Draw Media

شه‌وی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان چی ڕوویدا ؟

شه‌وی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان چی ڕوویدا ؟

2018-10-05 10:09:38


■  سەرتیپ وەیسی كەریم 

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی سه‌ر به‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ڕاپرسی هه‌رێم، به‌ چه‌ند مانگێك به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی 30ی ئه‌یلولی په‌رله‌مانی كوردستان، بڕیاریدا بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ڕۆژی ده‌نگدان ته‌نها یه‌كێك له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی ( پاسه‌پۆرت، نفوس، ڕه‌گه‌زنامه‌و، كارتی نیشتمانی ) به‌كاربهێنرێت، هه‌ریه‌ك له‌ پارتی و یه‌كێیتی ئاماده‌كارییان ده‌ستپێكرد، به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی نفوس و ڕه‌گه‌زنامه‌ی ساخته‌.
به‌ر له‌ مانگێك زیاتر پارتی دیموكراتی كوردستانی به‌ هه‌زاران ڕه‌گه‌زنامه‌و نفوسی به‌یه‌كه‌وه‌ ساخته‌ كرد، له‌به‌رامبه‌ردا یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستانیش به‌ ته‌نها زیاتر له‌ 150 هه‌زار ڕه‌گه‌زنامه‌ی ساخته‌كرد، به‌بێ نفوس.
به‌پێی زانیارییه‌كانی یه‌كێتیی، پارتی زیاتر له‌ 200 هه‌زار ڕه‌گه‌زنامه‌و نفوسی به‌یه‌كه‌وه‌ ساخته‌كرد بۆ ڕۆژی هه‌ڵبژاردن، پارتیش زانیاری ته‌واوی هه‌بوو یه‌كێتیی 150 هه‌زار ڕه‌گه‌زنامه‌ ساخته‌كردوه‌ به‌م شێوه‌یه‌: 120 هه‌زار ڕه‌گه‌زنامه‌ بۆ سه‌رۆك لیست و 30 هه‌زاریش بۆ كاندیده‌كانی دیكه‌ی حزبه‌كه‌ی.
پارتی زانیاری ته‌واوی هه‌بوو یه‌كێتیی ده‌یه‌وێ له‌ ڕێگه‌ی ( ئاسایش و ده‌زگای دژه‌ تیرۆر، چه‌ند ده‌زگایه‌كی دیكه‌ی سه‌ربازی) ساخته‌كاری بكات، به‌وه‌ی هه‌ركه‌سێك له‌ كارمه‌ندانی ئه‌و هێزانه‌ خۆیان و خانه‌واده‌كه‌یان له‌ چه‌ندین بنكه‌و وێسته‌گه‌ی جیاواز هه‌ریه‌كه‌یان چه‌ندین جار ده‌نگ بده‌ن، بۆ به‌رگه‌گرتن له‌م هه‌وڵه‌ی یه‌كێتیی و به‌تاڵكردنه‌وه‌ی پلانه‌كه‌یان، پارتی ڕێگه‌و پلانی خێراو جیاوازی گرته‌به‌ر.
له‌گه‌ڵ هه‌وڵی شكستهێنان به‌ ساخته‌كارییه‌كه‌ی یه‌كێتی، پارتیش له‌ سنووری خۆیدا پلان و ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ ئه‌نجامدانی پلانی ساخته‌كاری، له‌ سه‌دان بنكه‌و وێستگه‌ی ده‌نگدانی لاچه‌پ و شاراوه‌ به‌ ته‌واوی ئاماده‌بوو.
شه‌وێك به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردن ( 29ی ئه‌یلول) پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ ڕێگه‌ی نوێنه‌ره‌كانیه‌وه‌ كۆمسیۆنی له‌و پلانه‌ی یه‌كێتیی ئاگاداركرده‌وه‌، بۆئه‌مه‌ش هانی هه‌ریه‌ك له‌ ئیسماعیل خورماڵی ، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران و نوێنه‌ری یه‌كگرتووی ئیسلامی و ڕێزان حه‌مه‌ڕه‌شیدی له‌ گۆڕاندا، تاوه‌كو داوای كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجومه‌ن بكه‌ن و له‌وباره‌یه‌وه‌ بڕیارێ نوێ ده‌ربكه‌ن و، به‌ر له‌و ساخته‌كاریه‌ گه‌وره‌یه‌ بگرن، پارتی توانیشی قه‌ناعه‌ت به‌و كه‌سانه‌ بێنێت ، به‌ڵام ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی گۆڕان و یه‌كگرتوو نه‌یانده‌زانی پارتی بۆئه‌مه‌ ئامانجی دیاریكراوی خۆی هه‌یه‌، كه‌ فه‌شه‌ل هێنانه‌ ساخته‌كاریه‌كه‌ی یه‌كێتیه‌.‌
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران به‌ چه‌ند كاژمێرێكی كه‌م به‌ر له‌ ڕۆژی ده‌نگدان و دره‌نگانی شه‌وی 29ی ئه‌یلول، به‌ بێ ڕه‌زامه‌ندی یه‌كێتیی له‌وباره‌یه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌و كۆمه‌ڵێك بڕیاریان ده‌ركرد، یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كانیش ئه‌وه‌بوو: كه‌ پێویسته‌ له‌ ڕۆژی ده‌نگدان نفوس و ڕه‌گه‌زنامه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ به‌كاربهێنرێت، به‌مه‌ش هه‌وڵه‌كه‌ی یه‌كێتیی بۆ ساخته‌كاری شكستیپێهێنرا له‌ لایه‌ن پارتيیه‌وه‌ به‌ هاوكاری گۆڕان و یه‌كگرتوو.
یه‌كێتیی هه‌مان شه‌و له‌ ڕێگه‌ی سه‌رۆكی لیسته‌كه‌ی و مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردن ڕایگه‌یاند: ئه‌وه‌ گه‌له‌كۆمه‌ی پارتیيه‌ له‌ دژی یه‌كێتیی بۆئه‌م كاره‌شیان نوێنه‌رانی گۆڕان و یه‌كگرتوویان به‌كارهێناوه‌.
له‌ دوای بڕیاره‌كه‌ی كۆمسیۆن، یه‌كێتیی له‌ ڕێگه‌ی (...) په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ریه‌ك له‌ ( نێچیرڤان بارزانی و عومه‌ری سه‌ید علی و علی باپیرو سه‌ڵاحه‌دین بهائه‌دین) كرد، تاوه‌كو فشار له‌سه‌ر نوێنه‌ره‌كانیان بكه‌ن له‌ كۆمسیۆن، بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ به‌په‌له‌، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون.
دره‌نگانی هه‌مان شه‌و (29 ئه‌یلول) دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێتیی بێئومێد ده‌بێت له‌و چوار حزبه‌، په‌یوه‌ندی به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كه‌ن و په‌یامی خۆیان ده‌گه‌یه‌نن، به‌وه‌ی به‌یانی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ ڕاده‌گرن، به‌ڵام پارتی بێباكی خۆی نیشان ده‌دات و نایه‌ته‌ ژێرباری هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌و حزبه‌.
دواتر سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتیی به‌ تیمه‌كه‌ی و حزبه‌كه‌شی ڕاده‌گه‌یه‌نێت : تازه‌ بڕیاره‌كه‌ دراوه‌و ده‌بێ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌سته‌مه‌.
به‌یانی 30ی ئه‌یلول هه‌ڵبژاردن ده‌ستیپێكرد پارتی دیموكراتی كوردستان پێیوابوو: تازه‌ گۆڵی خۆی له‌ یه‌كێتیی كردوه‌و له‌ سنووری خۆشیدا به‌پێی پلانه‌كه‌ی خۆیان و به‌شێوازێكی ڕێكخراو ساخته‌كاریان ئه‌نجامدا، له‌به‌رامبه‌ردا یه‌كێتیی له‌ دوای عه‌سر هه‌وڵیدا ئه‌و كاره‌ ئه‌نجامبدات، به‌ڵام به‌ ته‌واوی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، هه‌ربۆیه‌ش هه‌ڵسا به‌جێبه‌جێكردنی پلانی Bی.
به‌ر له‌ چه‌ند خوله‌كێك به‌ر له‌ته‌واوبوونی پڕۆسه‌كه‌، یه‌كێتیی به‌شێكی پلانه‌كه‌ی به‌وه‌ جێبه‌جێكرد، كه‌ ته‌ركیزی خه‌ڵك و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و كۆمسیۆنی به‌ ئاڕاسته‌یه‌كی دیكه‌دا برد، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی سه‌عدی پیره‌، وته‌بێژی ئه‌و حزبه‌ له‌ به‌غداوه‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕه‌تكرده‌وه‌و هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌دیش به‌یاننامه‌یه‌كی له‌باره‌ی دژایه‌تی خۆی بۆ به‌رهه‌م ساڵح ده‌ربڕی بۆ بوون به‌ سه‌رۆك كۆمار.
یه‌كێتیی له‌ نیوه‌رۆی هه‌مان ڕۆژ له‌ ڕێگه‌ی د. رێبین، به‌ڕێوبه‌ری گشتیی كۆمسیۆن ده‌ستیكردبوو به‌ جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه‌ی، له‌سه‌ره‌تادا ئۆفیسی سلێمانی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئۆفیسی گشتیی له‌ هه‌ولێر بڕی و، هیچ داتاو زانیارییه‌كی نه‌نارد له‌ نێویشیان ڕێژه‌ی به‌ژداریكردن له‌ سنووری سلێمانی.
یه‌كێتیی له‌ سنووری هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌یتوانی كاری ساخته‌كاری ئه‌نجامبدات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌ڕێوبه‌ری گشتیی كۆمسیۆن له‌و پارێزگایه‌ سه‌ر به‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی بوو.
ئه‌و په‌یوندیيه‌ی ئۆفیسی سلێمانی و ئۆفیسی سه‌ره‌كی به‌ پچڕاوی مایه‌وه‌، تاوه‌كو 3 كاتژمێر دوای پڕۆسه‌كه‌؛ واته‌ تاوه‌كو كاتژمێر 9ی شه‌و ئۆفیسی گشتیی ئاگای له‌ هیچ له‌ داتاو زانیارییه‌كانی ئۆفیسی سلێمانی نه‌بوو. 
زانیارییه‌كان ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كه‌ن: له‌ ماوه‌ی ئه‌و 3 كاتژمێره‌دا هیچ كه‌س نه‌یده‌زانی ڕێژه‌ی به‌ژداریكردن له‌و پارێزگایه‌ چه‌نده، هه‌ربۆیه‌ش له‌وماوه‌یه‌دا یه‌كێتیی توانی به‌شێك له‌ پلانه‌كه‌ی جێبه‌جێبكات، ڕێژه‌ی به‌ژداریكردنی هاووڵاتیانی سلێمانی بۆ له‌ 54 % به‌رزكرده‌وه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌و رێژه‌ به‌ژداریكردنه‌ به‌ده‌ربوو له‌ هه‌موو پێشبینییه‌كان و، جگه‌له‌وه‌ش له‌ (8ی به‌یانی تاوه‌كو 12 نیوه‌ڕۆ) به‌پێی ئاماری كۆمسیۆن ڕێژه‌ی به‌ژداریكردن له‌و پارێزگایه‌ له‌ 9% بوو.
پاش 3 كاتژمێر ئینجا لقی سلێمانی كۆمسیۆن ده‌ستیكرد به‌ ناردنی داتاو زانیارییه‌كان، ئه‌م ڕه‌فتاره‌ی لقی سلێمانی كۆمسیۆن، به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی زۆر توڕه‌كردو، له‌ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند كاتژمێره‌دا له‌ كۆمسیۆن شه‌ڕو ده‌مه‌قاڵی له‌نێوان نوێنه‌رانی لایه‌نه‌كان دروستبوو، نوێنه‌ره‌كه‌ی یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ گۆڕان دوای پڕۆسه‌كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیان دا سازكردو هۆشداریان له‌وباره‌یه‌وه‌ دا.
زانیارییه‌كان ئه‌وه‌ده‌خه‌نه‌ڕوو: له‌ ماوه‌ی سێ كاتژمێره‌ی دوای كۆتایی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن پارتی و یه‌كێتیی، كۆمه‌ڵێك په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی خێرایان له‌گه‌ڵ یه‌كدا ئه‌نجامداوه‌و، هه‌ردووك لا چاوپۆشیان له‌ زۆر مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڵبژاردن و ساخته‌كاری كردوه‌و، بارودۆخه‌كه‌شیان به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌كی هێمنتر بردوه‌، چونكه‌ به‌هۆی لێدوانه‌كه‌ی وته‌بێژی یه‌كێتیی و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان، دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و ئاڵۆزی چووه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌ی مه‌له‌فی یه‌كتریان كردووه‌. 
به‌پێی زانیارییه‌كان هه‌رچه‌نده‌ یه‌كێتیی له‌وماوه‌یه‌دا له‌ جێبه‌جێكردنی پلانی دووه‌مدا توانی به‌شێكی زۆر له‌ ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانی زیادبكات، به‌ڵام ئه‌و ساخته‌كاریيه‌ی یه‌كێتیی له‌ قۆناغی دووه‌مدا ئه‌نجامیدا، له‌ ئاستی چاوه‌ڕوانی ئه‌واندا نه‌بوو، نه‌شیتوانی شوێنی پلانی یه‌كه‌میان بگرێته‌وه‌ كه‌ پارتی شكستیپێهێنا.
ئێستا كه‌ هه‌ڵبژاردن ته‌واوبووه‌و تاڕاده‌یه‌ك ئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان دیاره‌، پارتی به‌ ڕێژه‌یه‌كی یه‌كجار زۆر له‌ پێشه‌وه‌یه‌، یه‌كێتیی پێیوایه‌: پارتی پلانی هه‌بووه‌ بۆئه‌وه‌ی رێژه‌ی كورسییه‌كانی گه‌یاندۆته (44 بۆ 45) كورسی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا 10 كورسی كۆتاو دوو كورسی لیستی سه‌رده‌م و سۆشالیستیش هی ئه‌و حزبه‌یه‌، چونكه‌ پارتی ڕۆڵی هه‌بووه‌ له‌ هێنانی ده‌نگ بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌، ئامانجی سه‌ره‌كی پارتیش ئه‌وه‌یه له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مانی داهاتوودا زیاتر ده‌ستكراوه‌ بێت.
‌ پارتی و یه‌كێتیی له‌ماوه‌ی پێش هه‌ڵبژاردن ناكۆكییی زۆریان هه‌بوو له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆمار، به‌ڵام له‌ دوای ئه‌و گه‌له‌كۆمه‌ی پارتی له‌ دژی یه‌كێتیی، زیاتر په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ره‌و ئاڵۆزی ڕۆیشت، یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی كه‌ یه‌كێتیی له‌ به‌غدا كاندیده‌كه‌ی نه‌كشانده‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌و شه‌ڕه‌ی پشت په‌رده‌وه‌ هه‌بوو، كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا له‌ دژی یه‌ك ئه‌نجامیاندا.
ئه‌مه‌ ته‌واوی ناوه‌ڕۆكی چیرۆكه‌كه‌ نییه‌و، كۆتایی چیرۆكه‌ش نییه‌، هێشتا دونیایه‌ك زانیاری له‌وباره‌یه‌وه‌ شاردراوه‌ته‌و، مه‌گه‌ر هه‌ر پارتی و یه‌كێتی و خوا بزانن، له‌ماوه‌ی ئه‌و 24 كاتژمێره‌دا چی ڕوویداوه‌ ؟!

مافی بڵاوكردنه‌وه‌ی پارێزراوه‌ به‌بێ ناوهێنانی سه‌رچاوه‌كه‌ی ...

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand