Draw Media

نێوان دکتۆر بەرهەم و کاک فواد

نێوان دکتۆر بەرهەم و کاک فواد

2018-09-26 08:49:12


■ چیا عەباس
لە مێژە هەر یەک لەو دو بەرێزە دەناسم، لە گەڵ دکتۆر خزمایەتیمان هەیە و لە تەمەنی منداڵیەوە دەیناسم. دواتر لە نزیکەوە کاری رێکخراوەیی و حزبیشم لە گەڵ کردوە. 
دکتۆر لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەری ناسراوی شاری سلێمانی گۆشە و پەروەردە کراوە. خوالێخۆشبو باجی روناکی دایکی لە سەرەتای شۆرشی ئەیلولەوە یەکێک بوە لە ژنە تێکۆشەر و بوێرەکان، تا وەفاتی چالاکانە بۆ پرسی نەتەوەیی و مافەکانی ژنان کاری کردوە.  
دکتۆر لە سەردەمی لاویدا چەپێکی نێو کۆمەڵەی رەنجدەران بوە، کاتێک دەیەوێت زانکۆ بخوێنێت بە هۆی پەیوەندی بە کۆمەڵەوە سزای لە سێدراەدانی لە لایەن رژێمی سەدامەوە بۆ دەردەچێت، دواتر ئازاد دەکرێت و لە لەندەن خوێندن تەواو دەکات. لەو سەردەمەدا خوالێخۆشبو مام جلال دەناسێت، ئەو ئاشنابونە دەبێتە وێستگەیەکی زۆر گرنگ لە وەرچەرخاندنی ژیانی دکتۆر. لێرە بەدواوە دکتۆر بە پشتگیری مام جلال بە پلەکانی رێکخراوەیی یەکێتیدا هەڵدەکشێت تا دەگاتە پۆستی جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی.
دکتۆر لە پێگەی بەرپرسیاریەتی حزبی و حوکمرانیدا دەربری ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو نەبوە، وەک کەسایەتیەکی تەکنۆکرات، سیاسەتمەدارێکی پراگماتیک، دنیا دیدە و خاوەن پەیوەندی بەرفراوان ناسراوە. 
وەک تەکنۆکراتێکی لیبراڵی پراگماتیک چەندین ئاراستەی سیاسی گرتۆتە بەر، لە هیچ کام لەو ئاراستانەدا نەگەیشتۆتە دوا مەنزلی خواستەکانی. هۆکارێکی گرنگی ئەم ناجێگیریە دەگەرێتەوە بۆ فاکتێک لە کڵتوری  یەکێتیدا، ئەویش ئەوانەی خەباتی پێشمەرگایەتی وشاخیان کردوە باڵادەسترن لەوانەی بە گەڵیک هۆکارەوە بەشداری ئەو خەباتە نەبون. لەم روەوە چەند راپۆرتێکی گرنگی ئەمریکی لە ماوەی ١٥ ساڵی رابردودا باس لە پێگەی دکتۆر لە ناو یەکێتیدا لە سایەی گاردە دێرینەکانی ئەو حزبەدا دەکات.
دکتۆر لە دوای نەخۆشبونی مام جلال ەوە پشتێکی گەورەی لە ناو یەکێتی لە دەستدا، لەو ساتەوەش پێگەی لە ناو ئەو حزبەدا جێگیر نەبو.
دکتۆر پاش ئەزمونێکی کورت لە گەڵ هاوپەیمانیەکەی توانی وەک سیاسیەکی پراگماتیک بە پشتگیری بەشێکی زۆری یەکێتییەکان ببێتە کاندیدی حزبە رەسەنەکەی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار.
پێموایە ئەگەر دکتۆر بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرێت ناتوانێت چەند سنورێک هەیە بیان بەزێنێت، لە مەقامی یەکەمدا منەت و خواستەکانی ئەوانەی لە سەرۆکی هێزێکی ترەوە کردیان بە کاندیدی یەکێتی، دوەمیان ئەگەر متمانەی زۆرینەی لایەنە عەرەبەکان وەرگرێت، دەبێت لە پۆستەکەیدا موراعاتیان بکات، چونکە تا ئەم چرکەیەش دکتۆر تەنها کاندیدی یەکێتییە، 
ئەگەر هەروا بمێنێتەوە و هەلبژێردرێت دەبێت بەردەوام چاوەروانی ئەوە بێت کە بەرەی کوردی لە بەغدا هەمو کاتێک لە گەڵیدا نەبن. لەم روانگایانەوە دکتۆر کاتێکی ئاڵۆز بەرێدەکات.
دکتۆر لە لایەن چەند سەنتەرێکی بریادەری ئەمریکیەوە ناسراوە و لێیان نزیکە، ئەم راستیە دەیخاتە ژێرفشارێکی زۆری ئێرانەوە کە بە چاوێکی متمانەوە ناروانێتە پێگەی دکتۆر.   
مەبەستم نیە لە تواناکانی دکتۆر کەم بکەمەوە، بەڵام راستیەکی حاشا هەڵنەگرە لە عێراقی ئەم سەردەمەدا زەمینە و هێز و کاریزما و پشتگیری ئەقلیمی و نێودەوڵەتی بریاردەرن نەک لێهاتویی و توانای کەسایەتی.
سەبارەت بە کاک فواد:
ماوەی نزیکەی نیو سەدەیە لە نزیکەوە دەیناسم، ئەو کاتانەی هەر دوکمان لە ریزەکانی پارتی لە بەغدا کارمان دەکرد، ئەو وەک کادرێکی لێهاتوی حزبی و بەندەش وەک کادرێکی حزبی و خوێندکاران کە بەشێک لە کارەکانمان بە یەکەوە گرێدرا بون.
لەو سەردەمانەدا کاک فواد کادرێکی میانرەوی واقیعی بو، وەک لاوێکی کورد بە دڵ و گیان کاری بۆ کوردایەتی دەکرد. هەر دوکمان بەشداری شۆرشی ئەیلول بوین و هەر یەک لێمان کاری خۆی دەکرد. دوای شکستی شۆرشی ئەیلول لە گەڵ کاک فواد یەکەم گروپی پەناهەندەی کورد بوین کە ژمارەمان ١٧ ژن و پیاو و منداڵ بو لە ١٢ ئایاری ١٩٧٥ گەیشتینە هۆڵەند.
لە یەکەم چرکەی دروستبونی یەکێتی کاک فواد چالاکانە بەشدار بوە. لە ناوەراستی حوزەیرانی١٩٧٥ و بە ئامادەبونی خوالێخۆشبوان کاک عادل موراد و داتریش دکتۆر کەمال فواد یەکەم رێکخراوی یەکێتی لە دەرەوەی وڵات لە وڵاتی هۆڵەند دروستکرا بە ناوی رێکخراوی زمناکۆ، رێکخراوەکە لە دو شانە پێکهاتبو کە کاک فواد بەرپرسی شانەیەکیان بو و شەهید زاهر حەمەد کە دۆستێکی نزیکی کاک فواد بو بەرپرسی رێکخراوەکە بو.
لە ماوەی کارکردنمان بەیەکەوە لە ناو یەکێتی لە هۆڵەند و لە دەستەی بەرێوەبەری رێکخراوی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە دەرەوەی وڵات بۆ ماوەی چەند ساڵێک، کاک فواد کادرێکی هەڵسورێنەری جدی بو، خاوەنی تێرامانی و هەڵسەنگاندنی خۆی بو، هەر ئەوەش هۆکارێکی گرنگ بو لە سەردمی دانوستانی یەکێتی لە گەڵ بەغدا لە ١٩٨٤ خۆی لە ریزەکانی رێکخستنی یەکێتی دور رابگرێت. لەوە بە دواوە سەرقاڵی خێزان و خوێندن و کاری رۆژنامەگەری بوە. هاوکاتیش بە هێچ شێوەیەک لە بزافی کوردایەتی و سەرکردە و هێزە سیاسیەکانی کوردستان دانەبراوە. هەمیشە هەوڵی داوە کاریگەری ئەرێنی لە سەریان هەبێت، بە تایبەت لە ساڵەکانی شەری ناوخۆ لە گەڵ چەند هاورێکیدا هەوڵێکی زۆریان دا بۆ راگرتنی شەرەکە. 
لە سەروبەندی ئامادەسازی بۆ روخاندنی سەدام بە رێگەی چەند کەسایەتیەکی نیشتمانپەروەری کورد لە ئەمریکا توانی لە دەورەکانی را‌هێنانی کادری فەرمانرەوایی بۆ قۆناغی دوای سەدام بەشدار بێت، دوای روخاندی سەدام ماوەیەک وەک راوێژکار لە وەزارەتی خوێندن و پەروەردەی عێراق کاری کرد.
کاک فواد وەک سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم ئەركێکی ئیداری هەبو، بێگومان جێگەی متمانەی پارتی و مسعود بارزانی بوە بۆ وەرگرتنی پۆستەکە و مانەوەشی، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئۆتۆماتیک بەرپرسیارە لە هەمو کارەکانی دەوروبەر و سەروی خۆی. هەر چۆنێک بێت دەکرا لەو ساڵانەدا خۆی لە چەند لێدوان و دەربرینی ناواقیعی دور رابگرتایە.  
پێموایە ئەگەر دکتۆر فواد ببێت بە سەرۆک کۆمار، پێگەی کورد لە عێراق قۆناغێکی ئارام و جێگیر بەسەر دەبات، چونکە لە مەقامی یەکەمدا کاندیدی گەورەترین هێزی کوردستان و خودی مسعود بارزانیشە، بۆیە پشتێکی بەهێزی جێگیری هەیە کە دەبێت گوێی لێ بگیرێت و تا رادەیەکیش مەجبور نابێت منەتی ئەم ئەو هەڵبگرێت، هاوکاتیش کاک فواد ئاراستەیەکی چەسپاوی دیاریکراوی هەیە، وێرای ئەوەی ئەم ئاراستەیەش پراگماتیکە بەڵام ئەسیری چەندین  کۆت و بەندێک نابێت کە گێژاوی بۆ دروست بکەن.
لێرەدا راستیەک شایستەی باسکردنە:
بۆ خۆم ناخوازم هیچ کوردێک لەم دۆخەی ئێستای عێراقدا بکرێتە سەرۆک کۆمار، بەڵام واقیع و سیاسەت شتێکی تر دەخوازن. 
لە ساڵی ١٩٩٤ بەندە کارگێری رێکخستنەکانی مەڵبەندی دەرەوەی یەکێتی بو. دکتۆر بەرهەم بەپرسی مەڵبەند بو و هاوکاتیش نوێنەری یەکێتی بو لە واشنتۆن. لە ساڵەکانی شەری ناوخۆدا بەردەوام پەیوەندیم لە گەڵ دکتۆر بەرهەم هەبو، ئەو کات کاک فواد هیچ پەیوەندیەکی فەرمی لە گەڵ یەکێتی نەبو، سەرەرای ئەوەش زۆربەی جار دکتۆر داوای لێدەکردم بۆ کار و چالاکیەکانمان راو و بۆچونی کاک فواد وەربگرم. راستیەکەشی من بە گوێم نەدەکرد، چونکە لە روانگایەکی حزبی تەسکەوە لام سەیر بو کاروباری حزب بخەمە بەردەم کەسێکی ناحزبی.
خوا ئەو خوایە ئێستا رکابەری یەکترن بۆ یەكێک لە پۆستە هەرە گرنگەکانی عێراق. 
ئەم دیاردەیە کارێکی تەندروستە، بەڵام هەرچۆنێک ئەو هاوکێشەیە یەکلابکرێتەوە ئاکامێکی پارادۆکسی دەبێت، ئەگەر بەرێکەوتنی سیاسی یەکێک لەو دوانە بکرێتە سەرۆک کۆمار ئەوا 
" یەکریزیەکی روکەشی" کورد بەرقەرار دەبێت، لە لاکەی ترەوە ئەو " یەکریزیە" پۆستەکە و خاوەنەکەی دەکاتە ئەسیری خۆی و سیما و لێهاتویی و خەسڵەتە تایبەتەکانی سەرۆک کۆماریش پەردەپۆش دەکات. ئەگەر بە رکابەرکردن یەکێکیان بیباتەوە ئەوە پێگەیەکی بەهێز بەدەست دەهێنێت و دەستی کراوەتر دەبێت و مەجبور نابێت زۆر منەت هەڵبگرێت، لە لاکەی ترەوە لە بەر ئەوەی زادەی " یەکریزی" نەبوە چاوەروانی گێرمە و کێشەی زۆر لە بەرەی کوردی لە بەغدا بکات.     
بۆ خۆم هەر کامێکیان ببێت بە سەرۆک کۆمار هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم.

نوسینی: چیا عەباس
رۆتەردام: ٢٦ی سێپتەمبەری ٢٠١٨ 
     
  
  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand