Draw Media

دكتۆر به‌رهه‌م ساڵه‌ح بۆ وایلێهات ؟

دكتۆر به‌رهه‌م ساڵه‌ح بۆ وایلێهات ؟

2018-09-23 13:52:33


 

■  دڵشاد ئه‌نوه‌ر
زۆر له‌باره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵه‌ح بۆ نێو یه‌كێتى نوسراو وترا، به‌ڵام سه‌رنج و كۆمێنته‌كان له‌مباره‌یه‌وه‌، كه‌میان ده‌چوونه‌ چوارچێوه‌ى خوێندنه‌وه‌یه‌كى قوڵى واقیعیه‌وه‌، به‌ڵكو زۆربه‌یان هێرش و خوێندنه‌وه‌ى سه‌تحى بوون بۆ مه‌سه‌له‌كه‌.
پێش ئه‌وه‌ى بچمه‌ نێو بابه‌ته‌كه‌وه‌، هه‌ندێك پرسیار دێنه‌ پێشه‌وه‌، بۆچى دكتۆر به‌رهه‌م یه‌كێتى جێهێشت ؟ هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ى بۆ شكستى هێنا؟ ئه‌ى بۆچى گه‌ڕایه‌وه‌ نێو یه‌كێتى؟ داهاتوى چۆن ده‌بێت له‌ نێو یه‌كێتى دا؟
.
چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ى دكتۆر به‌رهه‌م له‌ یه‌كێتى ؟
.
تا ئه‌وكاته‌ى تاڵه‌بانى له‌ژیان دا بوو، تاڵه‌بانى پشتیوانى و دكتۆر به‌رهه‌میش خوێندكارێكى گوێڕایه‌ڵى بوو، بڕینى چه‌ندین وێستگه‌ى به‌رپرسیارێتى حیزبى حكومى له‌لایه‌ن دكتۆر به‌رهه‌مه‌وه‌، په‌یوه‌ندى به‌ پشتگیرى كردنى تاڵه‌بانیه‌وه‌ هه‌بوو.
ئه‌گینا گه‌ر پشتگیرى تاڵه‌بانى نه‌بایه‌، به‌شێكى زۆر له‌ قیاده‌كانى یه‌كێتى، چوونه‌ پێشه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵه‌ح و ئه‌و گرنگى پێدانه‌یان له‌لایه‌ن تاڵه‌بانیه‌وه‌ پێ هه‌زم نه‌ده‌كرا، هه‌ر زوو ده‌بوونه‌ له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌میدا.
كۆچى دوایى تاڵه‌بانى، هه‌ر زوو كاریگه‌رى له‌سه‌ر به‌رهه‌م ساڵه‌ح وه‌دیار خست و بێ پشت و په‌ناى كرد، ته‌نانه‌ت له‌نێو بنه‌ماڵه‌ى تاڵه‌بانیشه‌وه‌ ده‌نگ دژى به‌رهه‌م ساڵه‌ح هه‌ڵبڕا، تا دواجار له‌خولى پێشوى په‌رله‌مانى عێراق دا، فواد مه‌عسوم ى له‌به‌رانبه‌ر قوت كرایه‌وه‌ و رێگه‌ى گه‌یشتن به‌پۆستى سه‌رۆك كۆمارى لێگیرا.
له‌به‌رانبه‌ریشدا، به‌رهه‌م ساڵه‌ح نه‌یتوانى ئارام بگرێت و دان به‌خۆیدا بگرێت، چونكه‌ سیاسه‌ت و ململانێ پشوو درێژى ده‌وێ، دژایه‌تیه‌كان نیگه‌رانیه‌كانى به‌رهه‌م ساڵه‌حى گه‌یانده‌ لوتكه‌، بۆیه‌ كاتێك له‌ راگه‌یاندنى باڵى ناوه‌ندى بڕیار نائومێد بوو، یه‌كێتى جێهێشت و بریارى دروستكردنى هێزێكى نوێ ده‌دات.
واته‌ بریاره‌كه‌ى به‌رهه‌م ساڵه‌ح بۆ دروستكردنى هاوپه‌یمانى، كاردانه‌وه‌ بوو به‌رانبه‌ر پشتگوێ خستنى و دژایه‌تى كردنى له‌نێو یه‌كێتى دا.
.
به‌رهه‌م ساڵه‌ح په‌له‌ى كرد!
.
به‌رهه‌م ساڵه‌ح، كاتێك له‌ یه‌كێتى رۆیشته‌ ده‌ره‌وه‌، ئومێدى گه‌وره‌ى هه‌بوو، پێیوابوو له‌رێگه‌ى سندوقه‌كانى ده‌نگدان و پشتیوانى به‌شێك له‌ قیاده‌ به‌جێماوه‌كانى ناو یه‌كێتیه‌وه‌، ده‌توانێت تۆڵه‌ى په‌راوێز خستنى بكاته‌وه‌.
ته‌نانه‌ت له‌هه‌ندێك كۆبونه‌وه‌دا، وتبووى"كاك نه‌وشیروان ته‌نها جه‌ماوه‌رى له‌گه‌ڵ بوو، به‌ڵام من خاوه‌ن هێزیشم، سه‌ركرده‌ى سه‌ربازیشم له‌گه‌ڵدایه‌، بۆیه‌ من زیاترم پێده‌كرێ."
ره‌نگه‌ بۆچوونه‌كه‌ى سه‌ره‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵه‌ح بۆ ئه‌و كاته‌ واقیعى بێت، چونكه‌ كاتێك ئه‌و یه‌كێتى جێهێشت، یه‌كێتى له‌ڕووى جه‌ماوه‌رى و گرفتى نێوخۆیشه‌وه‌ له‌ دۆخێكى ئێجگار خراپدا بوو. په‌یوه‌ندى نێوان ماڵى تاڵه‌بانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌وپه‌ڕى خراپیدابوو، ته‌نانه‌ت گه‌یشتبووه‌ ئه‌وه‌ى له‌هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق دا، هه‌ندێك له‌ قیاده‌كانى یه‌كێتى ئیشیان بۆ كوتله‌كه‌ى دكتۆر به‌رهه‌م ده‌كرد.
ره‌نگه‌ دكتۆر به‌رهه‌م و به‌شێك له‌ قیاده‌كانى یه‌كێتى پلانى ئه‌وه‌یان هه‌بووبێت، له‌هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق دا ده‌نگێكى زۆر بهێنن و یه‌كێتى ته‌واو بچوك بكه‌نه‌وه‌، دواتر یه‌كێتى به‌بچووكى جێبهێڵن و ئه‌وانه‌شى له‌نێو یه‌كێتى مابوون، بێنه‌ لاى دكتۆر.
به‌ڵام ده‌رئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق دۆخه‌كه‌ى ته‌واو پێچه‌وانه‌ كرده‌وه‌، یه‌كێتى كرده‌وه‌ به‌هێزێكى كاریگه‌ر، دكتۆر به‌رهه‌م و ئه‌و قیادانه‌شى له‌نێو یه‌كێتى مابوونه‌وه‌ بێ ئومێد كرد، بۆیه‌ هه‌موو هاوكێشه‌ و پلانه‌كان هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌.
ئه‌وه‌ى ڕوویدا، راسته‌ به‌شێكى په‌یوه‌ندى به‌ ته‌زویرات و هاوكێشه‌ ئیقلیمیه‌كه‌وه‌ بوو، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كانى به‌رهه‌م ساڵه‌حیش هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ په‌له‌ په‌لیان پێوه‌ دیاربوو، بۆیه‌ ئیشى به‌په‌له‌ش زۆرجار ئه‌نجامه‌كه‌ى خراپ ده‌بێت.
هه‌ڵبژاردنى ته‌وقیتى گونجاو بۆ هه‌ر جوڵه‌یه‌كى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى، زامنى سه‌ركه‌وتن یان شكستهێنانى جوڵانه‌وه‌كه‌ ده‌كات، بۆ نمونه‌ گه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ 2000 بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانى ئیعلان بكردایه‌ شكستى ده‌هێنا، به‌ڵام له‌ 2009 ئیعلانى كرد، سه‌ركه‌وتوو بوو، واته‌ ته‌وقیت زۆر گرنگه‌.
خۆ ئیعلان كردنى هاوپه‌یمانى و دیموكراسى، وه‌كو كیانێكى سیاسى ته‌وقیته‌كه‌ى گونجاو نه‌بوو، بۆیه‌ ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌مردویى له‌دایكبوو، به‌تایبه‌ت ئه‌وكات خه‌ڵك له‌دۆخێكى پڕ له‌ نائومێدى و ئابورى خراپدا بوو، بێزاربوو.
جیا له‌وه‌ش، هاوپه‌یمانى كاتێك خۆى راگه‌یاند، راسته‌ خه‌ڵك له‌ گۆڕان تا ڕاده‌یه‌ك نائومێد بوو ، به‌ڵام نه‌وه‌ى نوێ هاتبووه‌ ساحه‌كه‌ و فه‌راغى كشانه‌وه‌ى گۆڕانى پڕ كردبوویه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ بۆ هاوپه‌یمانى نه‌ره‌خسا تا فه‌راغه‌كه‌ بقۆزێته‌وه‌ و ئه‌سپى خۆى تاو بدات.
ئینجا خیتابى سیاسى و ئیعلامى و كۆمه‌ڵایه‌تى هاوپه‌یمانى، خیتابێكى لاواز و شه‌رمنانه‌ بوو، به‌جورئه‌ته‌وه‌ دانه‌به‌زیبوونه‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌، نه‌یانتوانى موخاته‌به‌ى جه‌ماوه‌ر بكه‌ن و سه‌رنجیان بۆ لاى جوڵانه‌وه‌كه‌یان رابكێشن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى ئه‌و رابردووه‌ى خودى دكتۆر به‌رهه‌م له‌نێو ده‌سه‌ڵاتدا هه‌یبوو، زیانى پێگه‌یاندبوون.
یانى به‌كورتى، هاوپه‌یمانى په‌له‌ى كرد. ئاماده‌كارى ته‌واوى نه‌كرد. ته‌وقیتى گونجاوى هه‌ڵنه‌بژارد. دۆخه‌كه‌ى به‌باشى هه‌ڵنه‌سه‌نگاند. نه‌یتوانى بۆشاییه‌ك بدۆزێته‌وه‌ و ئه‌سپى خۆى تێدا تاو بدات. نه‌یتوانى له‌نێو ململانێ تونده‌كه‌ى سه‌ر گۆڕه‌پانى سیاسى هه‌رێم، خیتابێكى جیاوازى هه‌بێت و شتێكى تازه‌ پێشكه‌ش بكات، بۆیه‌ ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ له‌پایزى ته‌مه‌نیدا، وه‌فاتى كرد.
.
پێكهاته‌ى هاوپه‌یمانى 
.
یه‌كێكى تر له‌و فاكته‌رانه‌ى بووه‌ هۆى شكست هێنانى هاوپه‌یمانى، پێكهاته‌كه‌ى بوو، واته‌ چى ئه‌وانه‌ى له‌ده‌وروبه‌رى دكتۆر به‌رهه‌م كۆبوو بوونه‌وه‌، یاخود ئه‌وانه‌ى له‌نێو یه‌كێتى دا مابوونه‌وه‌ و پشتگیریان ده‌كرد.
ئه‌وانه‌ى له‌نێو یه‌كێتى دا بوون و پشتیوانى به‌رهه‌م ساڵه‌ح بوون، ئه‌وانه‌ بوون كه‌ زۆرترین ره‌خنه‌ و سه‌رنجیان له‌سه‌ربوو، خه‌ڵك كاتێك ئه‌مه‌ى ده‌بینى، ئومێدى به‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ لاواز بوو.
یه‌كێتیش هات ئه‌مه‌ى به‌جوانى ته‌وزیف كرد، ئه‌وه‌ى به‌ جه‌ماوه‌ر گه‌یاند، ئه‌وانه‌ى یه‌كێتیان رووتاندۆته‌وه‌ و به‌م حاڵه‌یان گه‌یاندووه‌، له‌ موئامه‌ره‌دان بۆ یه‌كێتى و ده‌یانه‌وێ له‌ناوخۆوه‌ بیڕوخێنن.
توانى له‌م رێگه‌یه‌وه‌ هه‌م عه‌تفى جه‌ماوه‌ره‌كه‌ى بۆ خۆى كێشكرد و بۆ ئیشكردن گه‌رمى كردنه‌وه‌، هه‌م زیانیشى به‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ى به‌رهه‌م ساڵه‌ح گه‌یاند به‌وه‌ى پشتیوانه‌كانى ئه‌م خه‌ڵكه‌ خراپانه‌ن.
جیا له‌وه‌ش، ئه‌وانه‌ى له‌ ده‌ورى به‌رهه‌م ساڵه‌ح كۆبوو بوونه‌وه‌، ئه‌وانه‌ بوون كه‌ پێشتر له‌ ژیانى حیزبایه‌تیان دا شكستیان خواردبوو، یاخود وه‌زیر و كادیره‌ باڵا خانه‌نیشینكراوه‌ موسته‌فیده‌كان بوون، واته‌ هه‌رچى موسته‌فید و شكستخواردووى نێو حیزبه‌كان هه‌بوو، به‌حیزبه‌ عه‌لمانى و ئیسلامیه‌كانیشه‌وه‌، له‌ده‌ورى به‌رهه‌م ساڵه‌ح كۆبوونه‌وه‌. 
بێگومان، حیزبى سه‌ركه‌وتوو، به‌ خه‌ڵكانى شكستخواردو و خانه‌نیشینى موسته‌فید به‌رێوه‌ ناچێت، هه‌ر بۆیه‌ له‌سه‌ره‌تاشه‌وه‌ چاوه‌روانى داهاتویه‌كى باش بۆ هاوپه‌یمانى نه‌ده‌كرا.

به‌رهه‌م ساڵه‌ح دیسانه‌وه‌ په‌له‌یكرد
.
گه‌ر هاوپه‌یمانى ده‌نگى بهێنایه‌، ئه‌گه‌رى زۆر بوو، ئه‌و سه‌ركردانه‌ى له‌نێو یه‌كێتى دا مابوونه‌وه‌ و پشتگیرى دكتۆر به‌رهه‌م بوون، بێنه‌ نێو هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌یه‌وه‌، به‌ڵام كه‌ هاوپه‌یمانى شكستى هێنا، خه‌ریكبوو ئه‌و سه‌ركردانه‌ش پشت له‌به‌رهه‌م ساڵه‌ح بكه‌ن، بۆیه‌ ئه‌مه‌ ناوبراوى ته‌واو بێ ئومێد كرد.
نكۆڵى له‌وه‌ ناكرێت، به‌رهه‌م ساڵه‌ح كه‌سایه‌تیه‌كى سیاسى ناسراوه‌، په‌یوه‌ندیه‌كى قوڵى چى له‌سه‌ر ئاستى عێراق و ناوچه‌كه‌ش هه‌یه‌، بۆیه‌ گه‌ر خۆشى ته‌نها بووایه‌، وه‌كو كه‌سایه‌تیه‌كى سیاسى هه‌ر كاریگه‌رى ده‌بوو.
به‌رهه‌م ساڵه‌ح، كاتێك له‌ پێگه‌ى هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ى نائومێد ده‌بێت، له‌ نێو یه‌كێتیشه‌وه‌ خوڵك ده‌كرێت و به‌ڵێنى پۆستى سه‌رۆك كۆمارى پێده‌درێت، هێنده‌ په‌له‌ ده‌كات له‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نێو یه‌كێتى، دیسان توشى هه‌مان هه‌ڵه‌ى كاتى ده‌رچوون له‌یه‌كێتى ده‌بێته‌وه‌.
به‌گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ نێو یه‌كێتى، جگه‌ له‌وه‌ى میسداقیه‌ت و كه‌سایه‌تى سیاسى به‌ته‌واوه‌تى له‌كه‌دار بوو، له‌هه‌مانكاتیشدا نه‌یتوانى پێش بڕیاردان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌، پۆستى سه‌رۆك كۆماریش زه‌مان بكات كه‌ له‌پێناویدا، باجى به‌ كه‌سایه‌تى خۆیه‌وه‌ دا.
له‌نێو یه‌كێتى دا، نه‌یارى پێدانى ئه‌و پۆسته‌ به‌ به‌رهه‌م ساڵه‌ح زۆره‌، مه‌لا به‌ختیار له‌ نێو نه‌یاره‌كاندایه‌ كه‌ له‌رابردوودا چى ویستبێت تێكى داوه‌، هه‌ر له‌ ڕاونانى نه‌وشیروان مسته‌فا و هاوه‌ڵه‌كانى، تا ده‌گاته‌ تێكدانى رێكه‌وتنامه‌كه‌ى نێوان گۆڕان و یه‌كێتى و دواتریش ئیجباركردنى یه‌كێتى به‌ئه‌نجامدانى ریفراندۆم.
له‌ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتیش، پارتى به‌ ئاشكرا دژه‌، كه‌هیچگات له‌ خواسته‌كانى پاشه‌كشه‌ى نه‌كردووه‌ و چى ویستووه‌ له‌رابردوودا، به‌سه‌ر یه‌كێتى دا فه‌رزى كردووه‌.
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌سته‌م نیه‌ پۆستى سه‌رۆك كۆمار بدرێته‌ دكتۆر به‌رهه‌م، به‌ڵام گه‌یشتنیشى به‌م پۆسته‌ زۆر قورسه‌، به‌و پێیه‌ى نه‌یارى زۆره‌. خۆ ئه‌گه‌ر دكتۆر به‌رهه‌م سه‌ربارى ئه‌و هه‌موو ته‌نازولاتانه‌، ده‌ستى نه‌گاته‌ ئه‌و پۆسته‌، ئه‌وا ئه‌مجاره‌ به‌ته‌واوه‌تى داده‌روخێت و نائومێد تر ده‌بێت.
به‌ تایبه‌ت گه‌ر پۆستى سه‌رۆك كۆمارى پێنه‌درێ، كێشه‌ ناوخۆییه‌كانى یه‌كێتى به‌كاتى له‌حیم كراوه‌، هه‌موو كاتێك ئه‌م كێشانه‌ قابیلى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ن، دكتۆر به‌رهه‌میش له‌نێو بنه‌ماڵه‌و سه‌ركردایه‌تیشدا نه‌یارى هه‌یه‌، بۆیه‌ دیسانه‌وه‌ چاره‌نوسى له‌نێو یه‌كێتیشدا ڕوو له‌ نادیارى ده‌كاته‌وه‌.
بۆیه‌ بۆ به‌رهه‌م ساڵه‌ح گرنگ بوو، مادام هه‌ر بڕیارى گه‌ڕانه‌وه‌ى دابوو، په‌له‌ى نه‌كردایه‌، تا ئه‌وكاته‌ى به‌رچاوى ڕوون ده‌بوو، ئایا پۆستى سه‌رۆك كۆمارى پێده‌درێ یاخود نا، پۆسته‌كه‌ى زه‌مان كردایه‌، ئینجا بریاره‌كه‌ى بدایه‌، چونكه‌ ئێستا كه‌وتۆته‌ نێو ئاوێك نه‌ ده‌توانێ لێى بكشێته‌وه‌، مه‌له‌ كردنیش تێیدا ئاسان نابێت بۆى.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand