دوەم تێكشکانی مەسعود بارزانیی دوای ریفراندۆم
2018-10-04 11:28:18
■ كەمال چۆمانی
لەدوای ٢٠٠٣ەوە، یەکێتیی/بنەماڵەی تاڵەبانیی و پارتیی/بنەماڵەی بارزانیی هەمو پۆست و ئیراداتێکی وڵاتیان برا-بەش کردوە، بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە دەرەوەی ئەو رێککەوتنە، بۆ یەکەمجار بە پراکتیکیی رێککەوتننامەی ستراتیجیی لەقدەبێت. هێشتاش هەڵنەوەشاوەتەوە چونکە بەرژەوەندییەکان ئەو دوانە هەمیشە لەوە گەورەترن پرسی سەرۆک کۆمار بەتەواوی رێککەوتنە نادیموکراتیک و نانیشتیمانییەکانیان کۆتایی پێ بێنن.
پارتیی دەڵێت 'ئەو پۆستە [سەرۆک کۆمار] و شێوازی دانانی ئەمجارەی، بە نوێنەرایەتیی و ئیستحقاقی گەلی كوردستانی نازانین."
پرسیارێکی سادە بۆ پارتیی: ئێوە خۆتان لە خولی یەکەمدا چونەتە ناو کێبڕكێکەوە، کاندیدەکەتان دەرنەچوە، زانیوتانە دەرناچێت ئینجا كشاونەتەوە. ئێوە ئەگەر لە بنەڕەتدا نەچوبانە ناو هەڵبژاردنەکەوە، رێیتێدەچو ئێستا ئەو گلەیییە بکەن، بەڵام ئێستا ئەو گلەیییەتان نرخی نییە. پرسیارە سادەکەی من ئەوەیە؛ ئەگەر فوئاد حوسێن لە هەڵبژاردنەکە بیبردایەتەوە، ئەوکاتیش دەتانگوت ئەوە "نوێنەرایەتیی و ئیستیحقای گەلی کوردستان" نییە؟
نەخێر، واتان نەدەگوت.
پارتیی هێشتا پێیوایە سیاسەتی کوردیی دەبێت لەلایەن بارزانییەوە دابڕێژرێت، تەنها هێزیش کە بە شایانی پشکداریی دەبینن، یەکێتیی و بنەماڵەی تاڵەبانیین. هیچ کاندیدێکی دیکەی کوردیشیان لا گرنگ نەبو، تەنها کاندیدەکەی یەکێتیی. ئەو عەقڵیەتیی تەماشاکردنی کوردستان وەک موڵکی کەسیی و بنەماڵەیی و حیزبیی، ویستی فاشیستانەی لە پشتە.
لەناو سونەدا، بە هەمان میکانیزم کاندیدێک هەڵبژێردرا کە بەهێزترین کاندیدی سونە کە لە شەڕی داعشیش دەوری هەبوە و پێشتر وەزیر بوە، بەرانبەر گەنجێکی سونە دۆڕا. شیعەکانیش لە سونە و کورد باشتر بون؛ ئەوان کە زانیان کەس ناتوانێت کاندیدێکی خۆی یەکلابکاتەوە، رێککەوتن لەسەر کاندیدێکی بێلایەن، هەرچەندە بە هەمان میکانیزم بوە و ئێستا کاندیدەکە زیاتر کاندیدی "کوتلەی ئەکبەر"ە، بۆ نمونە کوتلەکەی عەبادیی ئیمزای لەسەر ئەو بەیاننامەیە نەکردوە کە داوا لە سەرۆک کۆمار دەکات بۆ راسپاردنی سەرۆک وەزیران عادل عەبدولمەهدی.
بەڵام دەبێت پارتیی لەوە تێبگات ئەو کەڵەگایییەی لە هەولێر دەیکات، لە بەغداد ئاسان نییە چونکە بەغداد سەرکەوتوتر بوە لە دەستاودەستکردنی دەستەڵات لە بەغداد لەدوای ٢٠٠٣. ئەوە پێنجەم سەرۆک وەزیران و سێیەم سەرۆک کۆماری فیعلیین دەگۆڕێن، لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان تەنها بۆ ماوەی دو ساڵ سەرۆک وەزیرانێک گۆڕاوە کە دەستەڵاتەکانی تەنها لە چوارچێوەی سلێمانیی و هەندێک پرسدا بو لە هەولێر و دهۆک.
هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە دەرەوەی رێککەوتنی یەکێتیی و پارتیی و هەردو بنەماڵەی تاڵەبانیی و بارزانیی، هەنگاوێکی پۆزەتیڤە -پێشتریش لەو بارەیەوە نوسیومە- بەڵکو ئەمە هەنگاوێک بێت بۆ ئەوەی لەناو پارلەمانی عێڕاق لەو چوار ساڵە هێزەکان چیتر لەسەر بنەمای ئێثنیسیتیی و طائیفە هاوپەیمانێتیی دروستنەکەن و پرسەکان پێشنەخەن، بەڵکو ئەو سیاسەتی موحاسەسە و بنەما ئێثنیسیتیی و طائیفییانە تێبپەڕێنن. ئەوکات چیتر هێزە راستڕەوە توندەکانی بەغداد و هەولێر ناتوانن کوردایەتیی و عوڕوبە و مەزهەبگەرایی بەکاربێنن بۆ گەوجاندنی خەڵک. بەڵکو ئەوە ببێتە بنەمایەک بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوی عێڕاقدا، لەبری ئەوەی دوای هەڵبژاردن هاوپەیمانێتییەکان دروستببن بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵکو لە هەڵبژاردن هێزی کوردیی و شیعیی و سونیی و هتد... ببینین هاوپەیمانێتیی جیاواز دروستبکەن و دیموکراسیی لە عێڕاقدا هەنگاوێک بچێتە پێش. ئەوانەی دەڵێن ئەمە مەحاڵە، دەیانەوێت ئەو دۆخە هەنوکەیییە بمێنێتەوە. بۆ ئەوەی ئەو دۆخە تێبپەڕێت، دەبێت هێزەکان جورئەتیان هەبێت و عەقڵییەتی سیاسیی خۆیان بگۆڕن.
شیعە و سونە و کورد زۆر نادیموکراتیکانە سێ پۆستی باڵای عێڕاقیان لەسەر خۆیان تاپۆکردوە، کەچی باسی مافی نەتەوە و ئاین و ئاینزاکانی دیکەی عێڕاق دەکەن. تاوەکو ئەو دابەشکارییە بمێنێت، هەرگیز نابینین ئێزیدییەک، کاکەیییەک، مەسیحییەک، کەلدۆ-ئاشورییەک یان ئەرمینیی و شەبەکێک ببنە سەرۆک وەزیران و سەرۆک پارلەمان و سەرۆک کۆمار، لە کاتێکدا لەوانەیە لەناو ئەو پێکهاتانە دەیان کەسی لێهاتوتر هەبێت بۆ ئەو پۆستانە.
ئەمە دوەم تێكشکانە بۆ مەسعود بارزانیی دوای تێكشکانەکەی ریفراندۆمی ساڵی پار. پشکی سەرەکیی ئەو تێکشکانە بۆ دیکتاتۆرییەت لە قەرار دروستکردن دەگەڕێتەوە لەناو پارتییدا. پارتیی قبوڵی نییە قەرارەکان لەسەر بنەمای خوێندنەوەی هەمەلایەنەی مەسەلەکان دروستببن، بەڵکو ویستێکی کەسیی، بنەماڵەیی و حیزبییان هەیە و دەیانەوێت بیسەپێنن. ئەم کەڵەگایییە بۆ هەولێر دەخوات و دەتوانن سەرۆک پارلەمان دەربکەن و پارلەمان دابخەن، بەڵام کە دێتە سەر پارلەمانی بەغداد و ئەو پرسانەی کە پەیوەستن بە ئیقلیم و وڵاتانی دەرەوە، پارتیی دەبێت باشتر راوێژ بکات و بارزانییش لە تەواوی پرسەکان ئاگاداربکرێتەوە. بارزانی جاری دوەمیەتی لێکدانەوەی هەڵە بۆ روداو و پرسەکان دەکات، هەردو جاریش بە شکستی خۆی تەواوبوە.