Draw Media

هەڵبژاردن بۆ حزبە یا بۆ ئایندەی نەتەوەیەک؟    

هەڵبژاردن بۆ حزبە یا بۆ ئایندەی نەتەوەیەک؟    

2018-09-22 07:32:14


■ چیا عەباس
لە ساتەوەختی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان لە کوردستان  سەرکردە و بەرپرس و کادر و کاندیدی حزبەکان زۆر بە پەلە و پەرۆشیەوە خۆیان دەخزێننەوە نێو رەحمی حزبەکەنیان، تەوژمی  خوێنی گەرم و هەڵچوی حزب دەمارەکانیان دەبوژێننەوە، دەوروژێنن و گرژیشیان دەکەن. 
کچ و کورانی حزب بە لۆگۆ و دروشم و رەنگ و وێنە و پۆشاک و گۆرانی و سرودی حزب کەش و هەوای بانگەشە دەرازێننەوە و گەرمی دەکەن.    
زۆر ئاسایی و سروشتی و چاوەروانکراویشە نەوەکانی حزب خەڵک بە بەرنامە و خەونەکانی حزبەکانیان بە شێوازێکی هێمن و لە سنوری ئادابە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا ئاشنا بکەن، ئاساییتریشە لۆژیکانە رەخنە و تێبینیان لە سەر هێزە رکابەرەکانیان هەبێت.
مەبەستێکی بنەرەتی هەڵبژاردن لە کۆمەڵگایەکدا کە یەک هێز نەتوانێت زۆرینە بۆ حوکمرانی بەدەست بهێنێت ئەوەیە چەند براوەیەک بەیەکەوە لە سەر کارنامەی حوکمرانی بۆ بەرێوەبردنی وڵات رێک بکەون، بۆ گەیشتن بەم ئامانجە دەبێت لە ساتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەرچاوی دەنگدەر بۆ ئەگەرە بەهێزەکانی ئایندە رون بێت، چونکە بێ ئەم چاورونیە دەنگدەر لە نێو قەواغە سنوردار و دیاریکراوەکانی حزبیدا بێگومان دەنگ بە حزبەکەی خۆی دەدات بێئەوەی بتوانێت دەنگەکەی بە پرسێکی گەورەتر لە حزبەکەی گرێبدات، ئەوەی لە دنیا دیموکراسیدا پێی دەڵێن دەنگدانی ستراتیژی. 
ئەم پرەنسیپە گرنگەی بانگەشەی هەڵبژاردن لای خۆمان زۆر پشتگوێ خراوە، حزبەکان کاریان بۆ نەکردوە و ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتیش وەک پێویست ئەو هاوکێشەیە ناخوێنێتەوە.
هۆکارێکی گرنگی ئەم چەقبەستەنە دیموکراسیە دەگەرێتەوە بۆ چاوەروانی زۆربەی خەڵک کە هەرچۆنێک دەنگ بدرێت لە دوا مەتافدا پارتی و یەکێتی جومگەکانی دەسەڵات دەگرنە دەست، ئەم بێ ئومێدیە لە سەرهەڵدانی ئەڵتەرناتیڤ دەمارگیری حزبی و هەڵچونی لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیشی لێکەوتۆتەوە.  
ئەوەی شایستەی تێرامانە کە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا دەبینین دو هێزی دەسەڵاتدار بون بە دو بەشی رکابەری بەهێزی یەکتر.  
هەر هێزێک لێیان وا پیشانی دەدات خاوەنی هەمو کارە باشەکانی حوکمرانی بوە، رێگر بوە لە رودانی نەخوازیار و کارەسات و پەیامی بەهەشتی ئایندە بە دەنگدەر دەبەخشێت. 
ساڵانێکی درێژە لە حوکمرانیدا شەریکن، بەرپرسیارن لە چاک و خراپی فەرمانرەوایی کەچی کەوتونەتە گیانی یەکتر. بە خوێندنەوەی راگەیاندنی ئەو دو هێزە لە سەر یەکتر لەم بانگەشەیەدا چەندین پرسیاری جدی هەڵتۆقاون، پێدەچیت ئەم کامپینەی دژ بە یەکتر گەورەتر و قوڵتر بێت لە خواستەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن. 
زمانی زۆر زبری کامپینەکەیان و تانەدان و باسکردنی کەسایەتیە باڵادەستەکانی یەکتر ئاماژەن کە ئەو دو هێزە کەمترین ئاستی متمانەیان بە یەکتر ماوە. 
هەرچی یەکێتیە گەمەیەکی ژیرانەی هەمە لایەنە بەرێ دەکات، کورە بچوکی مام جلال بۆتە واجهەی هەڵبژرادن و کورە گەورەکەشی بۆتە بزوێنەری پشت پەردە، بە گەرانەوەی دکتۆر بەرهەم بۆ ناو یەکێتی و کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار یەکێتی بەشێک لە ئەگەرەکانی بەردەم پارتی سنوردار کردوە و ئەگەرەکانی خۆشی بەهێزتر کردوە، پارتیش بە پێداگری لەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار ئیستحقاقی کوردستانە نەک لایەنێکی دیاریکراو و کاندیدی یەکێتی کۆدەنگی نەتەوەیی نیە، ئاماژەدانیش بەوەی کاندیدی خۆی بۆ ئەو پۆستە دەبێت دەیەوێت ئەگەرەکانی بەردەم یەکێتی بەرتەسک بکات، رێگەش نەدات لە دەرەوەی ئیرادەی ئەو بریاری گرنگ لە پرسە نەتەوەییەکان بدرێت. 
بە مەزەندەی بەشێکی گرنگی پارتی شێوازی هێنانەوەی دکتۆر بەرهەم بۆ ناو یەکێتی و کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار جۆرێکە لە کودەتایەکی سپی بەسەر ئیرادەی پارتیدا. 
بۆ خۆم دەمێکە ئاماژەم داوە بەوەی لوتکەی دەسەڵاتی پارتی لە دوای کارەساتەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر ئامادەنین جڵەوی هاوپەیمانیان لە گەڵ یەکێتی و حوکمرانی کوردستان بدەنە دەستی قەزاو و قەدەر و ئەگەری چاوەروان نەکراو، ناهەقیشیان نیە کاتێک بە تەحەفوزێکی واقیعیەوە مامەڵەی ئەو دۆخ و رەوشە بکەن، وەک نەریتێکی سیاسی پارتی هەرگیز هەمو هێلکەکانی نەخستۆتە ناو یەکە سەبەتەوە.  
هەرچۆنێک بێت هەوڵدان لەم ساتە وەختەدا بۆ تێکدانی هاوسەنگی هێز لە کوردستان بە هەر وەسیلەیەک بێت ئاکامی باشی لێ چاوەروان ناکرێت، بۆیە دەبوا ئەم دو هێزە کە بۆ ماوەی ٢٧ ساڵە کوردستان بەرێوەدەبەن بە ڵایەنی کەمەوە لە سەر پرسەکانی بەغدا لە یەکتر نزیک بونایە، لە سەر ئاستی کوردستانیش بانگەشەی هەڵبژاردنیان بەو شێوە توند و گرژە نەکردایە. ئەمجۆرە بانگەشەیە لە کەش و هەوای دیموکراسی راستەقینەدا یەکسانە بە بێمتمانەیی و پوچەلکردنەوەی چەندین بەهای سیاسی و حوکمرانی. 
راستە لە ساتی هەڵبژاردندا کەس بە دۆی خۆی ناڵێت ترشە، کێشەکە لەوەدایە ئەم راستیە پوخت و پاک بۆ مەرامی سیاسی بەکار بهێنرێت و بەمەبەستی خۆ بە پاڵەوان زانین و سفرکردنی لایەنەکانی تر لە بانگەشەی هەڵبژاردندا.

نوسینی: چیا عەباس
رۆتەردام: ٢٢ی سێپتەمبەر ٢٠١٨  
    
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand