Draw Media

١٦ی ئۆكتۆبەر، ڕۆژە ڕەشەكەی بارزانی

١٦ی ئۆكتۆبەر، ڕۆژە ڕەشەكەی بارزانی

2018-10-16 18:09:09


محەمەد هەورامی

دوای یەكلایبونەوەی پارتی بۆ بنەماڵەی بارزانی، بەدرێژایی مێژوو پارتی لەسەر یەك میتۆد كاری كردووە ئەویش (چۆن بنەماڵەی بارزانی پارێزراوبن؟) ئیتر هیچ گوێیەکیان نەداوە بەوەی ئەو كارەی دەیكەن (خیانەتە یان نیشتمان پەروەری) بۆیە هیچ كات بڕیاری سیاسی لای پارتی لەموبارەكەی ڕێكەوتنەكان یان تیرۆرو كوشتنی كەسەكان هەمیشە بریارەكە لای دەمسپی بارزانیەكان بووە (مەلا موستەفا، پاشان ئیدریس‌و مەسعود، ئێستاش نێچیرو مەسرور) بارزانی، بۆیە پارتی لەدوای داڕنینی باڵی مەكتەبی سیاسی هەمیشە ئەندامەكانی لەخزمەتی ئەو كەمپینەبوون كە بنەماڵەی بارزانی ئامانجیان بووە.

بەهادین نوری سكرتێری پێشوی حیزبی شیوعی كوردستان سەردەمانێكی زۆر یەكێكبووە لەو كەسانەی تێكەڵاوی لەگەڵ كەسی یەكەمی پارتی‌و یەكێتی هەبووە، ئەو  لەدواهەمین كتێبیدا باسی ئاشبەتاڵ دەكات‌و دەڵێت "مەلا موستەفا وەكو سەرۆك خیڵێك بە شای ئێرانی وت شۆرش تەواو و ئاشبەتاڵی كرد بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتی پارتی) لەكاتێكدا دەكرا شۆرش بەردەوامی پێبدرێت.

تەنانەت سەددام كاتێك باسی عێراقچیەتی سەركردە كوردەكان دەكات لەوەڵامی یەكێك لەهاوڕێ بەعسیەكانی دەڵێت "مەسعود بارزانی كەسێكی جوداخوازی عێراقی نیە"، هاوكات مەسعود بارزانیش خۆی لەكتێبە تایبەتیەكەی ئەو خواستەی بۆ عێراقیبوونی خۆی نەشاردوەتەوە زۆر بەخۆشەویستیەوە باسی بەغداد دەكات كە لەسەردەمی قاسمدا لەگەڵ ئیدریسی برای تێدا گەڕاون و لەسەر شەرەفی قاسم داوەت بوون.

هەموو ئەم نمونانەم پەیوەستن بەیەك ڕوداوەوە ئەویش ١٦ی ئۆكتۆبەر كە پارتی‌و بارزانی لەو ڕۆژەدا خیانەتێكی نەتەوەیی تریان هاوشێوەی ئاشبەتاڵیان بەسەر كوردا هێنا.

 

١٦ی ئۆكتۆبەر كێ‌ خیانەتی كرد؟

بەپێی چەندین ڕاپۆرتی هەواڵگری (پێشمەرگەو ئەمریكا) دوای ڕوداوەكە بەردەستی من كەوتوون وەكو نوسەرێك؛ پێش ڕوداوەكە دراون بەبارزانی، سەرجەمیان ئاماژەن بۆ مەترسی لەسەر شاری كەركوك بەهۆی ڕیفراندۆمەوە، بەڵام پلانی بارزانی ئەوەبوو كەركوك بەشەڕێكی شكڵی بدرێت بەدەستەوە كە هێزەكانی یەكێتی‌و خەڵكی كەركوك تێدا قوربانی بێت! بۆ ئەو مەبەستەش لەڕێگەی فازڵ بەرواریی (بەشێوەیەکی گوماناوی لەهەولێر کۆچی دوایکرد)و فەرماندەی ئەوکاتی هێزە ئاڵتونییەکانی عێراق بوو لەگەڵ سەركردە سەربازییەكانی پارتی‌و سوپای عێراق هەموو ئامادەكارییەك كرا بۆ هێرشکردنە سەرکەرکوک، پلانەكەی بارزانی كەركوك‌و پێشمەرگەو خەڵكی شارەكەی بەلاوە گرنگ نەبوو؛ تەنها یەك شتێک بەلاوە گرنگ بوو؛ بوترێت كەركوك شەڕی تیاكراوەو قسەی بارزانی نەشكێت، لەگەڵ ئەوەش تۆڵە لەجەماوەری یەكێتی بكرێتەوە كە زۆرینەی كەركوك یەكێتیە.

كاتێك هێزەكانی عێراقی دەستیان بەجوڵە کرد بەئاڕاستەی کەرکوک هەست بەگەورەیی مەترسیەكە كرا لەسەر ئەو شارە، دواتر بەهۆی لۆبی بەهێزی كەسایەتیە سەربازیی‌و هەواڵگرییەكانی یەكێتییەوە بەر بەو پیلانە گیراو كەركوك لەشەڕێك پارێزرا كە دەكرا لەلایەن سوپای عێراقەوە وەكو (عەفرین‌و موسڵ)ی لێبكرێت بەپێی (ڕاپۆرتی هەواڵگری پێشمەرگە) کە ئاڕاستەی ناوەندی هاوبەشی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لەعیراق‌و سوریا.

 

بۆچی پارتی ١٦ی ئۆكتۆبەر بەخیانەت ناودەبات؟

بارزانی كاتێك زانی هەموو پلانەكانی تێكچوون‌و تەنانەت بیرەنەوتی (عەین زالە) كە لەلایەن مەسرو بارزانیەوە نەوتەكەی بەقاچاخ دەفرۆشرا لەگەڵ (هاڤان‌و بای حەسەن) لەدەستی چوون، سوپای عێراق بەبێ‌ شەڕ گەڕایەوە کەرکوک‌و دواتر بەفشاری ئەمریكا بارزانی وازی لەكورسی دەسەڵات هێناو لەسەر شانۆی سیاسی کوردستان بۆ ماوەی چەندین مانگ بەبێدەنگی هێڵرایەوەو تووشی شۆكێكی گەورە هات، چونكە هەموو پیلانەكانی لەدەستچوون بەكورسییەكەوە كە خەونی بوو، بارزانی ئەم ڕۆژە وەكو دەستپێكی ڕۆژە ڕەشەكانی پارتی هەژمار دەكات چونكە لەم ڕۆژەوە پارتی ڕۆژ بەڕۆژ تووشی شكستی گەورە دەبێت‌و لەهاوكێشەكان قسەكەری یەكەم نیە.

پەنهانی ١٦ی ئۆكتۆبەر زۆر شتی هەڵگرتووە، بەڵام لەڕاستیدا ئەگەر گروپێكی ناو یەكێتی نەبوونایە، نەك كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان، بەڵكو هەولێریش دەكەوت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand