Draw Media

بۆچی پ.د.ك له‌ هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی پۆستی سه‌رۆك كۆماره‌؟

بۆچی پ.د.ك له‌ هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی پۆستی سه‌رۆك كۆماره‌؟

2018-09-26 21:42:03


 

■ د. هەردی مێد

وڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ئاسان نییه‌، چونكه‌ له‌ ناو پرۆسه‌یه‌كداین هێشتا له‌ خۆبه‌رهه‌مهێناندایه‌، هاوتا زانیاری ته‌واومان سه‌باره‌ت به‌و‌ ره‌ده‌ڵوبه‌ده‌ڵ و گره‌وه‌ شاراوه‌كانی پشت پرۆسه‌كه‌وه‌ نییه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌م راستیه‌، له‌م رۆژانه‌ی دوایی هه‌ندێك ئه‌م داوایه‌ی پ.د.ك ده‌به‌ستنه‌وه‌ به‌وه‌ی پارتی له‌به‌رئه‌وه‌ رازی نییه‌ به‌‌ كاندیدكردنی به‌رهه‌م ساڵح چونكه‌ ی.ن.ك تاك لایه‌نه و به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پارتی‌ بڕیاری لێداوه‌؛ هه‌ندێكی دی ده‌ڵێن پارتی پێداگری له‌م پۆسته‌ ده‌كات ته‌نها بۆ به‌ده‌ستهێنانی هه‌ندێ ده‌ستكه‌وتی دی له‌مانه‌ش پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك: هه‌ندێكی دیش جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ پێداگیری پ.د.ك په‌یوه‌ندی به‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و پێكهێنانی حكومه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ گه‌ره‌كێتی سه‌رۆكی حكومه‌ت و كۆمه‌ڵی پۆستی سیادی گرنگ له‌ لای خۆی گلداته‌وه‌. ده‌شێت ئه‌م گریمانانه‌ هه‌موویان راست بن. به‌ بێ فه‌رامۆشكردنی هیچێك له‌م گریمانانه‌، پێموایه‌ پێداگری پ.د.ك له‌ سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار‌ په‌یوه‌ندی به‌ دینامیكی سیاسی نوێی هه‌رێمایه‌تی و ئه‌و لۆژیكه‌وه‌‌ هه‌یه‌ كه له‌ دامێنی ئه‌م دینامیكه‌ نوێییه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌. ‌ریفراندۆم و قه‌یرانی سوریا و پرسی كورد له‌ سوریا زه‌مینه‌سازی بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی چوار پایته‌خی ئه‌و چوار وڵاته‌ی كوردی تێدایه‌ خۆشده‌كات. ئه‌م چوار پایته‌خته‌ كه‌ له‌م دواییانه‌دا تا راده‌یه‌ك له‌ پێناسه‌كردنی پرسی كورد و جڵه‌وكردنی كورتیان هێنابوو، له‌وه‌ده‌چێت له‌مه‌ودوا له‌ گۆشه‌نیگای ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ و لۆژیكی ده‌وڵه‌تگه‌رایی (state-centric)ه‌وه‌ له‌ هه‌وڵی جڵه‌وكردنی كورد و سڕینه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رمایه‌ ڕه‌مزی و به‌رچاوییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ بن كه‌ كورد له‌ جه‌نگی دژ به‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی به‌ ده‌ستیهێنا.

له‌م رووه‌وه‌، پێده‌چێت پ.د.ك پشتیوانی و هه‌ماهه‌نگی توركیایی له‌ ده‌ستدابێت. به‌ رای من، پشتیوانی توركیا بۆ پ.د.ك قورساییه‌كی گرنگ و وزه‌یه‌كی له‌ راده‌به‌رده‌ر و بایه‌خداربوو له‌ ململانێكانیدا له‌ به‌رامبه‌ر به‌غدا، تا ئه‌و شوێنه‌ی پ.د.ك ببوه‌ ئه‌ندازیاری دروستكردنی دینامیكی خۆگرمۆڵه‌كردن (centrifugal dynamics) و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ناوه‌ند. له‌ بیرمان نه‌چێت په‌یوه‌ندیه‌كانی به‌غدا و ئه‌نكه‌ره‌ تا ئه‌و شوێنه‌ خراپ بووبووو كه‌ نوری ئه‌لمالكی توركیا له‌ سالی ٢٠١٠ به‌ <دوژمن وه‌سف> ده‌كات. له‌ نه‌بوونی پشتیوانی هه‌رێمایه‌تی و پوكانه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ و ئامرازه‌كانی فشاری، پ.د.ك هه‌وڵده‌دات له‌مه‌و دوا له‌ به‌غداوه‌ به‌رگری له‌ پێگه‌ی خۆی و ئه‌و حكومه‌ته‌ بكات كه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات. بۆیه‌ ده‌شێت جه‌ختكردنه‌وه‌ی پ.د.ك له‌ پۆستی سه‌رۆك كۆمار له‌م گۆشه‌نیگایه‌شه‌‌وه‌ بخوێنرێته‌وه‌.

به‌ڵام، هه‌موو ئه‌مانه‌ هێما و نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن كه‌ له‌مه‌ودوا له‌وانه‌یه‌ به‌غدا ببێته‌ گۆڕه‌پانی زۆرانبازیه‌كان و تاكه‌ خانه‌ی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی به‌ریه‌ككه‌وتنه‌ سیاسیه‌كان. به‌ مانایه‌كی دی، دینامیكی ناوه‌ندخوازی (centripetal dynamics) شوێن به‌ دینامیكی خۆرگرمۆڵه‌كردن له‌ق ده‌كات. به‌ كورتی، هیچ به‌ دووری نازانم به‌ره‌و بیناكردنه‌وه‌ی ناوه‌ند بچینه‌وه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand