Draw Media

یەکێتى وپارتى لەهەوڵى تەزویرێکى زۆر گەورەدان

یەکێتى وپارتى لەهەوڵى تەزویرێکى زۆر گەورەدان

2018-09-29 14:26:56


■ د. ئیسماعیل نامیق

یەکێتى وپارتى دوێنێ لەدەنگدانى تایبەتدا تەزویرى گەورەیان نەکرد لەبەر ئەوەى:
1) بەپێى یاساکانى کۆمسیۆن پێویستە هەمان رۆژ ئەنجامەکانى دەنگدانى تایبەت بدرێتەوە بەبریکارى قەوارە سیاسیەکان، واتە ئەگەر تەزویرى زۆر گەورەیان بکردبا ئاشکرا ئەبو، لەبارێکى واشدا حیزبەکانى تر قبوڵیان ناکرد وپشێوى دروست ئەبو، بەمەش دەنگدانى گشتى کێشەى بۆ دروست ئەبو، بۆ ئەوەى ئەمە رونەدات ئەو تەزویرە گەورەیەیان نەکرد.
2) دەیانەوێت ئەو تەزویرەى کە لەهەوڵدان لەدەنگدانى گشتیدا بیکەن بشارنەوەو پەردەپۆشیکەن، چونکە ئەو کات بەراى گشتى دەڵێن ئێمە لەدەنگدانى تایبەتدا تەزویرمان نەکرد چۆن لەدەنگدانى گشتیدا تەزویر ئەکەین، رەنگە بەمە قەناعەت بەڕاى گشتى بکەن.
3) ژمارەى دەنگى تایبەت سەدوحەفتا هەزار دەنگە ئەگەر هەموشى تەزویر بکەن کاریگەریەکى زۆر گەورەى نابێت بەراورد بەدەنگدانى گشتى کە نزیکەى سێ ملێون دەنگە، بۆیە نەیانویستوە لەبەر ئەم رێژە کەمەى دەنگ خۆیان وهەڵبژاردنەکەش توشى کێشە بکەن. بەڵام بەنیازن وخۆیان ئامادە کردوە لەدەنگدانى گشتیدا تەزویرێکى زۆر گەورە بکەن.
ئەم هەوڵەى یەکێتى وپارتى بۆ تەزویرکردن نابێت لەهەڵبژاردن نائومێدمان بکات ولەخەباتى مەدەنى ساردمان بکاتەوە، بەڵکو دەبێت مکوڕتر وتوندتر بین بۆ روبەڕوبونەوەى، چونکە ئەمە ململانێیەکى تولانیە ئەندازەى سەرکەوتنمان زیاترە لەکەوتن. بۆ رێگرتن لەو هەوڵە نائەخلاقیە و بۆ ئەوەى نەهێڵین ئەو دوو حیزبە تەزویر بکەن ویارى بەدەنگ وئیرادە وچارەنوسمانەوە بکەن، پێویستە:
1) لەکاتژمێرەکانى سەرەتاى دەنگداندا هەمومان رو لەسندوقەکانى دەنگدان بکەین و دەنگى خۆمان بدەین، بۆ ئەوەى هیچ بوارێک بۆ ئیرادەى تەزویرچى نەرەخسێنین تا لەجیاتى ئێمە دەنگبدەن و یارى بەدەنگ وویست وچارەنوسمانەوە بکەن. بۆیە تا رێژەى دەنگدان بەرزتر بێت هەوڵى تەزویرکردن بێ بەرهەمتر وپوچتر ئەبێ.
2) کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن وراپرسى رێوشوێنى توندتر بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لەتەزویر وشکست پێهێنانى هەوڵەکانى تەزویرکردن.
3) بریکارى قەوارە سیاسیەکان بەرپرسیارێتیەکى گەورەیان لەئەستۆدایە، چونکە کاتێک دەنگدەر دەنگ دەدات وسندوقى دەنگدان بەجێ دەهێڵێ هەست بەدڵنیاى دەکات لەبەر ئەوەى بریکارى ئەو قەوارە سیاسیەى کەدەنگى پێداوە پاسەوانى دەنگەکەى دەکات وناهیڵێت بفەوتێ وشوێنى خۆى نەگرێت. لەبەر ئەوە نابێت بریکار کارەکەى لەرۆژى دەنگداندا وەکو ئەرکێکى رۆتینى سەیر بکات بەڵکو ئەوە بەرپرسیارێتیەکى گەورەیەو دەبێت زۆر بەئازایى ووریایەوە ئەنجامى بدات.
4) قەوارە سیاسەکانى ترى دەرەوەى یەکێتى وپارتى لەهەماهەنگى وهاوکارى بەردەوامدا بن بۆ رێگریکردن لەتەزویر، بەوئەندازەیەى یاسا رێگەیان پێ ئەدات لەنزیک بنکەکانى دەنگدان بن وچاودێرى هەر جوڵەیەکى غەریب بکەن، هەروەها ئەگەر دڵنیا بون لەوەى کەسێک بەنایاسایى دەنگ ئەدات رێوشوێنى یاسایى لەدژ بگرنە بەر بۆ رێگریکردن.
بەکورتى لەپرۆسەى هەڵبژاردندا دەنگدەر سەنتەرە، کۆمسیۆن رێکخەرە، قەوارەى سیاسى چاودێرە، دەنگدەر بەموجەڕەد دەنگدانى دەتوانێت گەورەترین رێگر بێت لەتەزویرکردن، دواى ئەو کۆمسیۆن بەو رێوشوێنانەى دەیگرێتە بەر دەتوانێت تا ئەندازەیەکى باش هاوکارى دەنگدەر بێت وبەهەردوکیان رێگرى لەتەزویر بکەن، هەرچى قەوارەى سیاسیە ئەوا کارەکەى لەم بوارەدا بریتیە لەهاندان وچاودێریکردن، هاندانى دەنگدەر بۆ ئەوەى خۆى بڕوات دەنگبدات وکەسى تر لەجیاتى ئەم دەنگنەدات، لەهەمان کاتدا چاودێریکردنى پرۆسەى دەنگدان وجێبەجێبونى یاسا ورێنمایەکانى کۆمسیۆن. کەواتە دەنگدەر ژمارەیەکى زۆر گرنگى هاوبەشە لەهەمو ئەم هاوکێشانەدا بەبەشداریکردنى لەهەڵبژاردندا هاوکێشەکان بەزیانى هێزە تەزویرچیەکان یەکلادەبنەوە، بەڵام بەنەچونى بۆ دەنگدان کۆى هاوکێشەکان لەسودى هێزە تەزویرچیەکان یەکلادەبنەوەو، زەرەرمەندى یەکەمیش دەنگدەر خۆى دەبێت.
لەکۆتاییدا داوا لەیەکێتى وپارتى دەکەم ئەم هەڵبژاردنە هەرچەند ململانێیەکى نابەرامبەرە بەڵام لەگەڵ ئەوشدا لێگەڕێن بابەباشى بەڕێوە بچێت بۆ ئەوەى وێنەکى جوان پیشانى یارونەیارانى کوردستان بدەین، لەهەمان کاتدا هەر لایەنەو قورسایى وقەبارەى راستەقینەى خۆى بزانێت وپاشان لەسەر ئەو بنەمایە سیاسەت بکات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand