Draw Media

سەرکەوتنەکەی یەکێتی لە کــوێدا بـوو 

سەرکەوتنەکەی یەکێتی لە کــوێدا بـوو 

2018-10-21 05:21:10


 

■  نەوزاد کەریم


شەوی رابردوو دوای بیست ویەک رۆژ لە چاوەروانی کۆمسیونی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان بە دەنگی پێنج ئەندام ( نوێنەرانی پارتی و یەکێتی ) ئەنجامی کۆتایی هەلبژاردنەکانیان راگەیاند . 
بەپێی راگەیاندنی ئەنجامەکان یەکیتی نیشتمانی( ٣١٩٩٠٠) دەنگی بەدەست هێناوە ، بە بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٣ بۆ پەرلەمانی کوردستان کە ( ٣٥٠٥٠٠) دەنگی بەدەست هێنابوو،  لەگەڵ بەرزبونەوەی رێژەی دەنگدەر لەهەرێمی کوردستان یەکێتی نیشتمانی نزیکەی ٣١ هەزار دەنگ کەمی کردوە ، لە کاتێکدا ئەم هێزە لە هەلبژاردنەکانی خولی پێشودا ئەو رێژە دەنگەی کە بەدەستیهێنابوو بە گەورەترین شکست زانی وبە شێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ کرد کە زوربەی زۆری سەرکردەکانیان بۆ ماوەیەکی زۆر خۆیان ونکرد و پاش مانگێک لە دەرکەوتنەوەیان شکستی خۆیان راگەیاند و هەریەکەو شکستەکەیان ئەخستە ئەستۆی ئەوی تریان ، بەڵام ئەمجارە بە پێچەوانەی چوارساڵی رابردوەوە ئەم هێزە هەر لەسەرەتاوە بەم ئەنجامەشەوە وبەدەستهێنانی دەنگی کەمتر لە هەڵبژاردنی رابردوو ، سەرکەوتنی خۆی راگەیاند و ئەم ئەئجامەی وەک سەرکەوتنێکی گەورە بۆ حزبەکەی راگەیاند و لەزوربەی شارو شارۆچکەکانی هەرێمدا ئاهەنگی گەورەی بۆ گێرا ، بەڵام ئەمە ئەو راستیەمان بۆ دەسەلمێنیت کە یەکێتی نیشتمانی لە دوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆرانەوە سەرکەوتن و پاشەکشەی خۆی لە زیادبون و کەمی دەنگەکانی خۆیادا نابینیت ، بەڵکو سەرکەوتنی لە لە پاشەکشەو شکستی بزوتنەوەی گۆراندایە ، ئەوەی کە کردی ئاهەنگی سەرکەوتنی خۆی و بەرزبونەوەی رێژەی دەنگەکانی نەبوو ، بەڵکو ئاهەنگی پاشەکشەی و کەمی دەنگەکانی رکەبەرەکەی بوو کە بزوتنەوەی گۆرانە ، چونکە یەکێتی باکی نیە و بۆی گرنگ نیە کە سەنگ و قورسایی بەرامبەر بە پارتی دیموکرات چەندە ، بچوکی بۆ پارتی پێ قبولەو دەمێکە خۆی لەگەڵی را‌هێناوە ، ئەوەی کە پێی قبوڵ نەدەکرا و بە مەترسی ئەزانی سەنگ و قورسایی بزوتنەوەی گۆران بوو ، لەگەڵ ئەوەی کە رێژەی دەنگ و ژمارەی کورسیەکانی کەمترە لە نیوەی ژمارەو رێژەی کورسیەکانی پارتی ، بەڵام لەوە دڵنیایایە کە ئەم دوو هێزە هەرگیز نابنە مەترسی بۆسەر بەرژەوەندیە حزبی و کەسەیەکانی یەکتری، کە بەدرێژایی چارەکەسەدەیەک لە حوکمداریان لەکوێدا ئەم دووهێزە بەرژەوەندی حزبیان کەوتبێتە مەترسیەوە بونەتە فریادرەسی یەکتری ، هەر لەو روانگەیەشەوەیە کە دوێنی بەرپرسێکی پارتی بەراشکاوی و دوای ئەو هەموو مڵملانێیە لەسەر پۆست و ئیمتیازەکان لەبەغدا دەڵیت ، لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی ئێمە یەک چارە نوسمان هەیە و هەمیشە وەک شەریکێکی سیاسی لێیاندەروانین ، تێپەراندی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش بەم شێوەیە و قبوڵکردنی لەلایەن یەکێتیەوە لەگەڵ ئەوەی کە لەزمانی وتەبێژەکەیانەوە لەسەرەتاوە بە هەڵبژاردنێکی پر لەساختەکاری و ئەتکردنی دەنگی دەنگدەر ناوی هێنا و دڵخۆشبون و رازیبونیان لە ئیستادا و لەگەڵ ئەو سەنگە بچوکەشیان بەرامبەر بە پارتی ، دڵنیای کردینەوە لەوەی کە ئەو سەرکەوتنەکەی ئیدعای بۆ دەکرد و ئاهەنگی بۆ دەگێرا لە کوێــــدایە و لە چیدا دەبینێتەوە  .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand