حزبی ده‌عوه ماڵئاوایی له سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت ده‌كات..بەڵام
2018-10-18 06:23:54
■ جاسم شەمەری
دوای 12 ساڵ له جڵه‌وگیری، حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی گرنگرتین پۆستی حكومی له عێراق كە، پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانە جێیهێشت، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی نوری ماليكی ئه‌مینداری گشتی حزبه‌كه چه‌ندین جار وتی" كه‌س ناتوانێ پۆسته‌كه به‌رێت، تا خۆیان نه‌یبه‌خشن"، دوور له‌و كه‌رتبوونه گه‌ورانه‌ی ئه‌م حزبه (كه له 12 ی ئۆكتۆبه‌ری 1957 دامه‌زراوه ) تووشی هاتووه، له ساڵی 2003 وه له دیارترین پارته سیاسییه‌كانی سه‌ر گۆره‌پانی سیاسی عێراق بووه.
چیرۆكی ئه‌و حزبه له‌گه‌ڵ پۆسته باڵاكان له ساڵی 2006وه دەستپێدەكات كه نوری ماليكی بووه سه‌رۆك وه‌زیران و دواتریش له 2010 دووباره ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرته‌وه، دواتر حه‌یده‌ر عه‌بادی له (2014 - 2018) كه ئه‌مه‌ش سێیه‌م قۆناغی حوكمڕانی ئه‌و حزبه بوو.
حزبی دەعوە به‌ناچاری عه‌بادی كرده جێگره‌وه‌ی ماليكی له پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌تدا، عه‌بادی له‌سه‌ر جەستەو هه‌گبه‌ی حزبه‌كه‌ی كه له 8 ساڵی حوكمڕانی ماليكیدا ئابڕوومه‌ندی له‌كه‌دار بوو، دەیویست وێنه‌ی خۆی جوان بكات، ئه‌م هه‌نگاوه ده‌رگای ململانێنی له‌نێوان ئه‌و دوو سه‌ركردەیەدا واڵا كرد تا گه‌یشته قۆناغی ڕه‌خنه‌گرتنی ڕاسته‌وخۆ له یه‌كتری، هه‌موو ئه‌مانه‌ش ئه‌و حزبه‌یان بنكۆڵ كرد كه له هه‌وڵی بڕینه‌وه‌ی دره‌خته‌كه‌ی ژێر خۆیان بوون.
له دواين هه‌ڵبژاردندا حزبی دەعوە به دوو لیست بەشداریكرد ( یه‌كه‌م به‌ناوی ده‌وڵه‌تی یاسا به سه‌رۆكایه‌تی ماليكی و دووه‌میش به ناوی نه‌سر به سه‌رۆكایه‌تی عه‌بادی)، هه‌ردووكیان ئاره‌زووی گه‌رانه‌وه‌ی سه‌ر كورسی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیان ده‌كرد، به‌ڵام به‌هۆی وه‌ستانه‌وه‌ی هه‌ندێك له هێزه سیاسییه‌كان دژ به ماليكی، ئاماژەكانی (مه‌رجه‌عیه‌ت) نه‌جه‌فیش به‌وه‌ی نابێت دووباره تاقیكراوه تاقیبكرێته‌وه و خواستی هێنانه پێشه‌وه‌ی كه‌سێكی به‌هێز، وایان له حزبی ده‌عوه كرد باوه‌ڕی ته‌واو به‌وه بێنیت كه خه‌ریكه سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران بۆ ئه‌وان ده‌بێته به‌شێك له ڕابردوو.
له دیارترین ململانێی نێوان ئه‌و دوو سه‌ركرده‌یه‌ش هەڵوێستەكەی ماليكی بوو ( له 13 ی ئابی 2014 ) كه وتی پێسپاردنه‌وه‌ی كورسییه‌كه به عه‌بادی "پێشێلكارییه‌كی ده‌ستورییه و پڕۆسه‌ی سیاسی ده‌خات، ئه‌وانه‌ی بۆ پڕۆسه‌كه‌ش به‌په‌رۆشن، ده‌بێت هاریكاری یه‌كتربن بۆ وه‌ستاندنی یاخیبوونی به ئه‌نقه‌ستی دژ به ده‌ستور و پێشێلكردنی له به‌رژه‌وه‌ندی و ویستی سیاسی خه‌ڵكانی دیكه‌دا".
دوای لێكدابڕانێكی چه‌ند ساڵه‌و له هه‌نگاوێكدا بۆ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی كه‌لێنی نێوان ئه‌و دوو سه‌ركردەیە، سه‌ركرده‌كانی ئه‌و حزبه له 22 ی سێبتێمبه‌ری 2018 له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گه‌ورەی به‌رپرسانی حزبه‌كه‌دا، توانیان ناوماڵی خۆیان ڕێكخه‌نه‌وه به لێكنزیككردنه‌وه‌ی مەكتەبی سیاسی و ئه‌نجومه‌نی شورای حزبه‌كه، كه له دۆخی په‌رت بوون و لێكهه‌ڵوه‌شاندا بوون، به‌مه‌ش ڕایانگه‌یاند كه "عه‌بادی تاكه پاڵێوراویانه"، به‌ڵام دیار بوو گه‌مه‌كه یه‌كلایی بوەته‌وه‌و ئه‌م چاكسازییانه‌ش له كاتێكی ناوه‌ختدا بوون.
ئێستا كه عادل عەبدولمەهدی ڕاسپێردراوه بۆ پێكهێنانی كابینەی چواره‌م، پرسیارێكی گرنگ دێتە پێشەوە: ئایا حزبی ده‌عوه له‌نێوان ساڵانی (2006-2018) له حوكمڕانی عێراقدا سه‌ركه‌وتوو بووه ؟ لێره‌دا به خێرایی به‌ناو هه‌ندێك ئاماژه‌دا گوزه‌ر ده‌كه‌ین له ماوه‌ی حوكمڕانی ئه‌واندا به زه‌قی ده‌ركه‌وتوون:
- گەشەكردنی بیری تایه‌فه‌گه‌ری له نیشتمانێك كه پێشتر پێی ئاشنا نه‌بووه.
- زیادبوونی دیارده‌ی میلیشییاگه‌ری و گەشەكردنی له‌ژێر باڵی حكومه‌تدا، به‌تایبه‌تیش له‌ژیر سایه‌ی حوكمڕانی ماليكیدا و له سه‌رده‌می عه‌بادیشدا به فه‌رمی درێژه‌ی هه‌بوو.
- حزبه‌كه له ماوه‌ی داگیركاری ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق حوكمڕانی ده‌كرد، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ش زۆر له‌و بنه‌مایانه به‌تاڵ ده‌كاته‌وه كه حزبه‌كه بانگه‌شیان بۆ ده‌كات!
- قۆرغكردنی زۆرێك له پۆسته مه‌ده‌نی و سه‌ربازییه‌كانی ده‌وڵه‌ت.
وێرانكاری بواره خزمه‌تگوزارییه‌كان درێژه‌ی هه‌بوو، ئه‌مه‌ش وای له ملیونان كه‌س كرد (به شاره شێعه‌نشینه‌كانیشه‌وه) له سه‌رتاسه‌ری ووڵاتدا بێنه سه‌ر شه‌قام، له باشووریش دروشمیان ده‌دا به‌وه‌ی به ناوی ئاینه‌وه دزی ده‌كرێت و دە‌بێت ئه‌وانه‌ش دادگایی بكرێن و چاكسازییه‌كانی عه‌بادیش چاكسازی روكەشن و جەوهەری نین.
له ته‌مموزی 2015 ڕوداوه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك په‌ره‌یان سه‌ند كه داواكاری لادانی نوری ماليكی جیگری سه‌رۆك كۆمار به‌رز بكرێته‌وه، ئه‌مه‌ش له ده‌رئه‌نجامی "كەوتنی كۆی سیسته‌می ئه‌منی له ماوه‌ی حوكمڕانی ئه‌ودا، ئه‌مه جگه له ته‌شه‌نه‌كردنی گه‌نده‌ڵی و ڕوودانی هه‌ڵه‌ی گه‌وره گه‌وره له‌ماوه‌ی حوكمڕانی ئه‌ودا وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران، داواكارییه‌كان گه‌یشتنه ئه‌و ئاسته‌ی به ناپاكی تۆمه‌تبار بكرێت و داوای له سێداره‌دانیشی بكه‌ن".
پوخته‌ی قسه ئه‌وه‌یه، ئه‌و حزبه به‌رپرسیاریه‌تی یاسایی له‌ئه‌ستۆدایه له‌وه‌ی له عێراق له ساڵی 2006 وه تاكو ئه‌مڕۆ ڕوویداوه‌و ڕووده‌دات، چونكه له ساڵی 2003 وه درێژترین ماوه‌ی حوكمڕانی هه‌بوو له عێراقدا.
پێموایه حزبی ده‌عوه هاوبه‌شێكی ئاسان نابێت له حوكمڕانی حكومه‌تی ئاینده‌دا، بۆیه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا ده‌بێت پێكهێنانی حكومه‌تی ئاینده دوابخات و به‌ربه‌ست بخاته به‌رده‌می، پێشموایه كێشەو گرێكوێره‌ی كورده‌كان له‌نێوان خۆیاندا سه‌باره‌ت به پۆستی سه‌رۆك كۆمار‌و ڕازینه‌بوونیان (پارته‌كه‌ی بارزانی) به میكانیزمی هه‌ڵبژارنی سه‌رۆك له‌لایه‌ن یەكێتییەوە هه‌روه‌ك ڕۆژی دواتر ووتیان كه "یەكێتی نیشتمانی كوردستان گه‌مه‌كه‌ی تێكداوه له پڕۆسه‌ی سیاسی نێوان كورده‌كاندا". حزبی ده‌عوه ئه‌و گرێكوێرەیە‌ی كورده‌كان ده‌قۆزێته‌وه، دوور نییه له پارتی دیموكراتی كوردستان نزیكبێتەوەو ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاسته‌قینه له‌ناو په‌رله‌ماندا پێك‌بێنن و ئامانجه‌كه‌شی " گێرانه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی سیاسیی بێت بۆ چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م"، ڕه‌نگه ئه‌م هه‌نگاوه (تەنانەت له‌دوای پێكهێنانی حكومه‌تیش كه وای داده‌نێین به‌ئارامی بێ چه‌قاوه‌سوویی سیاسی پێكدێت ) بمانگه‌یه‌نێته ئه‌وه‌ی كه عادل عه‌بدولمه‌هدی ڕاسپێردراو به پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی پێشكه‌ش بكات، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش ده‌بێته هۆی گه‌رانه‌وه‌ی عه‌بادی یان ماليكی وه‌ك پاڵێوراوێكی دیاری كورسی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران.
حزبی ده‌عوه خاوه‌ن توانستێكی دارایی و سه‌ربازی ئه‌وتۆیه كه ده‌توانێ مێزه‌كه سه‌ره‌وژێر بكاته‌وه له وڵات‌دا ( ئه‌وه ئه‌گه‌ر ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكاو ئێران پێكەوەو به سازانیان خه‌می دۆخه‌كه نه‌خۆن ) پێشموایه حزبی ده‌عوه دارده‌سته دیاره‌كه‌ی ناو دۆڵابی حكومه‌تی عه‌بدولمه‌هدی ئاینده ده‌بێت.