ئەنجڕ ئەنجڕکردنى جەمال خاشقچى
2018-10-10 15:09:35
■ یاسن تەها
رەنگە بەمدواییانە هیچ کەیسێک هێندەى شوێنبزرکردن و گێڕانەوەکانى کوشتن و پارچەپارچەکردنى رۆژنامەنوسى ناودارى سعودی جەمال خاشقی ، سەداى نەبووبێت. ئەم هەڵا گەورەیەش لەخۆڕا نییەو زیاتر لەهۆکارێکى هەیە، لەوانەش: خاشقچى رۆژنامەنووس و میدیاکارێکى پێگەیشتووى سەنگین و لێهاتوو بوو [60 ساڵ]، هەڵهاتنى لەسعودیە لەسەروبەندى هەڵکشانى دەسەڵاتى موراهیقانەى محەمەد بن سەلمان و دواتر چالاکییەکانى لەئەمەریکا بۆ بەرگریى لەمافى گیراوەکانى بیروڕا، ئەم رۆژنامەنوس و شیکاروانەیان کردە ئایکۆنى ئازادى لەوڵاتێکدا کە ئەوانەى لەدەرەوەى کایەى ئاینى ئیش دەکەن و دەستیان دەگاتە رۆژئاوا زیاتر خوو دەدەنە مەسەلەى مێبازى و ژن و یانەى شەوانەو قومارو زۆرجاریش دووچارى تاڵان و روتکردنەوە دەبنەوەو بەم هۆیەوە دەبنە مانشێتى میدیاى جیهانى.
پارساڵ [2017] خاشقچى لەستونێکدا باسى لەوەکردبوو کە هیچ کات سعودیە وەک ئێستا سەرکوتکار نەبووە... بارودۆخ گەشتۆتە ئاستێک چیتر قبوڵ نەکرێت. کەچى پاش ساڵێک لەم رەشبینى و بێهیواییە، ناوبراو لەدوورى هەزاران کیلۆمەترو لەناو کونسوڵخانەى وڵاتەکەى لەئەستەنبوڵ بوو بەقوربانیی ئەو هەڵمەتى داپلۆسینەى کە لەسەردەمى باڵادەستى شازادە محەمەد بن سەلمانەوە دەستی پێکردووە، لەمەش تۆقێنەرتر زۆربەى گێڕانەوەو لێکۆڵینەوەکان باس لەوە دەکەن، پاش دوو کاتژمێر لەچونە ناو کونسوڵخانەى وڵاتەکەى لەئەستەنبوڵ رۆژى سێشەممەى رابردوو، بە فەرمانى باڵاى دەسەڵاتدارانى دیوانى شاهانەى سعودیەو لەسەر دەستى تیمێکى شارەزاى ئەو وڵاتە کوژراوە، دواتریش لەرێگەى مشارى کارەباییەوە تەرمەکەیان پارچە پارچە کردووە بۆ ئەوەى بەئاسانى ئاسەوارى تاوانەکەش سەرنگوم ببێت.
لە گرتەیەکى ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت، ماوەیەکى کەم پاش چوونە ناو کونسوڵخانە لەلایەن خاشقچییەوە، ئوتومبیلێکى جام رەشى گەورە دەچێتە دەرەوە کە رەنگە نهێنى شوێنبزر بوونى خاشقچى لەگەڵ خۆیدا بردبێتە دەرەوەى شانۆى ماجەراى کوشتنەکە، بۆیە سعودییەکان رازیی بوون دەرگاى کونسوڵخانە بۆ کامێرامانەکانى ئاژانسى رۆیتەرز واڵا بکەن و ئامادەییشیان پیشانداوە بۆ پۆلیسى تورکیاى بکەنەوە.
بەقسەى سەرچاوە تورکییەکان 15 کارمەندى سعودیى بۆ جێبەجێکردنى پلانى کوشتنى خاشقچى سێشەممەى رابردوو، لەچەندین وڵاتەوە گەشتونەتە تورکیا، سەرجەمیشیان پاش چەند کاتژمێرێکى کەم ئەو وڵاتەیان بەجێهێشتووە، لەکاتێکدا بۆ چوار رۆژ حیجزى ئوتێلیان کردبوو. یەکێک لەئەندامانى ئەو تیمە کە ناوى سەرجەمیان لەرۆژنامەى ئەلسەباحى تورکیدا بڵاوکراتەوە پسپۆڕى توێکاریی تەرمەو وا دیارە کارى تەنها یارمەتیدان بووە بۆ شاردنەوەى ئاسەواری تاوانەکە.
سعودیە کە وڵاتى حەرەمەین و لانکەى یەکەم و ڕووگەى ئیسلامە، هەمیشە بەوڵاتێکى هێمن و لاشەڕ ناسرابوو، جگە لەدۆسیەکانى گەندەڵى و خۆشخۆریی و شات و پاتى پارەو تەوریسى سیاسى، هیچیترى ئەوتۆ زۆر لەسەر سیستمى حوکمڕانى و بنەماڵەى ئال سعود نەدەوترا لەمیدیاکان، ئێستا کە کار بەوە گەشتووە لەتورکیا کەسێکى وەک خاشقچى ئەنجن ئەنجن بکەن کە لاى زۆربەى جیهان ناسراوە، بێگومان جێگەى شۆک و تۆقین و سەرسوڕمان و هەزاران نیشانەى پرسیارە. لەبایەخپێدانى وردەکاریی ئەم کەیسەشدا میدیاى قەتەرى و تورکی بەپلەى یەکەم رۆڵى بەرچاویان هەیە، چونکە لەڕکابەرەکەیان کە عەرەبستانى سعودیەیە قەوماوە، لەپاش ئەوانیش رۆژنامەى واشنتۆن پۆست کە ستونێکى هەفتانەى تەرخان کردبوو بۆ خاشقچى لەبارەى پێشهاتە سیاسییەکانى سعودیەو رۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە، ئەمەش بۆ کەسێکى سعودی کەم نییە.
خاشقچى کە رەچەڵەکى بنەماڵەکەى تورکەو خۆى لەدایکبوى شارى مەدینەیە لەچەندین دامودەزگاى فەرمی و نیمچە فەرمی و سێبەردا سعودیدا کارى سەرنوسەرى و نووسین و راوێژکاریی و بەرێوەبەریی کردووە، بەهۆى ئەوەى لەپاش هەڵمەتەکانى گرتن و راوەدوونان نەیتوانى لەسعودیەدا بمێنێتەوە، ناچار رووى لەوڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا کردو لەوێ کەوتە رەخنەگرتن لە سەرکوتکاریی و لە رەوشى مافى مرۆڤ لەسعودیەى نوێ، بەڵام هەرگیز ئامادە نەبوو رۆڵى ئۆپۆزسیۆن یان باڵى سیاسى ببینێت و زۆرجار دەیوت "من بەیعەتێکم لەگەردندایەو وڵاتى خۆمم خۆش دەوێت"، زۆر بەهێمنى و بەپۆزەتیڤ ڕەخنەى دەگرت و دوور بوو لەهەڵەشەیی، بەڵام ئەم جوامێرییەى خاشقچى رێگر نەبوو لەمحەمەد بن سەلمان بەو دەردەى بەرێت کە ئێستا دەبینرێت، چونکە یەکێک بوو لەو رۆژنامەنووسە سعودییە دەگمەنانەى سەرى لەجیهانى رۆژئاوا دەردەکردو زۆر بەباشى میدیاى بەکاردەهێنا بۆ داواکردنى راگرتنى بن سەلمان لەهەڵەشەو هەرزەییەکانى. ئەوەشى جێگەى سەیرو پرسیارە تا ئێستا ئەوەیە خاشقچى کە کوڕى سیستمى سیاسى سعودیەیە چۆن فاوڵى وەها گەورەی کردو بۆ دەرهێنانى بەڵگەنامەیەک تا بتوانێت خەدیجە جەنگیزى تورکى مارە بکات، کە شارەزاى کاروبارى کەنداوە، بەپێى خۆى چووە بەردەم جەلادەکانى..
کەیسى خاشقچى، کەیسى ئازاداى ڕادەربڕین و ئازادیی و میدیاو رۆژنامەگەرییە، ئەوانەى بەستونەکانى لەئەلحەیات و دیدارەکانى لەئەلجەزیرەو BBC ئاشنان یان فۆڵۆى تویتەرەکەیان کردبوو، لەخێزان و ماڵ و منداڵى خۆى زیاتر بەداخترن بۆى کە شارەزایەکى وردى بەئەدەبى وەها بەفەرمانى گەنجێکى هەرزە پارچە پارچە بکرێت، تەنها لەبەر ئەوەى بەزمان و بەقەڵەمەکەى داواى ئازادیی بۆ هەزارو پێنجسەد گیراوى بیروڕا کردووە لە وڵاتەکەى.