بارزانییەكان و كێڵگەی نەوتی فێشخابور
2018-09-29 13:41:16
■ كارۆخ عوسمان
فێشخابور فێڵد دەكەوێتە لای خۆرهەڵاتی شاری زاخۆ، لەئێستادا (7) بیر لێدراوەو لە (4) بیریاندا نەوت دەردەهێنرێت و دەفرۆشرێت.
كۆمپانیای (DNO) ئەم كارەی پێسپێردراوە، كە لە دەرەوەی سیستەمی وەزارەتی نەوتی عێراق و هەرێمی كوردستاندایە.
بیری ژمارە یەك:
هەڵكەندراوەو نەگەیشتوەتە نەوت، ئێستا شوێنگەكەی كراوە بە (كامپ) بۆ ئەو كەسانەی كە ئیش لە بیرەكانی ژمارە (2 و 3)دا دەكەن.
بیری ژمارە دوو:
تەواوبووەو ئێستا ڕۆژانە بڕی (5 هەزار) بەرمیل (bbl/day 5000)، بەكوالیتی (37API) نەوتی لێدەردەهێنرێت، كە نەوتێكی سوكەو زۆرباشە، شوێنی پاڵاوتەكردنی سەرەتایی نزیكەی (200) مەتر لە بیرەكەوە دوورە، شوێنی (Loading) لۆدینگیشی هەیە.
داهاتی ڕۆژانەی (365 هەزار) دۆلارە، داهاتی مانگانەی (10 ملیۆن و 950 هەزار) دۆلارە.
بیری ژمارە سێ:
ئەم بیرە تەنها (150) مەتر لە بیری ژمارە دوو، دوورە، بەگۆشەی لار هەڵكەندراوە، (Direction Drilling).
ئەم بیرە ڕۆژانە (9 هەزار) بەرمیل بەرهەمدەهێنێت (bbl/day 9000)، بەكوالیتی (37.5API)، كە كوالیتییەكی سوكە، واتا باشە.
پاڵاوتەكردنی سەرەتایشی لەهەمان شوێنێ بیری دووەمدایە.
شوێنی باركردن و جیاكردنەوە (Lodging)ی خۆی هەیە بۆ حاڵەتێك كە لۆدینگی یەكەم ئیش نەكات یاخود كاری نۆژەنكردنەوە- صیانە CPF پێویست بكات تێیدابێت.
تێبینی: لەتەنیشت ئەوانەشەوە (CPF) دانراوە لێیان كڕاوە، توانای ئەو دوو بیرە لە پەمپی فێشخابور-توركیا زیاترە، كە ڕۆژانە (14 هەزار) بەرمیلە.
داهاتی ڕۆژانەی (657) هەزار دۆلارە، داهاتی مانگانەشی (19 ملیۆن و 710 هەزار) دۆلارە.
بیری ژمارە چوار:
ئەم بیرە توانایەكی لەڕادەبەدەری هەیە، بەرهەمەكەی لە ڕۆژێكدا (17 هەزار و 900 هەزار) بەرمیلە (bbl/day 17,900). بەهەمان كوالیتی بیری ژمارە دوو (37API).
(12) زۆن نەوتی تێدایە، ئێستا لە (CleanUP) دایە، واتا لەسەرەتای دەستپێكردنی بەرهەمهێنانیدایە، كەچی هێندەو نیوی شیواشۆكە.
بیری ژمارە پێنج:
دڕێڵینگ (Drilling) تەواوبووە، لەوێشدا بڕێكی زۆر نەوت هەیە كە بە (15 هەزار) بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا خەمڵێنراوە، (bbl/day 15000)، بەكوالیتی (37API).
لەئێستادا كێشەی لە قۆناغی (Completion) هەیە، بۆیە تائێستا نەتوانراوە دەربهێنرێت، چونكە هەتا كامپلێشین تەواو نەبێت بەرهەمی نابێت، كە ئەویش بۆرییەكی تەواو گونجاوە بۆ قوڵایی بیرەكە، تاكو نەوتەكەی پێ سەربخەن، وا بڕیارە زوو تەواوبكرێت تاكو لەماوەیەكی نزیكدا دەست بكرێت بەهەناردەی نەوتەكەی.
بیری ژمارە شەش:
ئەم بیرە دەكەوێتە تەنیشت بیری ژمارە چوارە بەدووری (200) مەتر، لەئێستادا گشت قۆناغەكانی تەواوبووە، (7-27) دەستكراوە بە پڕۆدەكشن واتا دەرهێنانی نەوت، كە بڕەكەی ڕۆژانە (11 هەزار) بەرمیلە (bbl/day 11000). بەكوالیتی (37API) كە ئەمەشیان سوكەو جۆرەكەی زۆرباشە.
داهاتی ڕۆژانەی (803 هەزار) دۆلارە، داهاتی مانگانەشی (24 مملیۆن و 90 هەزار) دۆلارە.
بیری ژمارە حەوت:
لەسەرەتای (Drilling) دڕێڵینگدایە، بڕی خەزانەی نەوتەكەشی خەمڵێنراوە بە (13 هەزار) بەرمیلە لە ڕۆژێكدا (bbl/day 13000)، بەهەمان كوالیتی بیری ژمارە شەش، وا بڕیاردراوە لەماوەیەكی زۆر نزیكدا تەواوبكرێت، بۆ ئەوەی هەرچی زووە بكەوێتەگەڕ.
كۆی گشتی داهاتی وەدەستهێنراو تەنها لە (4) بیردا مانگانە (93 ملیۆن و 870 هەزار) دۆلارە، داهاتی ساڵانەشیان (ملیارێك و 126 ملیۆن و 4400 هەزار) دۆلارە.
ئەگەر هەردوو بیری (5 و 7) بكەونەكار، داهاتیان مانگانە (61 ملیۆن و 320 هەزار) دۆلار دەبێت، واتا كۆی داهاتی ئەو (7) بیرە بەتێكڕا مانگانە دەگاتە (155 ملیۆن و 190 هەزار) دۆلارە، داهاتی ساڵانەی هەمووشیان دەگاتە: (ملیارێك و 862 ملیۆن و 280 هەزار) دۆلارە.
وەكو زانیاری كۆمپانیا (DNO) دەڵێت:" ئەو زنجیرە بیرە نەوتیانە بەردەوام دەبن تاكو سنوری سێگۆشەی عێڕاق- توركیا- سوریا. تەنها لەم رێڕەوەوە ژمارەی بیرەكان دەگاتە (30) بیر.
بەم پێیە بێت ئەم (30) بیرە نەوتە لە فێشخابور فێڵد، داهاتی ساڵانەی (7 ملیارو 500 ملیۆن) بۆ بنەماڵەی بارزانی و پارتی دیموكڕاتی كوردستان دابین دەكەن، ئەم كێڵگەیە لەدەرەوەی سیستەمی نەوتی عێراقیدایە، زۆرینەی كۆمپانیا جێبەجێكارەكانی وەبەرهێن لەو كێڵگەیەدا، توركین، و ڕاستەوخۆ بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی حكومەتی مەركەزی داخلی عێراق بوون.
توركیاش بۆ بەدەستخستنی باجی نەوت و دۆزینەوەی كار بۆ كۆمپانیاكانی، ئاسانكاری تەواوەتی فرۆشتنی نەوتی كێڵگەكەیان بۆ دەكات.
كاتێك فەرمانبەرو كاسبكاران دەڵێن كوا موچەو بازاڕمان، تەخوین دەكرێن بە چاوچنۆكی پارەپەرست، ئەدی ئەو حزب و خێڵەی بارزان بۆچی هێندە چاوچنۆكن و بەهیچ تێرناخۆن، دایمە خەریكی دزی و ڕاوڕووتی و تاڵان و بڕۆن؟