شكست
2018-10-01 09:50:43
■ ئارام ئەحمەد
شكستی گۆڕان حەتمی بوو، زۆر ئاسایی وەریبگرن و ئەمە نە كارەساتە نە ڕوداوێكی گرنگ، لە مانگی دووەوە ئێمە هاوار ئەكەین، لەبەرامبەردا نەك گوێیان نەگرت، سوكایەتی نەما پێمان نەكرێ، لە نۆزدەی حوزەیرانەوە كە پەرلەمان وەستاو گۆڕان دەركرا، لایەنگرانی گۆرانو دەنگی گۆڕان لە بادینانو هەولێر پاشەكشەی كرد، سەرانی گۆڕان بەتەواوی پشتیان كردە ئەو ناوچەیە، نە كۆڕێ، نە كۆبونەوەیە، بێهیوای كردنو بێكەس و بێ پشتو پەنا بەجێیهێشتن، پارتی بەئارامی كاری لەسەركردنو بە شكستیا كێشان، لە هەولێر زیاتر لە سەدو بیست هەزار دەنگی هەبوو كاتێك تۆ لە ناویانا نامێنی، پشتیان تێدەكەی، بێمنەتی، ئاگاداریان نیت، پشتت تێدەكەن، بادینان هەرواو هەموو جێگاكانی تر هەروا.
بەگشتی خەڵكی وایە دوای كۆمەڵێ خەڵك ئەكەون كە ڕابەر بن، ئازا بن، خاوەن بڕیار بن، سڵ نەكەنەوە، شەڕی مافەكانیان بكات، نەوشیروان مستەفا یەكێك بوو لەو كەسایەتیانە، بۆیە خەڵكی شەڕی لەسەر ئەكردو پشتی ئەگرت، ئەویش شەڕی لەسەر خەڵكی ئەكردو پشتی ئەگرت.
ئەوەی كە گۆڕان شكستی خواردوە مەیبەنەوە بۆ پاساوی تەزویر، تۆ لە هەڵبژاردنەكانی بەغدا نۆ كورسیت هەبوو كردت بە پێنچ لەجیاتی ئەوەی دراسەیەكی زانستی بكەیت و بەخۆتا بچیتەوە، تەوەزەلانە وتت تەزویر كرا، لەوكاتەیشا ئەم قسانەم كرد، بەڵام گوومان دەرخوارددرا.
تۆ گردەكەت پڕكردوە لە پیاوی یەكێتی و بە وێنەی كاك نەوشیروان و ئاڵای گۆڕانەوە لە تەخوینا پشتی پارتیو یەكێتیان شكاندوە، گۆڕانێكی ئازادیخوازیان كردوە بە گروپێكی خەنجەروەشێنو جوێن وەشێن، چۆن ئاوات بەسەر نایەت؟ تۆ هەرچی خەڵكی خۆشناو، خۆنەفرۆشە لە گۆڕان بەدەرتكردوە، كۆمەڵێ گزگلو ماستاوچیو عاشقە پۆستو پارەت هێناوە، هێشتا بە نیازی سەركەویت؟
من بە لایڤێك باسی هەموو ئەو هۆكارانە ئەكەم كە گۆڕانیان بەم دەردە گەیاند، هەرچەندە پێشتریش باسمكردوەو من ئاسنی سارد ئەكوتم، ئەوكاتەی ئەتان وت" كێ ئەڕوا با بڕوا، منەتمان بە كەس نیە" ئەمانزانی كۆمەڵی خەڵك لەناو گۆڕاندا، بە بەرنامە گۆڕان وا بچوك ئەكەنەوە.
باشە هاوارمان نەكرد" ئەم بزوتنەوەیە مەكەنە كۆمپانیا؟"، نەمان وت "مەیكەن بەحسك؟"، نەمان وت "رەنجی ئەو پیاوە ئاوا هەرزان مەفرۆشن؟"، ئێوە خۆتان لەژێر ناو و وێنەی ئەو شاردەوەو دەستانكرد بە درۆو چەواشەكاری، ئیتر چۆن نادۆڕێن؟
وتمان گۆڕان رابەرایەتی نیە، كۆمەڵێ چەقۆكێش دەستیان بەسەراگرتوە، وتمان "كەس سڵ لە گۆڕان ناكاتەوەو حسابی بۆ ناكەن"، وتمان "سەرانی پارتیو یەكێتی تەلەفۆنی كاك عومەر هەڵناگرن"، وتمان "با حەمە تۆفیق ئەونە نەچێتە ماڵی مام جەلالو دەباشان"، وتمان "كوڕانی كاك نەوشیروانیش ناشیرین مەكەن، چونە بنكڵێشەیانو كردتان، وتمان "پارە لە یەكێتی وەرمەگرن و ئەوانە لە خۆڕایی پارە بە كەس نادەن"، وتمان "ژن لەبەر جوانیو سێكسی چەند كەسێ مەهێننە پێشەوەو مەیانكەن بەشت، دوایی دەبنە بەڵاو دەڕۆن"، وتمان "ئەم هەموو خەڵكە لاوازە كاندید مەكەن"، هەرچیمان وت، گوومان دەرخوارد درا.
ئەوەی گۆڕانی ئاوالێكرد كوڕانی كاك نەوشیروان، دكتۆر یوسف، هۆشیار عەبدوڵاو هۆشیار عومەر، عەلی حەمەساڵح، عەدنان عوسمانو سەركەوتی كوبە، جەلال جەوهەر، گروپی خەلیل سەركانیو لەخوار ئەمانیشەوە كۆمەڵی مناڵەورتكەی چەورەو ماستاوچی، هەموو ئەمانە لاوازی كا عومەریان قۆستەوەو بەكاریان هێنا.
من گومانم نیە ئەم تیمە بە بەرنامە خراپیان كرد، چاكیشی ناكەنەوەو ڕێگایش نادەن كەس چاكی كاتەوە، ئەی من پێشتر نەموت "گۆڕان نامێنێو ئەوەی دەمێنێ كۆمپانیای فشەیە؟"خۆ شێت نەبووم لەخۆڕا ئەو قسانە فڕێ بدەم، ئێ وەڵاهی لەوپەڕی دڵسۆزیشمەوە هاوارم ئەكردو شەڕم ئەكرد، داخەكەم بیسود بوو، رەنجو شەونخونی هەمومان خوراو بە بەلاش رۆیی.
ئاخر یوسفو هۆشیار چونكە پارەیان لابوو، دەیان پەیجیان دانابوو كۆمەڵێ لەهەرە ئینسانە خوێڕیو چەقۆوەشێنەكانیان بە پارە راگرتوە، ئیشی ئەمانە شەڕی پارتیو یەكێتی نەبوو، تەنها شەڕی شكاندنی گۆڕانە پاكەكان بوو، تەخوینكردیان بوو، سوكایەتی پێكردنیان بوو، ئەمانە باشترین خزمەتی پارتیو یەكێتیان كرد، هەرچی گۆڕانی جوان بوو هەمویان شكاند، راویان نان، ئەوەی بەتایبەت هوشیار عەبدوڵا كردی سەرسەختترین دوژمن بە گۆڕانی ناكات، ئەو خۆپەرستانە، ئەو گیرفان پڕانە، ئەو قارەمانی بەردەم مایكو شاشانە، ئەو ئەهلی شەڕە دەمو چەنەبازانە ئاوایان كرد.
قسە زۆرەو دەردەدڵ دەریایە، با بمێنێ بۆ لایڤێك.