Draw Media

هه‌ڵبژاردن ، هه‌رێمى كوردستان بۆ كوێ ده‌بات ؟

هه‌ڵبژاردن ، هه‌رێمى كوردستان بۆ كوێ ده‌بات ؟

2018-09-28 15:30:40


پارتى نیازى چى هه‌یه‌؟ یه‌كێتى له‌چى ده‌ترسێت؟ دۆخى لایه‌نه‌كانى تر چۆنه‌؟
.
دلشاد ئه‌نوه‌ر

بریاره‌ رۆژى یه‌كشه‌مه‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌نجام بدرێت.ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ سه‌رجه‌م حیزب و لایه‌نه‌كان چاره‌نوسسازه‌. جیا له‌وه‌ى پێگه‌ى جه‌ماوه‌رى یان دیارى ده‌كات، له‌هه‌مانكاتیشدا نه‌خشه‌ى حوكمڕانى داهاتوى هه‌رێمى له‌سه‌ر بونیات ده‌نرێت. بۆیه‌ ده‌بینین جوڵه‌ى حیزبه‌كان نائاسایین، ململانێكان توندن، ته‌نانه‌ت كێشمه‌كێشه‌كه‌ له‌نێوان پارتى و يه‌كيتى دا وه‌كو دوو هێزى سه‌ره‌كى، گه‌یشتوه‌ته‌ ئاستى یه‌كترى تۆمه‌تبار كردن و هێرشكردنه‌ سه‌ر یه‌كترى.
.
پارتى چى ده‌وێ ؟
.
16 ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى رابردوو، ته‌نها ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كانى له‌ بن ده‌ستى كورد ده‌رنه‌هێنا، به‌ڵكو كاریگه‌رى راسته‌وخۆشى له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان هه‌بووه‌ و هه‌یه‌.
16 ى ئۆكتۆبه‌ر بێ متمانه‌یى نێوان یه‌كێتى و پارتى قوڵتر كرده‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك ره‌نگه‌ ئه‌م بێ متمانه‌ییه‌، له‌كاتى پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتوى هه‌رێم دا به‌ڕوونى ده‌ربكه‌وێت.

پارتى دیموكراتى كوردستان، ئێستا خاوه‌نى 38 كورسى په‌رله‌مانى كوردستانه‌، هه‌موو هه‌وڵه‌كانى بۆ ئه‌وه‌یه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، ژماره‌ى كورسیه‌كانى بگه‌یه‌نێته‌ 44 كورسى و منه‌تى به‌ یه‌كێتى، هێزه‌ شه‌ریكه‌كه‌ى نه‌مێنێت.
بێ منه‌ت بوونى پارتى له‌یه‌كێتى، واتاى هه‌وڵدان نیه‌ بۆ دوورخستنه‌وه‌ى له‌ حوكمڕانى ، چونكه‌ پارتى دڵنیایه‌ له‌وه‌ى بێ ئه‌م حیزبه‌، ناتوانێت حوكمڕانى زۆنى سه‌وز بكات، به‌ڵكو پارتى ئامانجێكى ترى هه‌یه‌، به‌رپرسانى یه‌كێتى به‌جوانى له‌م ئامانجه‌ تێگه‌یشتون.
پارتى گه‌ر ئه‌و ژماره‌ كورسیه‌ بهێنێت كه‌ كارى بۆ ده‌كات، پلانى وایه‌ جیاواز له‌ رابردوو مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى بكات، ده‌یه‌وێت وه‌كو هێزێكى لاواز ته‌ماشاى بكات و له‌برى شه‌ریك، به‌شدارى له‌حكومه‌ت دا پێ بكات.
واته‌ پارتى ده‌یه‌وێت به‌و شێوه‌یه‌ به‌شدارى به‌ یه‌كێتى بكات كه‌ خۆى ده‌یه‌وێت، نه‌ك وه‌كو ئه‌وه‌ى یه‌كێتى خۆى بۆ ئاماده‌ كردووه‌، كه‌ به‌شه‌ریكى دابه‌شكردنه‌وه‌ى پۆسته‌كان و دووباره‌ داڕشتنه‌وه‌ى هه‌یكه‌لى حوكمڕانى هه‌رێمه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى شه‌ریكایه‌تى.
خاڵێكى تر كه‌ بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ پارتى ته‌ركیزى له‌سه‌ریه‌تى، هه‌وڵدانه‌ بۆ مسۆگه‌ر كردنى ده‌نگێكى زۆر بۆ هێمن هه‌ورامى سه‌رۆكى لیسته‌كه‌ى، له‌م هه‌نگاوه‌شدا پارتى چه‌ند ئامانجێكى هه‌یه‌، له‌وانه‌:
یه‌كه‌م: له‌ رابردوودا سه‌رۆك لیسته‌كانى گۆڕان، ده‌نگى زۆریان هێناوه‌ و ئێستاش بانگه‌شه‌ى هێنانه‌وه‌ى ده‌نگى زیاتر ده‌كه‌ن، پارتى ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ى مسۆگه‌ر كردنى ده‌نگێكى زۆره‌وه‌ بۆ هێمن هه‌ورامى، ئه‌و شانازیه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌هێڵێت.
دووه‌م: سه‌رۆكى لیستى یه‌كێتى قوباد تاڵه‌بانى، كوڕى سكرتێرى كۆچ كردووى یه‌كێتى جه‌لال تاڵه‌بانیه‌، پارتى ده‌یه‌وێت هه‌رچۆن و به‌هه‌ر نرخێك بێت، ژماره‌ى ده‌نگه‌كانى هه‌ورامى له‌ تاڵه‌بانى زیاتر بێت.
.
یه‌كێتى له‌چى ده‌ترسێت ؟
.

یه‌كێتى له‌ نیازى پارتى بۆ به‌ده‌ستهێنانى كورسى زیاتر و بێ منه‌ت بوون لێى له‌كاتى پێكهێنانى حكومه‌تدا تێگه‌یشتوه‌، بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كانى یه‌كێتى بۆ هێنانى كورسى زیاتر و به‌رگرتنه‌ به‌باڵاده‌ست بوونى پارتى.
یه‌كێتى خاوه‌نى 18 كورسى په‌رله‌مانى كوردستانه‌، ده‌یه‌وێت له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، ژماره‌ى كورسیه‌كانى بۆ سه‌رووى 25 كورسى زیاد بكات، له‌م رێگه‌یه‌وه‌ په‌یامى هه‌ستانه‌وه‌ به‌ پارتى بگه‌یه‌نێت و ناچارى شه‌ریكایه‌تى بكات.
هه‌ندێك هۆكار هه‌ن وا ده‌كه‌ن یه‌كێتى زیاتر له‌ په‌راوێزخستنى بترسێت، سه‌ره‌كیترینیان هه‌بوونى زه‌مینه‌یه‌كى له‌باره‌ له‌به‌رده‌م پارتى دا، تا ئه‌و كاره‌ بكات. 
میدیاى ئازاد كاریگه‌رى نه‌ماوه‌، شه‌قام رۆڵى له‌ده‌ستداوه‌، هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان هێنده‌ لاواز بوون، مه‌ترسیان بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌ماوه‌، بۆیه‌ پارتى وا بیر ده‌كاته‌وه‌، ئێستا كاتى وه‌ده‌رنانى یه‌كێتى یه‌ له‌شه‌ریكه‌وه‌ بۆ به‌شدار.
یه‌كێتیش له‌رێگه‌ى ئاشتكردنه‌وه‌ى سه‌ركرده‌ زویره‌كانى و هێنانه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵه‌ح، له‌رێگه‌ى هه‌وڵدان بۆ باشكردنى په‌یوه‌ندیه‌كانى له‌گه‌ڵ گۆڕان و هێزه‌كانى تر، له‌ رێگه‌ى ته‌رخانكردنى بودجه‌یه‌كى گه‌وره‌ بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ و رێكخستنه‌وه‌ى زۆنى سه‌وز، ده‌یه‌وێت به‌ر به‌ خواسته‌كانى پارتى بۆ په‌راوێزخستنى بگرێت.
پلانێكى ترى یه‌كێتى به‌ده‌ستهێنانى زۆرترین ده‌نگه‌ بۆ قوباد تاڵه‌بانى سه‌رۆكى لیسته‌كه‌ى، بۆیه‌ رێنمایى حیزبى ئاراسته‌ى مه‌ڵبه‌ند و كۆمیته‌كانى كردووه‌ و داواى كاركردنى لێكردوون بۆ سه‌رۆك لیست.
ده‌نگ كه‌م هێنانى تاڵه‌بانى له‌به‌رانبه‌ر هه‌ورامى دا بۆ یه‌كێتى قورس و بۆ بنه‌ماڵه‌بانى شكسته‌، به‌تایبه‌ت هێمن هه‌ورامى له‌ده‌ره‌وه‌ى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و قوباد تاڵه‌بانى كوڕى سكرتێرى كۆچ كردووى یه‌كێتى تاڵه‌بانى یه‌، بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵێكى یه‌كێتى بۆ ئه‌وه‌یه‌ تاڵه‌بانى ده‌نگێك بهێنێت، كه‌ هه‌موو ریكۆرده‌كانى پێشتر بشكێنێت.

رۆڵى هێزه‌كانى تر
.
تا نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ ژیان دا بوو، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان یاریكه‌رێكى سه‌ره‌كى نێو ململانێى سیاسى هه‌رێم بوو، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌م هێزه‌ یه‌كێتى تێپه‌ڕاندبوو، ململانێى پارتى ده‌كرد.
دواى كۆچى دواى نه‌وشیروان مسته‌فا، ئیفلیج كردنى په‌رله‌مان و ده‌ركردنى وه‌زیره‌كانى له‌حكومه‌ت، گۆڕینى خیتابى سیاسى ، ناكۆكیه‌ نێوخۆییه‌كانى و كۆمه‌ڵێك هۆكارى تر، وایانكرد گۆڕان له‌ڕووى جه‌ماوه‌ریه‌وه‌ پاشه‌كشه‌یه‌كى گه‌وره‌ بكات.
ناشتوانرێت رۆڵى نه‌وه‌ى نوێ نادیده‌ بگیرێت، كه‌ دروستبوونى ئه‌م هێزه‌ كاریگه‌رى راسته‌وخۆى له‌سه‌ر لاوازكردنى گۆڕان هه‌بوو، چونكه‌ زۆربه‌ى ده‌نگده‌ره‌كانى ئه‌م هێزه‌ نوێ یه‌، پێشتر لایه‌نگیرى گۆڕان بوون.
گۆڕان ئێستا خاوه‌نى 24 كورسى په‌رله‌مانى كوردستانه‌، له‌باشترین حاڵه‌تدا و له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، ژماره‌ى كورسیه‌كانى ناگاته‌ 15 كورسى، بۆیه‌ له‌ئێستاوه‌ كه‌وتۆته‌وه‌ جم و جۆڵ و هه‌وڵى خۆ زیندوو كرده‌وه‌ ده‌دات.
نه‌وه‌ى نوێ، هێزه‌ ئیسلامیه‌كان و ئه‌وانیتریش هه‌ریه‌كه‌ و به‌پێى قه‌باره‌ى خۆیان كورسى ده‌هێنن، به‌ڵام گرفته‌كه‌دا له‌وێدایه‌ هه‌موو پێشبینیه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن ، یه‌كێتى و پارتى له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ژماره‌ى كورسیه‌كانیان زیاد ده‌كات.
زیاد كردنى ژماره‌ى كورسیه‌كانى پارتى و یه‌كێتى، واته‌ بچوك بوونه‌وه‌ى كۆى ئه‌م هێزانه‌، واته‌ لاواز بوونى پێگه‌ و رۆڵ و كاریگه‌ریان. به‌مانایه‌كى تر ، له‌دواى هه‌ڵبژاردنى پێشوى په‌رله‌مانى عێراقه‌وه‌، خه‌ریكه‌ جارێكى تر جه‌مسه‌رگیرى دروست ده‌بێته‌وه‌، پارتى و یه‌كێتى ده‌بنه‌ دوو جه‌مسه‌رى جیا و ركابه‌رى یه‌كترى.
گه‌ر كۆى ئه‌م هێزانه‌ نه‌توانن له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا پێگه‌ى خۆیان بپارێزن، ئه‌وا دواى هه‌ڵبژاردن، له‌ هێزى ركابه‌ره‌وه‌، ده‌بێت ببنه‌ پاشكۆى یه‌كێك له‌م جه‌مسه‌رانه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand