بافڵلیزم
2018-10-05 08:13:27
■ سەردەشت حەمەساڵح
رێبازێكی دی، جیاوازە بۆ چەند نەوەیەكی راهێنراو بە چەمك و سیاسەتەكانی چەند دەیەی رابردو. بافڵلیزم، وێستگەیەكی نوێ بۆ سیاسەت و كاركردن. رەنگە زوبێ قسە لەسەر تەمەندرێژی بكرێ بۆ ئەم رێبازە، هەروەك زوشە قسە لەسەر باش بون یان باش نەبونی بكرێ.
ئەم رێبازە، جۆرێ لە جوڵەو خەونی قەتیسماوی تیایە، كە پێشتر لەبەر بونی كاریزما یان كەسی یەكەمی حزب نەتروكاوە، بەڵام دوای نەمانی ئەوان دەرچەیان بۆ لواوەو تروكاون و پەلاماری خێران و بەرەو خەونی بیرلێكراوەو گەڵاڵەبو جەسورن.
بەگشتی سەردەمەكە پێویستی بە جۆرێك لە سیاسەتی نوێ هەیە، بۆیە بافڵلیزم بازدانەكانیان بەسەر چەقبەستوییدا خێران، هەربۆیەش چاوەكان خراونەتەسەریان و لەسەریان وەستاون، بەتایبەت ئەم جوڵانەی بافڵ تاڵەبانی لە پرۆسەی سیاسی و كایەكەدا نوێن.
نوێییەكە هەر لە جوڵەكانیدا نییە، بەڵكو رێبازەكە لەهێرش دەچێ، كە تیایدا پەلەكاری هەیە بۆ روخان و تواندنەوەی ئەو سەهۆڵە سیاسیەی لەوەوبەر كە بێزراوە! بەگورجی دەرگای خەونی رێبازەكە دەكرێنەوەو لە حەزی خەڵكیش ئاڵاوە. بەتایبەت بەرگێكی پێوەیە كە باوەڕی بە بونیادی باوك و دایكیش نییە، ئەم بێباكییە بۆ رابردو سەرنجبەرە! كاتێك كاری نوێ نمایش دەكات.
لە چەند ساڵی رابردودا شەقام و نارەزایی هیچی لێ سەوز نەبو، بۆیە ئومێدەكە یان رونتر بڵێم تۆپەكە هاتۆتەوە یاریگای دەسەڵات، بۆیە بافڵ تاڵەبانی بە گۆڵكەری یاریگاكە دەبینرێت.
باشترە ئەم رێبازە تەنها بەرامبەر ركابەرەكانی هەنگاو نەگرێتەبەر، بەڵكو گرنگتریشە كار لەسەر خودی ئەو ژینگەیە بكات یان ئەو حزبە بكات كە كارەكتەرە سەرەكییەكانی ئەم رێبازە تێیدا گەورە بون و ئێستا خاوەنی دەرفەتن. دەرفەتێك كە دەتوانێ كاریزمایی بەدەست بهێنێت.
دوای رۆشتنی كەسە یەكەمەكان، ئاشكرا تر بڵێم، دوای كۆچی جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، بێ مۆڕاڵی زەق بۆتەوە، سەنگەرگۆڕكێ سانا بوە، سەوداكاری بە كەسیەتیەوە بڵاوە، تەنانەت ئەوانەی موریدو نزیكی هەردو سەركردە دەردەكەوتن، وێنەی بێوەفایی و بێ باكییان جوان دەبینرێ، حزبەكانیان وەك ئەو پۆلەی لێهاتوە كە مامۆستای لێ نەبێ، فەوزایەكی بێتام. بۆیە بافڵلیزم، جیا لەوەی پێناسەیەكی نوێیە بۆ كارو سیاسەت، فۆڕمێكیشە بۆ بەرگرتن لە بەڕەڵایی و بەرژەوەندخوازی كارەكتەرە سیاسییەكان. كە چەند دەیەیەكە بە كۆن و نوێكانەوە بەرگی رۆژگار دەپۆشن و بەربەستن بۆ گۆڕانكاری راستەقینە، لەبەر یارییەكانی خۆیان و بەرژەوەندییە شەخسییەكانیان ناهێڵن ئەو بەستەڵەكە بشكێ كە ناوی ( ئۆخەی ئۆخەی، هەركەس بۆخۆی ) دەگونجێ بۆی.
بافڵلیزم، وا دەریخستوە كە هەڵگری خەونی خەڵك و شەقامە، دەیەوێ بڵێ هیوا بەدی دەهێنم، لێ من دەترسێم، دەترسێم ئەمیش دواجار بچێتەوە سەر تموحاتەكانی پێشتر، دەترسێم تەنها بەرگێكی گۆڕی بێ. ترس بۆ؟
ئەم ترسە لەوەوە سەرچاوەی گرتوە كە سەرەتای رێبازەكە بە كڕین و پێدانی پلەو پۆست كارەكتەر كۆدەكاتەوە، كە ئەوە خامەیەكی تاقیكراوەن و باش نین و لە تاقیگەی خەڵك و رۆژگاردا ستۆكن. چونكە ئەوەی بكڕدرێ، دەشفرۆشرێ!.
بەڵام ئەگەر كڕدراوەكان بۆ ئەوەبێ، سیاسەتی ئەم رێبازە وابخوازێ هەمویان بكڕێ و دواتر لەگەنجینەیەكدا فڕیان بدا كە شوێنی شیاویانە، ئەوا بەرەو دروستی دەڕوا. ئەگەریش بۆ مۆنۆپۆڵی دەسەڵات بێ و بیەوێ نەوە كۆنەكان بدات بەیەكدا، ئەوا رێبازێكی عومر كورت دەبێ و ناگاتە مەكتەب!.
ئەوەی گرنگە بۆ رێبازی بافڵلیزم، تەنها سەركێشی نییە، بەڵكو گرتنەبەری سیاسەتێكی عەقڵانییە. مەرج نییە نوێكاری روخاندنی قەڵا كۆنەكان و دروستكردنی قەڵای نوێ و پتەوبێ، بەڵكو دەشێ هەندێ قەڵای كۆن بەدەمی ئەمڕۆ نۆژەن بكرێنەوە.
ژیرانەتریشە بافڵلیزم، سەرقاڵی ئاهەنگی سەركەوتنەكانی نەبێ، بەڵكو ئامادەیی بكا بۆ سەركەوتنی بەردەوام.
هیوادارم دوايی نەڵێین ( الیوم مثل بارحە) .