Draw Media

یه‌كێتی باجێكی گه‌وره‌ ده‌دات….؟

یه‌كێتی باجێكی گه‌وره‌ ده‌دات….؟

2018-10-02 12:03:57


شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د

بێ گومان كاندید كردن و خۆ كاندید كردن كارێكی ڕه‌وایه‌ و ئاسایی و مافی هه‌موو تاك و حزب و لایه‌نێكه‌ بۆ هه‌ر پۆست و پله‌ و شوێن و كارێك … 
به‌ڵام به‌راستی ناڕه‌وا و نائاساییه‌ كه‌‌ پۆستی سه‌رۆك كۆماری وڵاتێكی فره‌نه‌ته‌وه‌ی خێر له‌خۆ نه‌دیوی وه‌ك عیراق بكرێته‌ بابه‌تێك كه‌ ببێته‌ هۆی زیاتر لێكترازان..
مام ساڵه‌های ساڵ خه‌‌باتی كرد له‌ پێناو یه‌كریزی ناو ماڵی كورد و ئاشته‌وایی و پێكه‌وه‌ ژیان و ئارامی و لێك نزیك كردنه‌وه‌ی گشت حزب و لایه‌ن و نه‌ته‌وه‌ و مه‌زهه‌ب و ئاین و چین و توێژه‌كانی عیراق و باجێكی زۆریشی بۆ دا ……
به‌ڵام داخه‌كه‌م له‌ كاتێكدا كه‌ ته‌نیا ساڵێك به‌سه‌ر دووا ماڵئاوایی ئه‌و سه‌ركرده‌ مه‌زنه‌ماندا تێ ده‌په‌رێت وا به‌ به‌ر چاوی خۆمانه‌وه‌ ده‌بینین كه چۆن ناته‌بایی و بێ سه‌روبه‌ری و به‌رژه‌وه‌ندی و هه‌لپه‌رستی و سیاسه‌تی ناحه‌كیمانه‌ی سیاسه‌تمه‌دار و حزب و لایه‌نه‌ كوردیه‌كان نه‌ك هه‌ر گڕیان به‌ر‌ داوه‌ته‌ ناو ماڵی خۆمان به‌ڵكو ناو ماڵی هه‌موو حزب و لایه‌ن و قه‌واره‌ و نه‌ته‌وه‌ و مه‌زهه‌ب و ئاین و زۆرینه‌ و كه‌مینه‌كانیانی عیراقیشیان به‌ خۆیانه‌وه‌ سوتاندوه‌…
لێتان ناشارمه‌وه‌ زۆر ده‌ترسم له‌وه‌ی كه‌ یه‌كێتی هه‌مدیس باجی بریاری كۆمه‌ڵێك بێ ئه‌زمونی حزبی و سیاسی و سه‌ركرده‌ هه‌زار پێیه‌كانی ناو یه‌كێتی بدات .. زۆر ده‌ترسم له‌وه‌ی كه‌ به‌ كاندید كردنی كه‌سێكی نه‌شیاو ئه‌و پۆسته‌ له‌ده‌ست یه‌كێتی ده‌ربهێنرێت و له‌ به‌غداش یه‌كێتی بكه‌نه‌‌ حزبێكی وه‌لا نراو وه‌ك چۆن له‌ ماوه‌ی شه‌ش ساڵی ڕابوردودا له‌ هه‌رێم كردیان….!!! 
هاورێیان، هه‌ڤاڵان، یه‌كێتیه‌ دڵسۆزه‌كان…
ناكرێت یه‌كێتیكی خاوه‌ن هه‌زاران شه‌هیدو سه‌ركرده‌یه‌كی وه‌ك مام باجی كاندید كردنی كه‌سێك بدات كه‌ له‌و ساته‌ وه‌ختانه‌ی هه‌موو عیراق خڕۆشا بوو و خه‌ڵكی له‌ به‌سره‌وه‌ تاوه‌كو زاخۆ نزایان بۆ مام ده‌كرد كه‌ به‌ سه‌لامه‌تی هه‌ڵسێته‌وه‌ ئه‌و زه‌لامه‌ داوای پۆسته‌كه‌ی مامی كردبێت و حكومه‌تی ئه‌و كاتی عیراق پێی ڕاگه‌یاندبێت كه‌ { راسته‌ مام له‌ (كۆما)دایه‌ به‌ڵام هێشتا هه‌ر هه‌ناسه‌ ده‌كێشێت.. ئێمه‌ ناتوانین ئه‌و بێ وه‌فاییه‌ی به‌رامبه‌ر بكه‌ین…. و مام هه‌ر ‌سه‌رۆك كۆماری وڵاته‌كه‌مان ده‌مێنێته‌وه‌ }…. 
له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێك له‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ خۆش بن به‌ڵام ئایا هه‌مووان له‌و دكتوره‌ سپڵه‌یه‌مان خۆش ده‌بن؟ ئایا ناهه‌قیانه‌ بپرسن كه‌سێك كه‌ له‌ پێناو كورسیه‌كدا سه‌ره‌تا حزبه‌كه‌ی خۆی (یه‌كێتی) و پاشان حزبه‌ ساواكه‌ی و هاودیدانی فرۆشتبێت ئه‌ڕی ئه‌بێ چ خێرێكی بۆ عیراقی نه‌گبه‌ت هه‌بێت ؟؟
كه‌سێك كه‌ بوبێته‌ هۆی تێكدانی نه‌ك هه‌ر ناو ماڵی كورد به‌ڵكو ناو ماڵی یه‌كێتی و ده‌باشانیش چۆن ده‌توانێت ببێته‌ هۆی یه‌كگرتنه‌وه‌ی ماڵی عیراقێكی فره‌ نه‌ته‌وه‌ و فره‌ ئاین و مه‌زهه‌ب و‌ حزب و لایه‌ن..؟؟؟
كه‌سێك كه‌ سومبولی نائارامی و تێكدانی یه‌كریزی و ته‌بایی و ئاشتی بووبێت له‌ ناو یه‌كێتی و هه‌رێمدا چۆن ده‌توانێت ببێته‌ سومبولی پاراستنی یه‌كریزی و ته‌بایی و پێكه‌وه‌ ژیان و ئاشتی له‌ عیراقێكی هه‌زارو یه‌ك ریزدا…؟؟

ده‌ڵێم ئایا ئه‌گه‌ر سوور بوون له‌سه‌ر ئه‌و كاندیده‌ بووه‌ هۆی شكانی یه‌كێتی له‌ به‌غدا ئاخۆ ئه‌و كۆتره‌ سپیانه‌ی به‌غدا له‌ڕوویان دێت جارێكیتر باسی پاراستنی یه‌كێتی وه‌ك بیلبیله‌ی چاویان بكه‌ن؟؟ ئه‌گه‌ریش كاندیده‌كه‌یان پێ كرایه‌ سه‌رۆك ئایا ده‌توانن یه‌كریزی بگه‌ڕێننه‌وه‌ ناو ماڵه‌ گه‌وره‌كه و كوردستان كه‌ ئه‌ركێكی پیرۆزی مامی گه‌وره‌مان بووه‌؟؟؟

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand