سەرۆك كۆمار.. لەنێوان دەسەڵاتی دەستوریو ململانێی ئیرادە سیاسییەكاندا
2018-10-09 12:30:17
■ د. بەشار حەتاب
دەستوری عێراقی ساڵی 2005 بە گوێرەی سیستەمی پەرلەمانی لە قاڵبە باوەكەی خۆیدا دەسەڵاتەكانی سەرۆكی كۆماری دیاریكردووە، بەوەی خاوەن دەسەڵاتێكی ڕاستەقینە نییە، كە لەسەر ئارەزوو و ویستی كەسێتیی خۆی بەندبێت، بەڵام سەرباری ئەوەش ڕۆڵی ئەدەبیو كاریگەریی مەعنەوی مەزنی سودبەخشی خۆی هەیەو هەمیشە لەو رێگەیەوە دەتوانێت كار بۆ ئەوە بكات هاوسەنگی لەنێوان دەسەڵاتەكاندا ڕاگرێتو هێزە ئاڕاستەكەرەكەیان بەرەو ئاڕاستەیەكی تەندروست بەرێت كە خێروخۆشی وڵاتی تێدا بێت.
ڕۆڵی سەرەكی سەرۆك كۆماریش بەوە شیكار ناكرێت كە بە ڕەهایی بڵێین خاوەن دەسەڵاتێكی ئەرێنی یان نەرێنییە، بەڵكو بەوە دەبێت كە پەی بە خودی سروشتی سیستەمی پەرلەمانی بەرین لەڕووی ئەو پایانەی كە سیستەمەكەی لەسەری بونیادنراوە، لەگەڵ چۆنییەتی دابەشبوونی دەسەڵاتەكانی، لەمەشەوە ڕۆڵی سەرۆك كۆمار بە بەهای ئەو خاڵانە پێوانە دەكرێت كە لەڕێگەیانەوە دەتوانێت كاریگەری لەسەر گۆڕاوەكانی ئەو پڕۆسە سیاسییە دروستبكات كە خۆی تێیدا هەڵدەسوڕێت، ئەمەش نەك هەر لەڕووی مەعنەوییەوە، بەڵكو لەڕێگەی پیادەكردنی ئەو دەسەڵاتانەوە مەیسەر دەبێت كە ڕۆڵی دیارو بەرچاویان هەیە لە تەرازووی پەیكەربەندی سیاسەتی دەوڵەتدا.
هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریش بەگوێرەی دەستورو لەڕێگەی دەستەیەكی نوێنەرایەتییەوە مەیسەر بوو كە سەر بە ئەنجومەنی نوێنەرانە، ئەو جۆرە شێوازەش لە دەسەڵاتدانەپاڵ سەرۆك كۆمار، ڕەخنەی ئەوەی لێدەگیرێت كە پێگەی سەرۆك لە بەرەنگاربوونەوەی پەرلەماندا لاوازدەكات، هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریش بە ڕێبازو شێوازی دیكە، ناتەبا نییە لەگەڵ لۆژیكی سیستەمێكی پەرلەمانی تێروتەواو.
دەستور لەماددەی (70/ یەكەم ) بە دەق دەڵێت: "ئەنجومەنی نوێنەران لەنێوان پاڵێوراوانداو بەزۆرینەی دوو لەسەر سێ ئەندامانی سەرۆكێك بۆ كۆمار هەڵدەبژێرێت"، ئەمەش واتای ئەوەیە كە لە قۆناغی یەكەمدا زیاتر لە یەك پاڵێوراو لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ ئەو پۆستە دەپاڵێورێت، براوەش ئەو كەسەیە كە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستدەهێنێت، ئەم ڕێژە گەورەیەش پێویستی بە ڕێككەوتننامەی سیاسی نێوان فراكسیۆنەكانی پەرلەمانە بۆ دیاریكردنی پاڵێوراوێك بۆ سەرۆكایەتی.
پۆستی سەرۆك كۆمار لە دەستوری عێراقدا تەشریفاتی نییەو تەواویش كۆكو تەبایە لەگەڵ ڕۆڵە ڕاستو دروستەكەی سەرۆكی دەوڵەت لە سیستەمی پەرلەمانیدا، چونكە زۆر دەسەڵات هەن كە دەستور پێی بەخشیوەو سەربەرخۆیانەش پیادەیان دەكات، پسپۆڕیی واش هەن كە سەرۆك كومار سەربەخۆییانە پیادەیان دەكاتو هی دیكەش هەن كە سەرۆك بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتو پەرلەمان پیادەیان دەكات، لێرەشدا گرنگترین ئەو پسپۆڕییانە دەخەینەڕوو كە خاڵی بەهێزی سەرۆكنو توانای ئەوەشی پێدەدەن ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر سیستەمی سیاسی دروستبكات، بەمەش خۆی لەبەردەم ڕوبەڕوبوونەوەی ڕایگشتیدا دەبینێتەوە لە ئیدارەدانی ئەو تەنگژانەی كە دەكرێت یەخەی وڵات بگرن بەمشێوەیەی خوارەوە:
• دەستنیشانكردنی سەرۆكی ئەنجزمەنی وەزیران: سەرۆك كۆمار بەهاوبەشی لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەرانو بەگوێرەی ڕێساكانی سیستەمی پەرلەمانی، ئەركی دەستنیشانكردنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەگرێتەئەستۆ، بەوەی سەرۆك كۆمار پاڵێوراوی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی ڕادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی وەزیران، لە ڕواڵەتیشدا وا دەردەكەوێت ئەو ڕێوشوێنە ڕوكەش بێت، بەڵام لەناوەڕۆكدا بەرجەستەی زنجیرەیەك ڕێككەوتنی سیاسی دەكات كە فراكسیۆنە سیاسییەكان لەچوراچێوەی دیاریكردنی پاڵێوراوی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی بۆ پێكهێنانی حكومەت پیادەی دەكەن. پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەتیش مەیسەر نابێت، تا ڕێككەوتن لەسەر دیاریكردنی كەسێك بۆ سەرۆكایەتی وەزیران نەكرێت، ئەوەی لەخولی چوارەمی پەرلەمانیشدا ڕوویدا باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەگەری پەكخستنی ماوە دەستوورییەكان لەكاتی بوونی ناكۆكی لەسەر كەسێتیی سەرۆكی كۆمار كە زۆر بەتوندی پەیوەندیدارە بەزانینی ناسنامەی سەرۆكی وەزیرانەوەو دەبێت هەردوو پۆستەكە لەیەك سەوداو مامەڵەی سیاسیدا ڕێككەوتنیان لەسەر بكریت.
• متمانە سەندنەوە لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران: ماددەی (61/هەشتەم/ ب)ی دەستوری عێراقی بە دەق ئاماژەی بەو پرسە كردووە، پیادەكردنی ئەو دەسەڵاتەش وا پێویست دەكات ئەوەی بەدوادا بێت كە موڵەتی دەستوری بەخشراو بە ئەنجومەنی نوێنەران تێپەڕێنیت لە وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كە پێویستی بە پیادەكردنی ڕێوشوێنێكی روكەشی هەیە بۆ خستنەڕوو و ورژاندنی بەرپرسیاریەتی سیاسی سەرۆكی وەزیرانو متمانە لێوەرگرتنەوەی لەدوای لێپرسینەوەی. ئەم دەسەڵاتە بە مەترسیدارترین كارتەكانی فشار دادەنرێت كە دەكرێت كاریگەر بیت بۆسەر ڕێڕەوی كاری حكومەتو لە ماوە دەستورییەكەشی ( ویلایەتی دەستوری ) كەم دەكاتەوە.
• ڕەزامەندبوون لەسەر پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران: دەستور ڕەزامەندی سەرۆكی كۆماری كردوەتە مەرج لەسەر ئەو داواكارییە پێشنیارئامێزەی كە لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران پێشكەش دەكرێت، ئەنجومەنەكەش بەڕەزامەندی زۆرینەی ڕەهای ئەندامەكانی هەڵدەوەشێتەوە. دەستوریش پەیڕەوێكی هەڵوەشاندنەوەی خودیی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران داناوە كە زیان بە مافی سەرۆك كۆمار ناگەیەنێت لە وەستاندنی پیادەكردنی ڕێوشوێنەكانی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە دۆخی ڕەزامەندنەبوونی سەرۆك لەسەر داواكاری هەڵوەشاندنەوەكە، بەوپێیەی سەرۆك كۆمار خاوەن دەسەڵاتێكی خەمڵێنەری ( سلگە تقدیریە)ی خۆیەتیو واش باوە كە لە پیادەكردنیدا گۆڕانكارییەكانی دۆخی سیاسیو پلەی نزیكی نێوان پێكهاتە سیاسییە هاوپەیمانەكان لەپێكهێنانی حكومەتدا لەبەرچاودەگرێت.
دەقی وتارەكە بەزمانی عەرەبی: https://www.mustaqila.com/