بۆ نادیە موڕاد
2018-10-09 09:20:12
ئیبراهیم عەباس
رەنگە من یەکەم رۆژنامەنووسی کوردبم کە بەزۆرترین وتارو شیکاری و تەنانەت لە لێدوان بۆ تیڤییەکان سەرسەختانە بەرگریم لە کچە ئێزیدییەک کردووە، کە خۆی و هەزاران لە هاوئایین و کەس و کارەکەی بوونە قوربانی دڕەندەترین و قێزەوەنترین هێزی چەکداری دونیا، ئەو هێزەی هیچ بەهایەکی ئایینی و مرۆیی و کۆمەڵایەتی نەهێشت.
بەرگریەکەم بۆ ئەوە نەبووە بکرێتە منەتێک و بگوترێتەوە، ئەمە ئەرکێکی ئەخلاقی و پشیەیی و مرۆڤبوونم بووە، چونکە خودی نادیەو کەیسی ئێزیدییەکان بەردەوام قوربانی دەسەڵاتە جۆراوجۆرەکانی مێژووبوون، ئەرکم بوو بە قەدەر هەر ٧٤ فەرمانەکەی قڕکردن و ئیبادەکردنتان بەرگریتان لێبکەم.
ناوهێنانی نادیە لەلایەن کۆمیتەی خەلاتەکانی سویدی نەرویجی بۆ بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ٢٠١٨، زۆر بەزوویی زۆرترین خۆشحاڵی و لەهەمانکاتدا زۆرترین کاردانەوەی لێکەوتەوە، لەناو هەردوو ئاراستەکەش دەنگی جیاواز ئەمجارە بەگورتر پەیداببووە، ئەو دەنگەش دەنگی عومەر عەبدولجەبار موسڵی یە، ئەو کوڕەی کە خۆی بە رزگارکاری نادیە موارد لە موسڵەوە بۆ کەرکوک و رادەستکردنی بە هێزەکانی یەکێتی لەشاری کەرکوک خۆی ئەناسێنێت.
عومەر گلەیی ئەوە ئەکات کە بەهۆی رزگارکردنت، ماڵ و خانووەکەی لە موسڵ لەدەستداوەو خۆی کەوەکو پەنابەر رووی کردۆتە ئەڵمانیا بێ ئیقامەو پشتوانی ماوەتەوە و ئێوەش بەهانای نەچوون و لەبیرتان کردووە، بێگومان گەر ئەم گلەیانە راست بن، ئەشێت رێکخراوی یەزداو خودی نادیە ئەم پرسە بەهەندوەربگرن و سوپاسی چاکەکاران بکەن و لەتەنگانەدا ئێوەش دەستیان بگرن. چونکە بەمە نادیە گەورەتر و خۆشەیستتر ئەبێت و وەڵامێکیش ئەبێت بۆ هەموو ئەو دەنگانەی بەهەق و ناهەق رەخنەی شکێنەر لە نادیە ئەگرن، رەخنەیەک کە خەریکە ئەگاتە ئەو ئاستەی سەرجەم کەیسەکە بە یاری سیاسی ناو ئەبات.