دەنگنەدان و بایکۆتکردن، رێگا ئاسانەکەی ساختەکارییە
2018-09-28 13:32:46
■ زمناکۆ ئیسماعیل
لەگەڵ نزیکبونەوە لە وادەی هەڵبژاردنەکانی ٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٨ بۆ پەڕڵەمانی کوردستان، دەنگی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان، لەهەندیک لەهاونیشتیمانیانی هەرێمی کوردستان دەبیسترێت، بەبێ ئەوەی ئەو هاونیشتیمانیانە بزانن، کە بەهۆی نائومێدبونیان و نەچونیان بۆ دەنگدان، باشترنەبونی دۆخ و گوزەرانی هەرێمی کوردستان، لەنێو لەپی دەستی خۆیاندایە، چونکە کەسانی بایکۆتکار، رەنگە هۆشیارییان نەگەیشتبێت بەئاستی ئەوەی, کە بەهۆی بایکۆتکردنی ئەم جۆرە کەسانە، رێگای ساختەکاری، بۆ ئەو هێزو لایەنانە ئاسان دەبێت، کە دەیانەوێت جارێکی دیکە، دەسەڵات بگرنەوە دەست، ئەو هێزانەی کە بەفشاری سیاسی و دەنگ کڕین و زار بڕین و سەر پێکزکردن، حوکمی ئەم هەرێمە دەکەن، بێگومان بۆ ئەوەی ئەم جۆرە لە شێوازی دەسەڵاتداری، بەڕێگای مەدەنی بگۆڕێن، باشترین رێگا سندوقەکانی دەنگدان و چونی هاونیشتیمانیانە بۆ هەڵبژاردن.
دەنگنەدان و بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان، رێگایەکی ئاسانە بۆ ئەوەی لەجێگایی من و تۆی هاونیشتیمانی، دەنگەکانمان بۆ بدرێت و ساختەکاری بکرێت، بێگومان ساختەکاری بەبەرنامە بۆ داڕێژراو، نەک ساختەکاری هەڕەمەکی، وەک ئەو جۆرە لەساختەکاری کە لەهەڵبژاردنەکانی خولی یەکەم، بۆ پەڕڵەمانی کوردستان بینرا.
لەهەڵبژاردنەکانی خولی یەکەم بۆ پەڕڵەمانی کوردستان، لە (١٩-٥-١٩٩٢)، بەهۆی ئەوەی کە خەڵک بە تامەزرۆوە بەشداری هەڵبژاردنەکانی کرد، رێژەی دەنگنەدان و بایکۆتکردن، تا ئاستێک نزمتر بوو، لەچاو رێژەی دەنگنەدان و بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی ساڵانی پاشتر، بەڵام ساختەکاری لەئاستێکی بەرزدا بوو، لەهەمانکاتدا رێژەی دەنگدان 87.4 % بوو، بەڵام رێژەی ئەو کەسانەی دەنگیان نەداوە %12.6بوو، هەرچەندە زۆربەی زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، کە بەهۆی قەرەباڵغی و هۆسەی هەندێک لەبنکەکانی دەنگدان، ئەو رێژەیەش لەدەنگدەر، نەیانتوانیوە بەشداری بکەن لەپڕۆسەی هەڵبژاردنەکان، بەڵام بەگشتی ئەو دەنگە بەتاڵانەش، رێژەی بایکۆتکاری تیادابوە، بەڵگەش بۆ ئەوە، لەو سەردەمەدا، خەڵکانێکیش هەبون، کە دژبون بەراپەڕین و دەسەڵاتداری کوردی و شۆڕش و حیزبە کوردییەکانی ئەو سەردەمە، بەڵام رێژەیان کەمتربوو لەچاو ئەو کەسانەی، کە لەو سەردەمەدا، ئینتیمای نەتەوەیی و کوردایەتییان، بەبیروبۆچونی حیزبە کوردستانییەکان گرێدابوو.
لەو سەردەمەدا، بەهۆی بۆشایی لە نەبونی ئەو رێژەیە لەدەنگدەر و هەبونی بایکۆتکارانی پڕۆسەی هەڵبژاردن، ساختەکاری رێژەیەکی بەرچاوی پێکدەهێنا، لەو ڕوانگەشەوە لەپارێزگایەکی وەک دهۆک، کە پارتی دیموکراتی کوردستان تیایدا دەنگی زۆرینەی هێنا، رێژەی دەنگدەر، %111.4 بوو، لەپارێزگای هەولێریش، رێژەی دەنگدەر، %98.8 بوو، ئەوەش دەرفەتی دەنگنەدەرو بایکۆتکاران بوو، دایان بەو حیزبە، تا لەو سەردەمەدا دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەو دوو پارێزگایەدا بسەپێنێت، لەهەمانکاتدا یەکێتی نیشتیمانی، لە سلێمانی و ئیدارەی کەرکوک، بەهەمان شێوەی پارتی ساختەکاری بەرچاویکرد، چەندان بەڵگەی بەرچاو هەیە لەو سەردەمەدا باس لەوە دەکەن، کە ساختەکاری بەرچاو، لەبنکەی هەڵبژاردنەکان لەسلێمانیش کراوە، تا ئاستی ئەوەی کە ئەو دوو حیزبە، بە رەوایەتیدانی هەڵبژاردن توانییان، هەرێمی کوردستان بخەنە نێو گێژاوی شەڕی ناوخۆ، ئەو شەڕەی کە هەتا ئەمڕۆ، باجەکەی من و تۆی هاوڵاتی ئەم هەرێمە و هاونیشتیمانی ئەم کوردستانە ئەیدەین.
ئەگەر بایکۆت و دەنگنەدانی خەڵکانێک نەبوایە لە هەڵبژاردنەکانی ١٩٩٢، ئەو بۆشاییە بۆ پارتی و یەکێتی بەجێنەهێڵدرایە، ئەوانیش بەئارەزوی خۆیان دەنگەکانیان پڕ نەدەکردەوەو سەنگی هەڵبژاردنەکانیشیان نەدەکرد بە پەنجا بە پەنجا، ئەوا یەکێک لەو دوو حیزبە یان دەبوو بە ئۆپۆزسیۆن، یاخود بەپێی رێژەی دەنگدەرو کورسییە بەدەستهاتوەکانی، دەسەڵاتی دەگرتە دەست، بۆ ئەوەش لەپاش هەڵبژاردنەکان لە ساڵی ١٩٩٤، شەڕی ناوخۆ دروست نەدەبوو، خۆ ئەگەر شەڕی ناوخۆش نەبوایە، ئێستا هیچ نەبێت خاوەنی حکومەتێکی دامەزراوی مەدەنی دەبوین، لەجێگای ئەم حکومەتە خاوەن حیزبییەی کە لەماوەی ٢٧ ساڵی رابردودا بینیمان.
لەپاش پڕۆسەی ئازادی عێراقیش کە دوبارە پڕۆسەی هەڵبژاردن هاتە ئاراوە، بەهەمان شێوە رێژەی دەنگنەدەرو بایکۆتکار بەرچاو بون، لەهەڵبژاردنەکانی ٣٠ جەنیوەری ٢٠٠٥ بۆ پەڕڵەمانی هەرێمی کوردستان، رێژەی بەشداربوی هاونیشتیمانیان %75.6 بوو، رێژەی بەشدارینەکردن یاخود بایکۆت %24.4 بوو، بێگومان ساختەکاریش بەشێکبوو لەنێو پڕۆسەی هەڵبژاردن، بە هەرسێ حیزبی (یەکێتی و پارتی و یەکگرتوی ئیسلامی)، کە لەو سەردەمەدا لەژێر ناوی (لیستی نیشتیمانی دیموکراتی کوردستان) چونە نێو گەمەی هەڵبژاردن، رێژەی ١٠٤ کورسییان بەدەستهێنا، هەریەکە لەکۆمەڵی ئیسلامی شەش کورسی و زەحمەتکێشانیش یەک کورسی بۆ خۆی مسۆگەرکرد.
بێگومان بەهۆی بەشدارینەکردن و بایکۆتکردنی دەنگدەران بەڕێژەی %24.4 ساختەکاری بەرچاوکرا، چونکە لەوکاتەدا ئۆپۆزسیۆنیکی بەهێز نەبوو، لەهەمانکاتدا بۆشایی بەشدارینەکردنی خەڵک بەوڕێژە زۆرە، زەمینەی خۆشکرد بۆ یەکێتی و پارتی، بەبەشداریپێکردنی دەنگدەرو لایەنگرانی خۆیان لەشوێنی دەنگنەدەرو بایکۆتکاران، بەشێوەیەکی رێکخراوەیی، کە بتوانن زیاتر لەجارێک دەنگ بدەن لەبەرژەوەندی خۆیان، واتە ساختەکاری رێکخراو بەڕێوەچوو.
بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٥-٧-٢٠٠٩، رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران %74.5 بوو، بەو پێیەش رێژەی دەنگنەدەر و بایکۆتکاران %24.5 بوو، بێگومان ساختەکاریش بەشێکبو لەوهەڵبژاردنە، بەپێێ زانیارییەکان بەهۆی ساختەکارییەوە، ٤٠ ووێستگەی دەنگدان رەتکراوەتەوە، لەهەمانکاتدا ٣٠٠ ووێستگەی دیکەش سکاڵای لایەنەکانی لەسەر تۆمارکراوە.
بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢١ سێبتێمبەری ٢٠١٣، رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران %73.9 بوو، بەوپێیەش رێژەی دەنگندەر و بایکۆتکاران % 26.1 بوو، لەو هەڵبژاردنانەشدا ساختەکاری لەئاستێکدابوو، کەتوانرا لەبری دەنگنەدەران و بایکۆتکارانی هەڵبژاردنەکان، حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان، خەڵکی خۆیان بنێرن بۆ دەنگدان و بۆشایی ئەو کەسانە پڕ بکەنەوە، کە بایکۆتی دەنگدانیان کردبوو.
گۆڤاری ئیکۆنۆمیست بڵاویکردۆتەوە، لەهەڵبژاردنەکانی پەڕڵەمانی کوردستان لەڕێکەوتی ٢٥-٧-٢٠٠٩، لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی ساختەکاری گەورە کراوە، بەجۆرێک خەڵک هەبوە ٢٠ جار دەنگی داوە.
ئەم هەواڵە بۆ سەرجەم هەڵبژاردنەکانی دیکەش راستە، بەڵام ئەوەش بەشێوەیەکی رێکخراوەیی و لەهەبونی بۆشایدا دەکرێت، بۆ نمونە، کە تۆی دەنگدەر نەچیت بۆ هەڵبژاردن و بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بکەیت، بێگومان لەبری تۆ، حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم، خەڵکی دیکە دەبەنە سەرسندوقەکانی دەنگدان و لەبەرژەوەندی خۆیان دەنگیان پێ پڕ دەکەنەوە، بەشێوەیەکی رێکخراو کە هەموو کەس دەرک بەو ساختەکارییە ناکات کە ڕوو ئەدات.
ئێستاش کە بەرەو هەڵبژاردنەکانی پەڕڵەمانی کوردستان دەڕۆین، هەموان بێزارو بێهێزبوین لەخراپی شێوازی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتەکان لەهەرێمی کوردستان، بەڵام باشترین شت بۆ چاککردنی دەسەڵات، سندوقەکانی دەنگدانە، خراپترین دۆخیش بایکۆتکردن و نەچونی تۆی هاونیشتیمانییە بۆ دەنگدان، لەهەمانکاتدا شکاندنی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان، شاڕێی گۆڕانکاری و چاکسازیکردنە لە دەسەڵاتی سیاسی، پاکسازیکردنی هەرێمە لەخەڵکانی دزو گەندەڵکار، رێکسازیکردنە لەشێوازی بەڕێوەبردنی ئاراستە خواروخێچەکەی دەسەڵات.
تێبینی: بۆ ئەم نوسینە سودێکی زۆر لە پەرتوکی هەڵبژاردن لەکوردستان وەرگیراوە، کە لەنوسینی محەمەد رەئوفە.