دەی ئێوە سەربەرزبکەنەوە ئەی هەڤاڵانی یەکێتی و پارتی!
2018-09-29 11:23:18
■ هادی حەمەرەشید
کە بەشێك لە ئەندامانی پارتی و یەکێتی سەرقاڵی خواردنی ئیمتیازاتن، لە موچەی چەور و پلە و پۆست و وەرگرتنی زەمالەی خوێندن و بەبێ ئاستی زانستیی بوون بە مامۆستای زانکۆ، وەرگرتنی زەوی و خانوو لە کۆمەڵگای نیشتەجێبوونی ڕاقی، تا ئەگات بە نەوەستان لەسەرەی بەنزین و نانەوا!
هێشتا کەسانێکی زۆر داماو و پەککەوتە هەیە، ۲٠بۆ۲۵ساڵە لە لق و مەڵبەند و کۆمیتە و ناوچە و ئۆرگانەکاندا سەرقاڵی کاری حیزبین، شەو و ڕۆژیان لەسەر یەك ناوە، ماڵ بە ماڵ ئەگەڕێن، لەشامەوە ئەیبەن بۆ شیراز تا بەرگریی لەو سیاسەتە پیسخۆرییە بکەن، بە مەرجێك بەشی ئەوان بارتەقای بەشی پشیلەیەکە کە بەرماوەی ئەوانیتر ئەخوات!
ئەم لەشکرە لە کەلەپوت و مرۆڤی خڵتەی کۆمەڵگا، ڕاستە ئەمبەر و ئەوبەری زۆریان کردووە و هەر ئەوە ئەزانن ئاڵا بەرزبکەنەوە و چەلەحانێ لەگەڵ خزم و دەوروبەردا بکەن، جارجاریش تابلۆیەکیان پێشکەش ئەکەن کە لێی نووسراوە((دەی سەربەرزبە ئەی هەڤاڵی یەکێتی/پارتی))
بەڵام وەك فیعلەن سەربەرزنین بەم حاڵەوە، ئەوا سەریش بەرز ناکەنەوە تا ببینن;
۱ـ ئەوەی کە بەردێکی نەخستووەتە سەر بەردێك بۆ حیزبەکەیان، هەر لەبەرئەوەی کە سیخوڕ بووە لەناو حیزبێکیتر، ئێستا کردوویانە بە ڕاوێژکاری سەرۆك کە تۆی گەمژە بە ۵٠ساڵیتر فڵتە فڵت و درۆ ناگەیتە ئەو پۆستەی ئەو!
۲ـ لەناو حیزبدا، زیاد لە ۱٠ساڵە خزمەتی کاك فڵان و تەکەتولەکەی ئەکەیت، کەچی ئەوانەی کە سووك و ڕسوایان کرد، گەڕایەوە بۆ ژێر ساباتەکەی ئەم، خێرا کاندیان کرد بۆ سەرۆك کۆمار و هەندێکیتریان بە باڵوێز و وەزیر و گزیر...
دەی ئێوەی گەمژەش، وەك سەربەرزنین، سەریش بەرز مەکەنەوە و بۆ خۆتان هەر شەڕ لەسەر ئەندام پۆل بکەن!