگ کەمیانکردوە.
خۆ ئەگەر هەمان ژمارەی دەنگی بەدەستهاتوی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار، بەراورد بکەین بەژمارەی دەنگی بەدەستهاتوی ٢١ ئەیلولی ٢٠١٣، دەنگەکانی هەردوو لایان، یەک ملیۆن و ٩٤ هەزار و ٤٨٤ دەنگ، لەژمارەی دەنگەکانی ساڵی ٢٠١٨ ، کە ملیۆن و ٥ هەزارو ٩٨٢ دەنگە، دەبینین ٨٨ هەزارو ٥٠٢ دەنگ کەمیانکردوە.
بەو پێیەی ساڵی ٢٠٠٩ چرکەساتی هاتنە پێشەوەی هێزی نوێ و هێزی گوتار جیاوازبوو، لەچاو هەڵبژاردنەکانی پێشوتری خۆی، لەوروانگەشەوە ئەگەر بەراورد بکەین لەنێوان دەنگە بەدەستهاتوەکانی هەرسێ حیزبی (بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی)، ئەوا گۆڕانکاری بەرچاو دەبینین، لەژمارەی دەنگ و کورسی ئەو سێ هێزە.
لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٩دا، بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی ٤٤٥ هەزارو ٢٤ دەنگبوو، بەبەهای ٢٥ کورسی پەڕڵەمان، لەهەمانکاتدا بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢١ ئەیلولی ٢٠١٣، بزوتنەوەی گۆڕان بوە بەخاوەنی، ٤٧٦ هەزارو ٧٣٦ دەنگ، بەبەهای ٢٤ کورسی، بەڵام بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨، بزوتنەوەی گۆڕان، دەبێت بەخاوەنی ١٨٦ هەزارو ٩٠٣ دەنگ بەبەهای ١٢ کورسی.
بزوتنەوەی گۆڕان لەنێوان هەڵبژاردنەکانی ٢٥-٧ی ٢٠٠٩ لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ٢١ی ئەیلولی ٢٠١٣دا، ٣١ هەزارو ٧١٢ دەنگ زیادیکردوە.
بەڵام ئەگەر ژمارەی دەنگی بەدەستهاتوی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ هەڵبژاردنەکانی٣٠ ئەیلولی ٢٠١٨، بەراورد بکەین بەدەنگی بەدەستهاتوی ٢٥-٧-٢٠٠٩، ئەوا دەبینین بزوتنەوەی گۆڕان، ٢٨٥ هەزارو ١٢١ دەنگ کەمیکردوە.
ئەگەر هەمان ژمارەی بەدەستهاتوی دەنگەکانی ساڵی ٢٠١٨ ی گۆڕان، لەژمارەی دەنگەکانی ٢٠١٣ ی ئەو بزوتنەوەیە دەربکەین، ئەوا دەبینین، ٢٨٩هەزارو ٨٣٣ دەنگ کەمیکردوە.
ئەگەر دەنگەکانی هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆنی پاش هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ کۆبکەینەوە، دەبینین بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی ٤٤٥ هەزارو ٢٤ دەنگە، لیستی خزمەتگوزاری و چاکسازی (یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی و حیزبی سۆسیالیست و زەحمەت کێشان)، خاوەنی ٢٤٠ هەزارو ٨٤٢ دەنگە، بەو پێیەی هەردوو حیزبی سۆسیالیست دیموکرات و زەحمەتکێشان لەو قەوارەیە بە سێ کورسی پەڕڵەمانی بەشی حیزبەکانیان دەرچوون، لەوڕوانگەشەوە بەهای سێ کورسی بۆ ئەو هەڵبژاردنە لەژمارەی دەنگەکانی ئەو قەوارەیە دەر دەکەین، بەو پێیەی لەهەڵبژاردنەکانی٢٥-٧-٢٠٠٩دا بەهای یەک کورسی ١٨ هەزارو ١٨٧ دەنگبووە، واتە بەو سێ کورسییە، زەحمەتکێشان و حیسک، خاوەنی ٥٤ هەزارو ٥٦١ دەنگبوون، لەوڕوانگەشەوە ئەگەر ئەو ژمارەیە لە ٢٤٠ هەزارو ٨٤٢ دەنگی بەدەستهاتوی لیستی خزمەتگوزاری و چاکسازی دەربکەین، ئەوا دەبینین، ١٨٦ هەزارو ٢٨١ دەنگ بۆ یەکگرتوو کۆمەڵی ئیسلامی دەمێنێتەوە، لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٩.
ئەگەر ئەو ژمارە دەنگە بەدەستهاتوەی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی، لەگەڵ ژمارەی دەنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆ بکەینەوە، ئەوکات ئەو ئۆپۆزسیۆن خاوەنی ٦٣١ هەزارو ٣٠٥ دەنگبووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بزوتنەوەی گۆڕان ٤٤٥ هەزارو ٢٤ دەنگ و یەکگرتوو کۆمەڵ، ١٨٦ هەزارو ٢٨١ دەنگیان هەبووە.
بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢١ ئەیلولی ٢٠١٣، هەرسێ هێزی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی، توانیویانە ببن بەخاوەنی ٧٨٢ هەزارو ٥١ دەنگ، ئەمەش لەکاتێکدایە کە لەوهەڵبژاردنەدا، یەکگرتوی ئیسلامی خاوەنی ١٨٦ هەزارو ٧٤١ دەنگبووە، کۆمەڵی ئیسلامی خاوەنی ١١٨ هەزارو ٥٧٤ دەنگبووە، بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی ٤٧٦ هەزارو ٧٣٦ دەنگبووە.
بەهەمان شێوەش بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ ، هەرسێ هێزی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتوو، کۆمەڵ، خاوەنی ٣٧٥ هەزارو ٨٣١ دەنگن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بزوتنەوەی گۆڕان ١٨٦ هەزارو ٩٠٣ دەنگ و کۆمەڵی ئیسلامی ١٠٩ هەزارو ٤٩٤ دەنگ و هاوپەیمانی و بەرەو ئیسڵاح (یەکگرتوو بزوتنەوەیی ئیسلامی) ٧٩ هەزارو ٤٣٤ دەنگی بەدەستهێناوە.
ئەگەر رێژەی بەدەستهاتوی دەنگی ئەو سێ هێزە یەکگرتوو کۆمەڵ و گۆڕان، بەراورد بکەین لەنێوان هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٣ و ٢٠١٨دا، جیاوازی بەرچاو دەبینین.
بەوپێیەی ساڵی ٢٠٠٩ ، هەرسێ هێزی ئۆپۆزسیۆن، خاوەنی ٦٣١ هەزارو ٣٠٥ دەنگبوون، ئەگەر ئەو ژمارەیە، بەراورد بکەین بەدەنگی بەدەستهاتوی ٢١ ئەیلولی ٢٠١٣، کە پێکهاتوە لە ٧٨٢ هەزارو ٥١ دەنگ، ئەوا دەبینین لەساڵی ٢٠١٣دا هەرسێ هێزی یەکگرتوو کۆمەڵ و بزوتنەوەی گۆڕان، ١٥٠ هەزارو ٧٤٦ دەنگ زیادیانکردوە، ئەگەر ژمارەی دەنگە کۆکراوەکانی هەرسێ لایەنی یەکگرتوو کۆمەڵ و بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ هەڵبژاردنەکانی ٣٠ ئەیلولی ٢٠١٨ بخەینەوە بەرچاو، ئەوا دەکاتە ٣٧٥ هەزارو ٨٣١ دەنگ، ئەگەر ئەو ژمارەیەش بەراورد بکەین بەدەنگە بەدەستهاتوەکانی هەڵبژاردنەکانی ٢١ ئەیلولی ٢٠١٣، کەدەکاتە، ٧٨٢ هەزارو ٥١ دەنگ، ئەوا دەبینین ئۆپۆزسیۆن، ٤٠٦ هەزارو ٢٢٠ دەنگ کەمیانکردوە.
بەڵام دەبێت ئەوەش لەیادنەکەین، بەوپێیەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لەهەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨دا توانیویەتی ١٢٧ هەزارو ١١٥ دەنگ بەدەستبهێنێت، بەوپێیەی ئەو جوڵانەوەیەش، تائێستا بانگەشەی ئۆپۆزسیۆنبونی خۆی دەکات، ئەگەر ژمارەی دەنگەکانی بخەینە پەنای دەنگی بەدەستهاتوی هەرسێ لیستی (بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی و بەرەو ئیسڵاح)، واتە ٣٧٥ هەزارو ٨٣١ دەنگ، کۆ بکەینەوە لەگەڵ ١٢٧ هەزارو ١١٥ دەنگ، ئەوا کۆی دەنگە بەدەستهاتوەکانی هەر چوار لیستەکە دەکاتە ٥٠٢ هەزارو ٩٤٦ دەنگ.
ئەگەر ئەو ژمارەیە بەهەند وەربگرین و بەراوردی بکەین، بەژمارەی دەنگی بەدەستهاتوی یەکێتی و پارتی، دەبێت ئەو راستییە بڵێین، کە گوتاری گۆڕینی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی چەقی بەستوە، بەڵام ئەگەر دەنگی دەنگی بایکۆتکاران، بخەینەوە بەردەم هەڵسەنگاندن و بەراوردی بکەین بەدەنگە بەدەستهاتوەکانی حیزب و لایەنەکان، ئەوکات گۆڕانکاری بەرچاو دەبینین و دەتوانین، قەبارەی راستەقینەی سەرجەم هێزەکان دیاری بکەین.
بەوپێیەی رێژەی بەشداریکردنی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بۆ هەڵبژاردنەکانی ٣٠ ئەیلولی ٢٠١٨ ، پێکهاتوە لە ٤٩.٨% (سەرچاوە KIE)، ئەوا دەتوانین بڵێێن، ٥٠.٢% ی هاوڵاتیان بەشدارنەبون لەم هەڵبژاردنە، ئەگەر رێژەی دەنگە بەدەستهاتوەکانی سەرجەم لایەنەکان، لەگەڵ رێژەی بەشدارنەبونی هاوڵاتیان هەڵبسەنگێنین، ئەوکات دەتوانین، هێزو قورسایی راستەقینەی سەرجەم لایەنەکان دەبینین.
بەو پێیەی ژمارەی بەشداربونی هاوڵاتیان بۆ هەڵبژاردنەکانی ٣٠ ئەیلول، ٣ ملیۆن و ٨٨ هەزارو ٦٤٢ کەسبووە، لەوژمارەیەش بەتەنها، یەک ملیۆن و ٨٤٥ هەزارو ٩٧٩ کەس مافی دەنگدانی هەبووە، واتە یەک ملیۆن و ٢٤٢ هەزارو ٦٦٣ کەس بایکۆتی دەنگدانیانکردوە، خۆ ئەگەر رێژەی دەنگە بەشدارەکانی حیزب و لایەنەکان لەرێژەی هاوڵاتیانی رێپێدراو بۆ دەنگدان بەراورد بکەین، ئەوا قورسایی شەش هێزە سەرەکییەکەی هەرێم بەم جۆرە دەبێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی ٦٨٦ هەزارو ٧٠ دەنگە، ئەگەر ئەو ژمارەیە بەراورد بکەین بە ٣ ملیۆن و ٨٨ هەزارو ٦٤٢ هاوڵاتی دەنگدەر، ئەوا ٢ ملیۆن و ٤٠٢ هەزارو ٥٧٢ هاوڵاتی دەنگی بەپارتی نەداوە، واتە پارتی ٥.٢٢% ی هاوڵاتی دەنگدەری هەرێم پێکدەهێنێت.
یەکێتی نیشتیمانی خاوەنی ٣١٩ هەزارو ٩١٢ دەنگە، ئەگەر ئەو ژمارەیە بەراورد بکەین بە ٣ ملیۆن و ٨٨ هەزارو ٦٤٢ هاوڵاتی دەنگدەر، ئەوا ٢ ملیۆن و ٧٦٨ هەزارو ٧٣٠ کەس دەنگی بەیەکێتی نیشتیمانی کوردستان نەداوە، واتە یەکێتی نیشتیمانی رێژەی ١٠.٥% ی هاوڵاتی دەنگدەری هەرێم پێکدەهێنێت.
بزوتنەوەی گۆڕان ١٨٦ هەزارو ٩٠٣ دەنگی بەدەستهێناوە، ئەگەر ئەو ژمارەیەش بەراورد بکەین بە ٣ ملیۆن و ٨٨ هەزارو ٦٤٢ هاوڵاتی دەنگدەر، ئەوا ٢ ملیۆن و ٩٠١ هەزارو ٧٣٩ کەس دەنگی بەبزوتنەوەی گۆڕان نەداوە، واتە بزوتنەوەی گۆڕان ٦% ی هاوڵاتی دەنگدەری هەرێم پێکدەهێنێت.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ خاوەنی ١٢٧ هەزارو ١١٥ دەنگە، ئەگەر ئەو ژمارەیە بەراورد بکەین بە ٣ ملیۆن و ٨٨ هەزارو ٦٤٢ هاوڵاتی دەنگدەر، ئەوا ٢ ملیۆن و ٩٦١ هەزارو ٥٢٧ کەس دەنگی بە جوڵانەوەی نەوەی نوێ نەداوە، واتە نەوەی نوێ ٤ % ی هاوڵاتی دەنگدەری هەرێم پێکدەهێنێت.
کۆمەڵی ئیسلامی خاوەنی ١٠٩ هەزارو ٤٩٤ دەنگە، ئەگەر ئەو ژمارەیە بەراورد بکەین بە ٣ ملیۆن و ٨٨ هەزارو ٦٤٢ هاوڵاتی دەنگدەر، ئەوا ٢ ملیۆن و ٩٧٩ هەزارو ١٤٨ کەس دەنگی بەکۆمەڵی ئیسلامی نەداوە، واتە رێژەی کۆمەڵی ئیسلامی ٣.٥% ی هاوڵاتی دەنگدەری هەرێم پێکدەهێنێت.
هاوپەیمانی و بەرەو ئیسڵاح (بزوتنەوەی ئیسلامی و یەکگرتوو) خاوەنی ٧٩ هەزارو ٤٣٤ دەنگە، ئەگەر ئەو ژمارەیە بەراورد بکەین بە ٣ ملیۆن و ٨٨ هەزارو ٦٤٢ هاوڵاتی دەنگدەر، ئەوا دەبینین، ٣ ملیۆن و ٩ هەزارو ٢٠٨ هاوڵاتی دەنگیان بە هەردوو حیزبی بزوتنەوەی ئیسلامی و یەکگرتوو نەداوە، لەو ڕوانگەشەوە ئەو دوو هێزە ٢.٥ % ی هاوڵاتی دەنگدەری هەرێم پێکدەهێنێت.
لەڕوانگەی بایکۆتکردنی هاوڵاتیانی هەرێم بۆ هەڵبژاردنەکانی ٣٠ ئەیلولی ٢٠١٨، دەبێت حیزب و لایەنە بەشداربوەکان، ددان بەو راستییەدا بنێن، کە ئەمجارە هاوڵاتیان بەدەنگیان ( نا ) ی ناڕەزایەتی، سەرجەم لایەنەکانیان پەرپەرچدایەوە، بەوەش دەبێت ئەو راستییە دەرک پێبکەین، هەم دوو حیزبی دەسەڵاتداری ٢٧ ساڵی رابردوی هەرێم (یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکرات) لەلێواری ئاوابوندان، هەم لایەنەکانی دەرەوەی ئەو دوو حیزبە، بەتایبەت گۆڕان و یەکگرتوو کۆمەڵ، لەبەردەم سزای سیاسی هاوڵاتیاندان، ئەگەر ئەو سێ لایەنە ئاراستەی کاری سیاسیان نەدۆزنەوەو گوتاری سیاسییان نەگۆڕان، ئەوکات ماشێنی سیاسییان چەق دەبەستێت دەبێت لەنێو قوڕولیتاوی سیاسی هەرێم دەچەقن و دەبێت فەرتەنناش بکەن.
سەرچاوە:
هەڵبژاردن لەکوردستان، نوسینی موحەمەد رەئوف
پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن KIE
سایتی پەڕلەمانی کوردستان. www.kurdistan-parliament.org
سایتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی. WWW.khec.krd
موقع مفوچیە العلیا المستقـلە للانتخابات www.ihec.iq
ئا: زمناکۆ ئیسماعیل