Draw Media

باوەڕھێنان بە خورافەت

باوەڕھێنان بە خورافەت

2018-10-22 14:12:08


■ مەریوان وریا قانع 

یەکێک لە ئاکارە ھەرە سەرەکییەکانی ئەو نوخبە حوکمڕانە سوڵتانییەی لە کوردستاندا دروستبووە لەدەستدانی ھەموو پەیوەندییەکی عەقڵانیی و واقیعییانەیە بە واقیعەوە. لەباتی ئەمە ھەڵگری ھۆشیارییەکی خورافیین کە ئیشە ھەرە سەرکییەکەی گۆڕینی واقیعە بۆ خورافەت و فرۆشتنی شکستە بە نرخی سەرکەوتن. ئەم عەقڵە خوارفییە جارێک پرۆژەی خورافیی و بەڵێنی خورافی بە کۆمەڵگا ئەدات، لەوانە بەڵێنی بەدوبەیکردنی کوردستان. جارێکی دیکە خورافەت و درۆ و ناڕاستیی دەگۆڕن بۆ ھەقیقەت و ئەم گۆڕانەش وەک ڕاستییەکی بێخەوش مامەڵەدەکەن. 
ئەم قسانەی نێچیرەوان بارزانی لێرەدا کردونی، نموونەیەکی بەرچاوی ئەو ھۆشیارییە خورافییە کە ھیچ پەیوەندییەکی واقیعیی و عەقڵانیی بە دونیاوە نەماوە و ھیچ توانایەکیشی بۆ تێگەیشتن لە ھیچ دیاردەیەک پێ نییە. ئەوەی زۆربەمان دەیزانین ئەوەیە کە بە پێی داتا سەرەتاییەکانی کۆمیسیۆن خۆی و بەر لە دواخستنی ڕاگەیاندنی ڕێژەی بەشداربووان بۆ درەنگانێک لە شەوی یەکەمی دەنگدانەکەدا، ڕێژەی ڕاستەقینەی بەشداربوون لە ھەڵبژاردنەکاندا لە دەوروبەری ٤٠% ی دانیشتوانی ھەرێم بوو. لەو ڕێژەیەش بڕێکی بەرچاویان ھەڵگری ڕەگەزنامەی تەزویرکراو بوون و بڕێکی تریشیان دەنگی چەندبارەیان ئەنجامدا. لەم ٤٠% ی بەشداربوانیش نزیکەی یەک لەسەر سێیان دەنگیان بە ھێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی داوە. واتە ڕێژەی ئەوانەی دەنگیان بە پارتی و یەکێتی داوە بەسەریەکەوە لە نێوان ٢٥% بۆ ٣٠% خەڵکی کوردستانە. ئەم ڕێژەیەش بۆ یەکێک کە تەنھا ھێندەی خوێندکارێکی قۆناغی بنەڕەتیی سەر لە ژمارە دەربکات، پێمان دەڵێت ئەوانەی بەسەریەکەوە دەنگیان بە پارتی و یەکێتی داوە، زۆرینەی خەڵکی کوردستان نین. بەپێچەوانەوە ئەوەی کە ڕاستییەکی حاشا ھەلنەگرە ئەوەیە کە زۆرینەی خەڵکی کوردستان ھەر لە سەرەتاوە بەشدارنەبوون لە ھەڵبژاردندا و دەنگیان نەداوە، ئەو بڕە کەمەشی کە دەنگی داوە یەک لەسەر سێی دەنگەکانی بۆ ھێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی بووە. 
ئەم فۆرمە لە بیرکردنەوەی خوارافیی، کە لە کوردستاندا سیاسەتکردن و شێوازی حوکمڕانیی ئاراستەدەکات، لە شوێنێکدا ھەر دەکەوێت، زۆر خراپیش دەکەوێت. ونکردنی ھەست بە واقیع و وێناکردنی درۆ وەک ھەقیقەت، نەخۆشیەکی سیاسیی و ئەخلاقیی و مەعریفیی ترسناکە، جگە لە کارەساتی ھەمەجۆر شتێکی تری لێ سەوزنابێت. پرسیارەکە ئەوەیە ئەم ھۆشیارییە خورافییە تا کەی و تا کوێ دەتوانێت بژیی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand