Draw Media

یه‌كێتی حه‌زی خۆشه‌ 

یه‌كێتی حه‌زی خۆشه‌ 

2018-10-21 15:22:20


 

■ له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 
جا كه‌ یه‌كێتی له‌ ڕێی وته‌ بێژه‌كه‌یه‌وه‌ بیه‌وێت برینی لایه‌نێكی تر ساڕێژكات هه‌ر ده‌بێت بچێته‌ ژێر باری رێكه‌وتنه‌وه‌ له‌ ته‌كیدا له‌ كاتێكا یه‌كێتی له‌ 50به‌ 50ی 1992ه‌وه‌ بووه‌ به‌ 25به‌ 75 بۆ پارتی ، قوربان تۆ به‌ نیوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هیچت بۆ نه‌كرا ، ئێستا به‌ چاره‌كه‌وه‌ چی ده‌كه‌یت ، دواتر به‌ دینتان كێ‌ برینه‌كه‌ی قوڵه‌ پارتی یان یه‌كێتی ، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ شاره‌زای چاره‌سه‌ری برینن ، ئه‌دی بۆ ئه‌و هه‌موو برینه‌ی جه‌سته‌ی خۆتان ساڕێژناكه‌ن ،به‌ 21كورسیه‌وه‌ خۆی به‌ براوه‌ ده‌زانێت ، له‌ كاتێكا پارتی به‌س له‌ دهۆك 5كورسی له‌ كۆی كورسیه‌كانی زیاتره‌ ، ئاخر پارتی 26 كورسی بادینانی بردووه‌ ، ئه‌وه‌ش په‌تای یه‌ك بازنه‌یی سلێمانی به‌ قه‌ده‌ر دهۆك كورسی لێهاتووه‌ ، له‌ كاتێكا له‌ فره‌بازنه‌یی عێراقدا دهۆك 11 كورسی و سلێمانی 18 كورسیه‌ ، جا پارتی بادینانی نه‌بوایه‌ چی بكردایه‌ ، یان یه‌كێتی ئه‌گه‌ر ئه‌م وته‌ بێژه‌ی نه‌بوایه‌ كێ‌ برینی ئه‌وانی تری بۆ ساڕێژكردبا .
به‌ قه‌د ئه‌وه‌ی یه‌كێتی به‌ هه‌موو شتێك رازیه‌ ، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش كه‌ نیوه‌ی كورسیه‌كانی له‌ ده‌ست داوه‌ كه‌یفی به‌وه‌ سازه‌ پرسی به‌شداری كردن و نه‌كردنی حكومه‌تی خستوه‌ته‌ دوای تانه‌و ته‌شه‌ری بێمانه‌وه‌ هیچه‌وه‌ ،له‌ كاتێكا به‌ دوو ده‌رزه‌ن كورسی و به‌ كاره‌كته‌ری وریاتره‌وه‌ هیچی بۆ نه‌كرا ئێستا به‌ ده‌رزه‌نێكه‌وه‌ هاتوه‌ته‌ جۆش .
یه‌كێتی و گۆڕان به‌رپرسیاری یه‌كه‌می ئه‌م بارو دۆخه‌ن كه‌ باشتره‌ ناوی مه‌هزه‌له‌ی دیموكراسی لێبنرێت نه‌ك پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ، هه‌رچه‌ند له‌ هه‌مووته‌مه‌نی باشوری كوردستاندا خولێكی ئه‌رێنی و باش و چه‌ند كاره‌كته‌ری هاوشێوه‌ی په‌رله‌مانتارانی باكوری نمونه‌ی ده‌میرتاش و ئه‌حمه‌د تورك و له‌یلا زانا و میر فوڕات و هتدمان نه‌بووه‌ ، یان نمونه‌ی به‌ هادینی ئه‌ده‌بی رۆژهه‌ڵات له‌ پارله‌مانی ئێران ، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م خوله‌ی دادێ‌ خراپترین خولی پارله‌مانده‌بێت واته‌ خولی پێنجه‌م خولی كۆتاهاتنی نوێنه‌رایه‌تی گه‌له‌و له‌ مه‌ڵبه‌ند و لق و باره‌گای حزبی ده‌چێت ، له‌مه‌شدا یه‌كێتی به‌رپرسه‌ .
برینی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ پێت وابێت عێراقت بردوه‌ته‌وه‌ له‌ كاتێكا كورردستانت دۆڕاندوه‌ ، یه‌كێتی جگه‌ له‌ بردنه‌وه‌ی نه‌وت و دۆلار له‌ 2005ه‌وه‌ كوردستانی دۆڕاندووه‌ ،له‌و رۆژه‌وه‌ كه‌ ماڵباتی بارزانی باوك و كوڕو ئامۆزا هه‌موو كوردستانیان له‌ ده‌ستدایه‌و یه‌كێتیش له‌ جێگرێكی بێده‌نگ زیاتر هیچی تر نیه‌ .
به‌ڵام پارتیش براوه‌یه‌كی دۆڕاوه‌ مادام هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ لیپه‌ له‌ ته‌زویرو ساخته‌و سوكایه‌تی به‌ مرۆڤ ، مه‌سعود بارزانی ته‌نیا جێ‌ شه‌قی ئاسایشه‌كانی هه‌ولێر به‌ جه‌سته‌ی ئه‌و كوڕه‌وه‌ ببینێ‌ كه‌ رۆژی هه‌ڵبژاردن مار هه‌نجنیان كردبوو ، پێویسته‌ خۆی به‌ دۆڕاو بزانێ‌ ، هه‌ڵبژاردنی پاك و بێ‌ ته‌زویر براوه‌و دۆڕاو ده‌ر ئه‌خات ، نه‌ك هه‌ڵبژاردنی هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌و ساخته‌و پڕ درۆ .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand