Draw Media

لەبارەی عادل عەبدولمەهدییەوە..

لەبارەی عادل عەبدولمەهدییەوە..

2018-10-04 10:38:00


■ یاسین تەها 
زۆربەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق كۆڵێك هیوایان بە عادل عەبدولمەهدی هەیە. ناوبراو ئیداری و سیاسییەكی قورس و بیرمەندو نوسەرێكی ئابوریی‌و ستراتیژیی ناسراوی عێراقە. سەدرییەكان بە دەستەگوڵی خۆیانی دەزانن بەوپێیەی لەئێستادا سەربەخۆیەو مەرجەكانی نەجەفەی تێدایە. حەكیم و مەجلیسی ئەعلا پێیانوایە ئەوان براوەن بەڕاسپاردنی، چونكە پێشتر سەركردەیەكی دیاری ریزەكانی ئەم ڕەوتە بووە. پارتی‌و یەكێتی شاگەشكەن بە هەڵبژاردنی، چونكە هاوڕێی نزیكی بنەماڵەی تاڵەبانی‌و بارزانییەو پێشتر چەندین جوتە پێڵاوی سەردەمی خەباتی لە چیاكانی كوردستاندا دڕاندووە. ئێران بە كەسێكی وەلائیی دەزانێت، چونكە نزیكترین كەس بوو لە محەمەد باقر حەكیم‌و عەبدولعەزیزی برای. باكگراوەندە كۆنەكەشی لە دەورانی چەپ، لای رەوتی مەدەنی خۆشەویستی كردووە، رەگەزنامە فەڕەنسییەكەی‌و هەردوو بڕوانامە ماستەرەكەی لە بواری كارگێڕی‌و ئابووری نزیكی دەكاتەوە لە ئەمەریكی و ئەوروپییەكان. خەڵكی باشوری عێراق پێی دڵخۆشن، بەوپێیەی لەئەسڵدا بنەماڵەكەی خەڵكی ناسریەن‌و بەقسەی خۆیان "شروگی"یەو ئەزانێت لە خەموژانی شۆرەكاتی ئاو. 
بەڵام سەرباری هەموو ئەمە، رێگای ناوبراو پڕە لەدڕك‌و داڵ‌و قۆناغێكی سەخت چاوەڕێی دەكات، تەنها یەك ساڵیش مۆڵەتی پێدراوە بۆ ئەوەی وێنەیەكی جیاواز لە خەراباتێكی گەورەدا پێشكەش بكات.
عەبدولمەهدی لە 12 مانگدا دەبێت بەرەنگاری زۆر دۆسیە ببێتەوە لەوانەش: قەرزەكانی سەر عێراق، جێبەجێكردنی یاسای حەشد، كێشەی كەركوك‌و ناوچەی جێناكۆك، چەكی عەشایەر لە باشوور، كێشەی وشكەساڵی‌و كەمئاوی، شەڕەقۆچی ئەمەریكاو ئێران لەسەر خاكی عێراق، مەترسیی پاشماوەكانی داعش، مافیاتی فەسادو گەندەڵی حیزب‌و وەزارەتەكان، ئاوەدانكردنەوەی شارە كاولەكانی پاش شەڕو زۆر دۆسیەی تری ئاڵۆز.
هاتنی عادل كۆتاییهێنا بە 15 ساڵ حوكمڕانی حیزبی دەعوە، بەڵام ئەگەر شكست بهێنێت رەنگە لەگەڵیدا سیستمی پاش 2003 بەتەواوی هەرەس بكات‌و ئەمیش كۆتا سەرۆك وەزیرانی ئەم تایپە حوكمڕانییە بێت، چونكە بارودۆخ بەبەرییەوە نەماوە. 
زۆربەی لایەنەكان یەكدەنگ بوون لە كاندیدكردنی عەبدولمەهدی، بەڵام ناوبراو هیچ كوتلەو هاوپەیمانێتییەكی راستەوخۆی نییە لە پەڕلەمان تا پشتیوانی بكەن‌و بەڕوونی نازانرێت لەمەولا كێ پاڵپشتی یاسایی بۆ هەنگاوەكانی دابین دەكات؟ جگە لەوەش تەمەنی هەڵكشاوە بۆ سەروو 75 ساڵ‌و وەك جاران حەوسەڵەی نەماوە. جاران لەتافی گوڕی خۆیدا هەمیشە وازنامەیەكی نوسراوی لە گیرفاندا بوو، چ جای ئێستا كە هەم تەندروستی‌و هەم بارودۆخەكە سەختترە. سەرباری هەموو ئەمانەش هێشتا گەشبینی بۆ سەردەمی ئەو زاڵترە لەهەموو ئەگەرێكی تر بەتایبەت كە برادەری نزیكی سەرۆك كۆمارەو پێكەوە گونجانی زۆر هەیە لەنێوانیان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand