ھەردوو لایەنی دەسەڵات...!
2018-10-22 20:01:15
■ ئاری محەمەد ھەرسین
بۆ چەندەمین ھەزار جار دیسانەوە دوخوێنینەوە و دەبیستین کە ئەم برادەرانە ی کۆمەڵ و گۆڕان و یەکگرتوو «کە ڕۆژێک بە کەیف و سەفا بەشدارن لە حوکمڕانی ئەم ھەرێمە و ڕۆژێکیش تەسلیمی میزاجی نا جێگیری خۆیانن و ئۆپۆزسیۆنن». ئیجالەتەن و بە ڕێزەوە بۆ ئینسانەکان و، دوور لە و تەربیەتە تەشھیرە لاواز و موفلیسەی کە لە ئێستادا باوی گۆڕەپانی بێ باج و بێ ساحێبی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانە ئەم چەند دێڕە دەنوسینەوە.
ئەم برادەرانە بە بەردەوام باسی حوکمڕانیە دوولایەنەکە دەکەن . مەبەستیشیان لە وە حوکمڕانی پارتی و یەکێتیە. وەک ئەوەی حوکمڕان بوون کوفر بێت و خۆیان و سەرکردایەتیەکانیان ھەرگیز بەشداری حوکمڕانی ئەم ھەرێمەیان نەکردبێت و خاوەن پلەو پۆست نەبوبێتن...!
خۆیان جورئەتی مێرولەیەکیان نەبوو بە چەکەوە بێنە بەردەم بارەگاکانمان و ئازایانە شەڕی دەستەو یەخەمان لەگەڵ بکەن، لەبری ئەوە منداڵی بێ تاوانی خەڵکیان کردە قەڵغان بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی پۆپۆلیزمی خۆیان. کەچی لە ڕاڕەوەکانی پارلەمان و وەزارەتەکان و ئەنجومەنی وەزیران خۆیان بە ئاشتیخواز و دژی توندو تیژی دەنواند.
جێ دەست و پەنجەی پارتی دیموکراتی کوردستان دیارە بەرھەممان چی بوە و کەم و کوڕیەکانیشمان کامانەن. بە ڵام گەورەترین کەم و کوڕی ئێمە وەکو پارتی لەوانەیە ئەوە بێت، ئێمە لێگەڕاین ئەم برادەرانە بەبەر چاوی خۆمانەوە کێچی ھەر کەم و کوڕیەکمان بۆ خەڵکی کوردستان بکەن بە گایەک. کەچی بۆ جارێکیش باسی ئەو پارچە زەویانەمان نەکرد کە لەلایەن حکومەتەوە دراوە بەم حیزبانە و سەرکردایەتی و کەس و کاریان. باسی دامەزراندنی کوڕو برا وتیتیکزا و میمیکزای سەرکردایەتی ئەم سەرکردانەمان نەکرد، کە ئێمەی گەندەڵ بۆمان دابین کردوون...! ئیتر واز لە ڤیزای تایبەت و ئۆتۆمبیلی درع و پاسەوان و ئیمتیازاتی تر بێنە... ھەتا کار گەیشتە ئەوەی ئەوان بونە شێخ و مشایەخ و، ئێمەش بوینە ئینسانە بەەدکارەکە.
ئێستاش کە خەڵکی کوردستان، چ بە نەچوونی بۆ دەنگدان و چ بە وەلانانیان، ئەم حیزبانەیان ڕەتکردۆتەوە، دیسانەوە لە بەیاننامە و گوتارەکانیاندا دەستەواژەی « ھەردوو لایەنی دەسەڵات» بەکار دەھێنن.
ھیوادارین ئەندام و لایەنگر و دەنگدەری ئەم حیزبانە لێیان بپرسن: مەبەستتان لە ھەردوو لایەنی دەسەڵات چیە؟... بۆ ئێوە خۆتان ھەرگیز لە دەسەڵاتدا نەبوون؟... وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و قایمقام و و بەڕێوەبەری ناحیە و چی و چیتان نەبوە؟... خۆ ھێشتا چلەیان لە کابینەی ھەشتەمدا نەچوە...!
سیاسەت وا ناکرێت. پێویستە ئەوانەی سیاسەت دەکەن گەیشتبنە پلەیەکی کامڵ بوون. ئەگەر دە بنە ئۆپۆزسیۆن یان دێنە ناو حکومەت ئەوە بڕیاری خۆیانە، بەڵام مێژوو چەواشە ناکرێت. ھەرچی دەکەن بیکەن، بەڵام بە ڕاشکاوانە و ئازایانە بیکەن.