دوو کۆمێنت: (قسە هەزارە دوانی بەکارە)
2018-10-21 09:58:02
■ هۆشیار عەبدوڵا
قسەی یەکەم: سەرانی پارتی و یەکێتی بە تەزویر جارێکی تر شەرعیەتیان دایەوە بە خۆیان، هەردولایان باش دەزانن، بەو هەمو پارەو ئیمکانیاتەوە خەڵک چەند دژی خۆشیان و هەڵبژاردنەکانیش بوو، پێشتر وتمان تەزویرو بایکۆت مەترسین و هەردوکیشیان کاریگەری و مەترسی گەورەی خۆیان تا چوار ساڵی تر جێکەوت دەکەن، ئەوانەی بایکۆتیان کرد خەڵاتێکی گەورەی سەرانی پارتی و یەکێتیان کردو حزبەکانی تریان سزادا، ئیدی تا چوار ساڵی تر ئەبێ چاوەرێی لوتفی ئەو دو حزبە بن بزانن بە دەنگی ساختەو بە نەچونیان بۆ دەنگدان چیان بۆ دەکەن و نەتیجەکەی چیی دەبێت ؟!.
قسەی دوەم: جگە لە هۆکاری تەزویر هەڵە ستراتیژیەکانی گۆڕان کە هۆکاری دابەزینی دەنگەکانی بوە لە نەخۆشکەوتنی کاک نەوشیروانەوە تائێستا دیارن، لەهەموشیاندا دیارە کێن ئەوانەی ئەندازیاری ئەو هەڵانە بون و کێشن ئەوانەی قورگیان کەوت و گوێیان لێ نەگیرا هەموشی لە غیابی فکرێکدا کە ریشەییانە دژی فکری چەتەیی و بازرگانی قەومی یەکێتی و پارتی بوەستێتەوە (لە بەشداری لە حکومەتەوە تا درەنگ کشانەوە لە حکومەت و بەڵێ بۆ ریفراندۆم و سیاسەتی جۆلانێ لەنێوان یەکێتی و پارتی و سیاسەتی دەستەگەری و ئێسقانشکاندنی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و قبوڵنەکردن و گوێنەدان بەرەخنە)، لێرەوە ئەوە گۆڕان نیە کە دەبێت داوای لیبوردن بکات، داوای لێبوردن كردن بەناوی جڤاتەوە ونکردنی بەرپرسیارێتیەو پاککردنەوەی ئەوستۆی ئەوانەیە کە لە دو هەڵبژاردندا بونەتە هۆکاری دابەزینی دەنگەکان، دەبو زۆر بەرپرسیارانە بە پلەی یەکەم رێکخەری گشتی و پاشان ئەندامانی خانەی راپەراندن بەرپرسیارێتی شکستەکەیان هەڵبگرتایە.
شکستی ئەوانیش لە نا دڵسۆزیانەوە نیە بۆ گۆڕان، لە باوەرنەبونیانە بە گەڵاڵەکردنی فکرو جیهانبینیەک کە نەچێتەوە سەر هەمان جۆگەلە داخراوەکەی فکرو تێگەیشتنی سەرانی یەکێتی و پارتی بۆ تاک، بۆ نەتەوە، بۆ کۆمەڵگە، بۆ دەوڵەت.
کە وەک سەرانی یەکێتی و پارتی بیر بکەیتەوەو سیاسەت بکەیت، چاوەرێ مەبە خەڵک بە گۆڕانت بزانێ و ئومێدی پێت هەبێت!