نەخشەڕێگای بەرەنگاربوونەوەی ساختەكاری
2018-10-09 11:36:26
■ مەهدی حەمزە
ساختەكاری رێكخراو و فراوان لەهەرێمی كوردستان بۆتە دیاردە و بەردەوام بێ منەتانەو بێ باكانە برەوی زیاتری پێدراوە ، لەهەموو هەڵبژاردنێك بەدەم رێگا باوە تەقلیدیەكان فۆڕمی تازەی بۆ دۆزراوەتەوە بێ گوێدانە هیچ بەهاو مۆڕاڵ و پڕەنسیپێك. ئەم تاوانە بۆتە كاریسەو مەترسییەكی ئێجگار گەورە لەسەر ئێستاو داهاتووی نیشتمان و نەتەوەو دۆزی كورد لە هەرێمی كوردستان بۆیە ئەركی سەرەكی لە پێشینەی تاك بەتاك و هەموو هێزولایەنەسیاسیەكانە سنوورێكی بۆدابنێن، بەداخەوە نابێ چاوەڕێی چاكبوون و بەخۆداهاتنەوەی دووهێزی دەسەڵات بین چونكە ئەوان مانەوەو بەردەوامیان بەندە بە كردەی ناڕەوایی و بوونی گەندەڵی و قۆرخكاری. بەڵگە نەویستە یەكێك لەسەرەكیترین رێ خۆشكردنەكان بۆ ساختەكاری بەشدارنەبوونی دەنگدەرانە لە پڕۆسەی هەڵبژاردن، لەهەڵبژاردنی 30/9/2018 ئەوە بەڕوونی دەركەوت ، دووهێزی دەسەڵات نەیانتوانی دەستكاری دەنگی هێزەكان بكەن بەڵكوتەنها توانیان بەساختەكاری دەنگی ناڕەوا لە بەرژەوەندی خۆیان و دووكانە سیاسیەكانیان زیادبكەن لەشوێنی ئەوانەی بەشداری هەڵبژاردن نەبوون و بایكۆتیان كرد. ئەگەر هاونیشتمانیانی وڵاتانی پێشكەوتوو و خۆشگوزەران پاساوی رێژەی كەمی بەشداری هەڵبژاردنیان هەبێ بەهۆی حوكمڕانی رەشید و كێبڕكێی شەریفانەی هێزە سیاسییەكان و خۆشگوزەرانی لە وڵات، ئەوا بۆ هاونیشمانیانی هەرێمی كوردستان پاساوە بۆ بەشداری راستەقینەو قوربانیدان بۆ چاككردنی دۆخی گشتی و رزگاربوونمان لەو دووحزبە بێ مۆڕاڵ لەسیاسەت و چاوچنۆك و قۆرخكارە لەهەرێم ، دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان لەهەموو هەڵبژاردنێك زیاتر لە نیوەیان بەشداری هەڵبژاردن نابن و بەشێكی بەرچاویشیان هاوكاری دووحزبی دەسەڵاتن بۆ ساختەكاری و ئەوەشی دەمێنێتەوە زۆرینەیانەیان بەنا وشیاری و سادەیی و لەژێر كاریگەری سۆ ز و گوتاری حەماسی دەنگ بەلیست و كاندیدەكان دەدەن، بۆیە هەموو خولەكانی پەرلەمانی كوردستان كوالیتی تەشریع و ئەدایان لەئاستی پێویست نەبووە، هەروەها زۆرینەی هەرە زۆری پەرلەمانتارەكانمان تووشی بێكاری دەمامكدراو بوون (البگالە المقنعە) لەكاری پەرلەمانتاری بەهۆی لێنەوەشاوەیی و ناشایستەیی و ناپسپۆڕی لە پیشەكەیان و خۆتەرخان نەكردن بۆ كاری پەرلەمانتاری ، چاكبوونی دۆخی گشتی هەرێمی كوردستان و هەنگاو نان بەرەو حوكمڕانییەكی رەشید، سەرەتا پێویستی بە گۆڕانكارییە لە ناخ و بیركردنەوەی تاكەكانمان . ئەگەر دیراسەیەكی هەمەلایەنەی هێز و لایەنە سیاسییەكانی دەرەوەی دەسەڵات بكەین لە هەرێمی كوردستان لەڕووی جێبەجێكردنی ئەركی رووبەڕووبونەوەو رێگری لە ساختەكاری رێكخراو و فراوان لەهەڵبژاردنەكان، بۆمان دەردەكەوێ رێژەی كەمتر لەنیوەی ئەركی خۆیان جێبەجێ نەكردووە . لەكاتێكدا دووحزبی دەسەڵاتدار لەهەرێم بەڕۆژی رووناك و بەو پەڕی بێ منەتییەوە بەزیادەوە دەستیان بۆ شێوەو شێوازەكانی ساختەكاری بردووە بەئامانجی دەستەبەركردنی زۆرترین دەنگ بەشێوەی ناڕەوا لەپێناو مانەوەو بەردەوامی دەسەڵاتیان بێ گوێدانە بەزاندنی هێڵی سوری نیشتمانی و نەتەوەیی و تەنانەت گوێ بەمێژووی دوور و نزیكیش نادەن. خۆزگە دەنگدەران بۆ خۆیان و بەرژەوەندی گشتی بەگرنگیەوە كاریان دەكرد لەسەرئەم هاوكێشەیە (ئایا رەوایە بایكۆت لەنێوان هەڵبژاردنی مشورخۆر و مشەخۆر لەپێناو خۆت و هەرێمەكەت) لەحاڵێكدا هاونیشتمانیان خاوەنی راستەقینەی نیشتمان و دەسەڵاتن لەهەرێم. هێز و لایەنە سیاسیەكانی دەرەوەی دەسەڵات هەمیشە ئەوە دووپات دەكەنەوە كە هەڵبژاردن تاكە رێگای خێراو مەدەنی و بەرهەمداری بەردەمیانە بۆ گۆڕانكاری و هێنانەكایەی حوكمڕانییەكی شایستە. لەكاتێكدا ئەم هێزانە نەیانتوانیوە ئەركەكانی خۆیان ئەنجامبدەن بەرامبەر زەمینە سازی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی دوور لە ساختەكاری رێكخراو و فراوان جگە لە هات و هاوارێكی گەورەی بێ كردار. بەهۆی ئەوەی ساختەكاری لەهەڵبژاردنەكانی هەرێم بۆتە ئامانج و پیشە، پڕۆسەی سیاسی و رەوایەتی حوكمڕانی خستۆتە ژێر پرسیار، بۆیە لەئێستاوە پێویستە هێزەسیاسییەكانی دەرەوەی دەسەڵات هەوڵ و تەقەللاكانیان یەكخەن تا ئەنجامدانی هەر هەڵبژاردنێكی داهاتوو، ئەویش بە ئەنجامدانی ئەم ئەركانەی خوارەوە: 1. فیدڕاسیۆنێكی نیشتمانی پێكبهێنرێ بۆ چاودێری كارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و رووبەڕووبوونەوەی ساختەكاری لەهەڵبژاردن ، بۆ ئەم مەبەستە پەیكەر و پێكهاتەو ئەرك و بەرپرسیارێتییەكەی پێویستی بە رەچاوی سروشتی كارەكە و واقیعی كوردستان هەیە. 2. هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵات گرنگی تەواوبدەن بەدەزگاكانی هەڵبژاردنیان . 3. داكۆكی كردن تا لە عێڕاق سەرژمێری بكرێ ئەگەرنا وەكو ئەلتەرناتیڤ فشاربكرێ تا سیستمی بایۆمەتری فەرمانبەران تەكمیلە بكرێ بۆ ئەوەی تۆمارێكی پاكی هەڵبژاردن ئامادەبكرێ. 4. ساڵانە هەفتەی نیشتمانی ریسواكردن و رووبەڕووبوونەوەی ساختەكاری هەڵبژاردن بەگەرم و گوڕی لە شار و شارۆچكەكانی هەرێم بەڕێوەبچێ، هەروەها كۆنفڕانسێكی گەورەش هەرجارەو لەشارێكی كوردستان ئەنجامبدرێ. 5. دروستكردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم باڵیۆزەكانی وڵاتانی بیانی و نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتوەكان لەبەغداد و قونسوڵحانەكان لەهەرێم، بۆ پاڵپشتیان لەم پرسە. 6. دروستكردنی هەماهەنگی جیددی لەگەڵ رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان تایبەت بەم پرسە. 7. پاڵپشتی كردنی نوێنەری هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵات لە كۆمسیۆن ، تا چالاكتر و بەدیقەت و بە بەرپرسیارێتی زیاترەوە ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن، ئەمەش پێویستی بە بەردەوامی بوونە لە گەرم و گوڕی و پشوو نەدان بە ئاگایی و دوور لە غافڵگیری. 8. هێزە سیاسییەكان سندوقێكی تایبەت بەخەرجییەكانی هەڵبژاردن دروست بكەن، بۆ ئەوەی بتوانن بریكاری چاڵاك و راهێنراو بۆ سەر تەواوی سندوقەكانی دەنگدان لە هەربنكە و وێستگەیەك و بۆ هەموو هەنگاوەكانی پڕۆسەی هەڵبژاردن ئامادەبكەن بەجۆرێك توانای لەئەستۆگرتنی ئەركەكەو خۆڕاگری و یاداشتكردنی پێشێلكاری و نووسینی سكاڵایان هەبێ لەبەرامبەردا پاداشتی شایستەی دارایی بكرێن. 9. دروستكردنی هەماهەنگییەكی كاراو جیددی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارە دەستورییەكانی دەسەڵاتی ناوەند و حزب و رێكخراوەكان لەعێڕاق بۆ دانانی سنوورێك بۆ ساختەكارییەكانی هەڵبژاردن لەكوردستان. 10. هاوكاری دارایی پێویست و راسپاردنی چەند شارەزایەك لەبواری هەڵبژاردن بۆ یاداشتكردن و دەستنیشانكردنی شێوەو شێوازەكانی تەزویری هەڵبژاردن لەكوردستان و ئامادەكردنی توێژینەوە لەم پرسە، بەجۆرێك لە پاڵ دەستنیشانكردنی بۆشاییە تەشریعی و یاساییەكان، دەستنیشانكردنی گرفتی رێككار و لایەنە كارگێڕی و مرۆییەكان بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەم دیاردەیە. 11. جیددی بوون لە بەسزاگەیاندنی هەر تاك و لایەنێك كە بەبەڵگەوە بەشداری تەزویری لەسەر دەسەلمێ. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە بە رێككاری یاسایی زۆر سەرسەختانە بە ئەندازەی بەشداربوونیان لە ساختەكاری هەڵبژاردن، رووبەڕوویان ببینەوە. 12. هەماهەنگی كردن لەگەڵ زانایانی ئایینی بۆ هۆشیاركردنەوەی هاونیشتمانیان لە مەترسی و گەورەیی گوناحی تەزویری راستەوخۆ و ناراستەوخۆ. 13. دروستكردنی فشار لەسەر دەزگای داواكاری گشتی لەكوردستان بۆ كاركردن لەسەر پرسی ساختەكاری هەڵبژاردن. 14. لەكاتی نووسینەوەی دەستوری هەرێمی كوردستان بە روون و راشكاوی ساختەكاری هەڵبژاردن بە خیانەتی گەورەی نیشتمانی پێناسە بكرێ. 15. ساڵانە لەماوەی هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی ساختەكاری هەڵبژاردن پەرلەمانتارەكانی دەرەوەی دەسەڵات رۆژێكی كاری پەرلەمانتاری تەرخان بكەن بۆ ئەم پرسە بەپێی سروشتی كارەكەیان، وێڕای هەماهەنگی و كاری پێكەوەییان بەبەردەوامی لەسەر ئەم پرسە. 16. دروستكردنی هەماهەنگییەكی پتەو لەنێوان دەزگاكانی راگەیاندنی حزبی و ئەهلی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم پرسە وەكو ئەركێكی نیشتمانی پیرۆز و هۆشیاركردنەوەو هاندانی هاونیشتمانیان بۆ گرنگیدان بەپڕۆسەی هەڵبژاردن ، بەجۆرێك ساختەكاری وەكو كارێكی قێزەون و خیانەتێكی نیشتمانی مەترسیدار وێنابكرێ. 17. واژووی میساقی شەڕەف لەلایەن هێز و لایەنە سیاسیەكان بۆ تەزویرنەكردن و بەرەنگاربوونەوەی.