Draw Media

شانزەی ئۆکتۆبەر وەک دوایین پارادایمی خیانەتی نیشتیمانی

شانزەی ئۆکتۆبەر وەک دوایین پارادایمی خیانەتی نیشتیمانی

2018-10-16 06:57:39


■ دانا ئیسماعیل
بەدوور لە هەر خوێندنەوەیەکی ئایدۆلۆژی و سادەلەوحانە، دەمانەوێت ئیستێک لەسەر ڕووداوی شازدەی ئۆکتۆبەر بکەین. ئەوەی ڕوویدا تەنها لەدەستدانی جوگرافیا نەبوو، تەنها کوژرانی چەند ڕۆڵەیەکی نیشتیمان نەبوو، تەنها بێڕێزی نەبوو بەسیمبوولە نیشتیمانییەکان، لەهەموو ئەوانە تراژیتر مامەڵەکردن بوو لەگەڵ بەربەریترین هێزدا کە (حەشدی شەعبییە). جارێکی دیکە جەختکردن بوو لەوەی کە چەمکی خیانەت بە هەمیشەیی لە یادەوەریماندا بە چەسپاوی بمێنێتەوە. گەر ڕامانێکی خێرا بە مێژووی کورد دا بکەین، بەدیاریکراوی لەماوەی پێنج شەش سەدەی ڕابردوودا، داهێنانی گەورەو سەرسووڕهێنەر دەبینین لەخیانەت و لاقەکردنی فەرهەنگ و کلتوور. کۆمیدیایە چاوەڕوانیت لە نەتەوەیەک هەبێت، کەتوانای لێپرسینەوە و دادگاییکردنی مرۆڤە بێ مۆڕاڵ و خائینەکانی نەبێت! بە پێچەوانەشەوە جارێکی دیکە متمانە بداتەوە بەو هێزانەی کە نیشتیمانیان لاقە کرد و هەزاران خانم و نەوەی ئێزیدیان ڕادەستی بەربەریترین هێز کرد ، کە ئەقڵ موتەحەییرە لە ڕاڤە کردنیدا. پڕکێشی دەکەین و دەپرسین چ نەتەوەیەکی دیکە وەک کورد توانای بەرهەمهێنانی هەزاران جاش و خۆفرۆشی هەیە؟! ئیدی لێکژەری ئەوەمان نییە لەسەر جینۆساید و تراژیدیکانمان ئەوانی دیکە بە خەتابار بزانین، لەبەر ئەوەی بێ یادەوەرترین نەتەوەین لەسەر ڕووی زەمین. جڤاکی کوردیی توانای شۆک و واقوڕمانی لە دەستداوە، چوونکە شەنگال و شازدەی ئۆکتۆبەر ڕای نەچڵەکاند! لە کاتێکدا دەبوو نەفرەتی لە هەموو بتەکانی نێو دیوەخانی سیاسەتی کوردی بکردایە و بە تووندی دادگایی بکردنایە، بەڵام ڕێک بە پێچەوانەوە هەمان ئەو دەم و چاوانە دێنەوە سەر شانۆی سیاسی و پێمان دەڵێن: چۆن سیاسەت بکەین، چۆن لە ئایندە بڕوانین، فێرمان دەکەن چۆن ملکەچ بین و دەست و پەنجە لەگەڵ ستەمکاریدا نەرم بکەین. فێرمان دەکەن کە چۆن کاراکتەرێکی هەشش و هەزیل پەروەردە بکەین، کە توانا و جورئەتی پرسیاری جدی نەبێت لە بەرامبەر ملهووڕە بێ کەڵچەرەکاندا. لێرەوە بەو بەرئەنجامە دەگەین کە غیابی ئەقڵ لە نێو هەر فەزا و کلتوورێکدا زەمینە خۆشدەکات بۆ دروستوونی هێزگەلی ئایدۆلۆژی ترسناک. لە دیدی ئێمەدا ئایدۆلۆژیا بەکوللی دژ بەهەر جۆرە بیرکردنەوەیەکی زانستییە، کە مرۆڤە ئازاد و خاوەن جیهان بینییەکان بەرهەمدێنێت. ماوەتەوە بڵێین: لەنێو کلتوورێکدا کە سیخناخ بێت بە جەهل و نائەقڵانییەت، بۆ تێگەیشتن لە چەمکی خیانەت هەمشە بۆ ئایندە بڕوانە نەک ڕابروو، چونکە خیانەت هەمیشە لە پێشمانەوەیە. ئەمەش ڕستە سەڕەتانییەکەیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand