Draw Media

له‌نیوان تروسك و هاوبیر، پارتی بیركردنه‌وه‌ی نه‌گۆڕاوه‌

له‌نیوان تروسك و هاوبیر، پارتی بیركردنه‌وه‌ی نه‌گۆڕاوه‌

2018-10-08 12:44:03


■  نیاز عه‌بدوڵڵا
به‌هۆی تۆماركردنی چه‌ند گۆڵێك له‌ تیپی تۆپی پێی به‌رامبه‌ری، كه‌ كوڕی به‌رپرسێكی دیاری پارتی تیایدا یاری ده‌كرد، تروسك-ی ته‌مه‌ن 18 ساڵ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك رفێندرا و دوای ئه‌شكه‌نجه‌دانی ته‌رمه‌كه‌ی له‌ "كه‌سنه‌زان" دۆزرایه‌وه‌.
سروشت جه‌وهه‌ر، برازای شه‌هید ئه‌نوه‌ر حه‌سه‌ن یه‌كێك له‌ 12 شه‌هیده‌‌كه‌ی قازان بوو. ئه‌وان له‌ كۆتایی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو به‌ فه‌رمانی رژێمی به‌عس له‌ كه‌ركوك ده‌ركران به‌ره‌و هه‌ولێر. له‌و ساڵانه‌ هه‌مان بڕیار ئێمه‌شی گرته‌وه‌ و به‌ رێككه‌وت ئێمه‌ و ئه‌وان له‌ هه‌ولێر-یش له‌ هه‌مان گه‌ڕه‌ك نیشته‌جێ بووینه‌وه‌.
كوشتنی تروسك له‌ لایه‌ن به‌رپرسه‌ باڵا "قه‌شقه‌یی"ه‌كه‌ی پارتی له‌ شه‌ڕی ناوخۆی ساڵی 1996، بۆ ئێمه‌ كه‌ منداڵیمان پڕ بوو له‌ یاده‌وه‌ری یارییه‌كانی كۆڵان و خێزانه‌كانمان و دراوسێیه‌تی، ته‌نیا ئازار و رووداوێكی راگوزه‌ر نه‌بوو، چونكه‌ ئه‌و تاوانه‌ به‌بێ سزا تێپه‌ڕی و بكوژانی ئازادبوون، ده‌شزانم ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌و هه‌زاران رووداوه‌ تاوانكارییانه‌ی له‌شه‌ڕی ناوخۆی نێوان یه‌كێتی و پارتی به‌بێ سزا تێپه‌ڕیون.


زیاتر له‌وه‌، ئێستاش به‌رپرس و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی پارتی دیموكرات به‌ هه‌مان بیركردنه‌وه‌ی نه‌گۆڕ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بچوكترین ئه‌و جیاوازییانه‌ ده‌كه‌ن كاتێك كه‌سه‌كان سه‌ر به‌وان نین و وه‌ك ئه‌وان بیرناكه‌نه‌وه‌.
"لەسەر قسەکانی دەبوایە کوژرابایە" ئه‌و قسه‌یه‌ی به‌رپرسی لقی چۆمانی پارتی دیموكراته‌ كه‌ راسته‌وخۆ به‌ مامی هاوبیر خدر-ی وتووه‌ له‌وكاته‌ی بۆ هه‌وڵی ئازادكردنی كوڕه‌یان چووه‌ بۆلای. ئه‌و قسه‌یه‌ی به‌رپرسه‌كه‌ی پارتی هه‌مان بیركردنه‌وه‌یه‌ كه‌ تروسك-ی پێش 22 ساڵ كوشت.
پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ رێگای ده‌ستگیركردنی هاوبیر خدر كه‌ گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 20 ساڵی وه‌رزشوان و خوێندكاری زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین-ه،‌ ده‌یه‌وێت هه‌یبه‌تی حوكمڕانی خۆی له‌ سه‌ر خه‌ڵكی قه‌زای چۆمان تاقی بكاته‌وه، له‌ رێگای به‌كارهێنانی داموده‌زگا ئه‌منییه‌كانی بۆ ده‌ستگیركردنی نایاسایی و هه‌ڕه‌مه‌كی.


ده‌ستگیركردنی هاوبیر خدر به‌هۆی كاردانه‌وه‌كانی "پێدانی كارتی سوور" و "توڕه‌بوون و جنێودانی"ه‌تی دوای كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی له‌ یارییه‌كانی خولی "بارزانی نه‌مر‌" كه،‌ له‌ چۆمان له‌ نێوان تیپه‌ میللییه‌كان به‌ڕێوه‌ چووه‌.
به‌پێی وته‌ی خانه‌واده‌كه‌ی هاوبیر، هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵیان له‌ لایه‌ن ئاسایشی پارتی له‌ قه‌زای چۆمان له‌ رۆژی 6ی تشرینی یه‌كه‌م، "به‌بێ فه‌رمانی دادوه‌ر بووه‌ و هیچ ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كی پێشینه‌ی نه‌بووه‌".


له‌ یاسای ژماره‌ 5ی ساڵی 2011ی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، بڕگه‌ی یه‌ك له‌ مادده‌ی 3دا هاتووه‌، "پاراستنی ئازادی گشتی و تایبه‌ت به‌ گوێره‌ی بنه‌ماكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ" به‌شێكه‌ له‌ ئه‌رك و كاره‌كانی ده‌زگای ئاسایش. به‌ڵام ئه‌م ده‌زگایه‌ نه‌ك هه‌ر به‌رگری له‌ ده‌سته‌به‌ركردنی ئازادی گشتی و تایبه‌تی ناكات، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی ته‌عه‌سوفی هاوبیر-ی ده‌ستگیركردووه‌ و دژ به‌ بنه‌ماكانی مافه‌كانی مرۆڤیش ره‌فتاری له‌گه‌ڵ كردووه‌.


یانه‌ی هه‌ولێر پێشتر پلانی بۆ فراوانكردنی یاریگای هه‌ولێر راگه‌یاند، ئه‌گه‌ر به‌م عه‌قلییه‌ته‌ی ئاسایشی پارتی بێت، بۆ له‌مه‌ودوا له‌و یاریگا "نۆژه‌ن"كراوه‌ هه‌ر یارییه‌كی تۆپی پێی ناوخۆیی یان نێوده‌وڵه‌تی كرا و یاریزانێك تووشی هه‌ڵچوون یان توڕه‌ بوون بێت، له‌ لایه‌ن ده‌زگای ئاسایشه‌وه‌ راسته‌وخۆ ده‌ستگیر ده‌كرێت. 
خۆ ئه‌گه‌ر میسی یان رۆناڵدۆ به‌شدارییان له‌ "خولی تۆپی پێی بارزانی نه‌مر" كرد و له‌ یاریزانی به‌رگری تیپی به‌رامبه‌رتوڕه‌بوون و به‌ یاریزانه‌كه‌یان وت "خۆت و خوله‌كه‌ت به‌ نه‌فره‌ت بن"، ئه‌وا ئاسایش به‌ كه‌له‌پچه‌كراوی ده‌یانباته‌ ژێر ره‌حمه‌تی دادپه‌روه‌رییه‌كه‌ی "سه‌نگه‌ر باڵه‌كی" و بكوژه‌ ئازاده‌كانی تروسك. 
پارتی دیموكرات له‌ رابردووش به‌ ده‌ستگیركردنی سالار چۆمانی و نه‌به‌ز ئاڵانی، ده‌یویست ترس له‌ ناخی خه‌ڵكی چۆمان و سۆران دروست بكات تا ببنه‌ شوێنكه‌وته‌یه‌كی سه‌لاری حیزبه‌كه‌ی. به‌ڵام وه‌ك به‌ كوشتن و ده‌ستگیركردن و هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ رۆژنامه‌نووسان و چالاكوانانی مه‌ده‌نی و هاووڵاتییان ئه‌م ئامانجه‌ به‌دینه‌هاتووه‌، به‌ده‌ستگیركردنی هاوبیر خدر-یش به‌دینایه‌ت.


ئێستا هاوبیر خدر ئازاد كراوه، ئه‌وه‌ی بۆ پارتی و ئه‌م جۆره‌ بیركرنه‌وه‌ و ره‌فتاره نایاسایی و نائینسانیانه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ ته‌نیا سه‌ركۆنه‌كردن و تووڕه‌كردنی زیاتری خه‌ڵكه. پارتی دیموكرات به‌ درێژه‌دان به‌وجۆره‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ی تروسك-ی كوشت و هاوبیر-ی ده‌ستگیركرد، ‌ناكرێت درێژه‌ به‌ سیاسه‌ته‌كانی بدات. پارتی ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێت خۆشه‌ویستی خه‌ڵك بێت، پێویسته‌ پابه‌ندی راسته‌قینه‌ی خۆی به‌ بنه‌ماكانی دیموكراسی بسه‌لمێنێت و، ده‌زگا ئه‌منییه‌كان به‌ دامه‌زراوه‌یی بكات تاوه‌كو به‌رپرسی لقه‌كه‌ی چۆمان كه‌ ده‌رفه‌تی بۆ ره‌خسا هانی كوشتن و گرتنی ده‌نگه‌ جیاوازه‌كان نه‌دات و كۆمه‌ڵگا له‌ ئاشتی دا بژی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand