Draw Media

کامیان سەرۆکایەتى کۆمار دەبەنەوە؟ 

کامیان سەرۆکایەتى کۆمار دەبەنەوە؟ 

2018-10-01 09:20:43


 

■ یاسین تەها

کاتژمێر هەشتى ئەم شەو بڕیارە گەڕى یەکەمى هەڵبژاردن لەنێوان 24 پاڵێوراودا بۆ سەرۆکایەتى کۆمار لەناو پەڕلەمان بەرێوەبچێت. بەتیۆرى و بەپێى رێککەوتن ئەبێ د. فوئاد حوسێن لەرێى هاوپەیمانێتى "البناء" وە چانسى زیاتربێت و پۆستەکەى مۆسگەر کردبێت بەتایبەت کە پشتگیریی تەواوى بارزانى هەیەو ئەویش ئێستا بۆتەوە بەژمارە لەهاوکێشەکانى بەغدا، بەڵام لەئاستى تاک تاکى پەرلەمانتاران و نوخبەى سیاسى و رۆشنبیرى بەغدا د. بەرهەم ساڵح رکابەرو مەترسییەکى زۆر گەورەیەو تا ئێستاش رێگربووە لەوەى فوئاد لەدەنگى خۆى دڵنیا بێت.
هەردوو کاندید کۆمەلێک کەمپینى هاوبەشیان لەدژ هەیە لەشەقامى سیاسى و رۆشنبیرى عێراقى، هەردووکیان بەشداریی ریفراندۆمیان کردووە کە ئەمە لەعەقڵى عەرەبى عێراقیدا شیرکى ئەکبەرە، بەڵام وردە وردە وا خەریکە بەرهەم لەم مەسەلەیە دەربچێت بەپاساوى ئەوەى بەناچارى کردوویەتى و یەکێک نەبووە لەرێکخەرانى و بگرە رەخنەشى لێگرتووە بەقسەى خۆى. فوئاد بەوە تۆمەتبارە کە پرسگەى بارزانییەو پێگەى هیچ بەهێز نییەو هەندێک نوخەبى عێراقى پرسیویانە ئەگەر پارتى بەوە رازى بن فوئاد حوسێن لەکوردستان سەرۆکى هەرێم بێت، ئەوە ئاسایی بەغداش بەسەرۆک قبوڵیانە، بەرهەم ساڵحیش تانەى ئەوەى بەدواوەیە جیگۆڕکێ و ئەمبەرەوبەرى کردووە لەپێناو وەرگرتنى پۆستەکە. فوئاد ئەوەشى زیاترە کە "کارۆلین"ى هاوسەرى هۆڵەندییەو چۆن دەبێت خانمى یەکەمى عێراق کریستیان و ئەوروپى بێت؟!، ئەمە لەکاتێکدا هەندێ پەرلەمانتارى باشور داواى سەرۆک وەزیرانێکى شروگى دەکەن بۆ ئەوەى لەخەموژانى خواردنەوەى ئاوى سوێرو ژینگەى پیسى بەسرەو میسان و عەممارە بەباشى تێ بگات. 
لەلایەکیترەوە هەردوو کاندیدەکەى یەکێتى و پارتى لەسەر سیستمى هاوپشکى حیزبى و سیاسى ئەژمارن کە نوێنەرایەتى دوو حیزبى حوکمڕان دەکەن کە لەساڵانى رابردوو تۆمەتباربوون بەگرنگیدان بەبەرژوەندییە تایبەتەکانى خۆیان لەسەر حیسابى گەلەکەیان لەچەشنى حیزبە حوکمڕانەکانیترى شیعەو سوننەو ئەم تۆمەتەش بڕێک بازاڕى لەناو پەرلەمانتارانى عێراق هەیە.
لەدەرەوە کاندیدانى پارتى و یەکێتى رەنگە ناسراوترین رکابەرەکان سروە عەبدولواحید بێت کە پشتیوانى رۆشنبیرى و سیاسى زۆرى هەیە بەوپێیەى یەکەم ژنە کاندیدە بۆ ئەو پۆستە، دەنگێکى بیستراوى دژە ریفراندۆم بووە، چالاکوانێکى مەدەنى بووە لەبەغدا، تەنانەت رەوتى حیکمە راپرسییەکەیان کردبوو 59% بەدەستهێنابوو تێیدا بەرانبەر کاندیدەکانیتر، بەڵام تەرجومەکردنى ئەم هاوسۆزییە مەدەنییە بۆ دەنگى ناو پەرلەمانکە سەفەقات بەسەریدا زاڵە قورس و رەنگە هەر مەحاڵیش بێت. 
لەناو کاندیدە کوردەکانیشدا "بۆمبێکى چێنراو" هەیە کە لەتیف رەشیدى ئاوەڵزاواى تاڵەبانییەو دەشێت هەر چرکەیەک بتەقێتەوەو بەتەواوى کۆنترۆڵى مەشهەدەکە بکات وەک چارەسەرى مامناوەند، بەتایبەت پاش بەیاننامەکەى هێرۆخان. ئەگەر ئەوەش رووبدات ئەوە لەو کاتەدا خۆرى بەرهەم ساڵح لەکۆشکى سەلام ئاوا دەبێت.
لەکۆتاییشدا نەگۆڕێک هەیە ئەویش ئەوەیە ئێمە لەعێراقداین، لەم وڵاتەش دیبلۆماسیەتى کاتژمێرەکانى کۆتایی و قسەى دەرو جیران پرسەکان دەبڕنەوە بەتایبەت سەرۆکایەتییەکان، بەشرۆڤەو لۆژیک و پێشبینى نییە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand