Draw Media

ئه‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌م بارزانی

ئه‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌م بارزانی

2018-10-03 13:46:29


 

■ توانا عوسمان 

كاك مه‌سعود بارزانی كه‌ كاندیدی شه‌خسی خۆی “د.فوئاد“ بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار پێشكه‌شكرد و ڤیتۆیه‌كی رانه‌گه‌یه‌نراویشی له‌سه‌ر د.به‌رهه‌م دانا، شتێكی وایكرد كه‌ له‌كۆتایی گه‌مه‌كه‌دا وه‌ك سه‌رنه‌كه‌وتوو ده‌ربكه‌وێت “ئه‌كرا كاك نێچیرڤان بكاته‌ ئه‌دره‌س و په‌له‌ له‌به‌یاننامه‌ شه‌خسیه‌كان نه‌كات به‌ناوی خۆیه‌وه‌یه‌ و هه‌روه‌ها رێگه‌ش له‌وه‌ بگرێت د.فوئاد زوو زوو بڵێت من كاندیدی به‌رزانیم و وایبكردایه‌ پارتی ببێته‌ ناونیشانی ئۆپراسینۆنه‌كه‌ نه‌ك جه‌نابیان”.

بۆیه‌ له‌ئێستادا بارزانی ناچاره‌ كرده‌وه‌‌یه‌ك یان هه‌ڵوێستێكی روونی وا بنوێنێت ‌شوێنی ئه‌و كه‌لێنه‌ پڕبكاته‌وه‌ كه‌خستیه‌ ناو چاوه‌ڕوانی خۆی و لایه‌نگرانی و كایه‌ی سیاسیه‌وه‌ به‌گشتی.

بارزانی دوو ڕێگه‌ی له‌به‌رده‌مدایه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، رێگه‌ی یه‌كه‌م دۆزینه‌وه‌ی هاوبه‌شێكی سیاسی تر‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم، رێگه‌ی دووه‌میش مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌سه‌ر بنه‌مای كورسی وه‌ك برا بچوكێك.

له‌راستیدا گرتنه‌به‌ری رێگه‌ی یه‌كه‌م له‌ئێستادا زۆر قورسه‌ ئه‌گه‌ر ئاسته‌میش نه‌بێت‌، چونكه‌ تێپه‌ڕاندنی یه‌كێتی و دروستكردنی حكومه‌تێك بێ یه‌كێتی سه‌ركه‌وتوو نابێت له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌:

1. هه‌رێمی كوردستان له‌دوو قه‌ڵه‌مڕه‌وییه‌ی جوگرافی سه‌ربازی و ئابوریی پێكهاتوه‌‌، قه‌ڵه‌مره‌وی پارتی كه‌ بادینان و به‌شی زۆری هه‌ولێره‌و ‌خاوه‌نی سه‌رچاوه‌ی دارایی و په‌یوه‌ندی هه‌رێمی و هێزی چه‌كداری و ده‌روازه‌ی سنوریی خۆیه‌تی، قه‌ڵه‌مره‌ویی یه‌كێتیش كه‌سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌و گه‌رمیانه‌ ئه‌ویش دارایی و ده‌روازه‌و چه‌كدار و په‌یوه‌ندی خۆی هه‌یه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستاندا حكومه‌تێكی هه‌رێمی یه‌كگرتوو دروست نابێت به‌بێ ئه‌وه‌ی دوو هێزی چه‌كدار و ئابووری له‌ هه‌ردوو قه‌ڵه‌مره‌وه‌كه‌ به‌شداری له‌دروستكردندا نه‌كه‌ن، هه‌ر هه‌وڵێكی له‌و جۆره‌ش بدرێت سه‌رده‌كێشێت بۆ دوو ئیداره‌یی و دواتریش ره‌نگه‌ بگاته‌ شه‌ری ناوخۆ كه‌پێم وابێت له‌م قۆناغه‌دا ئه‌گه‌رێكی زۆر دوور بێت.

2. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی ئێستا كه‌ بێ زه‌عیمێكی وه‌ك كاك نه‌وشیروانه‌ و كه‌ له‌بری ٢٥ كورسی ١٣ كورسی هێناوه و هێزێكی بێ چه‌ك و بێ ئابورییشه‌‌‌، ناتوانێت وه‌ك هاوبه‌شێك به‌ته‌نها نوێنه‌رایه‌تی قه‌ڵه‌مره‌ی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌و گه‌رمیان بكات به‌رامبه‌ر به‌ پارتی له‌حكومه‌تی یه‌كگرتووی هه‌رێمی كوردستاندا.

3. ئێران كه‌پشتیوانی یه‌كێتیه‌ و به‌شداره‌ له‌هێشتنه‌وه‌ی پێگه‌ی یه‌كێتی به‌به‌هێزی له‌هاوكێشه‌ی عێراق و هه‌رێمدا، بوار نادات هاوپه‌یمانه‌كه‌ی "كه‌ قوڵایی ستراتیجی و سنوری ئه‌منی و جوگرافی هاوبه‌شیان پێكه‌وه‌یه" په‌راوێزبخرێ.

رێگه‌ی دووه‌م رێگه‌یه‌كی كراوه‌یه‌ له‌به‌رده‌م بارزانیدا ئه‌ویش مامه‌ڵه‌كردنه‌‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی وه‌ك خاوه‌نی نیوه‌ی كورسیه‌كانی پارتی له‌په‌رله‌ماندا، واته‌ سه‌وداكردنه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی وه‌ك خاوه‌نپشك به‌پێی ده‌نگه‌كانی نه‌ك هاوبه‌شێكی یه‌كسان "كه‌ تاراده‌یه‌ك" له‌ساڵانی پێشوودا كردویه‌تی.

ئه‌م مامه‌ڵه‌ كردنه‌ش هه‌م بۆ پارتی و هه‌م بۆ یه‌كێتی بێ سه‌ریه‌شه‌ و گرژی و مانۆڕ نابێت، چونكه‌ قۆناغێك له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنێت له‌یاریكردنی پارتی له‌ناكۆكیه‌ موزمینه‌كانی یه‌كێتی و موجامه‌له‌كردنی هێزه‌كانی تری قه‌ڵه‌مره‌وی سلێمانی و ئیسلامیه‌كان، ئه‌مه‌ش دۆخێكی تازه‌ دروست ده‌كات له‌ململانێ و ناكۆكی له‌هه‌رێمی كوردستاندا، كه‌ پێشبینی كردنی ده‌رئه‌نجامه‌كانی له‌ئێستادا ئاسان نیه‌.

رێگه‌ی سێهه‌م كه‌ له‌ئه‌سڵدا له‌ئارادا نیه‌‌، من وه‌ك خه‌ونی خۆم پێشكه‌شی بارزانی ده‌كه‌م،:رێگای سێهه‌م خۆ به‌هێزكردنه‌ به‌چاكسازی و چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری و سه‌روه‌ركردنی یاسا، ڕێگا راسته‌كه‌ شه‌ڕی نمونه‌ و پیشاندانی ئیراده‌ی باشكردنی وه‌زعی كوردستانه‌ و هیچی تر.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand