Draw Media

ئینستتیوتی پەی راپۆرتێكی دەربارەی دەنگدان بڵاوكردەوە 

ئینستتیوتی پەی راپۆرتێكی دەربارەی دەنگدان بڵاوكردەوە 

2018-09-29 13:32:58


(درەو میدیا):
ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان یەكەمین راپۆرتی لەسەر دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكردەوە رایدەگەیەنێت تا ئاستێكی زۆر باش بە شێوەیەكی گشتی پرۆسەكە بە ئارامی بەڕێوەدەچووە و ئاسایشی بنكەكان باش دابینكرابوون و بەشێوەیەكی گشتی رێكاری كۆمسیۆن جێبەجێ‌ دەكرا كە دەبوایە دەنگدەر بۆ دەنگدان بەڵگەنامەكانی (رەگەزنامەی شارستانی، پاسپۆرت، كارتی نیشتیمانی) پێ بێت، بەپێچەوانەوە رێگەی پێنەدەدرا دەنگبدات.
هەروەها ئاماژەیبەوەشداوە كە هەندێك بەرپرسی پێشمەرگە و ئەفسەر و پلەداران لەبنكەكاندا بوون و بەجۆرێكی ناراستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر دەنگدەران هەبوو كە دەنگ بە چ قەوارەیەك بدەن.

دەقی راپۆرتەكەی ئینستتیوتی پەی:

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان PAY


راپۆرتی چاودێری بۆ هەڵبژاردنی 
خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان

راپۆرتی یەكەم
دەنگدانی تایبەت
28/9/2018

پێشەكی
هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، كە بڕیار بوو ساڵێك لەمەوبەر ئەنجام بدرێت، ئەوەبوو دواخرا بۆ ئەیلولی ئەمساڵا، سەرباری كێشمەكێشی لایەنە سیاسیەكان لەسەر ئەنجامدان و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەكە لەكاتی دیاریكراو و گرفتەكانی تۆماری دەنگدەران و خاوینی كۆمسیۆن لە هەنگاوەكانیدا و دەستوەردان لەكاروباریان و بوونی فشار لەسەریان و دەركردنی هەندێك بڕیار و نانی هەندێك هەنگاو لەلایەن ئەنجومەنی كۆمسیارانەوە كە لەراستیدا نەدەبوو وابێت (ئەمانە شوێنیان لێرەدا نیە باسیان بكەین، دواتر لە راپۆرتێكی تێرو تەسەلدا لەسەر هەموویان دەدوێین). لەدواجاردا بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەناو ئەو هەموو ململانێ و كێشمەكێشەدا چووە بواری جێبەجێكردنەوەو لەساتی خۆیدا ئەنجامدرا.
رۆژی 28/9/2018 دەنگدانی تایبەت ئەنجامدرا، لەم راپۆرتە كورتەدا سەرنج و تێبینی خۆمان دەخەینە روو، بۆ ئەوەی بتوانرێت سود لە خاڵە گەشەكان ببینرێت و زیاتر پەرەیان پێ بدرێت، هەموو توانایەكیش بخرێتە گەڕ كەموكوڕییەكان پڕ بكرێنەوەو ئامادەكاری باشتر بكرێت بۆ رۆژی دەنگدانی گشتی لە 30/9/2018 و رێگری لەو پێشێلكارییانەش بكرێت كە لەرۆژی دەنگدانی تایبەتدا كراون بۆ ئەوەی دووبارە نەبنەوە.
بەو هیوایەی رۆژی 30/9/2018  لەكەشێكی دیموكراسیدا هەڵبژاردنێكی سەركەوتووی دوور لە ساختەكاری ئەنجام بدرێت و ببێتە مایەی ئەوەی نەخشەی سیاسیی هەرێم گۆڕانكاری بەسەردابێت بەو ئاقارەی كە پەرلەمانێكی تازەو حكومەتێكی كارا بێنەكایەوەو خەم و مەینەتیەكانی خەڵكی كوردستان بڕەوێتەوەو رزگاریان بێت لەو هەموو قەیرانەی تێی كەوتووین.


ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان
29/9/2018
 
پرۆسەی دەنگدانی تایبەت 
بەپێی پەیرەوی ژمارە (9) ی ساڵی 2018 ی دەنگدان و لەیەك جیاكردنەوە و ژماردنی دەنگەكان، كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانی دەركردووە، هاتووە: 
"دەنگدانی تایبەت پرۆسەی دەنگدانی كارمەندانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، زێرەڤانی هەرێم (پێشمەرگە) و سوپا، كارمەندانی نەخۆشخانەكان و بەندیخانەكان و بەندكراو حوكمدراوەكان، لە چەند بنكەیەكی تایبەت بە خۆیان ئەنجامدەدرێت ، كە كۆمسیۆن بە هاوئاهەنگی لەگەڵا وەزارەتە پەیوەندیدارەكان دەستنیشانیان دەكات، بە مەرجێ پێش (48) كاژێر لە وادەی دەستپێكردنی هەڵبژاردنەكان ئەنجامبدرێت".
بەڵام لە راستیدا لە مەیدانی پراكتیكدا رۆژی 28/9/2018 تەنها (هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، زێرەڤانی هەرێم (پێشمەرگە) و سوپا) بەشداری دەنگدانیان كرد و (كارمەندانی نەخۆشخانەكان و بەندیخانەكان و بەندكراو حوكمدراوەكان) بەهۆی ئەوەی لیستی دەنگدانیان ئامادە نەكرابوو، هەرچەندە لە پەیرەوەكەشدا ناویان هاتبوو بەڵام بەشداریان پێنەكرا و بڕیارە رۆژی 30/9/2018 لەگەڵا دەنگدانی گشتیدا دەنگ بدەن. 
بەپێی داتاكانی كۆمسیۆن، ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لە هەرچوار پارێزگای هەرێمدا بەم شێوەیە دابەش بوون:

هێمای پارێزگا    پارێزگا    ژمارەی بنكە    ژمارەی وێستگە    ژمارەی دەنگدەر
5    هەولێر    41    201    72.653
6    سلێمانی    37    172    62.220
4    دهۆك    20    92    33.421
7    هەڵەبجە    1    6    2.175
كۆی گشتی    99    471    170.469
 
بەلام لە كاتی هەڵبژاردندا كە رۆژی 28/9/2018 ئەنجامدرا رێژەی بەشدار بوون بەم شێوەیە بوو:

ژ    پارێزگا    ژمارەی دەنگدەر    ژمارەی بەشداربوان    رێژەی سەدی
1    هەولێر    72.653    67.413    92.7%
2    سلێمانی    62.220    55.580    89.3%
3    دهۆك    33.421    31.294    93.6%
4    هەڵەبجە    2.175    2.027    93.1%
كۆی گشتی    170.469    156.314    91.69%
 
ئەم پرۆسەی دەنگدانە كە دوای ریفراندۆم یەكەم ئەزموونی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسییە لە هەرێمی كوردستاندا، چەند خالێكی سەركەوتووی تیابوو، لەهەمان كاتدا لە كۆمەڵێك كەموكوڕیش بێبەش نەبوو، لەم راپۆرتەدا هەوڵا دەدەین وێرای دەستخۆشی بۆ خاڵە باشەكان، خاڵە لاوازەكان و كەم و كوڕییەكان و پێشێلكارییەكانیش بخەینە بەرچاو، بەو مەبەستەی لە دەنگدانی گشتیدا لەبەرچاو بگیرێن، تا كەموكوڕییەكان راست بكرێنەوەو پێشێلكارییەكان رێگەیان لێبگیرێت.

یەكەم:
لایەنە ئەرێنییەكانی پرۆسەكە:
١- بنكەكانی دەنگدان لە كاتی خۆیدا ( كاتژمێر ٨ی بەیانی ) بە رووی دەنگدەراندا كرانەوە.
٢- وێرای فشاری زۆر لەسەر كارمەندانی كۆمسیۆن، بەكارهێنانی مۆبایل بۆ وێنەگرتنی كارتەكانی دەنگدان لەلایەن دەنگدەرانەوە قەدەغەكرا.
٣- تا ئاستێكی زۆر باش بە شێوەیەكی گشتی پرۆسەكە بە ئارامی بەڕێوەدەچوو.
٤- بەشێوەیەكی گشتی ئاسایشی بنكەكان باش دابینكرابوون.
٥- بەشێوەیەكی گشتی رێكاری كۆمسیۆن جێبەجێ‌ دەكرا كە دەبوایە دەنگدەر بۆ دەنگدان بەڵگەنامەكانی (رەگەزنامەی شارستانی، پاسپۆرت، كارتی نیشتیمانی) پێ بێت، بەپێچەوانەوە رێگەی پێنەدەدرا دەنگبدات.
٦- كاتژمێر (٦)ی ئێوارە لە كاتی خۆیدا بنكەكانی دەنگدان داخران.
٧-لەنێو وێستگەو بنكەكانی دەنگداندا هیچ ساختەكارییەك بەدی نەدەكرا، بەڵام بۆ قۆناغی دواتر ناتوانین هیچ رایەك بدەین، چونكە پرۆسەكە هێشتا بەردەوامە و سەبارەت بە گواستنەوەی سندوقەكان و ناردنی ئەنجامەكان بۆ كۆمسیۆن و شێوازی راگەیاندنی ئەنجامەكان، لەكاتی خۆیدا تێبینی و سەرنجەكانمان رادەگەیەنین.
 
دووەم:
لایەنە نەرێنییەكانی پرۆسەكە:

یەك: پێشێلكاری قەوارەكان:
1-    هەندێك لە كەناڵەكانی راگەیاندنی حزبەكان تا ئێوارەی رۆژی 28/9 لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەردەوام بوون.
2-    لەنزیك هەندێك لە بنكەكاندا ڕیكلامی قەوارەكان هەبوون .
3-    لەهەندێك بنكەدا كارت و ژمارە و وێنەی كاندیدان بەسەر دەنگدەراندا دابەشدەكران.
4-    هەندێك كاندید لەنزیك بنكەكانی دەنگدان و لەناو دەنگدەراندا بەردەوامبوون لەسەر بانگەشە.
5-    لە نزیك هەندێك بنكەدا لەلایەن هەندێك بەرپرس و نوێنەری قەوارەكانەوە ناوی ئەو كەسانە دەنوسرا كە دەنگیان دەدا.
6-    هەندێك لە دەنگدەرە تایبەتەكان فشاریان خراوەتە سەر دوور لە خواستی خۆیان كە دەنگ بە كاندیدی كۆتاكان بدەن.

دوو: پێشێلكاری هێزە ئەمنیەكان:
1-    هەندێك بەرپرسی پێشمەرگە و ئەفسەر و پلەداران لەبنكەكاندا بوون و بەجۆرێكی ناراستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر دەنگدەران هەبوو كە دەنگ بە چ قەوارەیەك بدەن.
2-    لەبازگەكانی (كۆیە، دێگەڵە، سماقووڵی، هەولێر) گرفت  بۆهاتووچۆی ئەو دەنگدەرانە دروست دەكرا كە ناویان لە شارەكانی ترەوە هاتبوویەوە بۆ دەنگدان.
3-    لە گەلێك بنكەی دەنگداندا ڕێگری لەكەناڵەكانی ڕاگەیاندن دەكرا و وەك پێویست رێگەیان پێنەدەدرا كە رووماڵی پرۆسەكە بكەن. بۆ نمونە پەیامنێرانی هەریەك لە دەزگاكانی (KNN، NRT،  K24، Speda، Westga News، G.kurdistan، Rudaw، Kurdistan Tv) لە شارەكانی هەولێر، سلێمانی، سۆران، كۆیە، رانیە، چوارقورنە، سیدەكان و سەیدسادق لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە رێگرییان لێكراو پەلاماردران.

سێ: كەموكوڕییەكانی كۆمسیۆن:
1-    هەندێك لە رێكار و بڕیارەكانی كۆمسیۆن درەنگ بە بەڕێوەبەری بكەو وێستگەو كارمەندانی كۆمسیۆن گەیشتن، بۆ نمونە وەك بڕیاری تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری وێنەگرتنی دەنگدەران كە لە ئێوارەی 27/9/2018 دەرچوو بوو وە راگەیاندنی رۆژنامەوانی قەدەغەكردنی بەكارهێنانی مۆبایل لەنێو وێستگەی دەنگداندا لەلایەن دەنگدەرانەوە كە 28/9/2018 دەرچوو بوو. 
2-    فەرمانبەرانی سەر سندوقەكانی دەنگدان وەك پێویست راهێنانیان پێ نەكرابوو و بەشێكیان نەشارەزابوون لە ئیشەكان. بەتایبەت ئەو كارمەندانەی لەسەر محاسەسەی حزبی دانرابوون .
3-    لەهەندێك لەوێستگەكاندا رێگری لەو دەنگدەرانە نەدەكرا كە مۆبایلیان بەمەبەستی وێنەگرتن لەكاتی دەنگداندا بەكار دەهێنا.
4-     كۆد و ژمارەی سەر سندوقەكان بە جۆرێك نوسرابوو كە زۆر بەئاسانی دەسڕانەوە .
5-    كۆدی سەر قفڵەكان لەگەل كۆدی سەر سندوقەكان جیاوازبون، كە پێویست بوو هاوتابن.
6-    ژمارەیەكی زۆر لە هێزەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە ناویان بۆ دەنگدان نەگەڕابویەوە.
7-    دەنگدەرانی تایبەت بەشێوەیەكی ناڕێك بەسەر بنكەكانی دەنگداندا لە شارو شارۆچكەكاندا دابەشكرابوون، ئەمەش دەبووە مایەی ئەوەی بەئاسانی ناوەكانی خۆیان نەدۆزنەوە.
8-    لەهەندێ‌ بنكەدا رێگە بەدەنگدەران دەدرا كە بەكۆپی ڕەگەزنامە دەنگ بدات.
9-    لەهەندێ‌ بنكەدا بەر لە كاتژمێر شەش كارتی دەنگدان تەواوبوو.
10-    ئەژماركردن و بڵاوكردنەوەی ئەنجامەكانی دەنگدانی تایبەت كاریگەری خراپی لەسەر پرۆسەی دەنگدانی گشتیدا هەیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand