Draw Media

تیمەكەی بافڵ - لاهور

تیمەكەی بافڵ - لاهور

2018-09-23 16:18:20


 ■  رەحمان غەریب

بۆ قۆناغی یەكەمی دانوستان، باڤڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی لە پرۆسەی گەڕاندنەوەی دكتۆر بەرهەم سەرۆكی هاوپەیمانی و هەڵبژاردنی وەك كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، لەناو حزبەكەیان سەركەوتوو بوون. قۆناغی بڕواهێنان لە دەرەوەی حزبەكەیان قۆناغێكی قورسترە.

قورسترە نەك تەنها لەبەر ئەوەی دەبێت تیمە "دوو قۆڵی"یەكەیان هەوڵبدەن ركابەرەكەیان (پارتی)، دەستبەرداری پۆستەكە بێت، ئینجا پێكهاتەی شیعە‌و سونەكان رازی بكەن، بەڵكو پۆستی سەرۆك كۆمار بە قورسی چۆتە ناو كێبڕكێیی هەڵبژاردنەكان‌و هاوسەنگی هێز لە هەرێمی كوردستان.

كیبَڕكێیەك كە لە سەرەتای دەستپێكردنیدا وەفدی مفاوزكاری یەكێتی بە هێنانەوەو كاندیدكردنی كاك بەرهەم خاڵێكیان تۆمار كرد، كاتێكی زۆری بەسەر نەچوو ئەمڕۆ بە دواخستنی وادەی پرۆسەی هەڵبژاردنەكە لەناو پەرلەمانی عێراق، پارتی خاڵی یەكسانی تۆمار كرد.

چوونی پارتی بۆ ناو كێبڕكێی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، بە روكەش وادەربكەوێت كە بەئامانجگرتنی كاك بەرهەمە، بەڵام لە ناوەرۆكدا ئەم ساتەوەختە بە دەرفەتێك دەزانێت بۆ تێكدانی پلانی كاكەكانی تر(باڤڵ - لاهور)‌و شكستپێهێنانی هەوڵەكانیان.

پێم وایە پاساوی رانەگەیەنراوی پارتی بۆ تێكدانی كەشی مفاوەزاتی تیمەكەی یەكێتی، دانانی لەمپەرە لە سەرهەڵدانی هەژموونی رەوتێك كە بە بڕوای ئەو لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر "لاسار"یان كردوە. بە بێ ئەوەی ئەوەمان لەیادبچێت، كە تێكدانی پلانی "لاسار"ەكان، باجەكەی بۆ پارتی شەونخونیان دەبێت بۆ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق كە دیارترین ئەركی پۆستی سەرۆك كۆمارە.

بوونی تیمەكەی پارتی لە بەغدا نەك بۆ هێزە عێراقییەكان بەڵكو بۆ ئەمریكاش گرنگە، ئەمریكایەك كە دەیویست كەڵكەڵەی دابەشبوونی عێراق لە خەیاڵی سەركردەكانی ئەو حزبە سڕ بكات، ئێستا بە هێزەوە خۆی بۆ بۆ وەرگرتنی پۆستی سیادی نمایش بكات، هەر زۆر گرنگە.

خۆئەگەر لە كۆتایشدا مل بەو داخوازییەی پارتیش نەدرێت ئەوا دیمەنی ماچ و دەستلەملانی سەركردەكانیان لەگەڵ دوژمنی دوێنێ‌و دۆستی ئەمڕۆیان سەرنج راكێش‌و نمایشێكە بە بێ بلیت، با هەڵگرانی بیری یەكپارچەیی عێراق تێربن لە بینینی ‌و چاویانی پێ لە (كل) نێن.

ئێستا دیمەنەكە ئێجگار روونە كوردستان لە یەكڕیزی و یەك تیمییەوە بۆ چەند تیمێكی پەرتەوازەو خاوەن بەرژەوەندی جیاواز، بە ئەجێندای جیاوازەوە لە بەغدا گفتوگۆ دەكەن. ئەم ساتەوەختە مێژوییە بۆ هێزەكانی بەرامبەریش لە بەغدا هەلێكی ئێجگار زێڕینە تا لیستی داخوازییە زۆر و زەوەندەكانی پارتی و یەكێتی، لە پۆستی سەرۆك كۆمار، بەتاڵ بكەنەوە.

لەناو ئەم كێبڕكێیەدا، كام تیمەیان جامی سەرۆك كۆمارمان بۆ بێننەوە، بە پێوەری نیشتمانی دۆڕاون‌و دڵی رەش‌و رووتی وڵاتەكە خۆش ناكات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand