تروسكایی هیوا بۆ عێراق و میانڕهوهكانی
2018-10-07 21:49:37
■ جویس كەرەم
هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بە سەرۆكی عێراقو راسپاردنی عادل عەبدولمەهدی بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق، هیوایەكی گەورەیە بۆ وڵاتی دوو رووبار لەساڵی 2003ەوە، بە سەركەوتنیان دەبێتە دەرفەتێك بۆ بوژانەوەی ئابورییەكەیو باشتربوونی پەیوەندییە هەرێمایەتییەكانی.
ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانو دەنگدانی هاوڵاتیان، دەسكەوتێكی مەزنی عێراقییەكان بوو، لەگەڵ بوونی ناكۆكییەكانی ئێرانو ئەمەریكاو نمایشەكانی قاسم سولەیمانی، ئاماژەكانی دەركەوتنەوەی داعش لە پارێزگای ئەنبار، بەڵام دیسانەوەی هەڵبژاردن گرنگیی خۆی هەبوو، هەروەها دەبێتە كلیلی خۆپاراستنی بەغداد لە كێشە هەرێمایەتییەكانی داهاتوو. لەگەڵ ئەمەشدا، كەسایەتییە هەڵبژێردراوەكان دەرچەیەكی هیوایە بۆ عێراقییەكان، بەبەراورد بە ساڵانی رابردوو، ئەمەش بەهۆی سەربەخۆبونیانو میانڕەوییانو درككردنیان بە ئاڵنگارییە ئابوریو مەدەنییەكانی وڵات. كارەكانی حكومەتی داهاتوو زۆر سەخت دەبن، ئەمەش لەگەڵ نزیكبوونەوەی سزاكانی سەر كەرتی نەوتی ئێران.
لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی، سەرۆكی هەڵبژێردراوی عێراق، بەرهەم ساڵح خاوەنی لێهاتووییو میانڕەویو كراوەیە بەڕووی ناوخۆو دەرەوەدا، ئەمەش بەسە بۆ چاككردنو بەشداری رووەو چاكسازیو مەدەنیبوون لە دەسەڵاتدا. ئەوەش دیارە كە بەرهەم رۆژێ لە رۆژان چەكدار نەبووە، چوەتە بەریتانیاو لە زانكۆكانی ئەو وڵاتە خۆی پێگەیاندەوەو لە دەستی چەوسانەوەی بەعس هەڵاتووە، هەروەها كرانەوەی بەسەر هەموو لایەنەكانو كاركردنی بۆ پتەوكردنی پەیوەندی نێوان بەغدادو هەولێر، دەبێتە مایەی پتەوكردنی جومگەكانی عێراقو پاراستنی یەكپارچەییەكەی.
یەكەم هەنگاوی بەرهەم ساڵح، راسپاردنی عادل عەبدولمهدی بوو بۆ سەرۆكایەتیكردنی حكومەت، لێرەوە باسی كەسایەتی عەبدولمەهدی دەكەین كە ژیانێكی دورودرێژی سیاسی بردوەتە سەر. لە بەعسێتییەوە بۆ شیوعێتی، پاشان بەرەو ئیسلامی شیعی، چەندین قوتابخانەی سیاسی تاقیكردوەتەوە پێش ئەوەی ببێتە كەسێكی سەربەخۆ، ئەم سەربەخۆبونەشی وای لێكرد شوێنێكی ناوازە بگرێت بۆ دروستكردنی حكومەتەكەی.
عەبدولمەهدی پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ ئێران هەیە، بەرهەم ساڵحیش پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ ئەمەریكا هەیە، هەردووكیشیان سەربەخۆنو تەكنۆكراتن، ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر رێرەوی سیاسەتی عێراق لە قۆناغی داهاتوودا. بەرهەم ساڵح لە رابردوودا وەزیری پلاندانان بووەو عەبدولمەهدی وەزارەتی نەوتی بەدەستەوە بووەو لە گفتوگۆكان بەشداربووە لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ پتەوكردنی ژێرخانی ئابوری عێراق.
حكومەتی عێراق لە داهاتودا رووبەڕووی كاری ئابوری زۆر سەخت دەبێتەوە، لەگەڵ نزیكبونەوەی سزا نەوتییەكانی سەر ئێرانو رووبەڕووبونەوە لەگەڵ چوارەم دەوڵەتی بەرهەمهێنی نەوتو كێشەی كارەباو ئاو و بێكاری كە ئەمانە موستەحەقی عێراقییەكان نین. دەبێ رووبەڕووبونەوەی گەندەڵیو دانانی پلان بۆ ژێرخانی ئابوری دەركردنی یاسای نەوت لە ئەنجومەنی نوێنەران لە كارە یەكەمینەكانی حكومەتی داهاتوو بێت.
لەسەر ئاستی سیاسی، پێویستە لە ناوخۆدا عێراقییەكان رێكبكەونو ئاشتەوایی بەرپابكرێت، پاشان میكانیزمی حوكم چاكبكرێت لەنێوان هەولێرو بەغداد، سەرەڕای بوژانەوەی ناوچەكانی ئەنبار لەڕووی ئابوریو ئاسایشو سیاسییەوە، ئەمەش ئارامی بۆ عێراق دەگێڕێتەوە.
لەڕووی پەیوەندی دەرەوە، هەریەك لە بەرهەم ساڵحو عادل عەبدولمەهدی پەیوەندییەكی زۆر بەهێزیان هەیەو خۆشیان دامەزرینەری بوونە لەگەڵ رۆژهەڵاتو رۆژئاوا، ئەمەش پێویستە لەئێستادا سودی لێوەربگێرێ. بێلایەنبوونی عێراق لە ململانێی هەرێمایەتی، چ لەنێوان ئەمریكاو ئێران یاخود توركیاو پارتی كرێكاران بە گرتنەبەری رێكاری میانرەوی دەتوانرێ بەسەریدا زاڵ بن. هەروەها ئەم بابەتی میانرەوییە، دەبێتە مایەی باشتربوونی پەیوەندی نێوان عێراقو هاوسێ عەرەبەكانی، لێرەدا سەردانی سەرۆكی پەرلەمان محمد حەلبوسی بۆ هەریەك لە كوەیتو میسر وەك یەكەم سەردانی دەرەوەی بە زەقی دەركەوت.
ئاڵنگارییەكان بەرامبەر عێراق زۆرن، هەریەكەو بە قەبارەو مەترسی خۆی لەڕووی ئابوریو ئاسایشیو سیاسییەوە، بەڵام سەركەوتنی پرۆسەی سیاسیو گەیاندنی كەسایەتییە لێهاتووەكان بە پلە باڵاكانی وڵات هەلێكو تروسكایی هیوایە بۆ عێراقییەكان. قسەكانی حیدر عەبادی بە پیرۆزبایكردن لە عەبدولمەهدی ئەم هەلی هیوایە دەرەخسێنێ كە گوتویەتی" هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم لە پێكهێنانو دیاریكردنی باشترین كەس بۆ وەزارەتەكانی حكومەت بۆ پێشكەشكردنی باشترین خزمەت بۆ هاوڵاتیانو داوا لە خوا دەكەم لەسەر دەستی ئێوە عیزەت بۆ عێراقو گەلەكەی بێتەدیو ئاسایشو خۆشگوزەرانی بێتە كایەوە"، ئەم برایەتیو رێزە لە پرۆسەی گواستەوەی سیاسیدا ناوازەیە لە جیهانی عەرەبیداو جێگای شانازی عێراقییەكانە.
جویس كەرەم