نەوشیروان مستەفا چی وت بۆ نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی!
2018-10-03 21:16:17
■ كەمال رەئوف
چەند مانگێك پێش وەفات كردنی تاڵەبانی، بۆ جاری سێهەم لەدەباشان چوومە دیدەنی، ئامانجی سەردانەكە گەیاندنی پەیامێكی گللەیی ئامێزی كاك نەوشیروان بوو، لەسەر جێبەجێنەكردنی هەندێك لەوخاڵانە، كە بریار بوو وەك دەستپێكی رێككەوتنێكی فراوانتری هەردولایان، یەكێتی وەك نیشاندانی نیەت پاكی ئەنجامی بدات. لە سەرەتای بەهاری 2012 سەردانەكان دەستی پێكردبوو، لەیەكێك لەسەردانەكان كە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیم ساز كرد بۆ هاوڵاتی، ئارا ئیبراهیم هاوكارم بوو. دانیشتنەكان وا رێكدەخرا دوو بەدوو بێت، كۆتا جاری دیدەنیش، ناوەراستی مانگی هەشت بوو، ئەوكاتە مام جەلال بۆ چەند رۆژێك هاتبوەوە بۆ سلێمانی، لەودەمەدا پەیوەندیەكانی نێوان بزووتنەوەی گۆران یەكێتی، رووی لەهێوركردنەوە كردبوو، مەوعیدەكە پێشتر دانرابوو، دەبوو بۆ یەكتر بینینەكە بچمە دەباشان، ئەو رۆژە پێش ئەوەی بچمە دەباشان، شەو بەتەلەفۆن قسەم لەگەڵ كاك نەوشیروان كرد و ئاگادارم كردەوە لەمەوعیدەكە، ئەویش داوای كرد پێشتر بچمە لای لە گردی زەرگەتە تا لەنزیكەوە لەسەر سەردانەكە قسە بكەین، بەڵام ئەم جارە بینینەكە بەتەنها نەبوو، كاك نەوشیروان بۆ ئەوەی هەندێك لەبرادەرەكانی لەسەردانەكە ئاگاداربكاتەوە ئامادەی كردبوون و داوای كرد لەزمانی منەوە باسی ئاكامی سەردانەكانی پێشوو بكەم، تائەوانیش سەرنج و تێبینیەكانی خۆیان بخەنە سەر پەیامەكەی كاك نەوشیروان.
دوایی وەرگرتنی پەیامەكە راستەوخۆ چوومە دەباشان، لەوێ مام جەلال چاوەرێ بوو، مام جەلال وەك سروشتی خۆی نیوەرۆخوانێكی رێكخستبوو، زۆر بە ئارامییەوە گوێی بۆ پەیامەكە راگرت، دواتر وتی" ئەوان هەقی خۆیانە رەنگە برادەرەكانی ئێمە كەمتەرخەمیان كردبێت، بەڵام وادەكەم ئەو گرفتانە بەخێرایی چارەسەر بكەین". چەند پێشنیارێكی تری بۆ نزیك بوونەوەكە كرد، لەوانە ئاگادار كردنەوەی پارتی و كاك مەسعود، چونكە رەئی وابوو بۆ ئەوەی ئەوان واتێنەگەن ئەم نزیك بونەوەیە بۆ پیلانە لەدژی ئەوان، دواتر باسی لەمیكانیزمی چارەسەرەكانیش كرد و پێشنیاری كرد سەردانی كاك مەسعود بكەم، دواتر وەك هەموو جارێك بەحورمەتێكی زۆرەوە باسی رۆڵی كاك نەوشیروانی كرد، بەجۆرێك قسەی دەكرد كە مرۆڤ نەتوانێت گومان و شكی هەبێت سەبارەت بە خۆشەویستی و پەرۆشی بۆ كاك نەوشیروان.
ئەركی من ئەوەبوو هەندێك لەسەرنجە جدیەكان تۆماربكەم و وەك خۆیی بیگەیەنمەوە، بەشێكی تری قسەكان، كە گشتی بوون وەك وتووێژ باسم دەكرد. هەركەس كە لەنزیكەوە كاك نەوشیروانی ناسیبێت دەزانێت، كە ئەو بەسروشتی خۆی گوێگرێكی باش بوو، بەئارامی گوێی دەگرت، لەهەمانكاتیشدا حسابی بۆ بچوكترین دەربرین دەكرد، بۆ كۆتا جاریش هەستم كرد كە كاك نەوشیروان و مام جەلال لەخۆم باشتر لە پەیامەكانی یەكتر تێدەگەن و دەمزانی ویستێكی زۆر دروست بوە لەهەردولاوە بۆ نزیك بوونەوەی زیاتر. ئەمە جگە لەوەی دواتر زانیم لەپاڵ ئەو هەوڵەدا هەوڵی تریش لەئارادابووە بۆ نزیككردنەوە و لێكتێگەیشتنی نێوانیان، كە ئێرە شوێنی نییە باسی بكەین. هەر لەو ماوەیەدا بۆ چەند جارێك چاویان بەیەكتر كەوتبوو، لە 24/9/2012 وەك شاندنی گۆران سەردانی دەباشان كرا و بە رەسمی لە میدیاكانەوە بڵاوكرایەوە، دوا چاو پێكەونیش ئەو سەردانەی تاڵەبانی بوو بەچەند رۆژێك پێش نەخۆشكەوتنی سەردانی ماڵی كاك نەوشیروانی كردبوو.
رۆژی 17/12/2012 هەواڵی نەخۆشكەوتنی مام جەلال لەمیدیاكانەوە بڵاوكرایەوە، من لەئۆفیسی رۆژنامەی هاوڵاتی لەگەڵ هاوكارەكانم سەرقاڵی ئیشكردن بووین، كەس زانیاری وردی لانەبوو كەچی رویداوە، هەندێك لایان وابوو وەفاتی كردوە، هەندێكی تریش گومانیان بۆشتی تر دەچوو، ئێمە وەك هاوڵاتی تەنها هەواڵی نەخۆشكەوتنەكەیمان بڵاوكردوە، پاش چەند دەقیقەیەك لەبڵاوكردنەوەی هەواڵەكە، كاك نەوشیروان تەلەفۆنی كردو پرسیاری ئەوەی كرد، چیت دەبارەی تەندروستی مام جەلال لەلایە. دوای قسەكردن وتم ئەگەر بە گوێی من ئەكەی تەلەفۆنێك لەگەڵ هێرۆخان بكە، دیاربوو پێشنیارەكەی قبوڵ بوو، بەڵام هیچی نەوت، پاش نیوسەعات تەلەفۆنی كردەوە، وتی تەلەفۆنم لەگەڵ كرد و پێشموتون چی بەمن ئەكرێت بیكەم، دواتر وتی دیارە باری تەندروستی جێگیر نییەو رەنگە بیبەنە دەرەوەی وڵات.
چەند هەفتەیەك بەسەر نەخۆشكەوتنی مام جەلال تێپەریبوو، ئومێدی چاكبونەوەی خێرا و گەرانەوەی نەبوو، هەواڵەكان تەنها ئەوەبوون گەیەنراوەتە ئەڵمانیاو دكتۆرەكان دەڵێن هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەیە لەمردن رزگاری بكەن. لەنێوان یەكیتی و گۆرانیش نزیككەوتنەوەو رێككەوتن پەكیان كەوتبوو، چونكە پێشتر بە ئامادەیی هەردوكیان هەندێك گفتوگۆ لەسەر رێككەوتنەكە هەبوو هیچ كەس لە گۆران و یەكێتی ئاگاداری وردەكارییەكانی نەبوون. لەو سەروبەندەدا بەكارێك چووم بۆلای كاك نەوشیروان ئەو لەژوورەكەی خۆی بەپێوە وەستابوو، چەند كەسێكی تری لابوو، هێشتا بەپێوە بوو هەواڵی دەنگوباسی لێپرسیم، پاشان خۆی باسی تەندروستی مام جەلالی كردو بەتاسەوە وتی"ئەم جارە مام جەلال لەهەموومان رۆیی، چونكە ئەو رێككەوتنەكەی بەراست بوو، پرۆژەكەی ئێمەی بە گرنگ دەزانی و بەڵینی دابوو بیخاتە سەر سككە" بۆیەكەم جاربوو لەدوای ئەو هەموو یەكتر بینینە كاك نەوشیروان ئاوا ببینم كە بروای بەوەهێنابێت، مام جەلال بەراستیەتی بۆ رێككەوتن، بۆیە هەستم بەوەكرد بەنەخۆشكەوتنی مام جەلال كاك نەوشیروانیش بێئوێد بوو لەسەر كەوتنی رێككەوتن، بۆیە بە قوڵی وتی "مام جەلال لەئێمە رۆیی".