سیاسەتی بەعەلوەکردنی ھەرێم
2018-09-29 17:47:18
■مەریوان وریا قانع و ئاراس فەتاح
(١١)
بوونی دەسەڵاتە سوڵتانییەکەی ھەرێم، بەتایبەت لەژێر سایەی نەوەی دووھەمیاندا کە بەشێکی گەورەی جومگە ئابوریی و سەربازییەکانی ھەرێمیان لەژێردەستدایە، بە بەشێک لە سیستەمە نیۆلیبرالییە جیھانییەکە و بە بکەرێک لەناو سیستەمە ئیقلیمییەکەدا، مانای ئەوە نییە کە ئەم نەوەیە بوون بە کەسانی لیبراڵ. لیبراڵ بەمانای باوەڕھێنان بەوەی تاکەکەس بە ھەموو مافەکانییەوە، بەتایبەتیی.بە مافی ئازادییەوە، بنەمای بیرکردنەوە و سیاسەتکردن و دروستکردنی دەزگاکان و ھەڵسوکەوتەکانیان بێت. سیستمە ئابوورییەکەشیان سیستمێک نییە ئازادبێت بەمانای پەیڕەویکردنی لانی ھەرەکەمی پێشبڕکێی ئابوریی ئاشکرا و شەفاف و بەیاساڕێکخراو، شتێکیش بەناوی لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و ”حوکم“ و ”سەرەوریی یاساو“ ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی ”کۆمەڵگای مەدەنیی“، لەناو دونیابینیی ئەم نەوەیەدا بوونی نییە. نیۆلیبرال لای ئەم منداڵانە و باوکەکانیان مانای کردنی ھەرێم بە بازاڕێکی گەورەی بێچاودێریی بۆ ساغکردنەوەی کاڵای ھەمەجۆر و سوڕی پارە و تێوەگلان لە وردەکارییەکانی ئابورییەکی بەرفراوانی قاچاغەوە کە کەس نەتوانێت کۆنترۆڵ و چاودێریی بکات. وەک چۆن یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی لیبرالیزمی نوێ بریتییە لە خەسخەسەکردنێکی ھەمەلایەنی کەرتە ئابورییەکان و دەرھێنانی دەستی دەوڵەت لە پرسە ئابوورییەکاندا، ئاوھاش ئەم نوخبە نیولیبرالە سوڵتانییەی پارتیی و یەکێتی حکومەتی ھەرێمیان لەڕێگای چەند یاسایەکەوە کردووە بە پاسەوانێک بۆ پاراستنی بازاڕێکی قۆرخکراو و ڕزگارکراو لە دەستکاریی و چاودێرییەکانی دەوڵەت. چەند ساڵێکە سیاسەتی ئابووریی لە ھەرێمدا بریتییە لە جڵەونەكردن و كۆنترۆڵنەكردنی جوڵەی سەرمایە و کاڵا و نرخ و کردنی باج و گومرگەكان بە دخیلەیەکی تاریک و ناشەفاف بۆ حیزبە باڵادەستەکان و بۆ ژمارەیەک کەسایەتی ناو حیزب. ئەوەی دەیبینین سیاسەتی بەخشینی ئازادییەکی رەھایە بە جووڵەی سەرمایە، کە لەڕێگای چەندان میکانیزمی مافییانەوە کەڵەکەدەکرێت و، کردنی ھەرێم خۆشیەتی بە عەلوەیەکی حیزبیی بۆ ساغکردنەوەی کاڵا بیانییەکان، زۆرجار کاڵای خراپ و کواڵێتی نزم و ئێکسپایەر. ئەم دۆخە چەندە بووە بە فاکتەرێک بۆ فەراھەمکردنی دورگەیەکی بێیاسا و بەھەشتێک بۆ سەرمایەگوزاریی بیانیی، ھێندەش بووە بەھۆکاری وێرانکردنی کاڵاو بەرھەم و سەرمایەگوزاریی نیشتیمانیی و بە کارەساتێکیش بۆ ژینگەی وڵاتەکە. ئەم سیاسەتە نوێیەی ھەرێم بووە ھۆکاری دەستەبەرکردنی ئازادییەکی نیمچەڕەھا بۆ کاری كۆمپانیا تایبەتەکانی خۆیان و کرانەوەی بێمەرجی سنوورەکانیش بەڕووی سەرمایەگوزاریی کۆمپانیا و بازرگانە نێودەوڵەتییەکان لە ھەرێمدا، بە تێپەڕین بەناو وەرگرتنی شیرینی و نوقڵانەیەکی زۆر لەو کۆمپانیا بیانیانە و دابەشکردنیان بەسەر خێزانە سوڵتانییەکاندا. مۆدێلی سیاسەتی سەرمایەگوزاریی نیۆلیبرالیی لەو شێوەیەدا کە باسمانکرد دەرەنجامێکی تەواو وێرانکەری بۆ کەرتە گشتییەکان و کەرتە خزمەتگوازارییە سەرەکییەکان ھەبوو و ھەیە و دەشمێنێت. دۆخی سێکتەرەکانی پەروەرده و خوێندن و تەندروستیی و دەستەبەرنەکردنی ئاو و کارەبای گشتیی، نموونەی ئەم دۆخەن. سیاسەتی نیولیبرالی ھەرێم جگە لە پرۆژەی فرۆشتنی خزمەتگوزارییەکانی کەرتی گشتیی و حکومیی، وەکو سێکتەری کارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ و پرد و ڕێگاوبان و وێرانکردنی خوێندنی خۆڕایی و خەستەخانەی گشتییەکان و ژینگە، چەند ھەنگاوێکی ترسناکی مۆدێلی بەتایبەتییکردنی ئابووریی وڵاتی پیادەکردووە، وەک بەموڵکاندنی حیزبیی و تایبەتیی لە کەرتی نەوت غاز و سوپا و دەزگای ئاساییش و پۆلیس و دەزگای ئەمنییەکان و کەرتی سێکیوریتیی و پەیوەندیی تێلێکۆمینیکانسیۆن و فرۆکەخانەکاندا کە گەورەترین سێکتەرەکانی سەرمایەگوزاریی لە ھەرێمدا پێکدەھێنن.
بەم چەشنە دەسەڵات لە سیاسەتی ئابووریی ھەرێمدا ھەمان ڕۆڵ و مانای دەوڵەت نییە وەکو لە سیستەمە دیکتاتۆرەکاندا دەیبینین کە سیستەمێکی کۆماندۆئاسای ئابووری ھەیە و دەوڵەت ئاراستەی ئابووریی وڵات دەکات، بەڵکو لە ھەرێمدا مۆدێلێک لە ئازادیی سەرمایەگوزاریی تایبەت و بەموڵکاندنی تایبەت لە فۆرمی ”سەرمایەداریی چەتەگەریی“ ئامادەیە، کە نیولیبرالیزم دەتوانێت شەرعییەتی ئابووریی و سیاسیی پێببەخشێت و حیزبە سیاسییە حوکمڕانەکانیش بگۆڕێت بۆ یەکەی سەرەکیی و گرنگیی ناو ئەم ئابورییە نیۆلیبرالە. لەمەشدا حیزب بە ھیچ مانایەک بە لۆژیکی خێڵ و یەکە سونەتیی و تەقلیدییەکانی تر کارناکات، بەڵکو بە لۆژیکی ئەو ئۆرگانە رەسمیی و ناڕەسمیانە کاردەکات کە ئابوریی نیولیبرال یان ڕاستەوخۆ دروستیاندەکات، یان ئاکار و پێکھات و فۆرمە تەقلیدیی و سونەتەکانیان دەگۆڕێت و شتێکی تازەیان لێدروستدەکات.
جگە لەم رەھەندانە لە ھەرێمدا رێگە لە ھەموو پێشبڕکێیەکی ئابووریی تەندروستیش گیراوە، فرۆشتنی کۆی کۆمپانیا حکومیی و زەویی و زار و موڵکە دەوڵەتییەکان و نەبوونی سیاسەتێکی تەندروستی نرخدانان بۆ کاڵاکان و بەخشینی بەشێکی گەورەی خزمەتگوزارییەکان بە سەرمایەدارە تایبەتەکان، کە زۆربەیان سەر بە بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان و سەر بە حیزبن، نەبوونی بانکی مەرکەزیی و فەوزای باج و گومرگ؛ ھەموو ئەمانە بەسەر یەکەوە وایانکردووە بەشی ھەرەزۆری ئابوریی ئەم ھەرێمە ببێت بە موڵکی شەخسی بنەماڵە سوڵتانییەکان و حیزبەکانیان، ھاوکات بازاڕی ھەرێمیش ببێت بە شوێنی ساغکردنەوەی کاڵای بێکوالیتیی بییانی و ھاونیشتیمانیانی ھەرێمیش ببن بە مرۆڤێکی بەرخۆر و بێماف کە ھیچ جۆرە گارانتییەکیان لەبەردەم ھێرشی ئەو کاڵا خراپانەدا نەبێت.
ھەموو ئەو گۆڕانکارییانەی سەرەوە کۆتاییان بەو مۆدێلی حیزبییە ھێناوە کە لە قۆناغەکانی پێشتری مێژووی ئێمەدا ئامادەبوون. حیزب لەم ژینگە تازەیەدا بووە بە ئۆرگانێکی نیولیبرالی مۆنۆپۆڵکەر و نیمچە مافیایی کە بە دەیان تۆڕی ئابوریی قاچاغ و ناقاچاغەوە بە ناوچەکە و ئابوریی جیھانەوە گرێدراوە و چەندان ڕۆڵی تازە و نێگەتیڤ لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا دەگێڕێت. ئەم یەکە نیولیبرالە تازانە پێویستیان بە شیکردنەوە و خوێندنەوەی نوێ ھەیە و ئەو تەمەڵییە فیکرییە ئینشاییە ھاریکارمان نابێت کە حازربەدەستانە حیزب بە خێڵی تەقلیدیی و سەرۆکی حیزب بە سەرۆکخێڵی سونەتیی یەکساندەکات.
(١٢)
ھەڵەیەکی تر کە بۆ خوێندنەوەی ژیانی حیزبایەتی ئێمە لەئارادایە وێناکردنی حیزبەکانە وەک ھێزی لۆکاڵیی. ئەو دیدە ڕاست نییە کە پێیوایە پارتە سیاسییەکانی کوردستان پارتی خێڵ و لۆکاڵین، چونکە نە پەکەکە و نە پارتی و نە یەکگرتوو و نە کۆمەڵی ئیسلامیی و نە یەکێتی لۆکاڵی نین و نەبوون. ھەموویان یان درێژکراوەیان لە شارەکان و شوێن و پارچەکانی تری کوردستاندا ھەیە، یان خۆیان درێژکراوەی ھەندێک ئایدیۆلۆژیای ئیقلیمیی و نێونەتەوەیین. خەسڵەتی سەرەکیی زۆرینەی ئەم حیزبانەش ھێندەی بونیادێکی ڕێکخراوەیی لینینی ھەیە و ھێندەی لە حیزبی پێشڕەو و شێوە ستالینیی و بەعسیی نزیکە، ھێندەش دوورە لە حیزبی خێڵ و عەشرەتێکی دیارییکراو. ئەوە راستە کە پارتی حیزبێکی کرۆکخێزانییە، بەڵام ئەم خێزانە لەمڕۆدا خێڵ پایە سەرەکییەکانی پێکناھێنێت، بەڵکو زیاد لە ھێزێکی لۆکاڵیی و ئیقلیمیی و زیاد لە کەسایەتیی و ھێزێکی نێودەوڵەتی دەیپارێزن کە پەیوەندییان بە خێڵەوە نییە و پەیوەندیی خوێنی خێڵەکیی بەیەکیانەوە نابەستێت، ھەروەکو چۆن ئەم پێدراوە لای یەکێتییش بۆ تاڵەبانییەکان ڕاستە.
پارتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا و بەھۆی سیاسەتی کۆنترۆڵ و تۆقاندن و ڕاونان و کڕین و تەزویر و کۆتاکان و سەپاندنی سیستەمی یەکبازنەیی ھەڵبژاردنەوە، لە ھەموو ھەڵبژاردنێکدا زۆرینەیەکی ئاسانی بۆ خۆی زامنکردووە. بۆیە تا ئەمڕۆ ھیچ کێشەیەکی نییە لە پارێزگای سلێمانییدا یان لە گەرمیاندا چەند کورسیی دەھێنێت و ئەم ناوچەیەش وەک ناوچەی ئیرھابی فیکریی و فاشیزم وێنابکات. ئەوەی پارتی لەناو سیستەمی سیاسیی و حیزبیی ھەرێمدا پێویستی پێیەتی، بوونی ھێزێکی سیاسییە کە ھەیمەنەی ئەوی بێچەندوچوون قبووڵبێت و زۆرینەی پەرلەمانیی بۆ دروستبکات، بۆئەوەی کابینەی حکومەت پێکبھێنێت و لەناو ئەو کابینەیەشدا جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵات لە دەستی خۆیدا بێت و ھەندێک پۆست و پێگەی پلەدووی ناو ئەو دەسەڵاتدارێتییەش بۆ ھاوپەیمانەکەی بەجێبھێڵێت. ئەو ھێزەی بە پلەی یەکەم لە دوای ٢٠١٣ و تاوەکو ئەمڕۆش ئەو ڕۆڵەی بە دڵسۆزییەکی بێوێنەوە بۆگێڕاوە، یەکێتی نیشتیمانیی کوردستانە. وەک پێشتر وتمان لەبەرچاوی دونیای دەرەوەدا ئەم سیستەمە سوڵتانییە پێویستی بەو دیکۆرە سیاسییە پەرلەمانییە ھەیە کە جۆرێک لە شەرعیەت بە دەسەڵاتدارێتیەکە دەبەخشێت، ھەموو ئەوانەشی لە ھەلومەرجی ئەمڕۆدا لەناو ئەو سیستمەدا گوێڕایەڵانە خەریکی کارکردنن، سەرقاڵی بەخشینی ئەو شەرعیەتە پەرلەمانییەن بە نوخبە دەسەڵاتدارەکە.
خاڵێکی سەرەکیی تر ئەوەیە کە دیاردەی لۆکاڵییبوونی حیزب دیاردەیەکی کوردیی نییە، بەڵکو لە زۆرینەی وڵاتانی دونیادا بوونی ھەیە و پەیوەندیشی بە خێڵگەراییەوە نییە. ئەوەی وادەکات یەکێتی لە شاری سلێمانیدا بەھێز و پارتی لە ھەولێر و دھۆکدا باڵادەستبن و ڕێگە بە گەشەکردنی ھێزەکانی ترنەدەن، پەیوەست نییە بە ئاکاری خێڵەکییەوە، بەڵکو پەیوەستە بە دابەشکردنی ھێز و بە مۆنۆپۆڵکردنی ئابوورییەوە، پەیوەندیی بە سیستەمی حیزبییانەی ھێزە چەکدارەکان و چۆنیەتی ڕێکخستنی بیرۆکراسیەتی ئیداریی و دامەزراندنی ئابوریی خزمچێتی Nepotism و داڕشتنی تێگەیشتنێکی سوڵتانیانەوە بۆ سیاسەت و شێوازی ئەو پەیوەندییە ئیقلیمیی و جیھانییانەوە ھەیە کە ساڵانێکە کار لەسەر دروستکردنی پایەکانی دەکرێت. نەبینینی ئەم خاڵە سەرەکییانە و خۆنووسان بە چەمکێکی سادە و تەقلیدیی وەک خێڵ و خێڵگەراییەوە دەلالەت لە قەیرانێکی فیکریی گەورە و نەخوێندنەوەیەکی ھەمەلایەنەی ئەو دۆخەوە دەکات کە دروستکراوە.
(١٣)
کێشەی سەرەکیی خەباتی سیاسیی و پەرلەمانیی و مەدەنیی لە ھەرێمی کوردستاندا وەڵامدانەوەی پرسیارێکی ئاڵۆز و جەوھەرییە کە ھەمیشە روبەڕومان دەبێتەوە، پرسیاری ئەوەی چۆن گۆڕانکاریی دروستبکەین؟ گەر خەباتی پەرلەمانیی لەم جۆرە سیستەمانەدا بەشێوەیەکی سیستەماتیکی شکستیان پێھێنرابێت، ئایا ئەلتەرناتیڤ شۆڕشە؟ ئەگەر نەکرێت ھێڵە گشتییەکانی ئەم سیستەمەی ئێستا ڕیفۆرمبکرێت ئەی داخۆ چۆن سەرجەمی سیستەمەکە بگۆڕین و بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ شتێکی تەواو تازە دروستبکەین؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە ھێجگار زەحمەتە و ئەوانەشی کە ھەڵگری ئەم گوتارە ڕادیکاڵەن و داوای چوونە دەرەوە لە سیستەم دەکەن، یەک حەرفیان لەم ڕووەوە نییە و نەنووسیوە. ئەوەی ئێمە لێرەدا دەمانەوێت جەغتی لێبکەین ئەوەیە کە لە ئێستادا شۆڕش لەناوچەکەدا لەوە کەوتوە ئەگەرێکی ڕاستەقینە بێت، یان یاخیبوون و ڕاپەڕینی جەماوەریی کردەیەکی سیاسیی بەسەمەر بێت. ھەموو ئەگەرێک لەئارادایە کە سەرھەڵدانی ململانێیەکی توندتوتیژ لەھەر ناوچەیەکی ئەم ھەرێمە و ناو عێراق خۆشیدا، بگۆڕێت بۆ شەڕی لەبریی و بۆ شەڕکردن و پێکدادان لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندیی و ھەیمەنەی ھێزە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییە پڕچەک و پیلانەکاندا. دەبێت لەوە تێبگەین شەڕی ئەم حیزبانە لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ کۆمەڵگادا دووبارەکردنەوەی شەڕی خێڵە کۆنەکان نییە و نابێت، بەڵکو شەڕێکی ئاڵۆز و ھەمەلایەن و فرەبکەری ناوەکیی و دەرەکیی دەبێت کە کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی و ڕێگرتن لە دەرەنجامە وێرانکەرەکانی تەواو زەحمەت دەبێت. شاری حەڵەب لە سوریا و دۆخی یەمەن لەمڕۆدا ئەو مۆدێلە دەبێت کە دەشێت لە دۆخی دروستبوونی ئەم جۆرە جەنگانەدا چاوەڕێیبکرێت. ئەوەی ئەم ئەگەری جەنگی لەبرییە پشتئەستووردەکات ئەو ڕاستییەیە کە زۆربەی ھەرەزۆری ھێزە ناوچەیی و ئەتنیی و تائیفییەکان، بەشێوەیەک لە شێوەکان بەستراونەتەوە بە ھێزە ئیقلیمییەکانەوە. ھەرێمی کوردستان ھێندەی ھەرێمی ھەیمەنەی ئێران و تورکیایە، ئەوەندە ھەرێمی دانیشتوانەکەی نییە. ئەوەندەی ئیملای سیاسیی ھێزە ئیقلیمییەکان لەناو ھەرێمدا دەبینرێت، ھێندە تێکستێکی دەستووریی نادۆزینەوە کە ھەموو حیزبەکان پێوەی پابەندبن و ھیچ ھێز و کەسێک بۆی نەبێت سنوورەکانی ببەزێنێت. دەستکارییکردنی ئەم سیستەمە ئیقلیمییەش کە پارتی و یەکێتیی دەپارێزێت، لە توانا و ھێزی ئۆپۆزیسیۆندا نییە. ئەو قۆناغی شۆڕشەی بۆنموونە لە ٢٠١١ لە تونسدا دروستبوو، لە ئێستادا لە ھیچ شوێنێکی ئەم ناوچەیەدا بوونی نەماوە. لە تونسدا جوڵە ناوەکییەکە ھەم ھێزی ھەبوو، ھەم لەژێر کاریگەریی ھێزە ئیقلیمییەکاندا نەبوو، ھەم دەسەڵاتدارانی تونس ئامادەی شەڕی گەورە و خوێنای لەگەڵ کۆمەڵگاکەیاندا نەبوون، ھەم کۆمەڵگاکەشیان بەو شێوەیەی کۆمەڵگاکانی ناوچەکە و کۆمەڵگای ئێمە دابەش و پارچەپارچە نەبوو، ھەم ھێزی مەدەنیی و ڕێکخراوی گرنگیی تێدابوو، بۆیە شۆڕش و یاخیبوونی ئەو وڵاتە نەگۆڕا بۆ جەنگی ناوخۆیی، یان بۆ ”شەڕی لەبریی“. بەپێچەوانەی ئەزموونی تونسەوە لە ئێستای ناوچەکەدا دۆخێکی جیۆسیاسیی لەئارادایە کە ھەر ھێزێکی سیاسیی دەسەڵاتدار تیایدا، جۆرێک لە وەکالەتی لای وڵاتێک لە وڵاتە ئیقلیمییەکان و ھەندێکجار ھێزە نێودەوڵەتتەیان ھەیە. لەڕاستیدا ئەم ناوچەیەی ئێمە قۆناغی ”جەنگی ئەھلیی“ یان ”جەنگی ناوخۆیی“ تێپەڕاندوە و جەنگەکانی گۆڕاون بۆ ”جەنگی لەبریی“. ھەندێکجاریش ھێزە ئیقلیمییەکان خۆیان ڕاستەوخۆ لەو جەنگانەدا بەشداردەبن و لەوەشی دەخەن تەنھا جەنگێکی لەبریی بێت، وەک ئەوەی تورکیا و ئێران لە سوریادا دەیکەن، یان ئەوەی ئەم دوو وڵاتە لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پارتی و یەکتێیدا لەتوانایاندایە بیکەن.
ئەو پرسیارە ئاڵۆزەی کە ھەمیشە روبەڕومان دەبێتەوە ئەوەیە، ئایا لە دۆخ و فەزایەکی ناوەکیی و ئیقلیمیی لەم چەشنەدا ئەلتەرناتیڤ چییە؟ دەبێت چیبکەین؟ لەم دۆخە بنبەست و قەیراناوییەی ھەرێمدا، ئەوەی ئێمە بە کردەیەکی مێژوویی گرنگمان دەزانی و چەندجارێکیش بەر لە ڕیفراندۆم و دوای ریفراندۆمیش جەغدمان لەسەر کردەوە، تێپەڕاندنی پەرتەوازەیی ئۆپۆزیسیۆن و دروستکردنی بلۆکێکی مێژوویی بوو لە ھەموو ئەو ھێز و گروپ و تاکەکەس و کەرتە کۆمەڵایەتییانەی کە ئەم دۆخە چەقبەستووە سەرجەمی دەرگاکانی لەبەردەمدا داخستون و گۆڕیونی بۆ ھێز و مرۆڤی پلە سێ و پلە چوار لە وڵاتەکەدا. دروستکردنی ئەم بەرەیە مانای نوێنەرایەتییکردنی زۆرینەی کۆمەڵگای ئێمە و دروستکردنی زۆرینەیەکیشە کە دەیتوانی خاڵە زۆر و ھاوبەشەکانی بەرگریکردنی لۆکاڵیی لە دونیای ئێمەدا کۆبکاتەوە و بەیەکەوە گرێیانبدات. دەیتوانی زمانێکی ھاوبەش و بەرنامەیەکی ھاوبەش و خەونێکی ھاوبەشیان پێببەخشێت، لەدەوری پرۆژەیەکی مێژوویی کۆیانبکاتەوە و خۆشی وەک نوێنەر و قسەکەری خەمە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکانی ئەم زۆرینەیە چالاک بێت.