Draw Media

خاشقچی

خاشقچی

2018-10-08 10:08:06


 ■   سەردار عەزیز 

موساد یەکێکە لە هەرە دەزگا سیخوڕییە بە تواناکانی دونیا. لە مێژووی چەندین دەیەی ڕابوردودا بەردەوام کاری کوشتنی نەیارانی ئیسرائیلی ئەنجامداوە لە دەرەوە. بەڵام موساد لە ساڵانی دواییدا بەئاگابوو کە لە دونیای ئەمرۆدا ئەم کارە هەتابێت سەخت دەبێت. دوا کاری ئیغتیالاتی موساد بۆ محمد المبحوح بوو لە دوبەی. هەموو کوشتنەکە لە ژورەکەی ئەودا لە ئوتێلەکەی تەنها ٢٠ خولەکی پێچوو. بەڵام پاشان هەموو کارەکە ئاشکراکرا. یەکێک لە هۆکارەکانی ئاشکراکردنەکە ئەوەبوو کە ئیسرائیلیەکان عەرەبیان بە بێ مێشک دائەنا، وەهایان بیر ئەکردەوە کە هەرگیز پەی بە کارەکانیان نابەن؛ بەڵام ئیماراتیەکان سەرکەوتووبون لەوەی ڤیدیوی هەموو کوشتنەکە ئاشکرا بکەن، لە گەڵ پاسەپۆرتی ساختەی وڵاتانی ئەوروپی ئەمریکی ئەنجامدەراندا.
کوشتنی جمال لە قونسوڵخانەی سعودی بونی هەمان پرۆسەی لێدێت. سعودییەکان تەڵەیان بۆ نابوەوە بەوەی یەکەمجار بە گەرمی میواندارییان کردبوو، کاتێک ئەو چوبوە قونسوڵخانە بۆئەوەی کاروباری تەڵاقی ژنە کۆنەکەی ئەنجام بدات و ژنە نوێکەی مارەبکات. هەمیشە چیرۆکی سیاسی و سیخوڕی ئافرەتی تیادایە.
خاشقچیم نەبینیبوو. نزیکترین دەرفەت کاتێک بوو، کە بەشداربووم لە دیدارێک لە عەمانی پایتەختی ئوردون بۆ بەیەکە گەیاندنی سعودیە و ئێران لە ئاستی تراک-توو، پلان بوو جەمال بێت بەڵام ئەڵمانەکان کە دیدارەکەیان ساز دەکرد، ووتیان جەمال بۆیە نەهات چونکە بزنێس کلاسمان بۆ نەگرتبوو لە فڕۆکەدا. 
کوشتنی جەمال بە هۆی ڕاو بۆچون و چالاکیەکانی، نیشانەی لاوازی سعودیەیە. سیستەمی بەهێز نەیارەکانی ناکوژێت، بەڵکو سودیان لێدەبینێت. ڕەنگە توانای کوشتن لە ئاگای مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشانەی بەهێز و توانا بێت بەڵام لە ڕاستیدا لە دیدی سیستەمی سیاسیەوە نیشانەی ترسنۆکی و لاوازییە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand