١٦ی ئۆکتۆبه‌ر و دوو فرمێسکی که‌رکوکییانه
2018-10-16 21:12:30
■ هیوا ناسیح
لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی هه‌ندێک له زانایان سه‌لماندویانه، که پێکهاته‌ی کیمیایی فرمێسکی داخ و ناخۆشی له فرمێسکی خۆشی جیایه، تا چه‌ند ئه‌مه راست و دروسته؟ بۆ که‌سانی زانستخواز و ئه‌و بواره‌ی به‌جێدێلم. ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمه گێرانه‌وه‌ی فرمێسکی دوو که‌رکوکی، خه‌مزه‌ده و ئاواره و دووره وڵات، له دوو کات و شوێنی جیادا. رژانی دوو ڕۆندکی جیاواز بۆ که‌رکوک، ئه‌و شاره ده‌وڵه‌مه‌ند به نه‌وت و خێرله‌خۆ نه‌دیوه‌ی، که هه‌میشه یه‌که‌م و دوا قوربانیی کێشه‌ی کورده له عێراقدا و ته‌نانه‌ت له ململانێی نێوان حزبه‌کانیشدا، وه‌ک دوا جار بینیمان.
له ته‌مه‌نی خۆمدا, به ئازادکردنی که‌رکوک و دواتر داگیرکردنه‌وه‌ی له لایه‌ن سوپای رژێمی به‌عسه‌وه، دوای هه‌فته‌یه‌ک له ئازاری ساڵی ١٩٩١دا، ئه‌مه دووه‌مین جاره، که شکستی کورد و داگیرکردنه‌وه‌ی ئه‌م شاره به چاو ببینم، به‌ڵام به راستی ئه‌مجاریان زۆرتر ئازاربه‌خش بوو، چونکه به ناپاکی و به ده‌ستی کورد شاره‌که درایه ده‌سته‌وه، بووه قوربانیی ململانێی نێوان یه‌کێتی و پارتی، که دیاره له‌مه‌یاندا یه‌کێتی به‌شی شێری به‌رده‌که‌وێت و بگره خۆی ده‌رهێنه‌ریی شانۆگه‌رییه قێزه‌ونه‌که بوو!
سه‌مه‌د که‌رکوکی که له سویسرا نیشته‌جێیه، یه‌کێکه له پێشمه‌رگه دێرین و ئازاکانی یه‌کێتی له شاخدا و دوای ئه‌نفالیش پارتیزان بووه له گه‌رمیان. رۆژی ١٠ مانگی چواری ٢٠٠٣ به خێزانی له ماڵی ناوبراو میوان بووین.
که هاوکات بوو له‌گه‌ڵ رۆژی ئازادکردنی شاری که‌رکوکی کوردستان که دوا شاری عێراق بوو، له میانه‌ی پرۆسه‌ی ئازدکردنی عێراقدا، ئازادکرا. ئێمه له‌و دووره‌وڵاتییه‌وه له‌گه‌ڵ ناوبراو به ماڵ و خێزانه‌وه به شه‌وق و خۆشی و په‌رۆشییه‌کی بێوێنه‌وه به دیار ته‌له‌فزیۆنه‌وه دانیشتبووین، که دیمه‌نی گه‌یشتنی یه‌که‌م پۆله پێشمه‌رگه بۆ ناو شاری که‌رکوک پیشانده‌دا. ئه‌م به‌روبه‌ری جاده‌کانی ناوچه‌کورده‌کانیش که پێشمه‌رگه‌کانی پێدا ده‌رۆیشتن پڕ بوو له خه‌ڵکی شاره‌که و به هه‌لهه‌له و هوتافکێشانه‌وه، به په‌رۆش و دڵسۆزییه‌کی بێ وێنه‌وه له پێشوازییاندا وه‌ستابوون! له‌م کات و ساته‌دا که زۆر هه‌ستێکی خۆش و کوردانه‌مان هه‌بوو، ته‌زووی شادی به گیانمادا ده‌هات، له خۆشییاندا خه‌ریک بوو باڵبگرین، که دوای ١٢ ساڵ بۆ یه‌که‌م جار کورد به ئازادانه پێ ده‌نێته‌وه که‌رکوک و ئه‌مجاره روخاندنی رژێمه‌که‌ی سه‌دام و به‌عسیشی له‌گه‌ڵدایه! له‌و کاته‌دا کچه‌که‌ی کاک سه‌مه‌د که ناوی ماردین بوو سه‌یرێکی منی کرد و به ئیشاره‌ت به منی گوت سه‌یری باوکم بکه، منیش سه‌یری کاک سه‌مه‌دم کرد، که له شادی‌دا خۆی پێنه‌گیرا بوو، له ژێر چاویلکه‌که‌یه‌وه فرمێس به چاوه‌کانیدا رێژنه‌یان به‌ستبوو، به ده‌ست ده‌یسڕینه‌وه.
رۆژگار هات و رۆی، پارساڵ ٢٠١٧ ئه‌وه بوو له ١٣ تا ١٥ی ئۆکتۆبه‌ر کۆنفرانسی گشتیی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان (که‌نه‌که) مان هه‌بوو، که له شاری ئایده‌هۆڤنی هۆڵه‌ندا سازکرا. دوای ته‌واو بوونی کۆنفرانس که رێکه‌وتی یه‌کشه‌ممه بوو حه‌مه‌عه‌لی خاڵۆبازیانی، که هاورێی نزیکمه له‌وێ بوو، ناوبراویش که‌رکوکییه و جگه له‌وه‌ی دایکی و چه‌ند که‌سی ئازیزی ئه‌نفالکراوه، چه‌ندان که‌سی نزیکیشی له شۆرشدا و له‌گه‌ڵ یه‌کێتیدا شه‌هید بوونه. داوای لێکردم که شه‌و بچمه‌وه ماڵی ئه‌وان و میوانیان بم، که له شارێکی نزیکی ئه‌وێ نیشته‌جێن. منیش له‌گه‌ڵ ناوبراودا رۆیشتم و شه‌و له ماڵی ئه‌وان بووین، هه‌موو له‌سه‌ر هه‌ست و گوێقوڵاخ و چاوه‌ڕوانی هه‌واڵی که‌رکوک و ده‌وروبه‌ری بووین، چونکه له رێگه‌ی هه‌واڵه‌کانه‌وه ئاگاداری هاتوچۆی نائاسایی هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی و پێشمه‌رگه له هێڵه‌کانی پێشه‌وه بووین. شه‌و تا کاتێکی دره‌نگ ماینه‌وه دواتر خه‌وتین.
به‌یانی که ده‌یکرده ١٦ی ئۆکتۆبه‌ر، نزیکی سه‌عات ٩ له‌خه‌و هه‌ستاین، له ده‌نگی ته‌له‌فزیۆنه‌که‌یان به خه‌به‌ر هاتین که له‌سه‌ر که‌ناڵێکی کوردی بوو، به‌رده‌وام په‌یتا په‌یتا هه‌واڵی به په‌له‌ی له‌سه‌ر هێرشی هێزه‌کانی حکومه‌تی عێراقی و حه‌شد بۆ ناو که‌رکوک و داگیرکردن، یان راستتر بڵێم به ده‌سته‌وه‌دانی ئه‌و شاره نازدار و خۆشه‌ویسته‌ی بڵاوده‌کرده‌وه، هاوکاتیش وێنه‌ی گه‌یشتنی ئه‌و هێزانه‌ی بۆ ناو شار و گه‌ڕه‌که‌کان، هه‌روه‌ها دیمه‌نی هه‌ڵاتن و پاشه‌کشه‌ی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی بۆ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌که په‌خش ده‌کرد. ئێمه که زۆر زۆر دڵ‌پڕ و خه‌مگین و بێزار له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌یاندا به دیار ته‌له‌فزیۆنه‌وه دانیشتبوووین، حه‌مه‌عه‌لی له په‌رۆشی و دڵشکاوی خۆیدا کێشای به سه‌ریدا و به‌ده‌نگی به‌رز ده‌ستی کرد به گریان! هه‌ر هاواری ده‌کرد: به خوا کاک هیوا فرۆشتیان، که‌رکوکیان فرۆشت، باوکه‌ڕۆ کورد خاینه!!
من چارم نه‌ما، له کاتێکدا خۆشم زۆر دڵ‌پڕ و بێتاقه‌ت و خه‌مبار بووم، دڵی ناوبراوم ده‌دایه‌وه، که ره‌نگه وا نه‌بێت و به‌م نزیکانه ئازاد بکرێته‌وه و مه‌رج نییه هه‌موو که‌رکوک داگیرکرابێت و ...هتد. به‌ڵام ئه‌و فرمێسکه‌کانی وشک نه‌ده‌بوون و به‌رده‌وامیش خۆی و هاوسه‌ره‌که‌ی ته‌ڵه‌فونیان بۆ که‌سوکار و خزمانی له ناو که‌رکوک ده‌کرد. زیاتر له سه‌عاتێک تێپه‌ڕی و به‌رده‌وام به‌دواداچوونمان بۆ هه‌واڵه‌کانی که‌ناڵه‌کان ده‌کرد.
نایشارمه‌وه منیش کاتێک دیمه‌نی پێشمه‌رگه کانم بینی، به دڵی شکاو و شکۆی تێکشکاوه‌وه پاشه‌کشه‌یان ده‌کرد و له‌به‌رده‌م کامێرا ده‌گریان، منیش فرمێسک به‌چاومدا هاته خواره‌وه. چونکه ده‌مزانی، تاوانی ئه‌و کوڕه هه‌ژار و ئازا و دڵسۆزانه نییه، به‌ڵکو هۆکاری سه‌ره‌کی سه‌رکرده‌کان و لێپرسراو و حزبه‌کانیانن.
من نازانم کاک سه‌مه‌د که‌رکوکی خۆشه‌ویست رۆژی ١٦ی ئۆکتۆبه‌ری پار له کوێ بوو، چۆن بیستی و بینی کاتێک هێزه‌کانی عێراق گه‌یشتنه که‌رکوک و کۆنترۆڵیان کرد، وه له‌و ساته‌دا هه‌ستی چۆن بووه؟ چه‌ند به‌داخ بووه بۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانی که‌رکوک و فرمێسکی بۆ رشت یان نا؟ به‌ڵام دڵنیام ئه‌و رۆژه له دڵه‌وه کوڵاوه و پێی ناخۆش بووه، به تایبه‌ت که ده‌ستی کورد و روونتر لێپرسراوانی حزبه‌که‌ی خۆشی تێدا بووه، که له پرۆسه‌یه‌کی ناپاکیی نیشتمانی و نه‌ته‌وایه‌تیدا، که‌رکوک داگیرکرایه‌وه و ئاڵای ره‌شی حه‌شدی شه‌عبی تێدا هه‌ڵکرا! ئه‌و که‌رکوکه‌ی، که گه‌لی کورد جگه له خه‌ڵک و خاکه‌که‌ی، بۆ هه‌ر به‌رمیله نه‌وتێکی ره‌نگه به‌رمێلێک خوێنی بۆ ڕشتبێت!