حیزبی کوردیی لەنێوان سیستەمی خێڵ و نیۆلیبرالیزمدا
2018-09-23 18:53:39
ئاراس فەتاح ـ مەریوان وریا قانیع
(٩)
چەندە مانا و بەھاکانی حیزب گۆڕانکارییان بەسەردا ھاتووە، ئەوھاش دروستکردنی حیزب لە کوردستاندا گۆڕانێکی گەورەی بەسەرداھاتوە. لەناو ئەم دونیا نوێیەدا ھەر کەسێک تەلەفیزیۆنێک و رادیۆیەک و سایتێک و چەند پەیجێکی فەیسبووک و تویتەری ھەبێت و توانی کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و ژمارەیەک ئینشانووس لە خۆی کۆبکاتەوە، دەتوانێت حیزبێک دابمەزرێنێت. لەمڕۆدا ھەموو پارەدارێک دەتوانێت پارتێکی سیاسیی بۆخۆی دروستبکات، دەتوانێت میدیاکار بکڕێت و کەسانی ناڕازیی و تەرەبوو لە حیزبەکانی تر سەوقبکات و کۆمەڵێک دروشمی پۆپۆلیستیی بەرزبکاتەوە و خۆی وەک تاقانەی مێژوویی و ئەلتەرناتیڤی ھەموو ھێزەکانی تر نمایشبکات. بە بۆچوونی ئێمە زۆرینەی ڕەھای حیزبەکان لەم قۆناغەدا زیاتر ئاکاری کۆمپانیایەکیان وەرگرتوە و لەوە کەوتون ھەڵگری بەرنامە و ستراتیژ و دونیابینییەکی تایبەت و کۆنکریت و جیاواز بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا و گۆڕانکاریی لە سیستەمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی؛ ھەر ئەمەشە وایکردووە دروستکردنی حیزبێکی سیاسیی و دروستکردنی کۆمپانیایەک کە ھەر کەسەو پشکێکی تێدا ھەبێت، وەک یەکی لێبێت. بەحوکمی ئەوەش کە لەناو دۆخێکی ئابووریی چەتەگەریی و نیۆلیبرالی وەک دونیای ئێمەدا دروستکردنی کۆمپانیا تەواو ئاسانبووە و ھەرێمەکە پڕکراوە لە کۆمپانیای وەھمیی، بۆیە دروستکردنی حیزبیش لەناو ھەمان پرۆسەدا کارێکی ئاسانە و حیزبی وەھمیی و کۆمپانیای وەھمیی دەبنە دووانەیەکی یەکدی تەواوکەر. ھەردووکیشیان بوون بە دوو ماشێنی گەورەی دروستکردنی وەھمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و کار لەسەر ئەوە دەکەن ھاونیشتیمانیان بکەن بە کارمەند و کرێکار لەناو دەزگاکانی خۆیان و خەونی بەھێزبوونی دەزگاکەیان بە خەونی دەوڵەمەندبوونەوە گرێبدەن و بەھەردووکیشیان وەھمێکی کۆمەڵایەتیی نوێ بەرھەمبھێنن وەک لە کارنامەی سیاسیی و پرۆپاگەندەی ھەڵبژاردنەکانیاندا بەرجەستەدەبێت.
ئەم مۆدێلەی بەکۆمپانیابوونی حیزب، بەھەردوو فۆرمی فرەپشکیی و موڵکایەتی تایبەتەوە، ئەو گۆڕانە گەورەیەیە کە بەسەر مۆدێلی حیزبایەتی لەدونیای ئێمەدا ھاتووە. حیزب لە ئێستادا نە درێژکراوەی خێڵە و نە وەک خێڵیش کاردەکات، سەرۆکەکانیشیان ئەوەندەی وەک بزنسمانێکی نیۆلیبرال کاردەکەن، ھێندە وەک سەرۆکی عەشیرەتێکی تەقلیدیی کارناکەن. سەرۆکەکانی ئەم تایپە تازەیە لە حیزب بزنسمانێکی نیۆلیبرالن و لەناو تۆڕێکی گەورە لە پەیوەندیی ئابووریی و سیاسیی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییدا ئامادەن. بنەماڵەی بارزانیی و تاڵەبانی، وەک دوو بنەماڵەی دەسەڵاتدار و سەرۆکی دوو حیزبە حوکمڕانەکەی کوردستان، ئەوەندەی دوو بنەماڵەی نیۆلیبرالن و تا بینەقاقایان لەناو پراکتیک و گوتار و شێوازی بیرکردنەوەی نیۆلیبرالییانەدا نووقمە، ھێندە پەیوەندییان بە خێڵ و کولتوور و لۆژیکی ئیشکردنی خێڵەوە نەماوە. سەرجەمی پەیوەندییەکانیان بە دونیاوە جەبری ئابووریی و لۆژیکی نیۆلیبرالیزم و خەونی سوڵتانی ئاراستەی دەکات. خاڵی سەرەکیی ئەم لۆژیکە و ئەم پەیوەندییە تازەیەش بەھەردوو دیوە ئابورییەکەیەوە، ھەم ئابوریی قاچاغ و ھەم ئابوریی ئاسایی، بازرگانیکردن و بوون بەبەشێکە لە ئابووریی ئیقلیمیی و نێونەتەوەیی. شێوازی بارگانیکردنەکەش بێسنوورە، لە بازرگانیکردن بە سیاسەتەوە بیگرە، بۆ بازرگانیکردن بە نەوت و کاڵای ئابووریی و مرۆیی و دەرمان و سێکس و خاک و خەڵکەکەشەوە. ھیچ یەکێک لەم خەسڵەتە نوێیانە بەشێک نین نە لە سنووری کارکردنی خێڵ و نە لە ئاکار و سایکۆلۆژیا و ئەو دونیا ڕەمزییەی کە خێڵ لە مێژووی ئێمەدا ھەڵگریان بووە. بزاوت و پێگەو جوگرافیای کارکردنی ئەم ھێزە نوێیانە بەشێک نین لەو پێگە و ڕووبەرە جوگرافیی و رەمزییەی کە خێڵ لەسەری ژیاوە. لەکاتێکدا خێڵ بڕێک کۆد و بەھای روحیی و رەمزیی و کۆمەڵایەتیی و پەیوەندیی خوێن دەیجوڵێنێت و ئامادە نییە سەودایان لەسەر بکات و دەستبەرداری ئەو ئەخلاقییاتە بێت، حیزبی نوێی کوردیی ئامادەیە نەک خێڵەکەی خۆی، بەڵکو نیشتیمانەکەشی بفرۆشێت لەپێناو ئەو بەرژەوەندییە ئابوورییە نوێیانەی کە لەناو سیستەمی ئابووریی نیۆلیبرالی ئیقلییمی و جیھانییدا بۆی دروستبووە.
بەڕای ئێمە، ھەڵەیەکی فیکریی و زانستیی گەورەیە حیزبی ئەمڕۆ، بەشێوەیەکی ئینشایی، بە زاراوە تەقلیدییەکانی خێڵ و خێڵگەرایی بخوێنینەوە و پێمانوابێت ھەم بونیادی حیزب بونیادێکی خێڵەکییە و ھەم سەرۆکی حیزب و سەرۆکی خێڵی جاران وەک یەکن و ھەم بەھا و بزاوت و ھەڵسوکەتی حیزب وەک بەھا و جوڵە و ھەڵسوکەوتی خێڵە بەمانا تەقلیدییەکەی. ئەم جۆرە لێکدانەوە نامێژوویی و حازربەدەست و سادەگۆیانە ڕێگەی ئەوەمان لێدەگرن بزانین چی لە ئێستادا ڕوودەدات، چی بەڕێوەیە بێت و چیش گۆڕاوە. لەمڕۆدا حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێم ئۆرگانێکی نیۆلیبرالی بە جیھانیبوون کە پشکیان لە کۆمپانیا گەورە جیھانییەکاندا ھەیە، کەشتی فرۆشتنی نەوتیان لە دەریاکانی جیھاندا ھەیە و دەستیان لەناو کەرتی ئابوریی نوێ و فۆرمی تازەی بزنس و لقە جیاوازەکانی بازرگانییدا ھەیە، کە ھیچ شتێک بە خێڵ و خێڵگەرایی تەقلیدییەوە نایانبەستێتەوە.
بەکارھێنانی چەمکی خێڵ وەک زاراوە بۆ خوێندنەوەی حیزب لەمڕۆکەی کوردستاندا وەکو درێژکراوەی میتۆدی ئۆرێنتالیزم و جەوھەرگەراییەکی نامێژوویی و سادەگۆ، دەشێت لە میدیا ھەرزانەکاندا خوێنەر و گوێگریی ھەبێت؛ ھەروەک چۆن دەگوترێت سیاسەتی ئەمریکا سیاسەتی کاوبۆیە، ئاوھاش بە ھەمان ریتۆریک و بەھەمان سادەگۆیی دەتوانرێت بگوترێت حیزبە کوردییەکان ھەموو خێڵەکیین و سیاسەتیشیان درێژکراوە و ڕەنگدانەوەی ئەو جوگرافیا کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و فەرھەنگییەیە کە خێڵ دروستدەکات و خێڵ لەناویدا دەژیی.
(١٠)
لەکاتێکدا حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە پێشبڕکێی ئەوەدان گەورەترین ڕۆڵ و پشکیان لەناو ئەم سیستەمە ناوچەیی و نێونەتەوەییە نیۆلیبرالییەدا ھەبێت، حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ھەرێمیش لە پەراوێزی ئەو سیستەمەدا دەرگیریی چەندین کێشەی سیاسیی و ناوەکیین. حیزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات چ لە ئاستی پەیوەندییە دەرەکیی و چ لە ئاستی پەیوەندییە ناوخۆییەکانیاندا لە قەیرانێکی سیاسیی گەورەدا دەژین. ئەم حیزبانە جگە لەوەی لەئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتییدا سەنگی دیپلۆماسییان زۆر لاواز و ناچیزە، لەئاستە نیشتیمانییەکەشدا بۆ ھیچ پرسێکی سیاسیی خاوەن پرۆژەیەکی نیشتیمانیی و پێکەوەکارکردنی ستراتیژیی و دورخایەن نین. ئەم حیزبانە چ لەناو خۆیاندا و چ لە پەیوەندییاندا بە یەکترییەوە لە دۆخی نامتمانەییەکی گەورە و نێرجسییەتێکی کوشندەی سیاسیشدان؛ کۆی ململانێ سیاسییەکانیان بردۆتە ناو ئەو رووبەرەی کە دەسەڵات تیایدا ئامادە نییە، ئەویش ڕووبەرە ناڕازاییەکەی دونیای ئێمەیە. ھەریەکێک لە حیزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات لەناو وەھمی نوێنەرایەتی راستەقینەی خەڵکی ھەرێمدا دەژی و لەناو زۆنگاوی ھەڵبژاردندا بەتەنھا خەریکی ڕاوی دەنگی خەڵکانی ناڕازییە، ئەگەرچی ئەم ڕاوکردن و دەنگ کۆکردنەوەیە بەناو ھەڵمەتێکی میدیایی گەورەی ملشکاندن و بەدناوکردنی یەکدیشدا تێپەڕێت. راستییەکی سۆسیۆلۆژی و سیاسیی ھەیە کە لەم قۆناغەدا ھیچ یەکێک لەم حیزبانە بەتەنھا توانای ھەیمەنەی بەسەر ئەو رووبەرە ناڕازییە پەرتەوازەیەدا نییە کە کۆمەڵگای ئێمە دوای مردنی حیزبی جەماوەریی تێی کەوتووە. ئەو ڕووبەرەش خەریکە بەرەو ئەوە دەڕوات تەواو بە ناسیاسییبکرێت و ھەموو متمانەیەکی بە کردەی سیاسیی وەک ئامرازێک بۆ گۆڕانکاریی و وەک ڕەھەندێکی گرنگیی ژیانی ئینسانیی، لەدەستبدات.
بەبۆچوونی ئێمە ھیچ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان ھەڵگری سیاسەتێکی کۆنکریت و واقیعبینانە و مێژوویی نییە کە توانای فۆرمولەکردنی ئەلتەرناتیڤێکی قابیلی پیادەکردن و بەردەوامیی ھەبێت. ھیچ یەکێکیش لەو حیزبانە بەتەنھا دەرقەتی ئەو تەحەدا سیاسیی و کۆمەڵایەتییە ناوەکیی و ئیقلیمییە گەورانە نایەت کە کۆمەڵگای ئێمە و ھەرێمی کوردستان دوای ریفراندۆم دەرگیریی بووە. ئەم دۆخەش وایکردووە ھەموویان بەنەفەسێکی پۆپۆلیستییانە کاربکەن، چونکە ھەر یەکەیان بەچەشنێک وێنای خۆی دەکات، وەک ئەوەی ئەو بەتەنھا دەتوانێت نوێنەرایەتی راستەقینەی ئەو گشتە ناڕازییە بکات و کلیلی چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکانی داھاتووی کۆمەڵگای ئێمەشی لە گیرفاندا بێت.
................................
ئاوێنە