Draw Media

سیناریۆكانى په‌سه‌ندكردنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن 

سیناریۆكانى په‌سه‌ندكردنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن 

2018-10-07 09:05:46


■ سەرتیپ وەیسی كەریم 

پێكهاته‌ى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران به‌ سه‌رۆكه‌وه‌ له‌ 9 كه‌س پێكدێت به‌م شێوه‌یه‌ :
پارتى : 3 ئه‌ندام 
یه‌كێتیی : 2 ئه‌ندام 
گۆڕان : 2 ئه‌ندام 
كۆمه‌ڵ :1 ئه‌ندام 
یه‌كگرتوو: 1 ئه‌ندام 
له‌باره‌ى په‌سه‌ندكردنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان چه‌ند ڕێگه‌و سیناریۆى جیاواز هه‌یه‌ به‌م شێوه‌یه‌ى خواره‌وه‌ :

* هه‌رچه‌نده‌ له‌ 29ى ئه‌یلول ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران بڕیاریدا: په‌سه‌ندكردنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن به‌ ده‌نگى دوو له‌سه‌ر سێى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران بێت، به‌ڵام یه‌كێتیى له‌ دادگا تانه‌ى له‌و بریاره‌داوه‌و پێیوایه‌: له‌ یاسایى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ساڵى 2014، هیچ بڕگه‌یه‌كى له‌م شێوه‌یه‌ نه‌هاتووه‌، كه‌ باس له‌ دوو له‌سه‌ر سێى بكات بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ى بڕیاره‌كان، به‌مه‌ش له‌ڕووى یاسایه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ كۆنكرێتى باس له‌ دوو له‌سه‌ر سێ نه‌كرێت، ئه‌وا تۆماتیكى سه‌رجه‌م بڕیاره‌كان به‌ زۆرینه‌ یه‌كلایده‌كرێته‌وه‌؛ واته‌ له‌ كۆیى 9 ئه‌ندام پێنج ئه‌ندام ده‌توانن ده‌نگ بۆ په‌سه‌ندكردن بده‌ن نه‌ك شه‌ش ئه‌ندام، هه‌ربۆیه‌ش ئه‌گه‌رى زۆر لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كان له‌م كه‌یسه‌دا بدۆڕێنن، نه‌توانن به‌ر له‌م هه‌نگاوه‌ بگرن.
*بۆتانه‌دان له‌سه‌ر رێككاره‌كانى په‌سه‌ندكردنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن و ته‌واوى پڕۆسه‌كه‌، به‌پێى یاسایى كۆمسیۆن سێ دادوه‌ر له‌ دادگایى پێداچوونه‌وه‌ى هه‌رێم ده‌بێت یه‌كلایبكه‌نه‌وه‌، ئه‌و سێ دادوه‌ره‌شى دانراون بۆ ئه‌م كه‌یسه‌ دوانیان پارتین و ئه‌ویتریان یه‌كێتیه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ره‌كانى په‌سه‌ندنه‌كردن، له‌ لایه‌ن لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كان به‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن له‌ دادگاش زۆر لاوازه‌.
* له‌ هه‌ردوو ئه‌گه‌رى ده‌نگى زۆرینه‌، یاخود دوو له‌سه‌ر سێى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران بۆ په‌سه‌ندكردنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن دوو سیناریۆی دیكه‌ له‌به‌رده‌م په‌سه‌ندكردنى ئه‌نجامه‌كان هه‌یه‌ : ئه‌گه‌ر پارتى و یه‌كێتیى و لایه‌نه‌ ناڕازیییه‌كان له‌ ڕێگه‌ى كۆمسیۆنه‌وه‌ رێكبكه‌ون له‌سه‌ر یه‌كلایكردنه‌وه‌ى سكاڵاكان و ده‌نگه‌ ساخته‌كانى چه‌ند سندوقێك باتڵبكرێته‌وه‌، كه‌ ببێته‌ هۆكارى گۆڕانكارى له‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن، ئه‌وا ئه‌نجامه‌كان په‌سه‌ند ده‌كرێن، به‌ ڕه‌زامه‌ندى نوێنه‌رانى زۆربه‌ى لایه‌نه‌كان له‌ كۆمسیۆن.
ئه‌گه‌ر له‌ حاڵه‌تێك پارتى و یه‌كێتیى ڕێكبكه‌ون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌نجامى ته‌واوى هه‌ڵبژاردنه‌كان په‌سه‌ندبكه‌ن، به‌ كشانه‌وه‌ى سكاڵاو چاوپۆشیكردن له‌ سوتانى ده‌نگى به‌شێك له‌ سندوقه‌كان، ئه‌وكاتیش له‌ ڕێگه‌ى زۆرینه‌ى كۆمسیۆن و دادگا ده‌توانن ئه‌و كه‌یسه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان یه‌كلابكه‌نه‌وه‌.
له‌ حاڵه‌تى به‌ ته‌نهاى چوونه‌ پاڵى یه‌كێتیى، یاخود پارتى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى دیكه‌، ئه‌وا په‌سه‌ندكردنى ئه‌نجامه‌كان قوڕس ده‌بێت.
* ئه‌گه‌رێك هه‌یه‌ ئەنجامەکان وەک ئەوەی په‌رله‌مانى عێراق به‌ سیاسى بكرێت و بەکۆمەڵێ فلته‌رى یاسایی و پەرلەمانی و دادگادا بڕوات و لەکۆتاییدا ئه‌نجامه‌كان وه‌كو خۆى په‌سه‌ند بكرێت.
*ڕه‌تكردنه‌وه‌ى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ڕووى یاسایه‌وه‌ هیچ به‌هایه‌كى نییه‌، هه‌روه‌ك چۆن له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق ئه‌و لایه‌نانه‌ى ڕه‌تیانكرده‌وه‌، به‌ڵام دواجار هه‌رچوونه‌ په‌رله‌مان و سوێندى یاسایان خوارد، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕه‌تكردنه‌وه‌ به‌ نه‌چوونه‌ په‌رله‌مان بێت دیسانه‌وه‌ به‌پێى یاسا به‌ركاره‌كان، یاخود ده‌ركردنى یاسایى نوێ، كورسییه‌كان ئۆتۆماتیكى ده‌چێته‌ سه‌ر لایه‌نه‌ بڕاوه‌كان، به‌مه‌ش كورسییه‌كانى پارتى و یه‌كێتیى زیاد ده‌كات.
* له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى تاوه‌كو ئێستا نه‌وه‌ى نوێ به‌ ئاشكرا ڕایگه‌یاندوه‌: ئه‌گه‌ر ئه‌نجامه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا بمێنێته‌وه‌ ناچنه‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام ئه‌وه‌ش تاوه‌كو ئێستا ڕوون نه‌بۆته‌وه‌و، كه‌ ئایه‌ ته‌نها فشارو تاكتیكه‌ بۆ گفتووگۆكردن، یاخود ڕاستییه‌ ؟!
ئه‌گه‌ر گریمان ڕاستیش بێت، دیسانه‌وه‌ ئه‌مه‌ خزمه‌تكردنه‌ به‌ پارتى و یه‌كێتیى.
كه‌واته‌ به‌پێى ئه‌و ئه‌زموونه‌ى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردن هه‌مانه‌، په‌سه‌ندكردن و په‌سه‌ندنه‌كردنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ى هه‌ڵاى ڕاگه‌یاندنه‌كان ده‌مێنێته‌وه‌، ڕه‌نگه‌ كۆمه‌ڵێك لایه‌نیش بیانه‌وێ كورسى و ده‌گى تریان بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام دواجار په‌سه‌ند ده‌كرێت و هه‌مووشیان به‌ خۆشى و ناچارى قبوڵى ده‌كه‌ن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand