نا هەموو شتێك بەرەشی نابینین !
2018-09-29 16:22:00
■ نەوزاد کەریـــــم
دوێنی پرۆسەی هەڵبژاردنی هێزە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان بەرێوەچوو ، کە پێک هاتبوو لە دەنگدانی هێزەکانی پێشمەرگەو هێزەکانی ناوخــۆ ، بەرێوەچونی پرۆسەکە بێ گوێدانە ئەنجامەکەی کە هەرچونێک بوبێت و کە تا ئیستا بەفەرمی رانەگەیندراوە ، جێگای ئومێد و دڵخۆشیە ، بەوەی کە تا رادەیەکی باش و بەبەراوردکردنی بە بەرێوەچونی پرۆسەکە لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا شەفافترو ئارامتر بوو ، بەرێوە چونی پرۆسەکە بەشێوەیەک بوو کە رەنگە ئومێدێک ببەخشێتە هەموو ئەو نائومێدانەی کە فەزاحەتی هەڵبژاردنەکانی رابربوو لەم پرۆسەیە نائومێدی کردبون ، وزەیەکیان پێ ببەخشیت . ئێمە رەشبین نین و بەچاوی رەشبینانە هەموو شتێک نابین و سفری ناکەینەوە ، کاری باش باشەیە و کاری خراپە و ساختەکاری ، وەک خۆی بەکاری خراپ و ساختەکارانە ئەینین ، هەموو کارێک کە ئەکرێت ئەگەر بەچاوی بەرژەوەندی کەسی و حزبی سەیر نەکریت ، هەموو هەڵەو کەموکوری و جوانیەکانیشی وەک خۆی دەبینرێت ، لەگەڵ هەموو روەباشەکانی بەرێوەچونی ئەم پرۆسەیەدا ، ناشیرینیەکانی دیارن , تۆی حزبی ئەگەر بەرێوەچونی ئەم پرۆسەیە بەچاوی حزبیانەو بەرژەوەندی حزبیانە نەبینیت ، ناشیرنیەکانی وەک مانگی چوارە دەدرەوشێتەوە و دەبینریت، هەر ئەو پرسیارە لەخۆت بکە کە ئەوە چۆنە کە لە دەڤەری چۆمان بەبێ ئەوەی تورکمان هەبێت بەڵام دوو هێزو دوو کەسایەتی تورکمانی دەنگی دوەم و سێیەمی ئەو ناوچەیەی ناو هێزەکانی پێشمەرگەو ناوخۆ بەرن ، کە نەك جێگای گومانە بەڵکو بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر و یەکێکە لە روە ناشیرینیەکانی ئەم پرۆسەیە ، یان تۆی حزبی و خاوەن دەسەلاتی ئەملا ، بە دیقەتەوە لە دەنگە پوچەڵەکانی ئەم ناوچەیە بروانە ، بەتایبەت لە سڵیمانی دا ، دەنگی پوچەڵ کراوە ئەو دەنگانەیە کە سەرەتا دەنگی بەحزبیک داوە و دواتر بەتاڵی کردۆتەوە ، بەدەرە لەوانەیە کە بەشداریان کردوە و ماتمانەی خۆیان بە هیچ هێزیک نەداوە و بە بەتاڵی کارتەکانیان خستۆتە ناو سندوقەوە و کە بەدەنگە سپیەکان ناودەبرێن ، ئەم حالەتی پوچەڵ کردنەوەی ئەو دەنگانە بە رێژەیەکی هیندە باڵایە کە لە دەڤەری سلیمانیدا توانیویەتی ببیتە هیزی سێیەم کە بەپێی ئەنجامە نافەرمیەکان ١٦٩٧ دەنگە ، ئەمەش نیشانەی ئەو فشار و زەختانەیە کە بەرامبەر بەم هێزانە کراوە لەلایەن حزب و فەرماندەکانیانەوە ، رونیشە لەم دەڤەرەی سلێمانی کە کام هێز ئەتوانیت فشار بکات و ئەم هیزانە ناچاربکات و ئەو کەسانە دەنگەکانی خۆیان بسوتێن کە لەکاتێکدا نەیانتوانیە بە خواستی خۆیان دەنگ بدەن ، هەروەک چٶن لە چۆمانیش ئاشکرایە کە کام هێز وکامە لایەنە ئەتوانێت چەند کەسانێک لەم هێزانە ناچار بکات دەنگ بە کەسایەتیەکی دەرەوەی لایەنەکەی خۆی بدات و مەبەستەکەش ئاشکرایە ، کە لەهەردوو دەڤەرەکە ئەوە پارتی و یەکێێتە ئەتوانن ئەو فشارە لەو هێزانە بکەن و ئاراستەیان بکەن ، کە بەداخەوە تاکو ئیستاش دوای بیست وحەوت ساڵ لە حوکمداری ئەم هێزانە دەستی حزب بەسەریاندا زاڵە ، ئەتوانریت لە هەرکوێ ویسترا ئیجرائاتیان لەگەڵ بکریت ، خۆ هیزەکانی تر ئەگەر بیشیانەوێت توانی ئیجرائاتیان لەگەڵ هیچ کەسێکی ناو ئەم هیزانەدا نیە تاکو بتوانن سزایان بدەن ئەگەر لە دژی بەرژەوەندی حزبی ئەوان رەفتارێک بکەن ، ئەگێرنەوە رۆژێک کەسایەتیەکی دیار و فەرماندەیەکی سەربازی کە ئیستا لەناو بزوتنەوەی گۆراندایە ، پیاین وتبوو ، هەندێک قسەی نهینی و دەنگوباس هەیە گومان ئەکریت لەم ژورەی تۆوە دەرەبچیت و رەنگە توشی سزا ببیت لەسەری ، ئەویش لەوەلامدا وتبوی جا ئەوە گریمان وابێت ، بەچی سزام دەدەن ، خۆ ئەو ( چــــا ) یەشی کە لە ژورەکەمدا ئەخورێتەوە خۆم لەماڵەوە ئەیهێنم. لەبەر ئەوەی ئەم هێزانەی دەرەی یەکێتی و پارتی لانی کەم ئەتوانین بڵین ئامرازی سزاکەیان لانیە ، کە بەهیواین لە پێناوی گەرانەوەی ئومێد بۆ خەڵکی و گرتنە بەری رێگا دیموکراتی و باوەکانی دەوڵەتە پێشکەوتوەکانی دنیا و گەرانەوەی حورمەت بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن کە یەکێکە لە بنەما سەرەکیەکانی دیموکراتی ، بەڕیوەچونی ئەم پرۆسەیە لەم ناچەیەی ئێمەش دا باشتر و باشتر بیت و بە ئومێدی ئەوەی بەریوەچونی پرۆسەکە لە دوێنیدا هیوایەکی بەخەڵک بەخشیبیت و بەرێژەیەکی زۆر خەڵک بەشدار بیت لە هەڵبژاردنە گشتیەکەدا و بەڕیوەچونی هەڵبژاردنە تایبەتەکەش بەو شێوە تا رادەیەک باشە ، گۆرانگاریەک بێت لە ئەقڵ و کردوەی ئەو هێزانەی کە لەپێشوتردا خەڵکیان نائومێد و بێحورمەتیان دەنگی دەنگدەر ئەکرد ، تەڵەیەک نەیێت و سبەینی بە تێکرای پرۆسەکە و دیموکراتی و ئیرادەی دەنگدەرا بتەقێتەوە .