پرسیار له داهاتووی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ک ئایدیال_تیپی حیزب
2018-10-22 06:18:42
■ عادل باخه‌وان
هه‌ڵبژاردنه‌کانی مانگی پێنجی عێراق و مانگی نۆی کوردستان، کۆمه‌ڵێک بابه‌تی گرنگیان بۆ ڕامان و شیکردنه‌وه خسته به‌رده‌ست کۆی ئه‌و توێژه‌رانه‌ی که له‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به گشتی و عێراق و کوردستان به‌تایبه‌تی کارده‌که‌ن. له‌وانه : کاڵبونه‌وه‌ی متمانه‌ی نێوان هاوڵاتیان و ده‌سته‌بژێره سیاسیه‌کان، گومان له‌سه‌ر کۆی پرۆسه‌ی سیاسی له عێراقدا، گومان له سیستمی هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان، به‌هێزکردنی په‌یوه‌ندی نێوان حیزب و میلیشیاگه‌رایی و ده‌یان بابه‌تی دیکه.
ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت لێره‌دا به‌خێرایی ئاماژه‌ی پێبده‌م داهاتوی کۆی ئه‌و حیزبانه‌یه که له عێراقدا به‌گشتی و له کوردستاندا به‌تایبه‌تی، له‌سه‌ر ئایدیال_تیپی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دامه‌زراون. ئایا هه‌لومه‌رجی بابه‌تیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، عێراق، کوردستان ڕێگاده‌دات که ئه‌م جۆره له حیزب، له‌سه‌ر ئاستی دوره مه‌ودا، بمێنێته‌وه، گه‌شه‌بکات و خۆی فه‌رزبکات به‌سه‌ر خۆفهرزکارهکاندا و ههژمونبکات به‌سه‌ر ههژموندارهکاندا ؟
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ک ئایدیال_تیپی حیزب، خه‌ونێکی جوانبوو، به‌ڵام ئایا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و عێراق و کوردستاندا، واقیعی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆنکرێتی، وه‌ک چۆن هه‌زاران خه‌ونی جوانی له‌باربرد، ئه‌م تایپه له خه‌ونیش له بارنابات ؟
بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی خێرا بۆ سۆسیۆلۆژیای فاکتی سیاسی بایه‌خی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. له‌م سۆسیۆلۆژیایهدا و [به‌شێوه‌یه‌کی گشتی و به‌بێ ئه‌وه‌ی بڕۆمه نێو ورده‌کاریه‌کانه‌وه] ئێمه چوار ئایدیال_تیپ له حیزبی سیاسیمان له به‌رده‌ستدایه.
یه‌که‌م : کۆی ئه‌و حیزبانه‌ی له سه‌ر "دێمۆکراسی" وه‌ک تیۆری و پراکتیک دامه‌زراون. ئه‌م جۆره له حیزب، به‌شێوه‌یه‌کی کۆنکرێتی، ئازادی ڕاده‌بڕین، ئازادی ناکۆکی، ئازادی ئۆپۆزیسیۆن و هه‌موو ئازادیه‌کانی دیکه، نه‌ک هه‌ر به‌شێکن له ئیمانه‌کانی، به‌ڵکو به‌شێکن له موماره‌سه‌ی ژیانی ڕۆژانه‌ی. ڕۆژئاوا به‌گشتی، یه‌کێکه له‌و روبه‌رانه‌ی که ئه‌م ئایدیال_تیپه له حیزب به‌رهه‌مده‌هێنێت. ئه‌مه مانای ئه‌وه‌نیه که جۆره‌کانی دیکه‌ی حیزب له ڕۆژئاوادا جێگایان نابێته‌وه.
دوهه‌م : کۆی ئه‌و حیزبانه‌ی که ده‌کرێت بیانخه‌ینه چوارچێوه‌ی "تۆتالیتاریزم"ه‌وه. ئه‌م تایپه له حیزب که زۆر جار سه‌رۆکێکی باڵا گوزارشت له ڕۆحیدهکات، ده‌یه‌وێت ده‌ست به‌سه‌ر ته‌واوی کۆمه‌ڵگادا بگرێت و هه‌موو فۆرمه‌کانی ناڕه‌زایی له مناڵداندا بکوژێت و کۆی جه‌ماوه‌ر له‌گه‌ڵ خۆیدا مۆبیلیزهبکات و ڕێگانه‌دات له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆی هیچ جۆرێک له ژیان بوونی هه‌بێت. مۆدێلی ئه‌م حیزبانه له ئه‌ڵمانیای نازی و یه‌کێتی سۆڤێتی کۆمۆنیستی و عێراقی به‌عسی دا تێبینیکراوه.
سێهه‌م : کۆی ئه‌و حیزبانه‌ی له‌سه‌ر "ئۆتۆریتاریزم" بیناکراون. ئامانجی ئه‌م حیزبانه بریتیه له کۆنترۆڵکردنی جومگه‌کانی ده‌سه‌ڵات و ئه‌وه‌ی به‌لایانه‌وه گرنگه ده‌سه‌ڵاته نه‌ک کۆمه‌ڵگا. له‌کاتێکدا که حیزبه تۆتالیتێره‌کان هه‌موو فۆرمه‌کانی ئازادیی بۆچوون له‌ناوده‌به‌ن، حیزبه ئۆتۆرێتێرهکان هه‌وڵده‌ده‌ن کۆنترۆڵیان بکه‌ن. ئه‌م تایپه له حیزب له هه‌موو ڕوبهرهکاندا ئاماده‌ییان هه‌یه.
چوارهه‌م : کۆی ئه‌و حیزبانه‌ی که له "پاتریمۆنیالیزم"ه‌وه شه‌رعیه‌ت وه‌رده‌گرن و قسه‌ی من لێره‌دا له‌سه‌ر ئه‌م تایپه له حیزبه. پاتریمۆنیالیزم واته وێناکردنی حیزب وه‌ک موڵکی خێزانێک که ده‌کرێت له باوکه‌وه بۆ مناڵه‌کانی وه‌ک میرات به‌جێبهێڵرێت و ده‌ستاوده‌ستی پێبکرێت. حیزب بریتیه له "پاتریموان" واته موڵکی خێزانێک و ده‌بێت بۆ هه‌میشه له‌نێو ئه‌و خێزانه‌دا بمێنێته‌وه و که له ده‌ستی خێزانه‌که ده‌رچوو، ئیدی سه‌ره‌تای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌ستپێده‌کات. ئه‌م تایپه له حیزب "چاکه‌ی گشتی " نیه، به‌ڵکو "چاکه‌ی تایبه‌ت"ه و هه‌ر بۆیه له چوارچێوه تایبه‌ته‌کانیشدا ده‌ستاوده‌ست ده‌کات. ئه‌فریقا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به عێراق و کوردستانیشه‌وه، سه‌رزه‌مینی به‌هێزی ئه‌م تایپه له حیزبه. بێگومان له چه‌ند دۆخێکی تایبه‌تدا، تایپه‌کانی دیکه‌ی حیزب ده‌کرێت سه‌رهه‌ڵبده‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌ژموونی ته‌واوی به‌سه‌ر کێڵگه‌ی سیاسی ئه‌فریقا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا هه‌یه، تایپی چوارهه‌مه.
کاتێک حیزبێکی وه‌ک بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، له کوردستانێکدا که زیاتر له نیو سه‌ده‌یه سه‌رزه‌مینی مۆدێلی چوارهه‌مه له حیزب، حیزب وه‌ک پاتریموان_موڵک، له‌سه‌ر ئایدیال_تیپی یه‌که‌م دروستده‌بێت، هه‌ر له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا روبه‌ڕوی هه‌لومه‌رجێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بابه‌تیی وا ده‌بێته‌وه که له‌نێو مێژویه‌کی په‌نجا ساڵیدا بیناکراوه و ده‌قی گرتوه و ئاماده‌نیه ده‌ستبه‌رداری به‌ڵگه‌نه‌ویست و ئیمان و ڕاهاتن و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ببێت. گۆڕان نه‌ک هه‌ر نه‌یتوانی ئه‌م هه‌لومه‌رجه بابه‌تیه کۆمه‌ڵایه‌تیه توند و سه‌خته بگۆڕێت، به‌ڵکو بوو به یه‌کێک له قوربانیه‌کانیشی. پاش ماڵئاوایی کاک نه‌وشیروان، بۆ ڕزگارکردنی گۆران له مردن و بۆ مانه‌وه‌ی گۆران له نێو کێڵگه‌ی سیاسی کوردستاندا، جۆرێک له هه‌وڵ له ئارادایه بۆئه‌وه‌ی گۆرانیش له تایپی یه‌که‌مه‌وه، که زۆر به ئه‌ستم له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و عێراق و کوردستاندا جێگای ده‌بێته‌وه، بگوێزنه‌وه بۆ تایپی چوارهه‌م و بیکه‌ن به "موڵک، پاتریموان"ی بنه‌ماڵه‌ی کاک نه‌وشیروان و حیزبه‌که‌ش وه‌ک چاکه‌ی گشتی له‌سه‌ر کوڕه‌کانی تاپۆبکهن. ڕه‌نگه له کۆتاییدا ئه‌م هه‌وڵه سه‌ربگرێت، هه‌ر وه‌ک چۆن بۆ یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستانیش سه‌ری گرت، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ گرفتێکی گه‌وره‌ی بۆ دروستببێت، به‌پێچه‌وانه‌وه، ده‌سته ده‌سته‌ی گروپه جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردی، ڕۆژانه ڕێگای ده‌باشان ده‌گرنه به‌ر و گوزارشت له پیرۆزبایی و خۆشحاڵی خۆیان ده‌که‌ن.
له هه‌لومه‌رجێکی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆنکرێتی ئاوادا، گرنگه بۆ ئێمه جیاوازی بکه‌ین له نێوان خه‌ونێکی جوان و واقیعێکی زبر دا، له‌نێوان خه‌یاڵدانێکی شاعیرانه و کۆمه‌لگا وه‌ک فاکتێکی توندا.
گرنگه ئێمه تێبگه‌ین له‌وه‌ی که ڕۆژهه‌ڵات ئه‌وروپا نیه، عێراق فه‌ره‌نسا نیه، کوردستان هه‌رێمی ئیل دوو فرانس نیه، سلێمانی پاریس نیه، سه‌هۆڵه‌که شانزه‌لیزێ نیه.