Draw Media

گەیشتینە سەر عەرزی ڕەق

گەیشتینە سەر عەرزی ڕەق

2018-10-01 14:15:34


عەزیز ڕەئووف
1
هەڵبژاردن لە کوردستان هیچ بەهایەکی نەماوە و هیچ ڕۆڵێک بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک و دەسکاریکردنی گەندەڵی نابینێت و مادام چەکدارێک دەتوانێ دەرگاکەی دابخات ئەوا قسەکردن لە گۆڕانکاری لەڕێی پارلەمانەوە تەنها ئەوانە باوەڕی پێ دەکەن کە بە عەقڵی دەسەڵات بیر دەکەنەوە. خۆکاندیدکردن و کەمپەینی هەڵبژاردن لای زۆرێک لە خەڵکی کوردستان گاڵتەجاڕیەکی گەورە بوو، ئەستەم بوو قەناعەت بە خەڵک بکرێت کە ئەم کاندیدانە بتوانن نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک بن. لەدوای داخستنی پارلەمان و هیچنەکردنی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن خەڵک بڕوای بە هەڵبژاردن تەواو لاواز ببوو.
2
زیاتر لە نیوەی خەڵکی کوردستان پشتیان کردە هەڵبژاردن و ڕوویان لە حزبەکان وەرگێڕا و بایکۆتیان کرد. کۆمەڵگەیەک نیوەی پشت بکاتە دەنگدان ئەوا خەلەلی گەورەی هەیە و برینی قوڵی هەیە و هێزەکان بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە نەیتوانیوە قەناعەت بەم ڕێژەیە بکات کە بچنە سەر سندوقی دەنگدان.
3
سیاسەت لە کوردستان لەوە کەوتووە سیاسەت بێت و ئێستا تەنانەت حزبیش نەماوە و لە ناو سەرجەم هێزەکان تەنانەت مەکتەبی سیاسیەکانیشیان ڕۆڵیان نەماوە و ئەوەی هەیە چەند گەنجێکی نەوەی دووەمی پیاوانی شاخن لە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات کە پەیوەندی بازرگانی و سیاسەتیان ئاوێتە کردووە و فەزای میدیایی و ئابووری و سیاسی و سەربازی دنیای ئێمەیان کۆنترۆڵ کردووە و هیچ دەرچەیەکیان بۆ باشترکردنی دنیای ئێمە نەهێشتۆتەوە.
4
هێزەکانی دەسەڵات لە ساڵی 1992 وەوە بە زیاد لە سیناریۆیەکەوە دەیانتوانی یاری بە سندوقەکان و تەنانەت نەتیجەی دەنگەکانیش بکەن و ئەو لە ماوەی ئەو بیست و شەش ساڵەدا توانیان لەسەر بای خۆیان بوەستن و کۆی جومگەکانی ئابووری و سەربازی لە هەرێم بخەنە ژێر دەستی خۆیان و کوردستان بکەنە کۆمپانیایەکی گەورە بۆ خۆیان و منداڵەکانیان. قورخکردنی بازاڕ و نەوت و سەرجەم داهاتەکانی کوردستان توانیان وەلائی زۆرێک خەڵک بۆخۆیان ڕاکێشن و لە وەها دۆخێکیشدا ئەوەی بەهای بۆ نەمایەوە دامەزراوەکان بوو لە سەرو هەموویانەوە پارلەمان. 
5
کەمبوونەوەی دەنگەکانی گۆڕان چاوەڕوانکراو بوو. ئەوەندە بەس نەبوو بڵێی دەسەڵات خراپە و لە 2009 خەڵکی کوردستان بەرامبەر ئەم ئازایەتیە دەنگی پێدای بەڵام دوای نۆ ساڵ خەڵکی کوردستان دەزانن ئێوە دەتانەوێ بە هەمان عەقڵیەتی دەسەڵات دەسکاری دنیای ئێمە بکەن ئەوا ناچار پرۆسەی دەنگدان بایکۆت دەکەن. گۆڕان لە ئێستادا هیچ ڕێگەیەکی تری لەبەردەست نیە جگە لەداوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان و داننان بە هەڵەکانیان و ئیعترافکرن بەوەی کە نە توانیان خۆیان بگۆڕن نەک نەوەیەک لەگەڵ خۆیاندا بگۆڕن.
6
ئەگەر بەقسەی ئیسلامیەکانی کوردستان بێت لەسەدا نەوەد و پێنج ی خەڵکی کوردستان موسوڵمانن بەڵام ئەم هێزانە ناتوانن دەنگی پێویست بەدەست بێنن. دوای ئەم هەڵبژاردنە دەبێت کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوو و بزوتنەوەی ئیسلامی دەسبەرداری ئەم فۆرمە لە کاری سیاسی بن و تێکەڵکردنی دەعوا و سیاسەت هەڵەی کوشندەی ئەم هێزانە بوو کە لەم هەڵبژاردنەدا سەنگ و قورساییان دەرکەوت. هەرچەندە کۆمەڵی ئیسلامی لەڕووی سیاسیەوە ڕادیکاڵتر بوو، بەڵام خەڵکی کورستان ئێستاش سڵ لە سلوک و رەفتاری موجاهیدئاسای ئیسلامیەکان دەکەنەوە و ئەگەر دوای ئەم هەڵبژاردنە چاکسازی لەخۆیاندا نەکەن ئەو دەنگانەش بەدەست ناهێنن.
7
جوڵانەوەی نەوەی نوێ وەک بزوتنەوەیەکی تازە دەرکەوتوو لەڕووی هەڵوێستەوە لە سەرجەم پارتەکانی تری ئۆپۆزسیۆن ڕادیکاڵتر بوو. بەتایبەت جەرائەتی ئەم بزوتنەوەیە بۆ ڕەتکردنەوەی ڕیفراندۆم و شەفافی لە ڕا و بۆچونەکانیان سەرنجی زۆری گەنجانی بۆلای خۆی ڕاکێشابوو. هەرچەندە پارەی پشکەکانی چاڤی لاند و قەرزاری حکومەت و بێدەنگی دەسەڵات لەو قەرزانە و حەزی زیاد لەدەرکەوتنی سەرۆکی ئەم جوڵانەوەیە گومانی لای خەڵکی نەدەڕەواندەوە و بەشێک لە خەڵک بە بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە پێیان وابوو ئەم جوڵانەوەیە دروستکراوی دەسەڵاتە و ئۆپۆزسیۆنی ساختەیە و لێڵیەکی لای خەڵک دروست کردبوو، بەڵام هەموو ئەمانە نەیتوانی وا بکات ئەم هێزە نەبێتە هێزی چوارەم لەسەر ئاستی کوردستان. 
7
ئێمە ئێستا لەسەر عەرزی ڕەقین. دەبوو بگاتە ئەم دۆخە. لەبەتاڵیدا هیچ ناکرێت و دەبوو بگەینە ئەم دۆخە و برینەکانی خۆمان ببینین. ئێستا دروست ئێمە لە سەر عەرزە ڕەقەکەین و ئەم هێزانە توانای ئەوەیان نیە دەسکاری دنیای ئێمە بکەن بە ئاراستەی یەکسانی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی دامەزراوەی نیشتیمانی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand