دراما تراژیدیەکەی نانەواخانەی دارین چی پێ وتین
2018-09-22 11:18:12
■ فرمان عەبدولڕەحمان
ئەو جانەوەرە ریشنەی لە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکەدا شکۆی مرۆڤێک دەشکێنێ و سوکایەتی بە حکومەت و کۆمەڵگەیەک دەکات هەمووانی توڕەو نیگەرانکرد بەڵام دەبێت بزانین ئەو دیمەنەو چەندان دیمەنی دیکەی وەکو پڕشەقکردنی مامۆستاکەی هەولێرو ئەو گەنجەی لەسەر فول لایتەکە کوژراو کوشتنە لەناکاوو شاراواوەکان تیرۆری رۆژنامەنوسان و کەسایەتیە جیاوازەکانی لە نمونەی مەلا وشیارو بەرپرسەکەی کۆمسیۆن دەیان و سەدان رووداوی ناخۆشی دیکە هەموویان دیوی جیاوازی یەک دراون. بەرهەمی ئەو زەلکاوەن کە ۲۷ ساڵە لە سایەی پارتی و یەکێتیدا گەورە ئەبێ و باکیان نیە. بەرهەمی ئەو شکستە گەورەیەن کە رووبەرووی دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکان سەروەری یاسایان کردەوە.
یەکێتی و پارتی ۲۷ ساڵە وزەی ژیان دەدەن بەو ژینگە ناتەندروستەی کە لۆژیکی کلکە دەمانچە تیایدا سەروەرە. کارەساتە گەورەکەش ئەوەیە لە پشتی هەموو ئەو کاراکتەرە بەڵتەجیانەوە هەمیشە بەرپرسێکی حیزبی یان حکومی سەر بە دەسەڵات ئامادەیی هەیە و زۆر جار بەشێکن لەو گروپەی پێیان دەوترێ پاسەوانی بەرپرسان کە لە ماوەی رابردوودا خاوەنی تۆمارێکی رەش و لێوانلێون لە کاری نامرۆیی بێ ئەوەی نە حیزب نە حکومەت هیچ کاردانەوەیەکیان هەبێ بەرامبەریان ئاخر ئەوان بەڵتەجی و شەقاوەکانیان بە بەشێکی گرنگ و هەنوکەیی قۆناغەکە دەبینی هەقربۆیە
۲۷ ساڵە لە پەنای دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا ئەو جانەوەرە ترسناکانە دەژین و گەورە ئەبن کە لە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکەدا بینیمان.. ئەو جانەوەرانە هەمیشە هێزیان لەو مەسئولانەیانەوە وەرگرتووە کە پاسەوانیان دەکەن.. بیست و حەوت ساڵەبەرپرسان و دارودەستەکانیان لەسەرەوەی هەموو یاساو عورف و پێودانگێک بوون چۆنیان حەزکردووەو ئارەزوو لێ بووە بەو شێوەیە رەفتارو مامەڵەیان کردووە هەربۆیە تاکە شتێک خاڵی بوبێتەوە لە قورساییو ئەرزش دادگاو دەسەڵاتی دادوەری بووە..
بینینی ئەو ڤیدیۆیە ناخی هەموومانی بریندار کرد چونکە زۆر بێ پەردەو بە راشکاوی شکۆو کەرامەتی ئینسانێکی تێدا دەشکێنرێ کە زۆرجار شکاندنی کەرامەت زۆر لە کوشتنی ئینسان سەخترو دژوارترە بەڵام دەبێ بزانین سەدان چرکەساتی لەو شێوەیە ناشرینترو بەسوێتر لەسایەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی روویانداوە بەبێ ئەوەی تۆمار بکرێن چونکە سزای راستەقینەو یاسایی تاوانبارانیان نەداوە ئەوان شکستیانهێنا لەوەی دەسەڵاتێکی دادوەری بەهێزو سەربەخۆ بونیاد بنێن.. ئەوان شانازی بە بەخشینەوەی دەمانچەو فیشەکەوە بکەن ئەوان کە یاسا بە گاڵتەی منداڵان بزانن ئەوان کە بەرژەوەندیە ئابوری و شەخسیەکانیان بە ئەمنی قەومی بزانن پێویستیان بە کاراکتەری وەکو ئەو جانەوەرە ریشنەی نێو ڤیدیۆکەیە.
جا تەماشا مەهزەلەی حوکمڕانی تا چ ئاستێک رۆیشتووە لەم هەرێمەدا لەماوەی رابردوودا ژمارەیەک گەنج لە بە چەکەوە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا دەرکەوتن و تیایدا خۆپیشاندانەکانی خەڵکیان کرد لە سلێمانی راپەڕین و گەرمیان بێ ئەوە هیچ کردەیەکی فیعلی ئەنجام بدەن لەسەر ئەرزی واقیع هەمویان گیران و کەس نازانێ چارەنوسیان چی بەسەرهاتووە. ئاخر ئەو گروپە ترسناک و لە دەرەوەی یاسا بوون چونکە جڵەویان لەژێر دەستی مەسئولەکاندا نەبوو بەڵام بکوژو کەرامەتشکێنەکانی دی کە سەر بە خۆیانن و رێشمەکانیان لەدەستی خۆیاندایە ئازادانەو بێ ترس هەموو کارێکی یاساشکێنی و وەحشیگەرانە ئەکەن چونکە ئەزانن هیچ شتێک نایانوەستێنێ
کورتە ڤیدیۆکەی بەردەم نانەواخانەی دارین گوزاریشتێکی ئاشکرای ئەو بێ حورمەتیەیە کە ۲۷ ساڵە بەناوی حوکمڕانیەوە پارتی و یەکێتی بە خەڵکی ئەم هەرێمەی دەکەن.. کورتە ڤیدیۆکەی بەردەم نانەواخانەی دارین پردەی هەڵماڵی لەسەر ئەو چەتەگەرییەی لەم هەرێمەدا بەڕێوە دەچێ و پێویستە بەری پێ بگیرێ