Draw Media

سەردەمی پاڤێڵ تاڵەبانی

سەردەمی پاڤێڵ تاڵەبانی

2018-10-03 17:18:42


 ■  بڕوا بەرزنجی

لە نەخۆشکەوتنی مام جەلالەوە، ئیتر دەوری پاڤێڵ تاڵەبانی ڕۆژ بە ڕۆژ دەردەکەوێت لە بڕیاردانی ناو یەکێتیدا.
بەڵام لە گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەکێتی و کاندیداکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، لە ھەمویشی گرنگتر سەرکەوتنی کاندیدەکەی تاڵەبانی کوڕ لەبەرامبەر کاندیدەکەی بارزانی. بەم درامای ململانێی پۆستی سەرۆک کۆمار، سەلماندی بۆ ناوخۆی حزبەکەیی و دەرەوەیی حزبەکەی کە ئیتر پیاوی بڕیارە قورسەکان دەبێت.
لەدوای ٣١ ی ئاب و وەستانی شەڕی ناوخۆوە ، یەکەم جارە یەکێتی بەڕاستی و تاکۆتایی ململانێی بارزانی بکات ودەرئەنجام شکستی بارزانی بێت. کە پێناچێت ئەم ململانێ نوێیە لێرەدا بوەستێت، بارزانی بە تەمەنێکی لە سەرو حەفتا ساڵییەوە جارێکیتر دەکەوێتە ململانێ لەگەڵ تاڵەبانییەکی گەنج.

تاڵەبانی کوڕ، تا ئێستا وەک کەسێکی سەربازی و هەواڵگری ناسراوە. کە یەکەم دەرکەوتنیشی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٣ و لێدانی ئەنسار ئیسلام لە ھەورامان و دروستکردنی دژەتیرۆر. وەک کادرێکی باڵای یەکێتی و نزیک لە ماڵی مام جەلال پێی وتم"مام جەلال دوری خستەوە چونکە پێیوابوو توند و عینادە". 

 بۆ لەمەودوا هەنگاوەکانی بە ئاڕاستەی ترۆپکی دەسەڵاتی سیاسییە لەناو یەکێتی و زۆنی سەوزیشدا.
لەماوەی ڕابردودا هەنگاو بە هەنگاو کاری لەسەر ئەم ستراتیژەی کردوە.
لە نەخۆشکەوتنی مام جەلالدا، یەکێتی بە دەیان باڵی تێدا بوو. کە ڕایان وابوو ئەوان دەتوانن یەکێتی بەڕێوە ببەن. ناوەندی بڕیار لە لایەن بەرھەم ساڵح و کۆسرەت ڕەسوڵەوە دیارترینیان بوو. 
 بەڵام ھەنگاوەکانی ئەم کارەکتەرە نوێیە، ڕێاگانی باڵ باڵێنی کورت کردەوە بۆ یەک ڕێگا کە دەباشانە. 

گەڕانەوەو کاندیداکردنی بەرهەم ساڵح، گفتوگۆی ئەم ماوەیە نییە، کادرە باڵاکەی یەکێتی پێی وتم"لە دانیشتنێکی تایبەتدا لە دەباشان، لە ساتەوەختی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پێشو بۆ پەڕلەمانی عێراق، لەبارەی د.بەرهەم و حزبەکەی، پاڤێڵ تاڵەبانی پێی وتین: نامەوێت کەس هێرش بکاتە سەر کاک بەرهەم و دژایەتی بکرێت. کاک بەرھەم برای ئێمەیەو کوڕی ماڵەکەیە"
ئێستا، بەرهەم ساڵح کە بەدەر لە حزبەکەی و دوو کورسی پەڕلەمانی عێراق کەدەچنە پاڵ یەکێتی، کۆتایی بە ململانێ و جیابونەوەیش  لەناو یەکێتی ھێنا، کە لە دروستبونیەوە ئەم حزبە پێوەی دەتلێتەوە. چیترکوتلە دروستکردن و بیرکردنەوە لە جیابونەوە ڕێگایەک لە ڕێگا سەرکەوتوەکان نابێت.
بەرھەم ساڵح، خۆی و ئایندەی سیاسی لە بەغدادەو پێناچێت چیتر بەڕێوەبردنی یەکێتی، لە خەیاڵدانی ئەودا مابێت. ھاوکات قوباد تاڵەبانی ، کوڕی بچوکی تاڵەبانی کە پێشتر و لە سەردەمی مام جەلالدا  چاوەکان لەسەر ئەو بون،  وەک کەسێکی دیپلۆماسی، بەڵام وادەردەکەوێت، ڕوی حکومداری ماڵی تاڵەبانی و یەکێتی بێت لە ھەولێر.
وێنەکە وا پیشاندەدات، ئەوەی لەسەر کورسی دەباشان دادەنیشێت، پاڤێڵ تاڵەبانییەو بڕیارەکانی زۆنی سەوزیش  لەوێدەدرێت. 
بەتایبەتی، کاتێک یەکێتی لە دوو ھەڵبژاردن پێشودا پێش بزوتنەوەی گۆڕان کەوت.  ھەروەک لە غیابی نەوشیروان مستەفا و بۆ لەمەودوایش غیابی  ھێرۆ ئیبرایم ئەحمەدی دایکی  ، بەھۆی باری تەندروستی،  کە ئەم  قسەیە بۆ کۆسرەت ڕەسوڵیش ڕاستە.
واتە لە بەرامبەر بارزانیدا ، بڕیار و ئیرادەیەکیتر ھەیە، کە تاڵەبانی نوێیە. 
ھەرچەندە تا ئێستا بارزانی و پارتی نایانەوێت دان بەم ڕاستییەدابنێن،  کە پێدەچێت درامای ڕوداوەکانی دوو ساڵی  ڕابردو توشی شۆکی کردبن.
بەڵام یەکێک لە ڕەخنەکانی بارزانی و پارتی ، لە  دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلالەوە ئەوەبوە،  کە نازانن  بڕیاری زۆنی سەوز لەکێ وەربگرن،
بۆ لەمەودوا وەڵامی ئەو پرسیارە ڕونە.
ئیتر لێرەوە  ئێمە لە سەردەمی ململانێی  نەوەی دوھەمی جەلالییەکان و نەوەی سێھەمی  مەلاییەکان دەژین.
"بەخێر بێن بۆ سەردەمی پاڤێڵ تاڵەبانی".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand