Draw Media

ساڵێک دوای ١٦ ئۆکتۆبەر...

ساڵێک دوای ١٦ ئۆکتۆبەر...

2018-10-15 19:06:31


■ عەبدوڵا مەحمود
چارەکی کۆتایی ساڵی ٢٠١٦، دوو ڕووداوی گەورە روویاندا، یەکێکیان شکستی سەربازی داعش لەدواین بەرەکانی جەنگدا و ئەوی تریان ئەنجامدانی ریفراندۆم بوو لەکوردستان... کە خەڵکی کوردستان بە پەرۆشەوە و بە هیوای دەستراگەیشتن بە خەونی سەربەخۆیی بەشداری بەرچاویان تیایدا کرد.
ئەم دوو رووداوە، ئاڵوگۆرێکی بەرچاوی لەسەر ئاستی عێراق و کوردستاندا بەدوای خۆیدا هێنا، جگە لەوەش پێگەو باڵانسی بزوتنەوە سیاسییە کۆمەڵایەتیەکان و حزبەکانی باڵادەستی ناو ئەو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیانەی، گۆڕی...
سەرکەوتنی سەربازی بەسەر داعشدا، پیگەی بزوتنەوەی ئیسلام-ناسیونالیستی تایفی شیعی لەسەر ئاستی عێراقدا چ لەبەرامبەر ناسیونالیزمی سونی عەرەبیدا و چ لەبەرامبەر ناسیونالیزمی کوردا، بەهێز کرد و غروری ئەو بزوتنەوەیەیەی بردە سەرەوە، هاوکات تا رادەیەک ریزەکانی سوپا و هێزە میلیشیاکانی سێبەری ئەو سوپاو هیزە چەکدارانەی رێکخستەوە. ئەو ئاڵوگۆرە ئەرک و چاوخشاندنەوەی خستە بەردەم هێزەکانی سەرکەوتوو بەسەر داعشدا. لەوچوارچێوەیەدا و لەهاوسەنگی هێزی تازەدا، حەل و فەسڵی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان، زێدەڕۆیەکان، ئاساییکردنەوەی ئەو دۆسیانەی لەگەڵ هاتنی داعشدا، سەریان هەڵدابوو، تادەگاتە تەسفیە حسابی ناوخۆیی لەناو خانەوادی ئیسلامی سیاسی شیعیدا... بوونە مەسەلەی رۆژ و دەبوو بجوڵینرین و بەرەو یەکلاییکردنەوە، ببرێن.
بۆ بزوتنەوەی ناسیونالیزمی کوردیش، کۆتاییهاتنی جەنگ لەدژی داعش، دەورەیەکی نوێ بوو، هێزە خاوەن بریارەکانی ئەو بزوتنەوەیە، بۆیان رۆشن بوو کۆتاییهاتنی جەنگ لەدژی داعش و شکانەوەی بەسودی بزوتنەوەی ناسیونال-ئیسلامی شیعی، دەروازە دەکاتەوە بۆ راگەیاندنی تەماحەکانیان و لە پیش هەمووشیانەوە یەکلاییکردنەوەی هەردوو دۆسیەی کیڵگە نەوتیەکان، گێرانەوەی ئەو ناوچانەی بەهۆی هاتنی داعشەوە لەلایەن هیزە چەکدارەکانی کوردایەتیەوە دەستی بەسەردا گیرابوو. بزوتنەوەی کوردایەتی و زۆر بەتایبەتیش پارتی لەو چوارچیوەیەدا، دۆسیەی ریفراندۆمی هێنایە گۆڕ... جوڵاندنی ئەم دۆسیەیە لەو سەروبەندەدا لایەنێکی سەرەکی وەڵامی پێشگیرانەی پارتی بوو، بەدۆخی دوای داعشدا، تالەو رێگایەوە هەم بتوانێت پێگەی خۆی لەسەر ئاستی کوردستان بە‌هیزتر بکات و دەستکەوتی خۆی لەشەری دژی داعشدا بچنێتەوەو هەمیش خۆی بە پرسێکەوە هەڵبواسێت، کە لەبنەرەتدا پرسی خەڵکی کوردستانەو پاشانیش وەکو کارتێکی سیاسی بۆ مامەڵەی خۆی لەگەڵ ناوەندو تەنانەت وڵاتانی ناوچەکەش بەدەستیەوە بگرێت. دیارە هێزەکانی تری سەر گۆرەپانی سیاسی کوردستان، لەوانە بزوتنەوەی گۆڕان ناڕۆشن و هاوکات لەدۆخێکی شلۆق و ناسەقامگیردا بوو. رەوتی روو لە لێژی دوای مردنی نەوشیرواندا، بەتەواوی بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە دیار بوو. یەکێتی نیشتیمانیش بەجیا لە پەک کەوتەیی تەواوەتی تاڵەبانی، ململانێی ناو باڵ و لاباڵەکانی، لێکترازان و نەبوونی سەرچاوەیەکی بریاردان... یەکێتی کردبووە، هێزێكی داوەشاوی چەند سەرەی بێ ئاسۆ و بێ بریار و تەنانەت بی نەخشی کاریگەر لە ساحەی سیاسی عێراق و کوردستاندا. لەهەل و مەرج و دۆخێکی ئاوادا، کە لەلایەکەوە داعش لە باری سەربازییەوە شکاو و ڕاونراوە، ئیسلامی سیاسی شیعی پیگەی زۆرتر و کاریگەر تر بووە، لەلایەکی ترەوە پارتی وەکو هێزی خاوەن بریار هەڵمەتی پێش وەختەی بۆ بەرگری دەستپێکردووەو دەستی بە ریفراندۆمەوە گرتووەو، پاشان ریفراندۆم ئەنجامدراو بەگشتیش خەڵکی کوردستان پێشوازییەکی گەورەیان لێی کرد... لەم ململانێیەدا کە لەلایەکەوە ناوەند و هێزی ئیسلامی سیاسی شیعی وەستاون و لەلاکەی ترەوە پارتی وەکو لایەنی باڵادەستی ناو بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، وەستاوە. هێزەکانی ئیسلامی سیاسی شیعی، کە کۆنترۆڵی دەسەڵاتی ناوەندی کردووە، بۆ جێبەجێکردنی نەخشەکانی دوای جەنگی داعش، بەدوای هیزو لایەنی نزیک خۆیدا دەگەرا، لەو نێوەدا، یەکێتی نیشتیمانی کە لەقوتبی ئێران نزیکە بەتایبەتیش باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی باشترین مەقاشی یاریپێکردن و بەکارهێنانە. لەو کەش و ژینگە تایبەتیەدا، تەنها بیست رۆژ بەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی کوردستان و هاوکات لەگەڵ شکستی سەربازی داعش لەدواین بەرەکاندا، باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی و نۆکەر پیشەی ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەمەبەستی گوزر وەشاندن لە خەونی سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان و ریفراندۆمەکەی و بەمەبەستی راستکردنەوەی باڵانسی هێز لەبەرامبەر پارتییدا، چ لە ناوەندو چ لەناو کوردستاندا، هاوکاتیش بۆ جیگا پەیداکردن لەناو تەلاری رێکخراوەیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا، چوونە پاڵ سیاسەت و نەخشەی ناوەند و دەستی ‌هێزەکانی حەشدی شەعبییان گرت و ئیرادەی خۆیان رادەستی قاسمی سلێمانی کرد و لەماوەیەکی کورتدا، ناوچەیەکی فراوانیان، لە قەڵەمرەوی ژیر دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی، بە کەرکوکی" قودس و دڵی" کوردستانیشەوە، رادەستی هیزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای!! عێراق کردوە. هیرشی دەوڵەتی ناوەندی بە هاوکاری و خۆشخزمەتی یەکێتی و پیگەی بزوتنەوەی ناسیونالیستی بەرەو داکشانێکی گەورە برد، چ لەئاستی عێراق و چ لە ئاستی ناوچەکەشدا، پاشەکشەیەکی گەورەی سەپاند بەسەر جێگەو رێگەی ناسیونالیزمی کورددا.
لەم رووداوەدا، بەجیا لە گێرانەوەی دەسەڵاتی تایفی بۆ هەموو ئەو ناوچانەی لەساڵی ٢٠٠٣ وە، لەلایەن حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتییەوە کۆنترۆڵ کرابوو، وە ببووە ئەمری واقع، هاوکات ژمارەیەک پێشمەرگە، غافڵگیر کراون بوونە قوربانی، وە جەماوەرێکی زۆریش ئاوارە بوون.
ئامانجی ئەو باڵەی یەکێتی لەو کردەوە دژە ئینسانییەدا، گۆرینی پارسەنگی هێز لەگەڵ پارتی مەسەلەی میحوەری بوو، بەڵام بەو هۆیەوە چ ئێران و چ کرێگرتەکانی لە حەشدی شەعبی و حکومەتی ناوەندی بەغدا، تەنها وەکو کرێگرتەیەک تەماشای ئەو نۆکەر پیشەییەیان کرد، کەرکوک و زۆریک لەو ناوچە کیشە لەسەرەکان کە ناوچەی جێگا نفوزی یەکێتی نیشتیمانی بوون، بۆ یەکیتی نەک نەبوو بەدەستکەوت، بەڵکو خۆشیان بوونە یاساغ لە ناوچانەو بەدەستی بەتاڵ لەو گەمە سەرشۆرانەیەدا هاتنە دەرەوەو ئێستاشی لەگەڵ بێت، ئەوەی دەسەڵاتی بەدەستە لەو پانیاییە فراوانەدا، دەسەڵاتی ناوەندی و حەشدی شەعبییە. یەکیتی نیشتیمانیش لە پیگەی دەسەڵاتدارێتیەوە بۆتە چاودێرێکی سیاسی دۆخەکە، ئەوە بەجیا لەوەی گورزێکی کەمەر شکینیشی لە پیگەی یەکێتی لەسەراسەری کوردستاندا، وەشاند.
پارتی لەگەڵ ئەوەدا بێ زیان دەرنەچوو، بەڵام نەبووە نێچیرێکی شکستخواردو تا یەکێتی بە قازانجی خۆی، سودی لێوەربگرێت... لەناو تەلاری رێکخراوەیی یەکێتیدا، ئەو باڵەی نۆکەر پیشەیی و پێشلەشکری کرد، تا رادەیەک توانیان هەژموونی خۆیان دابسەپێنن و پایەکانی تەوریسی سیاسی، بەهیز بکەن و وەکو میراتگری تاڵەبانی ببنە قوتبێکی زاڵی ناو یەکێتی، بەڵام ئەو قوتبی بوونەی باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی لەناو خۆی یەکێتیدا، بە نرخی پاشەکشەی یەکێتی لەسەراسەری کوردستاندا شکایەوە. ئەمرۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە پێگەیەکی زۆر لاوازتر لە پێشوودایە لەچاو رەقیبە مێژوویەکەی "پارتی"دا... ئەم پاشەکشەیەی یەکێتی نەک هەر لە ئاستی کوردستاندا، بەڵکو لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکەشدا، راستیەکی ئینکار هەڵنەگرە.
ئیستا دوای زیاتر لە ساڵیک بەسەر ریفراندۆم و ساڵیك بەسەر روداوی ١٦ ئۆکتۆبەردا، بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد بەگشتی لە مەقعیەتێکی لاوازتر و هاوکات بەرگرییەکی هەمیشەییدایە لەگەڵ ناوەند.. دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا فراوانتر و کەلێنی نیوانیان گەورەتر و ئاسۆی چارەسەر و یەکلاییکردنەوەشیان قورستر... بووە.
بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، لە ئێستادا لە زوربەی بوارەکاندا، لەژێر کۆنترۆڵی ناوەندایە. زوربەی هەرەزۆری کێڵگە نەوتییەکان و دەرهێنان و فرۆشتنی تا دەگاتە فرۆکەخانەکان، خاڵەکانی سنوری نێوان عێراق-ئیران و عێراق- عیراق-تورکیا و عێراق- سوریا... چاودێری بەغدای لەسەرە. هاوکات بری بودجەی هەرێم لە ١٧% و هێنراوەتە خوارەوە بۆ ١٢،٤٧% ... وە شاری کەرکوک و زوربەی هەرەزۆری ناوچە کێشەلەسەرەکان، لەدەست و ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی ناوەندیدایە، یان ئەوان تیایدا باڵادەستن. لەسەر ئاستی ناوچەکەش پەیوەندی هەرێم ناسەقامگیرو لاوازترە.
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، و باڵی زاڵی ناوی کە باڵی بنەماڵەی تاڵەبانییە، لەگەڵ ئەوەدا لەناو یەکێتیدا، خاوەن و سەنگی زاڵ و بریاردەرن و ئۆرگانە حزبیەکانیان کردۆتە کاریکاتۆر و هەموو جومگە هەستیارەکانی دەسەڵاتدارێتی زۆنی سەوزو داهاتی ئەو زۆنەیان، پاوانی خۆیان کردووە، بەڵام لە ئاستی کوردستاندا نەیانتوانیووە پاشەکشە بە رەقیبەکەیان کە پارتییە بکەن و پیگەی جەماوەریان بەرەو هەڵکشان ببەن، بەپێچەوانەوە لەچاو کاتی بەر لە ١٦ ئۆکتۆبەر لە جێگاو رێگایەکی لەخوارتر دان و جغرافیای قەڵەمرەوی سیاسیان، بەرتەسک تر بۆتەوە و لە زۆنەشدا کە خاوەنی دەسەڵاتن، هاوبەشیان بۆ دروست بووە و بێ رێگری نین... هەروەها هیشتا ململانێی ناوخۆیی و بێ رابەری معتەبەر، لەپاڵ نەبوونی ئەجندایەکی سیاسی رۆشن، یەکێتی بەرەو داخورانی ناوخۆیی زیاتر دەبات. روداوی ١٦ ئۆکتۆبەر، بەپێچەوانەی خەونی باڵی نۆکەر سفەتەوە، یەکێتی لاوازکرد، نەک بەهێز، لە هەمیشەش زیاتر ریسوای کردو کردیە خاوەنی فایلێک کە بەئەنەندازەی فایلی ٣١ ئاب، باجی سیاسی و جەماوەری و متمانە لەدەستدانی، دەوێت.
ئەم جێگاو رێگایە کە سەرجەم بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردی لەدوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە، بۆی ماوەتەوە، لاوازو ناسەقامگیرە. لە چوارچێوەی عێراقدا. ئەو پیگەیە لەناوخۆی کوردستانیشدا، روبەرووە لەگەڵ نارەزایەتی جەماوەری و بەئاقاری گۆرانی هاوسەنگی هیزدا، هەنگاو دەنێ... نارەزایەتی جەماوەری لەکوردستاندا، کە ریشەی لە دزی و تاڵانی و گرانی و بیکاری و سەرکوت و بێمافیەکان و نۆکەری پیشەیی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتیدایە، ڕێگای گەرانەوەی لێگیراوە و رۆژ بەرۆژ بەرەو هەڵکشان دەچیت...
دیارە هیشتاش، ١٦ ئۆکتۆبەر و ٣١ ئابی تر قابیلی پێشبینین و ئایندەی سیاسی کوردستان، لەچوارچیوەی عێراقدا، ئایندەیەکی لێڵە. ئەوەی کە دەتوانێت... ئەم چارەنووسە نادیار و لێڵە بگۆرێت، لە گرەوی کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی میلیشیییا و درۆی فیدرالیزمی قەومی لەگەڵ عێراق و دەست گرتنە بە ئاکامی ریفراندۆمەوە، کە دەتوانێت، ئایندەی سیاسی کوردستان بە ئاقارێکی تر ببات و بەریش بگرێت... لەوەی ١٦ ئۆکتۆبەرەکانی، دوبارە ببنەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand